حوکمى زینا کردن لەگەڵ کەسانى مەحرەمدا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمى زینا کردن لەگەڵ کەسانى مەحرەمدا
پرسیار:

حەدی زینا کردن لەگەڵ کەسی نزیکدا - مەحرەم ـ ئەوانەی کەمارەیان لەمرۆڤ نایەت ـ چی یە ؟ 
وە ئایا مەجالی تەوبەکردن هەیە بۆ هەر کەس ئەو کارەى کردبێ؟ 

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
یەکەم :
حەتمەن زینا کردن لەگەڵ کەسانی نزیک و مەحرەمدا تاوانەکەی گەورترە بەراورد بەزینا کردن لەگەڵ کەسانی تردا ، لەبەر ئەوەی بچڕانی سیلەی ڕەحم وئەزیەت دانی وسنوور بەزاندنی تێدایە بەرانبەریان ، هەر بۆیە هەندێ لەزانایان پێیان وایە کەسێک زینا لەگەڵ مەحرەمی خۆیدا بکات بەموتڵەقی دەکوژرێت ، جا زەواجی کردبێت یاخود نا ، ئەوەش ڕیوایەتێکە لەئیمام ئەحمەدەوە ، بەڵام جمهوری زانایان پێیان وایە حەدی زینای هەیە ، وکەسێک زەواجی کردبێت دەکوژرێت ، وئەوەش زەواجی نەکردبێت جەڵدی لێ دەدرێت ، هەر چەند تاوانەکەی گەورەترە .
لە "مطالب أولي النهى" (6/181) دا هاتووە :  " وزان بذات محرم كأخته كزان بغيرها ; لعموم الأخبار وعنه ; أي : الإمام أحمد : يقتل زان بذات محرم بكل حال أي : محصنا كان أو لا , قيل له : فالمرأة ؟ قال : كلاهما في معنى واحد . والمذهب ما تقدم ( يعني أن الزنا بذات المحرم كغيرها ) " انتهى .
واتە: کەسێک زینا لەگەڵ مەحرەمی خۆیدا بکات وەک خوشک ئەوا حەدەکەی وەک زینا کردن وایە لەگەڵ کەسانی تردا ، لەبەر گشت گیری بەڵگەکان ، و لەئەحمەدەوە هاتووە: لەهەموو حاڵەتێکدا دەکوژرێت جا ژنی هێنابێت یاخود نا ، پێی گوتراوە: ئەی ئافرەت ؟
ئەویش گوتی: هەردووکیان یەک حوکمیان هەیە.
بەڵام لەمەزهەبدا بەو شێوەیەیە کەپێشتر ئاماژەمان پێدا (واتە: حوکمەکەی وەک زینا کردن وایە لەگەڵ کەسانی تردا).

وە ابن القيم رحمه الله لەبارەی جوت بوون لەگەڵ دایک و کچ وخوشکەوە دەڵێت: تەبیعەت بەتەواوی لێی ڕادەکات وبێزراوە لای ، لەگەڵ ئەوەی حەد تێیدا لەقورسترین حەددەکانە ـ لەسەر یەکێک لەبۆچوونەکان ـ ئەوەش کوشتنە لەهەموو حاڵەتێکدا جا ژنی هێنابێت وشووی کردبێت یاخود نا ، ئەوەش یەکێک لەڕیوایەتەکانە لەئیمام ئەحمەدەوە ، وبۆچوونی إسحاق بن راهويه وکۆمەڵێک لەفەرموودەناسانە  . 
وە "أبو داود" فەرموودەیەکی لە "البراء بن عازب"ـەوە گێڕاوەتەوە ودەڵێت  : لقيت عمى ومعه الراية فقلت له : إلى أين تريد ؟ قال بعثني رسول الله إلى رجل نكح امرأة أبيه من بعده أن أضرب عنقه وآخذ ماله . [ صححه الألباني في إرواء الغليل (2351) ] .
واتە: گەشتم بەپیاوێک وئاڵایەکی پێ بوو وپێم گوت: بۆ کوێ دەچیت ؟
گوتی: پێغەمبەری خوا ناردوومی بۆلای پیاوێک ژنی باوکی مارە کردووە ـ دوای مردنی باوکی ـ بۆ ئەوەی لە ملی بدەم و ماڵەکەشی ببەم .

