گەر قامەت کرا و من نوێژى سونەتم دەکرد ئایا سەلام بدەمەوە و نوێژەکە ببڕم یان تەواوى بکەم؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
گەر قامەت کرا و من نوێژى سونەتم دەکرد ئایا سەلام بدەمەوە و نوێژەکە ببڕم یان تەواوى بکەم؟
پرسیار:

 ئەگەر خەریکی نوێژ کردن بووم و قامەت کرا بۆ نوێژی جەماعەت، ئایا سەلام بدەمەوە تاوەکو بگەم بە نوێژی جەماعەتدا یاخوود نوێژە سوننەتەکەم تەواو بکەم؟

 

سوپاس و ستایش بۆ خوا، ئيمامی موسلم فەرموودەیەکی بە ژمارە (٧١٠ ) ريوایەت کردووە لە أبو هورەیرەوە لە پێغەمبەری خواوە دەگێرێتەوە - - کە فەرموویەتی : ( إذا أقيمت الصلاة فلا صلاة إلا المكتوبة ) واته : (ئه‌گه‌ر قامه‌ت كرا ئیتر هیچ نوێژێك نابێ بكرێت جگه‌ له‌نوێژه‌ فه‌رزه‌كه‌).

جا ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە کاتێک قامەت دەکرێت بۆ نوێژی جەماعەت بۆ هیچ کەسێک دروست نیە کە نوێژی سوننەت بکات، وە زانایانی (اللجنة الدائمة )ش بەم شێوەیە فەتوایان داوە، کاتێک کە پرسیاریان لێ کرا :

ئایا دروستە نوێژی سوننەت ببچڕم بۆ ئەوەی بگەم بە تەکبیرەی ئیحرام لەگەڵ ئیمامدا، یاخوود نوێژە سوننەتەکە تەواو بکەم؟

لە وەڵامدا فەرموویان : بەڵێ ئەگەر قامەت کرا بۆ نوێژی فەرز ئەوا ئەو نوێژە سوننەتە ببچڕە کە خەریکی ئەنجامدانیت، بۆ ئەوەی بگەیت بە تەکبیرەی ئیحرام لەگەڵ ئیمامدا، بە بەڵگەی ئەو فەرموودەیەی کە پێغەمبەری خوا - - فەرموویەتی: (ئه‌گه‌ر قامه‌ت كرا ئیتر هیچ نوێژێك نابێ بكرێت جگه‌ له‌نوێژه‌ فه‌رزه‌كه‌). 

فتاوى اللجنة الدائمة (7/312) .

شێخ ابن عثیمین - ڕەحمەتی خوای لێ بێت - ئەو بۆچوونە پەسەند دەکات کە پێی وایە کە ئەگەر قامەت کرا بۆ نوێژ وە ئەو -کەسەی نوێژی سوننەت دەکات- لە ڕکاتی یەکەمی نوێژە سوننەتەکەی بوو، ئەوا نوێژەکەی دەبچڕێت، وە ئەگەر قامەت کرا و ئەم کەسە لە ڕکاتی دووەمی نوێژە سوننەتەکەی بوو ئەوا نوێژەکەی تەواو دەکات بە کورتی و نایبچڕێت.

شێخ ابن عثیمین - ڕەحمەتی خوای لێ بێت - فەرموویەتی : ئەوەی کە دەیبینین لەم مەسەلەیەدا ئەوەیە کە : ئەگەر لە ڕکاتی دووەمی - نوێژە سونەتەکەت - بوویت ئەوا تەواوی بکە بە کورتی، وە ئەگەر لە ڕکاتی یەکەم بوویت ئەوا بیبچڕە. وە بەڵگەشمان لەسەر ئەم قسەیە فەرموودەیەکی پێغەمبەری خوایە - - کە فەرموویەتی: (من أدرك ركعة من الصلاة فقد أدرك الصلاة) واته : (ئه‌وه‌ی گه‌یشت به‌ڕكاتێك له‌نوێژه‌كه‌ ئه‌وه‌ گه‌یشتووه‌ به‌نوێژه‌كه‌).
ئیمامی بوخاری بە ژمارە (580) و ئیمامی مسلم بە ژمارە (607) ڕیوایەتیان کردووە.
جا ئەو کەسەی کە ڕکاتێکی لە نوێژە- سوننەتەکەی- ئەنجام داوە پێش ئەوەی قامەت بکرێت ئەوا گەیشتووە بە ڕکاتێکدا بە تەواوی پێش ئەوەی کە بەربەستەکە هەبێت کە بریتیە لە قامەت کردن بۆ نوێژ، کەوابوو گەیشتووە بە ڕکاتێک لە نوێژەکەیدا بە هۆی گەیشتنێوە بە ڕکاتێکیدا پێش ئەوەی نەهی لێ بکرێت - ( واتا پێش ئەوەی قامەت بکرێت) جا بۆیە با نوێژە سوننەتەکەی تەواو بکات بە کورتی...
پاشان شێخ عثیمین فەرمووی: ئەم بۆچوونەش سەرجەم بەڵگەکان پێکەوە کۆ دەکاتەوە. الشرح الممتع" (4/238).

 جا ئەگەر نوێژە سوننەتەکەشی بچڕی ئەوا دەیبچڕێت بەبێ ئەوەی سەلام بداتەوە.

پرسیار کرا لە زانایانی (اللجنة الدائمة ) : ئەگەر قامەت کرا بۆ نوێژ وە کەسێک سەرقاڵی ئەنجام دانی نوێژی سوننەت یان تحیة المسجد بوو، ئایە نوێژەکەی ببچڕێت بۆ ئەوەی لەگەڵ جەماعەتدا نوێژە فەرزەکەی ئەنجام بدات؟ وە ئەگەر وەڵامەکە بەڵێ بوو، ئایا کاتێک نوێژەکەی دەبچڕێت هەردوو سەلامەکە ئەداتەوە یاخوود نوێژەکەی دەبچڕێت بەبێ سەلام دانەوە؟

لە وەڵامدا فەرموویان: بۆچوونی ڕاست و دروست لە ووتەی زانایان ئەوەیە کە نوێژەکەی دەبچڕێت، وە پێویست بە سەلام دانەوەش ناکات، بەڵکو هەر ئەوەیە کە دەچێتە ناو نوێژه جەماعەتەکەوە. فتاوى اللجنة الدائمة (7/312)

خوای گەورەش زاناترە.

سەردان: ٤,٨٠٦ بەش: نوێژى جەماعەت