تەماشای فلیمی سێکسی دەکات و مافى خێزانەکەی نادات: ماڵپەڕی وەڵامەکان
تەماشای فلیمی سێکسی دەکات و مافى خێزانەکەی نادات
پرسیار:

بەڕێزان من کێشەیەکم هەیە ئەویش ئەوەیە ماوەی چەند ساڵێکە مێردەکەم بەچاوی کەم تەماشام دەکات و مافی سەرجێیم نادات ، و تەماشای فیلمی سێکسی دەکات ، و چەند منداڵێکم هەیە وپێم وانیە جیابوونەوە چارەسەر بێت (ئەوەش بەهۆی منداڵەکانەوە) جا ئایا چارەسەر چی یە ؟ و من هەست بەشەرم وحەیا دەکەم لەو بارەیەوە قسەی لەگەڵدا بکەم.

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
یەکەم :
خوشکی موسوڵمان تەریق مەبەرەوە و شەرم مەکە لەقسەکردن لەگەڵ مێردەکەتدا لەو بارەیەوە و ئامۆژگاری کردنی لەو بابەتەدا ؛ قسەکردن لەگەڵی باشترین چارەسەر وڕێگایە ، ئامۆژگاری بکە و قسەی بەهێزی پێ بڵێ ، سزا وتوڕەیی خودای بیرخەرەوە ، بەسزای دۆزەخ بیترسێنە ، و ئەمانەت وبەرپرسیاریەتی ماڵ ومنداڵی بیرخەرەوە و ئەم فەرمودەیەى بۆ باس بکە کە پێغەمبەرى خوا فەرمویەتى : " كلكم راع وكلكم مسئول عن رعيته ، الرجل راع في بيته ومسئول عن رعيته " .
واتە: هەمووتان شوان وبەرپرسن وبەرپرسیشن لەو شوانیەتی وبەرپرسیاریەتییە ، پیاو شوان وبەرپرسە لەماڵەکەی خۆیدا وبەرپرسیارە لەو کەسانەی لەژێردەستیدان .

وەمافی خۆتە پێی بڵێیت ئەو کارەی ئەو لەگەڵ تۆی دەیکات تاوان وسەرپێچیە ، وتەماشای کردنی ئەو فلیمە پیس وخراپانە دووری دەخاتەوە لەخودا ویادکردنی ، بەڵکو نەرم بێت وئامۆژگاری بچێ بەگوێیدا ، ئەوانە بەحیکمەت ولێزانانەوە دوو بارە بکەرەوە ، خۆ ئەگەر سوودی نەبوو ئەوا پەنا ببە بەر ئەو کەسانەی کەلێی نزیکن ودەزانی بەگوێیان دەکات وەک کەسانی زانا وچاک وکەسە نزیک وهاوڕێکانی ئەوانەی کەدەسەڵاتیان بەسەریدا هەیە .

دووەم :
هەوڵدە هەندێ لە وتار وئامۆژگاری کاریگەر بەڕاستەوخۆ وناڕاستەوخۆ بەگوێیدا بدەی ، وهەندێ کتێبی ئیسلامی پێ بدە ، بەڵکو دڵی نەرم بێت بۆ حەق و ترسی خواى گەورە بچێتە دڵیەوە و هەست بە چاودێرى خواى گەورە بکات و دوور بکەوێتەوە.

سێیەم :
خۆ ئەگەر هەموو ئەمانە بێ سوود بوون ، ئەوا کەسێکی خۆت و کەسێکی ئەو (ئەوانەی ئەهلن بۆ ئەو کارە وپێت وایە کاریگەرن لەچارەسەر کردنی کێشەدا) بکە بەحەکەم لەو نێوانەدا ، ئەوەش وەک بەجێ هێنانی فەرمانی خودا کە فەرموویەتی : (( وَإِنْ خِفْتُمْ شِقَاقَ بَيْنِهِمَا فَابْعَثُوا حَكَمًا مِنْ أَهْلِهِ وَحَكَمًا مِنْ أَهْلِهَا إِنْ يُرِيدَا إِصْلَاحًا يُوَفِّقِ اللَّهُ بَيْنَهُمَا إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلِيمًا خَبِيرًا )) النساء / 35   .
واته: ئه‌گه‌ر له‌وه‌ ترسان كه‌ ناكۆكى و كێشه‌ی نێوان ژن و پیاو گه‌وره‌ بێته‌وه‌ ، ئه‌وا دوو پیاوی عاقڵ و دیندارو دادپه‌روه‌ر بنێرن یه‌كێك له‌ لایه‌نی پیاوه‌كه‌و یه‌كێك له‌لایه‌نی ئافره‌ته‌كه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان صوڵح بكه‌ن له‌ نێوان ئه‌و ژن و پیاوه‌دا ، ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو دادوه‌ره‌ مه‌به‌ستیان صوڵح و ڕێكه‌وتن بێت و نیه‌تیان باش بێت ئه‌وه‌ خوای گه‌وره‌ نێوانی ئه‌و ژن و پیاوه‌ ڕێك ئه‌خاته‌وه‌و به‌یه‌كتریان ئه‌گه‌یه‌نێته‌وه‌ ، به‌ دڵنیایى خوای گه‌وره‌ زۆر زانایه‌ وه‌ زانیاریه‌كی زۆر ووردى هه‌یه‌.

 داوا کاریان خودا نێوانتان چاک بکات بەباشترین شێواز .