وە لە " سنن أبي داود وابن ماجه "دا هاتووە وعبداللەی کوڕی عەباس گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: پێغەمبەری خوا فەرمووی: ( من وقع على ذات محرم فاقتلوه ) . [ ضعفه الألباني في ضعيف الجامع (5524) ] .
واتە: هەرکەسێک لەگەڵ مەحرەمێکیدا جوت بوو ئەوا بیکوژن .

وە موسوڵمانان کۆدەنگن لەسەر ئەوەی هەرکەسێک لەگەڵ مەحرەمێکیدا جووت ببێت حەدی لەسەرە ، بەڵام لەوەدا جیاوازن کەئایە حەدەکەی کوشتنە یاخود حەدی زینای لەسەرە ؟
دوو بۆچوونیان هەیە ، هەریەک لەشافعی ومالک وئەحمەد لەیەکێک لەڕیوایەتەکاندا پێیان وایە حەدی زینای لەسەرە ، وئەحمەد وئیسحاق وکۆمەڵێک لەفەرموودەناسان دەڵێن لەهەموو حاڵەتێکدا حەدەکەی کوشتنە .
 "الجواب الكافي" ص (270) باختصار .

وە الشيخ ابن عثيمين ئەو بۆچوونەی لاپەسەندە کەپێی وایە لەهەموو حاڵەتێکدا دەکوژرێت ، ودەڵێت:
زاهیری قسەی نوسەر وایە جیاوازی نی یە لەنێوان زینا کردن لەگەڵ مەحرەم وکەسانی تردا ، بەڵام زینا کردن لەگەڵ مەحرەمدا لەهەموو حاڵەتێکدا دەکوژرێت ، لەبەر فەرموودەیەک کەلەو بارەیەوە هاتووە ، و ابن القيم لە كتابی" الجواب الكافي"دا هەڵی بژاردووە وپێی وایە ئەو کەسەی زینا لەگەڵ مەحرەمێکی خۆیدا بکات دەکوژرێت .
بۆنموونە: گەر زینا لەگەڵ خوشکەکەیدا ـ پەنا بەخوا ـ بکات یاخود پووری ودایکی خێزانی وکچی وباقی ئەوانەی کەلێی حەرامن ، ئەوا لەهەموو حاڵەتێکدا دەکوژرێت ؛ چونکە ئەو جۆرە ئافرەتانە لەهیچ حاڵەتێکدا بۆی حەڵاڵ نین ، چونکە مەحرەمن بۆی ، ولەبەر ئەوەی فاحیشە کردن لەگەڵیان زۆر گەورەیە ، ولەو بارەیەشەوە فەرموودەیەک لەپێغەمبەرەوە   هاتووە کەئەوەی زینا لەگەڵ مەحرەمێکیدا بکات دەکوژرێت ، وئەوە ڕیوایەتێکە لەئەحمەدەوە ، و سەحیحە وئەوەی جووت بێت لەگەڵ مەحرەمی خۆیدا دەکوژرێت تەنانەت گەر ژنیشی نەهێنابێت . "الشرح الممتع" (6/132) ط. هجر.

وە لە "الموسوعة الفقهية" (24/20) دا هاتووە : تاوانی زینا جیاوازە ودەگۆڕێت بەگوێرە کەسەکان .
زینا کردن لەگەڵ مەحرەمدا یاخود ئافرەتێک مێردی هەبێت گەورەترە بەراورد بەکەسانی تر وئافرەتێک مێردی نەبێت ، چونکە دەبێتە هۆکاری تێکەڵ بوونی نەسەب وتەعەدا کردنە لەکەسی تر ، خۆ ئەگەر درواسێی بێت ئەوا تاوانەکەی زۆر گەورەترە .
وە ئەزیەت دانی دراوسێ بەو شێوەیە گەورەترین ئازارە ، خۆ ئەگەر ئەو درواسێیەی برای یاخود خزمی بێت ئەوا قەتعی ڕەحمیشی دێتە سەر وتاوانەکەی زۆر گەورەتر دەبێت ، و لەپێغەمبەرەوە هاتووە کەفەرموویەتی : ( لا يدخل الجنة من لا يأمن جاره بوائقه ) . واتە: ناچێتە بەهەشتەوە ئەو کەسەی دراوسێیەکەی لەخراپەی ئەمین نەبێت.
وە هیچ خراپەیەک لەخراپەی زینا گەورەتر نییە .
وە ئەگەر دراوسێکە لەماڵ نەبێت وسەرقاڵی عیبادەت وەک فێربوونی زانست ، وجیهاد بێت ئەوا تاوانەکەی گەورەترە ، تەنانەت زینا کردن لەگەڵ خێزانی پیاوێک کە لەجیهادا بێت لەقیامەتدا ڕادەگیرێت وپێی دەوترێت بەدڵی خۆت کردوەوەکانی ببە بۆ خۆت . 
پێغەمبەری خوا فەرموویەتی : ( حرمة نساء المجاهدين على القاعدين كحرمة أمهاتهم , وما من رجل من القاعدين يخلف رجلا من المجاهدين في أهله فيخونه فيهم , إلا وقف له يوم القيامة فيأخذ من عمله ما شاء ، فما ظنكم ؟ ) رواه مسلم (1897) .

