ئادابەکانى مزگەوت کامانەن کە پێویستە موسڵمانان ئاگادارى بن ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئادابەکانى مزگەوت کامانەن کە پێویستە موسڵمانان ئاگادارى بن ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
ئەمانەی خوارەوە بریتین لەچەند ئادابێك ، كە پێویستە لەكاتی چونە مزگەوت وەك موسڵمانێكی شوێنكەوتەی سوننەت ڕەچاوی بكەین :
1 ـ پێویستە جل و بەرگێك لەبەر بكەین شایستە بێت بە ماڵی پەروەردگار ، هەروەك پەروەردگار ئەفەرموێ‌ [ يَا بَنِي آدَمَ خُذُواْ زِينَتَكُمْ عِندَ كُلِّ مَسْجِدٍ ] ( الأعراف : 31 ) واتە : ئەی نەوەی ئادەم خۆتان بڕازێننەوە بە جلوبەرگی عەورەت پۆش وپاك و خاوێن لە كاتی ئەنجامدانی نوێژدا .
بۆیە نابێت ئەو جلانە لەبەر بكەین كە دەبنە هۆی ئەوەی تاوانمان بگات ، وەكو جلە وەرزشیەكان ( تراكسۆت ، فانیلەی وەرزشی ، سێ‌ چارەك ) ، چونكە ئەمانە لەچەند ڕویەكەوە لەبەركردنیان جائز نیە لەوانەش ( تراكسۆتەكان تەسكن و لەكاتی نوێژ كردندا عەورەتی موسڵمان دەرئەخات و زۆرجاریش پشتی دەرئەكەوێ‌ ، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی جلە وەرزشیەكان خاچ و وێنە و هێمای ناشەرعی پێوەیە كە نوێژكردن پێوەی جائز نیە ئەم جۆرە جلانە كە لە ڕومان نەیەت بۆ بازاڕ و دەرەوە لەبەری بكەین چۆن لە ڕومان بێت بۆ ماڵی پەروەردگار لە بەری بكەین ؟
2- خوێندنی دوعای ڕۆیشتن بەرەو مزگەوت: سوننەت وایە لەكاتی ڕۆیشتن بەرەو مزگەوت ئەم دوعایە بخوێنی: (( اللَّهُمَّ اجْعَلْ فِي قَلْبِي نُورًا وَفِي لِسَانِي نُورًا وَاجْعَلْ فِي سَمْعِي نُورًا وَاجْعَلْ فِي بَصَرِي نُورًا وَاجْعَلْ مِنْ خَلْفِي نُورًا وَمِنْ أَمَامِي نُورًا وَاجْعَلْ مِنْ فَوْقِي نُورًا وَمِنْ تَحْتِي نُورًا اللَّهُمَّ أَعْطِنِي نُورًا )).
3- ڕۆیشتن بەرەو مزگەوت بە ڕۆیشتنێكی مامناوەند و ڕێزەوە پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: ئەگەر گوێبیستی قامەتی نوێژ بوون بەرەو نوێژ بەڕێ‌ بكەون و بەشێوەیەكی لەسەرخۆ و ڕێزەوە نەكەن خێرا بڕۆن ، ئەگەر بە نوێژ گەیشتن ئەوە نوێژەكەتان بكەن، وە ئەگەر (هەموو یان بەشێكتان لە نوێژ) لە دەست چوو دوای سەلام دانەوەی ئیمام نوێژەكەتان تەواو بكەن . أخرجه البخاري ومسلم
4- نەچوونە مزگەوت بەبۆنی ناخۆش وەكو بۆنی سیرو پیاز و جگە لەمانەش كە بۆنیان ناخۆشەو موسوڵمانان بەهۆیەوە ناڕەحەت دەبن ، پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: (( مَنْ أَكَلَ ثوماً أَوْ بَصَلاً فَلْيَعْتَزِلْنَا ، ولِيَعْتَزِلْ مَسْجِدَنَا ، وَلْيَقْعُدْ فِي بَيْتِهِ)) صحیح الجامع : 6084 واتە : هەركەسێك سیری خوارد یان پیازی خوارد با لە ئێمە و مزگەوتمان جیا ببێتەوە و لەماڵەوەی دابنیشێت .
