ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە قەدەر: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە قەدەر
پرسیار:

داوا لە بەڕێزتان دەكەین باسی قەدەر ڕوون بكەنەوە؟ وە ئایا بنچینەى كار و چۆنێتى ڕوودانەكەى مرۆڤ تێیدا سەرپشكە؟
بۆ نموونە: ئەگەر قەدەرى خوا وابوو لەسەر كەسێك كە مزگەوتێك دروست دەكات گومانى تێدا نییە كە مزگەوتەكە دروست دەكات بەڵام ئەوەى جێ هێڵراوە بۆ مێشكى خۆى ئەوەیە كە چۆن دروستى دەكات، بەهەمان شێوە تاوان وسەرپێچیش ئەگەر خواى گەورە قەدەرەى وابوو كەكەسێك گوناهێك بكات ئەوا بێگومان دەیكات بەڵام چۆنێتى جێ بەجێكردنى هێهێڵراوە بۆ خودى كەسەكە خۆى ، جا ئایا ئەمە ڕاستە و تەواوە؟
 

ئەم باسی قەدەرە هەر لە دێر زەمانەوە خاڵى مشت ومڕ و كێشمەكێش بووە لەنێو مرۆڤەكاندا، هەربۆیە لەم بابەتەدا مرۆڤەكان دەكرێن بەسێ بەشەوە لەنێوان زێدەڕۆیی و كورت ڕەوى و نێوەندگیر.

یەكێكیان: سەیرى گشتێتى قەدەرى خوا دەكات بۆیە نابینادەبێت سەبارەت بە سەرپشكێتى بەندەو نایبینێت. وە دەڵێـت: بەندە ناچار و زۆرلێكراوە لەسەر كردەوەكانى، و هیچ ئیختیار و سەرپشكێكى بۆ نییە، جا كەوتنە خوارەوەى كەسێك لەسەربان بەهۆى هەواوە یان شتێكى ترەوە وەكو دابەزینێتى لەو سەربانەوە بە ویستى خۆى لە پلیكانەوە.

گروپی دووەم: سەیرى ئەوە دەكات كە بەندە بكەر و نەكەرى كردەوەیە بە ئیختیارى خۆى، جا ئەمانە نابینا و كوێرن دەربارەى قەدەرى خوا. و دەڵێت: بەندە سەربەخۆیە بەرانبەر بە كردەوەكانى و هیچ پەیوەندیەكى نییە بە قەدەرى خواوە.
بەڵام گروپی نێوەندگیر هەردوو هۆكارەكە دەبینن، و تەماشاى قەدەرى خوا بەگشتى و سەرپشكێتى بەندەش دەكەن پێكەوە و دەڵێن: كارو كردارى بەندە بە هۆى قەدەرى خواو اختیارى كەسەكەوە دێتەبوون و ڕوودەدات، وە ئەوە شتێكى زانراوەو بەڵگەنەویستە جیاوازى نێوان كەوتنەخوارەوەى كەسێك لە سەربانەوە بەهۆى با یان شتى ترەوە وە دابەزینیشی بە ئارەزوى خۆى لە پلیكانەوە، چونكە ئەوەى یەكەمیان لەكردەوەى خۆیەتى بەبێ اختیارى خۆى و دوومیشیان بە اختیارى خۆیەتى، وە هەردووكیشیان بە قەزاوقەدەرى خوا ڕوویانداوە، چونكە شتێك نییە لەموڵكى خوادا ڕووبدات و ویست و ئیرادەى ئەوى لەسەرنەبێـت، بەڵام ئەوەى ڕوودەدات بە اختیارى بەندە ئەوە جێگەى تەكلیفە و خاوەنەكەى یاخود بكەرەكەى ناتوانێت قەدەر بكاتە بیانوو بۆ نەكردنى ئەو فەرمانەى كەپێی دراوە یان نیەتى هەبووە، چونكە كاتێك تاوانێك دەكات بەبیانوى قەدەرەوە خۆ بەندەكە نازانێت خواى گەورە چی لەسەرى نووسیوە بۆیە ئەوە بە ویست واختیارى خۆى دەستپێشخەرى كردووە بۆ ئەنجامدانى تاوانەكە.