واتە: حەرامیەتی خێزانی پیاوانی موجاهید وەک حەرامی دایک وایە ، وهیچ پیاوێک نییە کە جێ بمێنێت وخیانەتی لێ بکات ، ئیلا لەقیامەتدا دەوەستێنرێت وکردوەکانی بەدڵی خۆی دەبات ، پێتان چۆنە؟.
واتە: پێتان وایە هیچ کردەوەیەکی چاکی بۆ بێڵێت ؟
لێرەدا حوکمی داوە بەوەی بەدڵی خۆی کردوەوە چاکەکانی دەبات چونکە پێویستی بەتەنها چاکەیەکە ، وئەگەر ئەو کەسە کەسی نزیکی بێت ئەوا قەتعی سیلەی ڕەحمشی دێتە سەر ، وە ئەگەر کەسی زیناکار زەواجی کردبێت ئەوا تاوانەکەی گەورەتر دەبێت ، وئەگەر بەتەمەن بێت ئەوا بەهەمان شێوە تاوانەکەی گەورەتر دەبێت ، وئەگەر لەمانگە حەرامەکاندا بێت یاخود لەوڵاتی حەرامدا بێت ، یاخود کاتێکدا بێت کە گەورەیە لەلای خودا وەک کاتی نوێژەکان و کاتی وەڵامدانەوەی دوعا ئەوا تاوانەکەی چەند قات دەبێت .

دووەم :

سەبارەت بە تاوانى زینا و سزا و مەترسییەکانى خوای گەورە فەرموویەتی : ( وَلا تَقْرَبُوا الزِّنَى إِنَّهُ كَانَ فَاحِشَةً وَسَاءَ سَبِيلاً ) الاسراء/32 ، 
واتە :وه‌ ئێوه‌ نزیكی زینا مه‌كه‌ونه‌وه‌ وه‌ پێشه‌كیه‌كانی زینا هه‌مووی حه‌رامه‌ ، به‌دڵنیایى ئه‌مه‌ تاوانێكى بێزێنراوه‌ وه‌ خراپترین ڕێگایه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ره‌و دۆزه‌ختان ئه‌بات.

و پێغەمبەر  فەرموویەتی : ( لَا يَزْنِي الزَّانِي حِينَ يَزْنِي وَهُوَ مُؤْمِنٌ وَلَا يَشْرَبُ الْخَمْرَ حِينَ يَشْرَبُ وَهُوَ مُؤْمِنٌ وَلَا يَسْرِقُ حِينَ يَسْرِقُ وَهُوَ مُؤْمِنٌ  ) رواه البخاري (2475) ومسلم (57).

واتە : هیچ کەسێک نی یە زینا بکات لەو کاتەدا باوەڕدار بێت، وهیچ کەسێک نی یە عەڕەق بخواتەوە و لەو کاتەدا باوەڕدار بێت ، وهیچ کەسێک دزی ناکات لەکاتێدا کەخەڵک تەماشای دەکەن لەو کاتەدا باوەڕدار بێت .

وە هەروەها فەرموویەتی : ( إِذَا زَنَى الرَّجُلُ خَرَجَ مِنْهُ الْإِيمَانُ كَانَ عَلَيْهِ كَالظُّلَّةِ فَإِذَا انْقَطَعَ رَجَعَ إِلَيْهِ الْإِيمَانُ ) رواه أبوداود (4690) والترمذي(2625) وصححه الألباني في صحيح أبي داود.
واتە: کاتێ پیاو زینا دەکات باوەڕەکەی نامێنێت و وەک سێبەر لەسەر سەری ڕادەوەستێت کاتێ کەتەواو دەبێت ئیمانەکەی بۆ دەگەڕێتەوە .

