مەترسى ماددە هۆشبەرەكان و چۆنێتى بنبڕكردن و چارەسەركردنى : ماڵپەڕی وەڵامەکان
مەترسى ماددە هۆشبەرەكان و چۆنێتى بنبڕكردن و چارەسەركردنى

بسم الله الرحمن الرحيم

پێشەكى
ماددە هۆشبەرەكان یان سروشتین یان دروستكراون و بەكاردەهێنرێن بۆ تێكدان و كەم كردنى چالاكى مێشكى مرۆڤ بۆ ماوەیەكى كەم.. واتە دوو جۆر ماددە هۆشبەر هەیە:
یەكەم: ماددە هۆشبەرە سروشتىیەكان كە بە شێوەى بنێشت بەكاردەهێنرێن و بۆ ماوەى چەند سەعاتێك بەردەوام دەبن و دەبنە هۆى تێكچوون لە دەمارگەلى گشتى و خاوبوونەوە و بێ هێزى لەش، یان شێوەى هەڵمژین لە ڕێگاى كۆئەندامى هەناسەدانەوە كە دەبێتە هۆكارێك بۆ لاوازكردنى ماسولكەى دڵ و تووشبوون بە سینگەسۆتە (ذبحة صدرية).
دووەم: ماددە هۆشبەرە دروستكراوەكان وەكو دەرمانى جۆراوجۆرى كیمیایی كە بەشێوەى خەپلە بەكاردەهێنرێت وەكو ئەو جۆرە دەرمانانە كە بۆ وریاكردنەوە و نەخەوتن بەكاردێن كە زۆر جار لە نێوانى شۆفێرەكان بڵاودەبێتەوە لە كاتى لێخوڕین بۆ ماوەیەكى زۆر یان لە نێوان خوێندكاران لە كاتى شەوانى پێش تاقیكردنەوە، بەڵام دەبێتە هۆى لەبیرچوونى هەموو زانیارییەكانى مێشك بە هۆى كەم خەوى، هەروەها جۆرەكانى دەرمانى خاوكەرى كیمیایی و ماددەى هۆشبەرە دروستكراوە كیمیاییەكان كە كۆنتڕۆڵى مێشك تێكدەدەن و دەبنە هۆى پەلامارى كەسانى دەوروبەرو كوشتنیان و ئەنجامدانى كارى نائاسایی (شاذ) وكێشەكانى دیكەى ئەم حاڵەتە.
كاریگەرى ماددە هۆشبەرەكان لەسەر مرۆڤ 
ماددە هۆشبەرەكان دەبنە كاریگەریەك لەسەر مرۆڤ كە تووشى هەندێ كێشەى كەسێتى و دەروونى و كۆمەڵایەتى دەبێت وەكو:
یەكەم: كوشتنى كەسانێكى دەوروبەرى یان پەلاماردانى كەسانێكى نزیك لە ناو خێزان وەكو خوشك و دایك و كچ و تەعەددا كردن لەسەریان بە هەموو جۆرەكانى كارى نایاسایی و ناشەرعى وەكو چەندەها حاڵەت ڕووداوە و ڕوودەدات بە شێوەى ڕۆژانە.
دووەم: تووش بوون بە سستبوونى مێشك و كۆئەندامى دەمارگەلى گشتى كە دەبێتە هۆى تێكدان لە شێوەى لەش و كۆنترۆڵكردن لە كاتى هەڵسوكەوت و ڕێكردندا.
سێیەم: هێزى مێشك وتواناى بیركردنەوەى كەم دەكات و كەسى تووشبوو بێ ئاگا دەبێت.
چوارەم: كەسى تووشبوو لە كۆتاییە دەمرێت بە هۆى وەرگرتنى ڕێژەیەكى زۆر لە ماددە هۆشبەرەكان یان تووشى ئیفلیجی (شلل) دەبێت لە بەشى سەرەوەى یان خوارەوەى لەش.
پێنجەم: دەبێتە هۆى لەناودانى پەیوەندى و دووبەرەكى لە نێوان ئەندامەكانى خێزان و خراپى لە رەووشتیان.