 هەربۆیە ئەو دەستپێشخەریەى بۆ تاوان هۆكارى سزاكەیەتى ئیتر لە دونیادا بێت یان دوارۆژ، بۆیە كاتێك كەسێك زۆرى لێدەكرێت وناچار دەكرێت بە كردنى تاوانێك ئەوا لەو كاتەدا بەتاوان هەژمار ناكرێت و سزاى لەسەر نییە لەبەر ئەوەى عوزرى هەیە كە ئەویش زۆرلێكردنەكەیەتى. وە ئەگەر مرۆڤ دەزانێت كە ڕاكردنى لە ئاگر بۆ شوێنێكى سەلامەت بە اختیارى خۆیەتى و رۆیشتنیشی بۆ خانوویەكى گەورەى جوانى دڵگیر دیسان بە اختیارى خۆیەتى، لەگەڵ ئەوەى كە دەزانێت ڕاكردنى لە ئاگرەكە و چوونیشی بۆ خانووە خۆش وگەورەكە هەردووكی بە قەزاوقەدەرى خوابووە، وە هەروەها ڕانەكردنى لە ئاگرەكە تا پێى دەگات و نەچوونیشی بۆ خانووە جوانەكە بە كەمتەرخەمى و هەل لەدەستدان دەزانێت و هەژمار دەكرێت و بەوە شایستەى لۆمە وسەرزەنشت دەبێت، ئەى بۆچى ئەم هەستەى لا دروست نابێت كاتێك كەمتەرخە دەربارەى ئەو هۆكارانەى كە رزگارى دەكەن لە ئاگر و دەیخەنە بەهەشتەوە؟!  
بەڵام نمونە هێناوە بەوەى كە ئەگەر خواى گەورە قەدەرى وابوو لەسەر بەندە كە مزگەوتێك دروست بكات ئەوا بەدڵنیاییەوە دروستى دەكات، بەڵام چۆنێتى دروست كردنەكەى جێ هێڵراوە بۆ عەقڵى خۆى، ئەمەش نمونە هێنانەوەیەكى ڕاست وتەواو نییە، چونكە ئەو دەڵێت كە چۆنێتى دروست كردنى بیناكە تایبەتە بە عەقڵەوە و پەیوەندى بە قەدەرى خواوە نییە و لەهەمان كاتیشدا بنچینەى بیرۆكەى دروست كردنى بیناكە تایبەتە بە قەدەرەوە پەیوەندى بە اختیارى بەندەكەوە نییە.
بەڵام لەڕاستیدا بنچینەى بیرۆكەى دروست كردنى بیناكە دەچێتە ژێر اختیارى بەندەوە چونكە زۆرى لێ نەكراوە لەسەرى، هەروەكو چۆن زۆرى لێ نەكراوەو ناچار نییە بە دووبارە نۆژەنكردنەوەى ماڵەكەى وچاككردنەوەى بۆ نمونە، بەڵام ئەم بیرۆكەیە خواى گەورە قەدەرى لەسەربووە بۆ بەندەكە بەشێوەیەك كە هەستی پێ نەكردووە، چونكە مرۆڤ نازانێت قەدەرى خوا لەسەرى بە چ شتێكە و چی دەبێت هەتا ئەو شتە ڕوونەدات، لەبەر ئەوەى قەدەر نهێنیەكى شاراوەیە و نازانرێت مەگەر خواى گەورە بە وەحى ئاگادارى بكاتەوە یان ئەو شتە ڕووبدات. بەهەمان شێوە چۆنێتى دروست كردنى بیناكەش دیسان بەقەدەرى خوا بووە چونكە خواى گەورە بڕیارى لەسەر ورد ودرشتى شتەكان داوە، وە ناكرێت مرۆڤ شتێك اختیار بكات و خوایش ویست و ئیرادەى لەسەر نەبێت، بۆیە ئەگەر بەندە شتێكى هەڵبژارد و ئەنجامى دا ئەوا بەدڵنیاییەوە دەزانێت كە قەدەرى خواى گەورەى لەسەر بووە، جا بۆیە بەندە سەرپشكە بەپێى هۆكارە بەرجەستە دیار و ئاشكراكان كە خواى گەورە كردونى بە هۆكارى ڕوودانى كارەكەى، وە هیچ كەسێك لە كاتى ئەنجامدانى كارێكدا هەست بە ناچارى وزۆرلێكردن ناكات، بەڵام كاتێك كە ئەو كارە دەكات بەگوێرەى ئەو هۆكارانەى كە خواى گەورە بەهۆكارى داناون، بە دڵنیاییەوە دەزانین كە قەدەرى خواى گەورەبووە وردو درشتى.