و پێغەمبەر  لەبارەی سزای زینا کارەوە هەواڵی پێ داوین ، و لەخەونیدا دوو فریشتە هاتنە لای : ( فَانْطَلَقْنَا إِلَى ثَقْبٍ مِثْلِ التَّنُّورِ أَعْلَاهُ ضَيِّقٌ وَأَسْفَلُهُ وَاسِعٌ يَتَوَقَّدُ تَحْتَهُ نَارًا فَإِذَا اقْتَرَبَ ارْتَفَعُوا حَتَّى كَادَ أَنْ يَخْرُجُوا فَإِذَا خَمَدَتْ رَجَعُوا فِيهَا وَفِيهَا رِجَالٌ وَنِسَاءٌ عُرَاةٌ فَقُلْتُ مَنْ هَذَا قَالَا انْطَلِقْ فَانْطَلَقْنَا ) رواه البخاري (1386).
واتە : چووین تاگەشتینە کونێک هاوشێوەی تەنوور بوو ، لەسەرەوە تەسک بوو و لەخوارەوە فراوان بوو ، لەخوارەوە ئاگر داگیرسابوو ، کاتێ ئاگرەکە بەرز بوایەتەوە بەرز دەبوونەوە تاوەکو خەریک بوو دەر دەچوونە دەرەوە ، وکاتێ دابمرکایەتەوە دەگەڕانەوە بۆ جێگای خۆیان ، وە چەند پیاو وئافرەتێکی ڕووتی تێدا بوو  .

وە لەکۆتای فەرمودەکەدا هاتووە : ( وَأَمَّا الرِّجَالُ وَالنِّسَاءُ الْعُرَاةُ الَّذِينَ فِي مِثْلِ بِنَاءِ التَّنُّورِ فَإِنَّهُمْ الزُّنَاةُ وَالزَّوَانِي ) .
واتە : بەنیسبەت ئەو پیاو و ئافرەتە ڕوتانە کە لەنێو تەنورەکە بوون ئەوە پیاو وئافرەتی زیناکار بوون .

بۆیە پێویسته لەسەر ئەو کەسانەی کەتوشی ئەم کارە بووە ، واز بێنێت لەو پەیوەندیە وبەپەلە تەوبە بکات ودوور کەوێتەوە لەهەر هۆکارێک کەدەبێتە هۆکاری زینا وەک تێکەڵ بوون لەگەڵ ئافرەتان وتەماشان کردنیان .

سێیەم : سەبارەت بە تەوبە کردنی ئەو کەسەى کە توشی ئەم تاوانە گەورە و کارە قێزەونە هاتووە :

هەرکەسێک تووشی ئەو تاوانە قێزەونە بووە با زوو تەوبە بکات وبگەڕێتەوە بۆلای خودا ، تەوبە دروستە بۆ هەموو تاوانێک هەرچەند گەورە بێت ، خوای گەورە فەرموویەتی : ( أَلَمْ يَعْلَمُوا أَنَّ اللَّهَ هُوَ يَقْبَلُ التَّوْبَةَ عَنْ عِبَادِهِ وَيَأْخُذُ الصَّدَقَاتِ وَأَنَّ اللَّهَ هُوَ التَّوَّابُ الرَّحِيمُ ) التوبة/104 .
واته: ئایا نازانن كە خوای گەورە تەوبە لە بەندەكانی وەرئەگرێت ، وە صەدەقەو خێریشیان لێ وەرئەگرێ‌و گەورەی دەكات تا پاروویەك وەكو كێوی ئوحود گەورە دەبێت ، وە بەراستی خوای گەورە زۆر تەوبە قبووڵ ئەكات وە زۆر بەبەزەییە .

