فەزڵ و پاداشتى قەرزدان و چاوەڕوانى لە کەسی قەرزار: ماڵپەڕی وەڵامەکان
فەزڵ و پاداشتى قەرزدان و چاوەڕوانى لە کەسی قەرزار
پرسیار:

ئایا فەزڵ و پاداشتى قەرزدان و چاوەڕوانى لە کەسی قەرزار چییە؟ و چ پاداشتێک دانراوە بۆ ئەو کەسانەى کە قەرز بە خەڵکی دەدەن؟

یەکەم : فەزڵ و پاداشتى قەرزدان :
پێغەمبەرى خوا (ﷺ) فەرموویەتى : هەر موسڵمانێك دوو جار قەزر بدات بە موسڵمانێكی تر ئەوە وەكو ئەوە وایە كە یەك جار كردبێتی بە خێر و صەدەقە .
چونكە قەرزدان وەكو نێوەی خێر و صەدەقە وایە لە ڕووی پاداشتەوە لای خوای پەروەردگار .

دووەم : فەزڵ و پاداشتى چاوەڕوان كردن یان داشكاندن لە قەرزی قەرزاری نەدار و دەست كورت 
خوای پەروەردگار لە قورئاندا فەرموویەتی : [وَإِنْ كَانَ ذُو عُسْرَةٍ فَنَظِرَةٌ إِلَى مَيْسَرَةٍ وَأَنْ تَصَدَّقُوا خَيْرٌ لَكُمْ إِنْ كُنتُمْ تَعْلَمُونَ] (سورة البقرة ٢٨٠)
واتە : ئەگەر قەرزارەكە نەدار و دەست كورت بوو ئەوا چاوەڕوانی لـێ‌ بكەن تاوەكو دەستی دەچێت و توانای دەبێت قەرزەكە بداتەوە ، وە ئەگەر خێری پێ‌بكەن و قەرزەكەی پێ‌ ببەخشن ئەوە چاكترە بۆتان ئەگەر بزانن .   

وە پێغەمبەرى خوا (ﷺ) فەرموویەتى :  هەر كەسێك چاوەڕوانی دواخستنی هێنانەوەی قەرزی لای نەدار و دەست نەڕۆیشتوویەك بكات ئەوا بۆ هەموو ڕۆژێك بە شێوە و ئەوەندەی ئەو قەرزە خێر و صەدەقەی بۆ هەیە پێش ئەوەی كاتی هاتنی دانەوەی قەرزەكە بێت ، وە هەر كەسێكیش چاوەڕوانی دواخستنی هێنانەوەی قەرزی لای نەدار و دەست نەڕۆیشتوویەك بكات دوای بە سەر ڕۆیشتنی كاتی هێنانەوەی قەرزەكە ئەوا بۆ هەموو ڕۆژێك دوو ئەوەندەی قەرزەكە خێر و صەدەقەی بۆ هەیە .

(أبو قتادە)ی هاوەڵی پێغەمبەری خوا (ﷺ) گەڕا بە دوای قەرزارێكی خۆیدا بەڵام ئەو خۆیی لـێ‌ شاردەوە ، پاشان قەرزارەكەی بینی و ئەویش ووتی : من نەدار و بێ‌ توانام ، ئەویش فەرمووی : تووخوا نەدار و بێ‌توانایت ؟ ووتی : بەڵـێ‌ بە خوا نەدار و بێ‌توانام ، ئەویش فەرمووی : دەسا من بیستوومە پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەیفەرموو : هەر كەسێك پێ‌ی خۆشە خوای پەروەردگار ڕزگاری بكات لە ناڕەحەتییەكانی ڕۆژی قیامەت ئەوا با داواكردنەوەی قەرزی سەر قەرزارێكی نەدار دوابخات و ماوەكەی بۆ درێژ بكاتەوە یان قەرزەكەی لە سەر كەم بكاتەوە و لایبات لەسەری .

ئەبو هورەیرە ڕەزاى خواى لێ بێ دەفەرموێ : پێغەمبەرى خوا (ﷺ) فەرموویەتى :هەر كەسێك چاوەڕوانی دواخستنی هێنانەوەی قەرزی لای نەدار و دەست نەڕۆیشتوویەك بكات یان لە قەرزەكەی دابشكێنێت و لە سەری هەڵبگرێت ئەوا خوای پەروەردگار لە ڕۆژی قیامەتدا لە (ساحەی مەحشەردا) دەیخاتە ژێر سێبەری عەرشی خۆیەوە لە ڕۆژێكدا كە هیچ سێبەرێك نییە تەنها سێبەری عەرش نەبێت .

سەردان: ٦٥٦ بەش: قەرز و قەرزارى