5- زوو ڕۆیشتن بەرەو مزگەوت و بە دەست هێنانی ڕیزی یەكەم : پێغەمبەری خوا فەرموویەتی : ئەگەر بزانن چەند خێر و پاداشت هەیە لە ڕیزی یەكەمی نوێژ دا ، ئەوە بە تیروپشك كردنیش بوایە بە دەستتان دەهێنا ، وە فەرموویەتی ئەگەر بتان زانیایە چ پاداشتێك هەیە لە زوو ڕۆیشتن بەرەو مزگەوت ئەوە پێش بڕكێتان لەسەر دەكرد .
6 ـ چونە ژورەوە بۆ مزگەوت : بە قاچی ڕاست بڕۆ ژوورەوە و بڵێ :( بسم الله و الصلاة و السلام على رسول الله ، اللهم افتح لي أبواب رحمتك ) .
7 ـ ئەنجامدانی نوێژی (تحية المسجد) : واجبە لەكاتی چونە مزگەوت پێش دانیشتن دوو ڕكات نوێژ ئەنجام بدەین .
8 ـ وەڵامدانەوەی بانگ بێژ : پێویستە ، كە گوێمان لە بانگ بوو وتەكانی بانگ بێژ وەكو خۆی لەپاشیەوە دوبارە بكەینەوە . جگە لەو كاتەی كە بانگ بێژ ئەڵێت : : حي على الصلاة ، وحي على الفلاح ، دەبێ‌ بڵێین :لا حول ولا قوة إلا بالله پاشان صەلاوات دەدەین لەسەر پێغەمبەری خوا
9 ـ پاڕانەوەی پاش بانگ : لە پاش كۆتایی هاتنی بانگ بڵێ : ((اللَّهُمَّ رَبَّ هَذِهِ الْدَّعَوَةِ التَّاْمَّةِ ، وَالصَّلاةِ القَائِمَةِ ، آتِ مُحَمَّدَاً الوَسِيْلَةَ وَالفَضِيلَةَ، وابْعَثْهُ مَقَاْمًا مَحْمُودًا الَّذْي وَعَدتَهُ )).
10 ـ ماوەی نێوان بانگ و قامەت : وا چاكە لەو كاتە كورتە زۆر بەنرخە خۆمان سەرقاڵ بكەین نوێژ و پاڕانەوە لە پەروەردگار چونكە پێغەمبەری خوا ئەفەرموێت : پاڕانەوەی نێوان بانگ و قامەت وەرگیراوە و ڕەد ناكرێـتەوە.
11ـ نوێژكردن ڕوەو بەربەست (سترە) : واجبە ڕوەو بەربەستێك نوێژەكانمان ئەنجام بدەین ، چونكە پێغەمبەری خوا فەرمویەتی : ئەگەر یەكێك لە ئێوە نوێژی كرد ، با نوێژكردنەكەی ڕووەو بەربەستێك بێت ، و لێشی نزیك بێتەوە .
12 ـ خۆ پاراستن لە ڕۆیشتن بە بەردەم ئەوانەی نوێژ ئەكەن : ئەمەش كارێكی مەترسیدارە و دەبێ‌ خۆمان بپارێزین لەوەی بەبەردەم ئەوانە هەنگاو نەنێین كە نوێژ ئەكەن .
13 ـ خۆ پاراستن لەنوێژ كردن لە نێوان كۆڵەكەكانی مزگەوت : لە (معاویە)ی كوڕی (قرە)وە دەگێڕنەوە ، ئەویش لە باوكیەوە كە فەرموویەتی : ئێمەی هاوەڵانی پێغەمبەر لەو سەردەمەدا نەهیمان لێ‌ دەكرا لە نوێژ كردن لە نێوان كۆڵەكەكانی مزگەوت ، و دەریش دەكراین لەو شوێنانەدا .