هەروەها زیانى تریشى هەیە وەكو‌ (تێكچوونى مێشك، ژە‌هراوی بوونى خوێن بە‌ ئە‌لكەهوول، هەوكردنى دە‌مارەكانى ئەعساب، هە‌وكردنى دە‌مارەكانى چاو كە‌دە‌بێتە‌هۆى كوێرى، هە‌ڵاوسانى سپڵ، زیادبوونى تاوان و تاوانى ئابڕووتكێن...هتد).
كاریگەرى ماددەهۆشبەرەكان لەسەر پەیوەندیە كۆمەڵایەتییەكان 
ماددە هۆشبەرەكان كاریگەریەكى سەرەكیان هەیە لەسەر تێكدانى ئاستى توانا و چالاكى مرۆڤى تووشبوو لە كۆمەڵگادا بە هۆى كەمى تێگەیشتنى مێشك و نەكۆنترۆڵكردنى جموجۆڵى ئەندامەكانى لەش و وازهێنان لە ئەنجامدانى ئیش و كارى ڕۆژانە. هەروەها مرۆڤى تووشبوو لە سەرەتاوە بە ڕێژەیەكى كەم دەست پێ دەكات و پارەیەكى كەمى بۆ تەرخان دەكات بەڵام لە دواى چەند ڕۆژێكى كەم ڕێژەى ماددە هۆشبەرەكە زیاد دەكات و بڕە پارەى زیاترى بۆ تەرخان دەكات، هەروەها كەسى تووشبوو كێشەى ئابوورى و بێ ئیشى و بێ پارەیی و وازهێنان لە ماڵ و منداڵ و قەرزارى كەسانى دیكە دەبێت جگە لە كێشەى تەندروستى ونائارامى وتاوان. هەروەها دەبێتە هۆكارێكى سەرەكى بۆ تێكدانى كۆمەڵگا و پێویستى بە مووچەیەكى زۆر دەبێت بۆ چارەسەركردنى.
هۆكارى بڵاوبوونەوە و بەكارهێنانى ماددەهۆشبەرەكان 
هۆكارەكانى بڵاوبوونەوەى ماددە هۆشبەرە جۆراوجۆرەكانى ناو كۆمەڵگا زۆرن بەڵام دەتوانین بڵێین چەند هۆكارێكى سەرەكیمان هەیە لەم بابەتە كە دەكرێ بە كورتى باسى بكەین لەوانە:
یەكەم: بێ كارى و بڵاوبوونەوەى فیلمى خراپ لە نێوان گەنجاندا هۆیەكى سەرەكیە بۆ فێربوونیان لەسەر ماددە هۆشبەرەكان.
دووەم: كێشەى ڕۆژانەى ناو خێزان.. تێكچوونى نێوان دایك و باوك و خراپى ماموڵەكردنیان لەگەڵ منداڵەكانیاندا دەبێتە هاندەرێك بۆ بەكارهێنانى ماددە هۆشبەرەكان. هەروەها هاتنى هەندێ خەڵكى بیانى بۆ كوردستان بەمەبەستى كاركردن ماددە هۆشبەرەكان بڵاودەكەنەوە لە كۆمەڵدا، ئەوەش بزانین زۆر جار ماددە هۆشبەرەكان دەبنە هۆى بڵاوبوونەوەى نەخۆشى ئایدز، وە زۆربەى تووشبووان بەم نەخۆشیە ماددە هۆشبەرەكان بەكاردێنن و بڵاویشى دەكەنەوە.
ئایا بەكارهێنانى ماددە هۆشبەرەكان زیاتر لە چى چینێكى كۆمەڵدا دەبینرێت ؟ بۆ چى ؟
جیاوازى هەیە لە نێوان تواناى كەسەكان لە ڕووى ئابوورییەوە بۆ كڕینى ماددە هۆشبەرەكان بە گوێرەى نرخ و تواناى پێدانى ئەو نرخە، بۆیە ئەم بەكارهێنانە زیاتر لە نێوان ئەو كەسانەدا دەبینرێت كە
بەتوانان لە ڕووى ئابوورییەوە، هەروەها لە نێوانى كەسانێكى تواناى ئابوورى كەم بڵاودەبێتەوە، ئەمە و جگە لە چینی گەنجان و لاوان و هەرزەكاران كە ژمارەى تووشبوونیان زۆرترە بە هۆى نەزانینەوە و كێشەى دەروونى كە لەم توێژەدا زۆرتر دەبێت.