هەمان شتیش دەڵێین دەربارەى ئەو نمونەیەى كە كەسێك قەدەر دەكاتە بیانوو بۆ ئەنجامدانى تاوان وسەرپێچی و دەڵێن: خواى گەورە قەدەرى وابووە كە ئەو كەسە ئەو تاوانە بكات و دەیشیكات بێگومان، بەڵام چۆنێتى جێ بەجێ كردنەكەى واز لێهێناوە بۆ عەقڵى كەسەكە.
جا ئەوەى ووتمان دەربارەى نمونەى بیناكردنى مزگەوتەكە هەمان شتیش دەڵێین دەربارەى ئەمە و دەڵێین: قەدەرى خوا لەسەر بۆ كردنى تاوان دژو پێچەوانەى اختیارى بەندەكە نییە بۆ تاوانەكە، چونكە لەكاتى اختیار كردنى ئەو تاوانەدا لەلایەن بەندەكەوە كەسەكە نازانێت قەدەرى خوا چییە لەسەرى كە نووسراوە یان نا، بەڵكو كەسەكە خۆى دەستپێشخەرى بۆ تاوانەكە كردووە بەبێ ئەوەى هەست بكات كە هیچ كەس ناچارى كردووە و زۆرى لێكردووە، بەڵام كاتێك كە بۆى دەچێت و ئەنجامى دەدات ئەوكات دەزانین كە قەدەرى خواى لەسەر بووە بۆى، بەهەمان شێوە چۆنێتى ئەنجامدانى تاوانەكە و رۆیشتنى بۆى بە ویستى بەندەیە، و ئەوەش پێچەوانەى قەدەرى خوا نییە، چونكە وەكو وتمان خواى گەورە قەدەرى لەسەر تەواوى شتەكان هەیە بە ورد و درشتیانەوە. وە قەدەریشی لەسەر ئەو هۆكارانە هەیە كە دەگەن بە تاوانەكە، وە هیچ شتێك لە كردەوەكانى بەندەكە شاز و ریزپەڕنییە، وەكو خواى گەورە دەفەرموێـت: (أَلَمْ تَعْلَمْ أَنَّ اللَّهَ يَعْلَمُ مَا فِي السَّمَاءِ وَالأَرْضِ إِنَّ ذَلِكَ فِي كِتَابٍ إِنَّ ذَلِكَ عَلَى اللَّهِ يَسِيرٌ) (الحج:70)
واتە: ئایا نەتزانیوە ـ ئەى پەیامبەرى خوا  ـ كە بێگومان خواى پەروەردگار زانایە بەوەى كە لەئاسمان و لەزەویدایە ـ زانینێكى تەواو كە لەلەوح المحفوزدا نووسیویەتیەوە ـ ؟ ، ئەو زانین وزانستەش سووك و ئاسانە بۆ خواى پەروەردگار ، كە هیچ شتێكى لەدەست دەرناچێت ویاخى نابێت .
