سوننەتەكانی نوێژ: ماڵپەڕی وەڵامەکان
سوننەتەكانی نوێژ
پرسیار:

ئایا سوننەتەكانی نوێژ کامانەن؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

لە سوننەتەكانی نوێژ :

یەکەم: زیكر و دوعای سەرەتای دەستپێكردنی نوێژ .

دووەم: دەستی ڕاست بخرێتە سەر دەستی چەپ و لەسەر سنگ دابنرێت لە كاتی وەستاندا لە پێش و پاش كڕنوش .

سێیەم : بەرزكردنەوەی هەردوو دەست بە یەكخستن و كراوەیەتی پەنجەكان تا ئاستی هەردوو شان یان هەردوو گوێ‌ لە كاتی (الله أكبر)ی یەكەمدا ، وە لە كاتی كڕنوش بردن و بەرزبوونەوەش لـێ‌ی ، وە لە كاتی هەستانەوەش لە شایەتومانی (تەحیاتی) یەكەمدا بۆ ڕكعاتی سێ‌یەم .

چوارەم: زیاتر لە یەك جار وتنی تەسبیحاتی كڕنوش و سوجدە بردن .

پێنجەم: زیاتر لە وتەی (رَبَّنَا وَلَكَ الْـحَمْد) لە پاش هەستانەوە لە كڕنوش ، وە زیاتر لە یەك جار پاڕانەوە بە داوای لێخۆشبوون لە نێوان هەردوو سوجدەكەدا .

شەشەم: ڕاگرتنی سەر لە ئاست پشتدا لە كڕنوشدا .

حەوتەم: بەدوورخستنەوەی هەردوو بازوو لە هەردوو لاكەلەكە ، وە بـەدوورخستـنەوەی ســك لە هەردوو ڕان ، وە بەدوورخستنەوەی هەردوو ڕان لە هەردوو قاچ لە سوجدەدا .

هەشتەم: بـەرزكـردنەوەی هەردوو قۆڵ لە زەوی لە كاتـی سوجدەدا .

نۆیەم: دانیشتنی نوێژگەر لەسەر پێ‌ی چەپی بە ڕاخراوەیی ، وە چەقاندنی پێ‌ی ڕاستی بە زەویدا لە شایەتومانی (تەحیاتی) یەكەم و لە نێوان هەردوو سوجدەكەدا .

دەیەم: تەوەڕوك لە شایەتومانی  (تەحیاتی) كۆتاییدا لە نوێژە سێ‌ و چوار ركعاتیەكاندا : كە بریتییە لە دانیشتن لەسەر سمتی ، وە پێ‌ی چەپی بخاتە ژێر پێ‌ی ڕاستی و پێ‌ی ڕاستیشی بە زەویدا بچەقێنێت .

یانزەیەم: ئاماژەكردن بە پەنجەی شایەتومان لە تەحیاتی یەكەم و دوومیشدا لەو كاتەوە كە دادەنیشێت تاوەكو كۆتایی تەحیات ، وە جوڵاندنی لە كاتی دوعا و پاڕانەوەدا .

دوانزەیەم: سەڵاوات و دوعای بەرەكەت بەسەرداڕژان لەسەر (مُـحَمَّد) و (آلِ مُـحَمَّد) ، وە لەسەر (إِبْرَاهِيم) و (آلِ إِبْرَاهِيم)  لە تەحیاتی یەكەمدا .

سیانزەیەم: دوعاكردن و پاڕانەوە لە تەحیاتی كۆتاییدا .

چواردەیەم: دەربڕینی قورئان خوێندن لە نوێژی بەیانی و نوێژی جومعە و نوێژی هەردوو جەژن و نوێژە بارانەدا ، وە لە دوو ركعاتی یەكەمی هەردوو نوێژی مەغریب و عیشایشدا .

پانزەیەم: بە كپ خوێندن و دەرنەبڕینی قورئان خوێندن لە نوێژی نیوەڕۆ و عەسر و لە ركعاتی سێ‌یەمی مەغریب و دوو ركعاتی كۆتایی عیشایشدا .

شانزەیەم: خوێندنی قورئان زیاتر لە سورەتی فاتیحە ، لەگەڵ بەئاگابوون لە باقی تری سوننەتەكان لە نوێژدا جگە لە ئەوانەی كە باسمانكردن ، وە لەوانە : زیاتر لە وتەی نوێژگەر (رَبَّنَا وَلَكَ الْحَمْد) لە پاش هەستانەوە لە كڕنوش بۆ ئیمام و مەئموم و تاك ، ئەمە سوننەتە ، هەروەها لەوانە : دانانی هەردوو دەست بە بڵاوكردنەوەی پەنجەكان لەسەر هەردوو ئەژنـۆ لە كاتی كڕنوشدا .


سەرچاوە : کتێبی : وانە گرنگەكان بۆ تێكڕای موسڵمانان (الدروس الـمهمة لعامة الأمة)
نووسینی زانا و پێشەوا : عبد العزیز بن عبد الله بن باز رحمه الله ، وەرگێڕانی : مامۆستا محمد عبدالرحمن

سەردان: ٣,٢٦٠ بەش: چۆنێتى نوێژ