چۆنێتى بنبرِ كردنی ئەم دیاردەیە 
كەسانى تووشبوو بەتایبەت گەنجان ئەگەر زانیان ماددە هۆشبەرەكان زۆر بە ئاسانى دەردەكەون لە پشكنین و شیكردنەوەى نموونەى میز كە لە دواى چەند ڕۆژێك لە ناو میزەكەدا دەمێنێت ئەوا دەبێتە هۆكارێك بۆ دووركەوتنەوەیان لە بەكارهێنانى ئەو جۆرە ماددە خراپانە لە ترسى ئاشكرابوونیان لە لایەن كەسانى دەوروبەرەوە، بۆیە سەر باوكانە ئاگادارى هەڵسوكەوتى منداڵەكانیان بن ئەگەر نیشانەى ماددە هۆشبەرەكانیان بۆ دەركەوت دەبێت پشكنینێك ئەنجام بدەن لەسەر نموونەى میز لە بنكەى تەندروستى، وە دەبێت نموونەى میزەكە لە ناو پەرداخێكى پلاستیكى پاك بۆ ماوەى 3 بۆ 4 ڕۆژ كۆبكرێتەوە لە ناو سەلاجەدا بپارێزرێت وە ئەگەر ئەنجامى پشكنینەكە پۆزەتیڤ بوو، دەبێت پشكنینەكە دووبارە بكرێت لەسەر نموونەكە بۆ دڵنیایەكى زیاتر و كەمى هەڵە.
چارەسەرى كەسى تووشبوو
كەسى تووشبوو بە چەند جۆرێك چارەسەر دەكرێت لەوانە:
یەكەم: لەناوبردنى ماددە ژەهراویەكانى ناو لەش و كەمكردنى ئازار و پێدانى شلەمەنى.
دووەم: چارەسەركردنى دەروونى و كۆمەڵایەتى بە زانینی كێشەى ناو خێزان و هۆكارى بەكارهێنانى ماددەى هۆشبەر.
سێیەم: فێركردنى كەسى تووشبوو بۆ ئەنجامدانى كارێكى گونجاو بە شێوەى ڕۆژانە و چارەسەركردنى كێشەى نێو شوێنى ئیش وكارى.
چوارەم: باشكردنى پەیوەندى كەسى تووشبوو لەگەڵ خێزان و دەوروبەرى.
پێنجەم: بەدواداچوونى بەردەوام لەسەر كەسى تووشبووى چارەسەركراو بۆ ماوەى 6 مانگ تا 2 ساڵ لە سەرەتاى دەستپێكردن بە چارەسەركردنى.
دوا وتەى ئەم بابەتە 
باش وایە باسى هەندێ نیشانەى تەندروستى بكەین بۆ زانینی حاڵەتى كەسانى تووشبوو بە كێشەى ماددە هۆشبەرەكان و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنیان بۆ ئەوەی كێشەكە زیاد نەكات لە ناو كۆمەڵگاى كورد چونكە ئەگەر زیادى كرد بە ئاسانى بنبڕ ناكرێت و بارى ئاسایشى وهێمنى ناو ووڵاتەكەمان تێكدەدات. زۆر جار دەبینین كەسانى تووشبوو بە ماددە هۆشبەرەكان هەوڵدەدەن بۆ كڕینى ئەم جۆرە ماددانە بە هەر نرخێك بێت كە حاڵ و ماڵى خۆیان و هەموو شتێك دەفرۆشن بۆ ئەم مەبەستە و دەبێتە هۆكارێك بۆ پەلاماردانى ئەندامانى خێزانى خۆیان لە لایەنى كەسانى دیكە ودووركەوتنەوەیان لە كۆمەڵگا بە گشتى و دژایەتى كردنى كەسانى دەوروبەریان بە توندى و دەبێتە هۆى ڕوخاندنى پەیوەندى لە نێوان مێرد و خێزان و منداڵ و تێكدانى خێزان بە گشتى و تووشبوون بە كێشەى ئابڕوتكێن و دزى كردن و ئەنجامدانى ئیشى خراپ و كوشتن بۆ دەستكەوتنى پێویستى خۆیان لە ماددە هۆشبەرەكان، هەروەها دەركەوتنى نیشانەى تایبەت لەسەر كەسانى تووشبوو بە ماددە هۆشبەرەكان وەكو هەوكردنى هەردوو سێنگ و هەوكردنى دیوارى ناوەڕاستى دڵ و تووشبوون بە كەم خۆراكى و هیلاكى و لاوازى ونەخۆشی كۆئەندامى زاوزێ و حەساسیەت و نەخۆشی دەروونى دەمارگەلى، لەگەڵ تووشبوون بە دڵەڕاوكێى دەروونى و كرژبوونى دەمارگەلى و توند و تیژى لە هەڵسوكەوت و لەرزى لەش و هێڵنج و كرژبوونى ماسولكەكان، لەگەڵ هەستكردن بە نائارامى لە بیركردنەوەو تێكچوونى بارى كەسێتى خۆیەتى و هەست نەكردن بە كات و شوێنى خۆیان و هەستكردن بە تەنیایى ودووركەوتنەوە لە خێزان و كۆمەڵگا و دەبێتە مەترسى گەورا لەسەر كەسانى دەوروبەر بەهۆى تاوان و پەلاماردانى خەڵكى شارەكەیان بە شێوەیەكى توند و نا یاسایی.