هەروەها دەفەرموێت: (وَكَذَلِكَ جَعَلْنَا لِكُلِّ نَبِيٍّ عَدُوّاً شَيَاطِينَ الأِنْسِ وَالْجِنِّ يُوحِي بَعْضُهُمْ إِلَى بَعْضٍ زُخْرُفَ الْقَوْلِ غُرُوراً وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ مَا فَعَلُوهُ فَذَرْهُمْ وَمَا يَفْتَرُونَ) (الأنعام:112)
واتە: هەروەكو چۆن تۆمان ـ ئەى پەیامبەرى خوا  ـ تاقیكردۆتەوە بە دوژمنانت لە هاوەڵبڕیاردەرانى گەلەكەت بەهەمان شێوە هەموو پەیامبەرانمان ـ سەلامى خوایان لەسەر بێت ـ تاقى كردۆتەوە بە دوژمنانێك لەیاخیبووانى مرۆڤ و جنۆكە ، هەندێكیان ئەو قسانە دەدەن بە گوێى هەندێكى تریاندا كە بەناڕەوایى ڕازاندویانەتەوە ، بۆ ئەوەى ئەو كەسەى گوێبیستى دەبێت هەڵبخەڵەتێت وفریوبـخوات ، و لەڕێگاى خواى پەروەردگار لابدن و وێڵ ببن . وە ئەگەر پەروەردگارى شكۆدار و پایەبەرز بیویستایە ئەو دوژمنایەتیە ڕووى نەدەدا ، بەڵام ئەوە تاقیكردنەوەیەكە لەلایەن خواى پەروەردگارەوە ، بۆیە وازیان لێبهێنە ولێیان گەڕێ لەو دەم هەڵبەست ودرۆیانەى كە دروستى دەكەن .
 هەروەها دەفەرموێت: (وَكَذَلِكَ زَيَّنَ لِكَثِيرٍ مِنَ الْمُشْرِكِينَ قَتْلَ أَوْلادِهِمْ شُرَكَاؤُهُمْ لِيُرْدُوهُمْ وَلِيَلْبِسُوا عَلَيْهِمْ دِينَهُمْ وَلَوْ شَاءَ اللَّهُ مَا فَعَلُوهُ فَذَرْهُمْ وَمَا يَفْتَرُونَ) (الأنعام:137)
واتە: وە هەروەكو چۆن شەیتان ئەوەى بۆ هاوەڵبڕیاردەران ڕازاندەوەتەوە كە بەشێك لەبەروبوومە كشتوكاڵیەكان و ئاژەڵەكانیان بۆ خواى پەروەردگار دابنێن و بەشەكەى تریشى بۆ پەرستراوەكان ، بەهەمان شێوە شەیتان كوشتنى منداڵەكانى خۆیانى لەترسى هەژاریدا بۆ ڕازاندوەتەوە ، بۆ ئەوەى ئەو باوكانە تووشى لەناوچوون بكات بەو كوشتنە ناحەقەى كە خواى پەروەردگار حەرامى كردووە ئیللا بەهەق نەبێت ، و دینەكەیان لێتێك بدات وتێكەڵى بكات بۆیان ، بۆ ئەوەى گومڕابن وتیابچن ، بەڵام ئەگەر خواى پەروەردگار ویستى لەسەر ئەوەبووایە كە ئەوان ئەو كارە ئەنجام نەدەن ئەوا ئەنجامیان نەدەدا ، بەڵام خواى پەروەردگار بڕیارى ئەوەى داوە لەبەر زانایى بەحاڵ وچارەنووسى خراپیان ، جا ئەى پەیامبەرى خوا  ـ وازیان لێبهێنە و لێیانگەڕێ لەو درۆ و بوهتانانەى كە دەیكەن ، چونكە خواى پەروەردگار لە ڕۆژى دواییدا لە نێوان تۆ و ئەواندا دادوەرى دەكا .
 هەروەها دەفەرموێـت: ( وَلَوْ شَاءَ اللَّهُ مَا اقْتَتَلَ الَّذِينَ مِنْ بَعْدِهِمْ مِنْ بَعْدِ مَا جَاءَتْهُمُ الْبَيِّنَاتُ وَلَكِنِ اخْتَلَفُوا فَمِنْهُمْ مَنْ آمَنَ وَمِنْهُمْ مَنْ كَفَرَ وَلَوْ شَاءَ اللَّهُ مَا اقْتَتَلُوا وَلَكِنَّ اللَّهَ يَفْعَلُ مَا يُرِيدُ)(البقرة: من الآية253).
واتە: ئەو پەیامبەرە بەڕێزانە خواى پەروەردگار هەندێكیانى فەزڵداوە بەسەر هەندێكى تریاندا ، بەپێى ئەوەى خوا پەروەردگار منەتى بەسەردا كردوون : لێیان هەیە خواى پەروەردگار قسەى لەگەڵدا كردووە وەكو موسا و موحەممەد ـ صەلات و سەلامى خوایان لەسەر بێت ـ ، ئەمەش بەڵگەى جێگیركردنى سیفەتى قسەكردنى تێدایە بۆ خواى پەروەردگار بەو شێوەیەى لایقى شكۆداریەتى ، وە هەشیانە خواى پەروەردگار بۆ پلە بەرزەكان بەرزى كردۆتەوە وەكو موحەممەد  ، ئەوەش بەهۆى گشتگیرى پەیامەكەیەوە ، و كۆتایى هێنانى نێردراوێتى پێی ، و فەزڵدانى ئوممەتەكەى بەسەر سەرجەم ئوممەتەكاندا وجگە لەمانەش .
