زیان و مەترسى شەریك بۆ خوا دانان لەسەر ئادەمیزاد : ماڵپەڕی وەڵامەکان
زیان و مەترسى شەریك بۆ خوا دانان لەسەر ئادەمیزاد
پرسیار:

ئایا زیان و مەترسى شەریك بۆ خوا دانان چین لەسەر ئادەمیزاد ؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

بێ گومان شەریك بۆ خوادانان چەندین زیان و مەترسى هەیە لەسەر ئادەمیزاد لەوانە : 
١) شەریك بۆ خوادانان گەورەترین زوڵم و ستەمە. 
٢) گەورە ترین گوناهـ و تاوانه .
٣) پەروەردگار لەشیرك خۆش نابێت بە هیچ شێوەیەك وە لێبوردن و عەفو كردن شمولى شیركى گەورە ناكات .
٤) شەریك بۆ خوا دانان دەبێتە هۆى هەڵوەشاندنەوەى هەموو كردەوە و چاكەیەك.
٥) لە دونیا و قیامەت زەرەرمەند دەبن .
٦) بەهەشتیان لەسەر حەرام دەبێ و ناچنە بەهەشتەوە .
٧) چونیان بۆ ناو دۆزەخ و مانەوەیان تیایدا بە بەردەوامى .
8) هیچ شەفاعەت كارو سەرخەرێكیان نییە لە قیامەتدا .
 

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

بێ گومان شەریك بۆ خوادانان چەندین زیان و مەترسى هەیە لەسەر ئادەمیزاد لەوانە : 
١) شەریك بۆ خوادانان گەورەترین زوڵم و ستەمە. وەك پەروەردگار فەرمویەتى: [وَإِذْ قَالَ لُقْمَانُ لاِبْنِهِ وَهُوَ يَعِظُهُ يَا بُنَيَّ لا تُشْرِكْ بِاللَّهِ إِنَّ الشِّرْكَ لَظُلْمٌ عَظِيمٌ] (لقمان:13). واتە : لوقمانی دانا لە كاتی ئـامۆژگـاری كردنی كـوڕەكەی دەفـەرمووێت : كـوڕی شیرینم شەریك و هـاوەڵ بـۆ خوای پـەروەردگار بڕیـارمەدە ، چونكە شیرك و هـاوەڵبڕیاردان گـەورەترین ستـەم و تـاوانـە .

٢) وە پێغەمبەر فەرمویەتى گەورە ترین تاوان بریتىیە لە [ أن تجعل لله نِدّاً وهوخلقك] ( البخاري:4477) .
واتە هاوەڵ و هاوشێوە و شەریك بۆ خوا دابنێیت لە حاڵەتێكدا كە تەنها ئەو تۆى دروست كردووە !.

٣) پەروەردگار لەشیرك خۆش نابێت بە هیچ شێوەیەك وە لێبوردن و عەفو كردن شمولى شیركى گەورە ناكات :
[إِنَّ اللَّهَ لا يَغْفِرُ أَنْ يُشْرَكَ بِهِ وَيَغْفِرُ مَا دُونَ ذَلِكَ لِمَنْ يَشَاءُ وَمَنْ يُشْرِكْ بِاللَّهِ فَقَدِ افْتَرَى إِثْماً عَظِيماً] (النساء:48).

واتە: پەروەردگار لە گوناهێك خۆش نابێ كە بریتى بێ لە شەریك بۆ دانانى.بەڵام بە گوێرەى ویستى خۆى خۆش دەبێت لە هەر گوناهێكى تر جگە لە شیرك. وە هەركەسێ شەریك بۆ خوا دابنێ ئەوە گوناه و بوهتان و درۆیەكى گەورەى كردووە چونكە خوا شەریكى نییە لەڕاستیدا.كەواتە ئەگەر كەسێك لەسەر شیركى گەورە مردبێت بێ ئەوەى تۆبەى لێ كردبێ ئەوە پەروەردگار بەهیچ شێوەیەك لێى خۆش نابێت.
كەواتە شەریك بۆ خوادانان گەورەترە لە كوشتنى بەناهەق و زیناو دزی و هەموو تاوانە گەورەكانى تریش !.

٤) شەریك بۆ خوا دانان دەبێتە هۆى هەڵوەشاندنەوەى هەموو كردەوەو چاكەیەك.

وەك پەروەردگار فەرمویەتى : [ لَئِنْ أَشْرَكْتَ لَيَحْبَطَنَّ عَمَلُكَ وَلَتَكُونَنَّ مِنَ الْخَاسِرِينَ] (الزمر:65).. واتە: ئەگەر شەریكت بۆ الله  دانا ئەوە كردەوەكانت هەڵدەوەشێنەوە.

٥) زەرەرمەندبوونى دونیاو قیامەت ، وەك پەروەردگار فەرمویەتى: (…وَلَتَكُونَنَّ مِنَ الْخَاسِرِينَ).واتە ئەگەر شەریكت بۆ الله دانا ئەوە لە زەرەرمەندان دەبیت.

٦) حەرام بونى بەهەشت لێیان وە .

٧) چونیان بۆ ناو دۆزەخ و مانەوەیان تیایدا بە بەردەوامى  .

٨) هاوبەشی پەیداكەران هیچ شەفاعەت كارو سەرخەرێكیان نییە. وەك خواى گەورە فەرمویەتى : [ ... إِنَّهُ مَنْ يُشْرِكْ بِاللَّهِ فَقَدْ  حَرَّمَ اللَّهُ عَلَيْهِ الْجَنَّةَ وَمَأْوَاهُ النَّارُ وَمَا لِلظَّالِمِينَ مِنْ أَنْصَارٍ] (المائدة: من الآية72).
واتە: هەریەكێك شەریك بۆ الله دابنێت ئەوە پەروەردگار بەهەشتى لێ حەرام كردووەو، شوێنیشى دۆزەخەو، وە هیچ پشتیوانێكیان نییە ڕزگاریان كات لەم حاڵە.
وە شیرك سوكایەتىیە بۆ مرۆڤ ؛ چونكە مل كەچى و بەندایەتى دەنوێنێت بۆ پەرستراوێكى وەكو خۆى بێ دەسەڵات ودروست كراو!. وەئومێدو متمانەى بە خوا كەم دەبێتەوە و ئیعتیماد دەخاتە سەر شتى خورافى و دارو بەردو پەڕۆو گۆڕ، وە لە هەموو ئەو شتانەش دەترسێت.

دکتۆر عبداللطیف أحمد

سەردان: ٢,٠٥٠ بەش: شیرک و جۆرەکانى