وە هەروەها فەرموویەتی : ( وَالَّذِينَ لا يَدْعُونَ مَعَ اللَّهِ إِلَهاً آخَرَ وَلا يَقْتُلُونَ النَّفْسَ الَّتِي حَرَّمَ اللَّهُ إِلَّا بِالْحَقِّ وَلا يَزْنُونَ وَمَنْ يَفْعَلْ ذَلِكَ يَلْقَ أَثَاماً يُضَاعَفْ لَهُ الْعَذَابُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ وَيَخْلُدْ فِيهِ مُهَاناً إِلَّا مَنْ تَابَ وَآمَنَ وَعَمِلَ عَمَلاً صَالِحاً فَأُولَئِكَ يُبَدِّلُ اللَّهُ سَيِّئَاتِهِمْ حَسَنَاتٍ وَكَانَ اللَّهُ غَفُوراً رَحِيماً ) الفرقان/68- 70. 
واته: كه‌سانێك له‌ هاوبه‌شبڕیارده‌ران خه‌ڵكیان كوشتبوو به‌ زۆرى، وه‌ زینایان كردبوو به‌ زۆرى، هاتنه‌ لاى پێغه‌مبه‌رى خوا - - وتیان ئه‌ی محمد - - ئه‌وه‌ى تۆ ده‌یڵێیت و بانگه‌وازى بۆ ده‌كه‌یت شتێكى چاكه‌ به‌ڵام پێمان بڵێ ئایا ئه‌و تاوانانه‌ى پێشتر كردوومانه‌ ده‌سڕێته‌وه‌و خوا لێمان خۆش ده‌بێت؟ خواى گه‌وره‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ى دابه‌زاند: وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ خوای گه‌وره‌دا دوعا ناكه‌ن له‌ خوایه‌كی ترو له‌ خوایه‌كی تر ناپاڕێنه‌وه‌ ته‌نها له‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌پاڕێنه‌وه‌ ، وه‌ ئه‌و نه‌فسه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ حه‌رامی كردووه‌ نایكوژن ته‌نها به‌ حه‌ق نه‌بێ: مه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ دوای زه‌واجی شه‌رعی زینای كردبێت، یان كه‌سێكی به‌ ناحه‌ق كوشتبێت، یان له‌ دین هه‌ڵگه‌ڕابێته‌وه‌ ئه‌میش حاكمی موسڵمان ئه‌یانكوژێ ، وه‌ زیناش ناكه‌ن ، وه‌ هه‌ر كه‌سێك كاری وا بكات ، ئه‌وا تووشی تاوان و سزای خوای گه‌وره‌ ئه‌بێت، یاخود دۆڵێكه‌ له‌ دۆزه‌خ سزاى زیناكارانى تێدا ده‌درێت. 
له‌ ڕۆژی قیامه‌ت سزای چه‌ند قاتێك ئه‌درێ ، وه‌ له‌ناو سزادا ئه‌مێنێته‌وه‌ به‌ سه‌رشۆڕى و ڕیسوایی و زه‌لیلی.
ته‌نها كه‌سانێك ئه‌گه‌ر ته‌وبه‌یان كردبێ له‌م تاوانانه‌ وه‌ ئیمانیان هێنابێ وه‌ كرده‌وه‌ی چاكیان كردبێ، (كرده‌وه‌ى چاك ئه‌وه‌یه‌ نیه‌تت بۆ خوا بێت و بۆ ریات نه‌بێت، وه‌ له‌سه‌ر سوننه‌ت بێت و بیدعه‌ نه‌بێت) ، ئه‌مانه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ دونیادا خراپه‌كانیان بۆ ئه‌گۆڕێت به‌ چاكه‌، یاخود له‌ قیامه‌تدا خراپه‌كانیان بۆ ئه‌گۆڕێت به‌ چاكه‌ ، وه‌ خوای گه‌وره‌ زۆر لێخۆشبوو و به‌به‌زه‌ییه‌. 

وە هەروەها فەرموویەتی : ( وَإِنِّي لَغَفَّارٌ لِمَنْ تَابَ وَآمَنَ وَعَمِلَ صَالِحًا ثُمَّ اهْتَدَى ) طه/82 .
واته: وه‌ من زۆر لێخۆشبووم بۆ كه‌سێك كه‌ ته‌وبه‌ بكات له‌ تاوانه‌كانی ، وه‌ ئیمان بێنێت و كرده‌وه‌ی چاك بكات (كرده‌وه‌ى چاك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نیه‌تت بۆ خواى گه‌وره‌ بێت و بۆ ریات نه‌بێت، وه‌ له‌سه‌ر سوننه‌ت بێت و بیدعه‌ نه‌بێت) ، پاشان هیدایه‌ت وه‌ربگرێ، واته‌: له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگا ڕاسته‌ كه‌ ئیسلام و سوننه‌ته‌ دامه‌زراو بێت تا مردن.

 لەم ئایەتەدا ڕێنوێنی کەسی تەوبەکار کراوە بەوەی کردەوەی چاکە زۆر بکات ، وڕێگای هیدایەت بگرێتە بەر ، ودوور کەوێتەوە لەهۆکارەکانی لاڕێ بوون .

والله أعلم .