وە خواى بەرز و بڵند و پایەبەرز بەڵگە و موعجیزە سەرسامكارەكانى بەخشى بەعیساى كوڕى مەریەم ـ سەلامى خواى لەسەر بێت ـ ، وەكو چاككردنەوەى كوێرى زكماك بەویستیى خواى پەروەردگار ، وە ئەوەش كە بەڵەكى پێوەیە بەویستى خواى پەروەردگار ، وە زیندوكردنەوەى مردوان بەویستى خواى پەروەردگار ، و بە جوبرەئیلیش ـ سەلامى خواى لەسەر بێت ـ پشتیوانى و پشتگیرى كردوە ، وە ئەگەر خواى پەروەردگار ویستى لەسەر ئەوە بوایە كە ئەوانەى پاش ئەو پەیامبەرانە هاتن شەڕوشۆڕ و جەنگ نەكەن پاش ئەوەى بەڵگەى ڕونیان بۆ هات ئەوا شەڕوشۆڕیان نەدەكرد و نەدەجەنگان ، بەڵام جیاوازى كەوتە نێوانیانەوە : هەیانبوو جێگیر و چەسپاوبوو لەسەر باوەڕەكەى ، و هەشیانبوو سوربوو لەسەر بآباوەڕى خۆى . وە ئەگەر خواى پەروەردگار ویستى لەسەر ئەوە بوایە پاش ئەوەش كە جیاوازى كەوتە نێوانیانەوە ، كە هۆكار و هەڵگێرسێنەرى جەنگە ، لەگەڵ یەكتردا نەدەجەنگان ، بەڵام خواى پەروەردگار ئەوە سەركەوتو دەكات بۆ گوێڕایەڵى و باوەڕهێنان كە ویستى لەسەر بێت ، و ئەوەش كە ویستى لە سەر بێت سەركەوتووى ناكات ، بۆیە سەرپێچى دەكات و باوەڕى پێناهێنێت ، و هەر ئەوە ئەنجامدەر و هەڵبژێرەرى ئەوەى كە ویستى لەسەرە .
لە پاش ئەوە: پێویستە موسڵمان دەرگاى ئەم باسانە لە خۆى و لەگەڵ جگە لەخۆیشیدا نەكاتەوە و سەرقاڵى ئەو جۆرە بابەتانە نەبێت كە گومان و دوودڵى لا دروست دەكەن و خەیاڵى دژایەتى شەرعى بۆ بونیاد دەنێن، چونكە ئەمە لە نەریتى هاوەڵان نەبووە - رضي الله عنهم – لەكاتێكدا ئەوان زۆر سووریش بوون لەسەر زانینى زانست و حەقیقەتى شتەكان و لابردنى گومان و دودڵیان بەرانبەر شتەكان.
لە صەحیحى بوخاریدا هاتووە لە عەلى كوڕى ئەبی تالیبەوە رضي الله عنه كە پێغەمبەرى خوا  فەرموویەتى: ((ما منكم من أحد إلا وقد كتب مقعده من الجنة ومقعده من النار)) . فقلنا: يا رسول الله أفلا نتكل؟ (وفي رواية أفلا نتكل على كتابنا وندع العمل؟) قال: ((لا اعملوا فكل ميسر))(١) وفي رواية: ((اعملوا فكل ميسر لما خلق له، أما من كان من أهل السعادة فييسر لعمل أهل السعادة . وأما من كان من أهل الشقاوة فييسر لعمل أهل الشقاوة))(٢)
 ثم قرأ: (فَأَمَّا مَنْ أَعْطَى وَاتَّقَى) (الليل5) )(وَصَدَّقَ بِالْحُسْنَى) (6) (فَسَنُيَسِّرُهُ لِلْيُسْرَى) (الليل:7) (وَأَمَّا مَنْ بَخِلَ وَاسْتَغْنَى) (8) (فَسَنُيَسِّرُهُ لِلْعُسْرَى). (الليل:الآيات 5،10).