چوارەم :
گەر دوو حەکەمەکە نەگەشتنە چارەسەرێکی تەواو ئەوا (گەر توانای ئارام گرتن هەیە) ئەم چارەسەرانەی پێ بدە و بۆی پێشنیار بکە:
با ژنێکی تر بێنێت و تۆ هەر لەلای بمێنیتەوە تەنانەت بێ ئەوەی مافی سەرجێی بەتۆ بدات بەمەرجێک واز لەتاوان بێنێت وتۆ لای منداڵەکانت بمێنیتەوە ونەفەقەتان بدات ومەسرەفتان بکات ، ئەوەش دروستە بەبەڵگەی ئەم ئایەتە پیرۆزە :  (( وَإِنِ امْرَأَةٌ خَافَتْ مِنْ بَعْلِهَا نُشُوزًا أَوْ إِعْرَاضًا فَلَا جُنَاحَ عَلَيْهِمَا أَنْ يُصْلِحَا بَيْنَهُمَا صُلْحًا وَالصُّلْحُ خَيْرٌ ))  النساء / 128 .
 وه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو ئافره‌تێك ترسا له‌وه‌ی كه‌ پیاوه‌كه‌ی لێی دوور بكه‌وێته‌وه‌ یان حه‌زی پێی نه‌بێ یان بیه‌وێ لێی جیابێته‌وه‌ یان قسه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌كات یان خۆشی پێیدا نه‌یات ، یان پشتی تێ بكات ، ئه‌وه‌ ئاساییه‌و تاوانبار نابن ئه‌گه‌ر له‌ نێوان یه‌كدا صوڵح بكه‌ن به‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو زیاتر له‌ ئافره‌تێكی هه‌بوو ئه‌میان سه‌ره‌ی شه‌وی خۆی كه‌م بكاته‌وه‌، یان هه‌ندێك له‌ نه‌فه‌قه‌ی كه‌م بكاته‌وه‌، یان هه‌ندێ له‌ ماره‌یی كه‌م بكاته‌وه‌، تا به‌یه‌كه‌وه‌ صوڵح بكه‌ن و ڕێك بكه‌ون.

(عائیشه‌) ده‌فه‌رمێت: پیاو خێزانى هه‌بوو نه‌یده‌ویست ژیانى له‌گه‌ڵ به‌سه‌ر به‌رێت و ده‌یویست ته‌ڵاقى بدات، ئافره‌ته‌كه‌ ده‌یووت: گه‌ردنت ئازاد ده‌كه‌م ته‌ڵاقم مه‌ده‌، ئه‌م ئایه‌ته‌ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ دابه‌زى ، وه‌ ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ باشتره‌ له‌ ناكۆكی نێوانیان یان لێك جیابوونه‌وه‌یان.

جا یەکێک لەماناکانی( الإصلاح ) لێرەدا ئەوەیە :
لێی ببوری لەسەرجێی کردن لەگەڵت و هەر لەلای وەک خێزانی بمێنیتەوە .
عائیشە دەڵێت : " لما كبرت سودة بنت زمعة وهبت يومها لعائشة فكان النبي يقسم لها بيوم سودة " . رواه البخاري ( 4914 ) ومسلم ( 1463 ) .
واتە: کاتێ سەودەی کچی زەمعە پیر بوو وشەوەکەی خۆی یاخود سەرەکەی دایە عائیشە وپێغەمبەر   دوو ڕۆژ دەدایە عائیشە ولای دەمایەوە ڕۆژەکەی خۆی وڕۆژەکەی سەودەش.
وەسەودە خوا لێی ڕازی بێت یەکێکە لەخێزانەکانی پێغەمبەر صلى اله عليه وسلم .

وە ئەگەر نەگەشتنە ڕێکەوتن تەنانەت لەسەر ئەم چارەسەرە وهاوشێوەکانی ، وتوانای ئارام گرتن نەبوو ، ئەوا بیر کردنەوە لەتەڵاق وجودا بوونەوە نابێ تەنها کاتێ نەبێت کەدڵنیابیت لەوەی زیانی جودا بوونەوە کەمترە لەزیانی مانەوە لەگەڵ ئەو پیاوەدا ، و لەو حاڵەتەدا دێین بۆ ئەم ئایەتە :  ((وَإِنْ يَتَفَرَّقَا يُغْنِ اللَّهُ كُلًّا مِنْ سَعَتِهِ وَكَانَ اللَّهُ وَاسِعًا حَكِيمًا )) النساء/130  .

واته: وه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو به‌یه‌كه‌وه‌ نه‌گونجان و لێك جیا بوونه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ خوای گه‌وره‌ هه‌ر یه‌كێك له‌ ژن و پیاوه‌كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كات به‌وه‌ی كه‌ ئافره‌تێكی باشترو گونجاوتر بۆ ئه‌و پیاوه‌، وه‌ پیاوێكی باشترو گونجاوتر بۆ ئه‌و ئافره‌ته‌ دابین ده‌كات كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بگونجێن وه‌ ڕزقیان ئه‌دا له‌ ڕزقی فراوانی خۆی ، وه‌ فه‌زڵی خوای گه‌وره‌ زۆر فراوانه‌ وه‌ خوای گه‌وره‌ زۆر كاربه‌جێیه.

وەقورسی بابەتەکەت ئەوە دەخوازێت پەنا بەریتە بەر یارمەتی خودا بۆ بڕیاردانێکی دروست ، وئەوەت بیر نەچێت ئامۆژگاری بیرخستنەوە پێویستە لەهەموو حاڵەتێکدا ، خودا بتپارێزێ وچاودێریت بکات .

سەردان: ٣,٢٥٤ بەش: مافەکانى ژن و مێرد