یەکخواپەرستی گەورەترین هۆکاری چونە بەهەشتە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
یەکخواپەرستی گەورەترین هۆکاری چونە بەهەشتە
پرسیار:

بۆ تەنها الله بپەرستم؟ من لە شێخێکی مردوو یان هەر شتێکی تر دەپاڕێمەوە خۆ مەبەستم ئەوە نیە ئەو خوایە بەڵکو دەڵێم ئەو لەخواوە نزیکترە و دەمەوێت ئەو تکام بۆ بکات لای خوای گەورە، ئەی بۆ ئەم کارەی من دروست نیە ؟

ئەگەر پرسیار لە موسڵمانێک بکەیت بەچی کەسی کافر دەبێت بە موسڵمان یەکسەر دەڵێت بە وتنی :
( أشهد أن لا إله إلا الله وأشهد أن محمداً رسول الله)
بەڵام کاتێک پرسیاری لێدەکەیت ئەم وشەیە مانای چیە بەداخەوە نایزانێت یان بەهەڵە بۆت مانا دەکات .
بۆیە پێویستە لەسەر هەموو موسڵمانێک بزانێت کە (لا إله إلا الله)  واتە : هیچ شتێک لەوانەی خەڵکی دەیپەرستن بت بێت یان دار یان پێغەمبەر یان سەرۆک وڵات یان شێخ یان مردوی ناو قەبر و تادوایی هیچیان شایستەی پەرستن نین و نابێت بپەرسترێن و تەنها (الله) شایستەی پەرستنە .

* حەقی خۆتە بپرسیت بۆ تەنها الله بپەرستم؟
وەڵام : چونکە ئەو دروستی کردویت، ڕۆزیت دەدات، چاودێریت دەکات، کاروبارەکانت بۆ ڕێک دەخات، لە زەوی ئەو دایت، هەوای ئەو هەڵدەمژیت، ئەو جوانترین بەرنامەی بۆ داناویت کە ئیسلامە و چەندین نیعمەتی تریش کە ناژمێردرێن ئەی خێرە هەموو چاکەیەک لە خواوە وەربگریت پاشان پەرستنەکەت بۆ کەسێکی تر بێت ! لەکاتێکدا ئەو کەسە تۆسقاڵێک چاکە و خراپەی تۆی بەدەست نیە .

* حەقی خۆتە بپرسیت من لە شێخێکی مردوو یان هەر شتێکی تر دەپاڕێمەوە خۆ مەبەستم ئەوە نیە ئەو خوایە بەڵکو دەڵێم ئەو لەخواوە نزیکترە و دەمەوێت ئەو تکام بۆ بکات لای خوای گەورە، ئەی بۆ ئەم کارەی من دروست نیە ؟

وەڵام: بۆیە کارەکەت شیرکە و دروست نیە چونکە خوای گەورە بۆ پەرستن و داوالێکردن هیچ واسیتە و تکاکارێکی دانەناوە لە نێوان خۆی و بەندەکانیدا و پێویستیشی پێی نیە ، ڕاستەوخۆ لە خۆی داوا دەکەیت و وەڵامت دەداتەوە ، وە بتپەرستەکانی سەردەمی پێغەمبەری خواش هەمان ئەم قسەیەی تۆیان دەکرد و دەیانوت ئێمە بۆ ئەوە دەیانپەرستین لە خوا نزیکمان بکەنەوە :
(مَا نَعْبُدُهُمْ إِلَّا لِيُقَرِّبُونَا إِلَى اللَّـهِ زُلْفَىٰ) .
دەشیان وت : بۆ ئەوە دەیانپەرستین تا لای خوای گەورە شەفاعەت و تکامان بۆ بکەن :
(وَيَعْبُدُونَ مِن دُونِ اللَّـهِ مَا لَا يَضُرُّهُمْ وَلَا يَنفَعُهُمْ وَيَقُولُونَ هَـٰؤُلَاءِ شُفَعَاؤُنَا عِندَ اللَّـهِ) .
بەڵام نە خوای گەورە ئەو بیانوانەی لێ قبوڵ کردن وە نە پێغەمبەری خوایش ، بۆیە هەموو ژیانی پێغەمبەرایەتیەکەی بۆ جەنگان لەگەڵ ئەو کەسانە تەرخانکرد .

* بشزانە :

یەکەم :  هەموو پێغەمبەرانی خوا علیهم السلام بۆ باسکردن و ڕونکردنەوەی یەکخواپەرستی و دژایەتی شیرک هاتون : (وَلَقَدْ بَعَثْنَا فِي كُلِّ أُمَّةٍ رَّسُولًا أَنِ اعْبُدُوا اللَّهَ وَاجْتَنِبُوا الطَّاغُوتَ ۖ ) .

دووەم : هەرکەس یەکخواپەرست بێت ئەگەر تاوانباریش بێت دەچێتە بەهەشتەوە جا بەبێ سزا یان دوای چەشتنی سزای تاوانەکانی ، وەکو پێغەمبەری خوا فەرموویەتی :
( إن الله تعالى قد حرم على النار من قال لا إله إلا الله يبتغي بذلك وجه الله) (صحيح الجامع الصغير :١٧٩٣).

سێیەم : هەر کەس شەریک بۆ خوا بڕیار بدات بەهەتا هەتایی لە دۆزەخدا دەمێنێتەوە ، وەکو خوای گەورە فەرموویەتی:
(إِنَّهُ مَن يُشْرِكْ بِاللَّهِ فَقَدْ حَرَّمَ اللَّهُ عَلَيْهِ الْجَنَّةَ وَمَأْوَاهُ النَّارُ ۖ وَمَا لِلظَّالِمِينَ مِنْ أَنصَارٍ ) .

چوارەم : جگە لە ئاینی ئیسلام هیچ ئاین و بەرنامەیەکی تر قبوڵ و ڕێزلێگیراو نیە ، وەکو خوای گەورە فەرموویەتی:
(وَمَن يَبْتَغِ غَيْرَ الْإِسْلَامِ دِينًا فَلَن يُقْبَلَ مِنْهُ وَهُوَ فِي الْآخِرَةِ مِنَ الْخَاسِرِينَ ) .
بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە هەستی بە کوشتنی هەموو ناموسڵمانێک چونکە لە سەردەمی پێغەمبەری خوا گاور و جولەکەش هەبون و نەیشی دەکوشتن بەڵام باسی پوچی و بێکەڵکی بیروباوەڕەکانیانی دەکرد و لەعنەتیشی لێدەکردن وەکو لە کۆتایی تەمەنیدا فەرموی :
" لعن الله اليهود والنصارى اتخذوا قبور أنبيائهم مساجد " (متفق عليه).
واتە : لەعنەتی خوا لە جولەکە و گاورەکان گۆڕی پێغەمبەرەکانیان کردوە بە مزگەوت .

* بۆیە با وریابین بەناوی ئازادی بیروڕا و یەکتر قبوڵکردن و ڕێزگرتن لە بیروڕای جیاواز و چەندین وشەی تری ڕازاوەی ناوبۆشەوە لە بیروباوەڕی ئیسلامەتی لامان نەدەن .

خوایە داوات لێدەکەین و تەنها تۆش شایستەی داوالێکردنی لەسەر یەکخواپەرستی بمانژێنەو بمانمرێنەو زیندومان بکەرەوە، آمين .
وصلى الله على محمد وعلى آله وصحبه أجمعين.

سەردان: ٣,٢٥١ بەش: شیرک و جۆرەکانى