 واتە: هیچ یەكێك لە ئێوە نییە ئیلا شوێنەكەى لە ئاگر و شوێنەكەشى لە بەهەشتدا بۆ دیارى كراوە، ئێمەش ووتمان ئەى پێغەمبەرى خوا مادام وایە پاڵى لێ نەدەینەوە و پشت بەو نووسینە ببەستین و ئیتر واز لە كاروكردەوە بهێنین؟ ئەویش فەرمووى: نەخێر هەموو كەسێك ئەو ئیش وكارەى بۆ ئاسان كراوە كەبۆى دروست كراوە، جا ئەوەى لە گرۆی بەختەوەران بێت ئەوا كردەوەى بەختەوەرى بۆ ئاسان كراوە. وە ئەوەشى لە گرۆی خراپەكاران بێت ئەوا كاروكردەوەى ئەو كۆمەڵەیەى بۆ سووك وئاسان كراوە.
 پاشان ئەم ئایەتانەى خوێندەوە: [ بەڵام ئەوەى كە لە ماڵەكەى ببەخشێت ، و لەو بەخشینەیدا لەخوا بترسێت ، وە ( لا إله إلا الله ) و واتاكەى ، و ئەو پاداشتانەش كە لەسەرى دەدرێتەوە بەڕاست بزانێت و باوەڕى پێبهێنێت ، ئەوا ڕێنموى و سەركەوتوى دەكەین بۆ هۆكارەكانى چاكە و چاكسازى ، و كارەكانى بۆ ئاسان دەكەین. بەڵام ئەوەى كە چروكى و دەست بگرێتەوە لە ماڵەكەى ، و خۆى بێ پێویست دەربڕێت لە پاداشتى پەروەردگارى ، و ( لا إله إلا الله ) ، و واتاكەى ، و ئەو پاداشتەش كە لەسەرى دەدرێتەوە بەدرۆ بزانێت. ئەوا ڕێنموى دەكەین بۆ هۆكارەكانى سەرگەردانى].
جا پێغەمبەرى خوا  نەهى كردووە لە پاڵ دانەوە بەو نووسینەى كە بۆت نووسراوە و واز لە كاروكردەوە بهێنین، چونكە نازانرێت چى لەسەرمان نووسراوە، بەڵام فەرمان بەوە كراوە كە چى دەتوانرێت ولە وزەى بەندەدا هەیە ئەنجامى بدات لە چاكە، بەبەڵگەى ئەو ئایەتى كەلەفەرموودەكەدا باس كراوە بەوەى كە هەركەسێك كاروكردەوەى چاكە بكات وباوەڕى هەبێت ئەوا بۆ ئاسانكارى ڕینوینى دەكرێت و ئەوەش چارەسەرى گونجاو و سەركەوتووە كەبەرهەمى هەبێت و بەندە بەهۆیەوە دەگاتە خۆشبەختى و بەختەوەرى، لەكاتێكدا قۆڵ هەڵماڵینى دەوێت بۆ كردەوەى چاكە لەسەر بونیادى ئیمان وباوەڕ، جا لەو كاتەشدا سەركەوتوو دەبێت بۆ كاروكردەوەى چاكە لە دونیا ودواڕۆژدا. أسأل الله –تعالى- أن يوفقنا جميعاً للعمل الصالح، وأن ييسرنا لليسرى، ويجنبنا العسرى، ويغفر لنا في الآخرة والأولى، إنه جواد كريم.

سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –


(١) أخرجه البخاري، كتاب القدر، باب وكان أمر الله قدراً مقدوراً . ومسلم، كتاب القدر، باب كيفية خلق الآدمي في بطن أمه (2647) .  
(٢) أخرجه البخاري، كتاب الجنائز، باب موعظة المحدث عند القبر (1362)، ومسلم، كتاب القدر، باب كيفية خلق الآدمي في بطن أمه (2647) .

سەردان: ٣,٠١١ بەش: باوەڕبون بە قەدەر