هەروەها كەسانێكى تووشبوو دەگۆڕێن لە ئاستى جموجۆڵى خێرا بۆ ئاستى خاوبوونەوە و ئاستى خوێندنیان تێكدەچێت و لە زۆربەى بابەتەكان پلەیان خراپ دەبێت و شێوەى جل و بەرگیان ناڕێك و نائاسایى دەبێت و ڕەنگى دەموچاویان زەرد دەبێت و هەست بە ماتبوون و قەهرو خەفەت و لاوازى دەكەن و هەڵسوكەوت و ژیانى ڕۆژانەى خۆیان بە نهێنى دەردەخەن و ناو و ناونیشانى برادەرەكانی خۆیان ئاشكرا ناكەن چونكە لە یەك گروپن و بە پێكەوە ماددە هۆشبەرەكان بەكاردەهێنن، هەروەها نیشانەى ڕێژەى خواردنی شیرینى و شەكر زیاد دەكات لە نێوانى كەسانى تووشبوو بەڵام بە پێچەوانەوە دەبینین ڕێژەى خواردنى خۆراكى جۆراوجۆری ڕۆژانەیان زۆر كەم دەبێت بە هۆى تێكچوون لە مێتابۆلیزمى هەرسكردن و كێشەى دەروونیان، بۆیە بۆ چارەسەركردنى كێشەى بڵاوبوونەوەى بەكارهێنانى ماددە هۆشبەرەكان لە كوردستاندا دەبێت چەند رێ و شوێن لەبەر بگیرێت لەوانە:
كۆنترۆڵكردنى سنوورەكانى كوردستان بەدەوروبەرەوە و نەهێشتنى بڵاوكردن و فرۆشتنى، دروستكردنى چەند ستافێكى پزیشكى بۆ بەدواداچوونى بەردەوامى ئەو حاڵەتە، دروستكردنى بنكەى تەندروستى تایبەت بەو كەسانەى تووشبوو بە ماددە هۆشبەرەكان، ئەنجامدانى چەند توێژینەوەیەكى وورد لەسەر ڕێژەى تووشبووان و جۆرى چارەسەركردنیان، بڵاوكردنەوەى هۆشیارى لە نێوان گەنجان و هەرزەكارەكان لە مەترسیەكانى ماددەهۆشبەرەكان.
لە كۆتایشدا دەبێت مەلا و مامۆستایانى ئایینى لەم بوارەدا ڕۆڵ بگێڕن چونكە تەنها ترس لە خواى گەورە و زانینی حەرامى بەكارهێنانى ماددە هۆشبەرەكان دەبێتە هۆكارێكى سەرەكى بۆ بنبڕكردنى ئەم كێشە بە شێوەیەكى گشتى،پێغە‌مبە‌ریش () دە‌فە‌رموێ (كُلُّ مُسْكِرٍ خَمْرٌ وَكُلُّ خَمْرٍ حَرَامٌ). (رواە مسلم - فەرموودەى ژمارە 3735 -ج10).

سەردان: ٤,٧١٧ بەش: پزیشکى