14ـ ڕێك كردنی ڕیزەكانی نوێژ و پڕكردنەوەی كەلێنەكان : پێغەمبەری خوا : سێ‌ جار فەرمووی : ڕیزەكانتان ڕێك بخەن ، سوێند بە خوای پەروەردگار ، یان ڕیزەكانتان ڕێك دەخەن یان خوای پەروەردگار جیاوازی و خیلاف دەخاتە نێو دڵەكانتانەوە .
نوعمانی كوڕی بەشیر رضی الله عنه كە یەكێكە لە هاوەڵانی پێغەمبەر پاش ئەوەی ئەم فەرموودەیە دەگێڕێتەوە دەفەرمووێت : دوای ئەوەی كە پێغەمبەری خوا ئەوەی فەرموو : پیاوانم دەبینی شانیان دەلكاند بە شانی هاوڕێكانیانەوە ، و چۆكیان بە چۆكی هاوڕێكانیانەوە ، و قاپەڕەقەشیان بە قاپەڕەقەی هاوڕێكانیانەوە
15ـ تەواو كردنی ڕیزەكان : پێویستە تا ڕیزێك تەواو پڕ نەكەینەوە ڕیزی تر دروست نەكەین ، چونكە پێغەمبەری خوا فەرموویەتی : ئەو كەسەی ڕیزێك بگەیەنێت خوای پەروەردگار دەیگەیەنێت ، ئەو كەسەش ڕیزێك ببرێت خوای پەروەردگار دەیبڕێت .
16 ـ بەكارهێنانی سیواك : سوننەتە لە كاتی هەموو نوێژەكان سیواك بەكار بهێنین .
17 ـ خۆ پاراستن لە قسە كردن لە پاش (الله اكبر)ی ئیمام : پێویستە لەگەڵ (الله اكبر)ی ئیمام خۆمان بە قسە و شتی ترەوە سەرقاڵ نەكەین بەڵكو نوێژەكەمان دەست پێبكەین . پێغەمبەری خوا فەرمویەتی : ئیمام بۆ ئەوە دانراوە چاوی لێ بكەین و ئیقتدای پێوە بكرێتەوە ...كاتێ‌ ووتی: (الله اكبر) ئێوەش بڵێن: (الله اكبر) .
18 ـ خۆ پاراستن لە نیەت هێنانی نوێژ بە دەم :
چونكە نیەت لە دڵدایە هەروەك ( شیخ الإسلام ابن تیمیە ) فەرموویەتی : (مَحَلُّ النِّيَّةِ الْقَلْبُ دُونَ اللِّسَانِ بِاتِّفَاقِ أَئِمَّةِ الْمُسْلِمِينَ فِي جَمِيعِ الْعِبَادَاتِ) .
واتە : بە كۆڕای زانایان لە هەموو پەرستنەكان نیەت بە دڵ دەهێنرێت نەك بە زمان ، واتە نابێ‌ بەزمان نیەت بهێنرێ‌ .
19 ـ خوێندنەوەی پاڕانەوەی دەستپێكردنی نوێژ (دعا‌ء الاستفتاح) : پێویستە لەپاش وتنی (الله اكبر)ی دەست پێكردنی نوێژ ئەم زیكرە بخوێنینەوە : (اللَّهُمَّ بَاعِدْ بَيْنِى وَبَيْنَ خَطَايَاىَ كَمَا بَاعَدْتَ بَيْنَ الْمَشْرِقِ وَالْمَغْرِبِ اللَّهُمَّ نَقِّنِى مِنْ خَطَايَاىَ كَمَا يُنَقَّى الثَّوْبُ الأَبْيَضُ مِنَ الدَّنَسِ اللَّهُمَّ اغْسِلْنِى مِنْ خَطَايَاىَ بِالثَّلْجِ وَالْمَاءِ وَالْبَرَدِ ) .
یان هەر زیكرێكی تر لە پێغەمبەری خواوە جێگیر بوبێت .
20 ـ سەیر كردنی شوێنی سوجدە : پێویستە تا نوێژەكەمان تەواو دەبێت سەیری شوێنی سوجدەكەمان بكەین و چاو نەگێڕین بەملا و ئەولادا چونكە پێغەمبەری خوا نەهی دەكرد لە چاو گێڕان بە ئاسماندا .
21 ـ خۆپاراستن لە وتنی (آمین) بەر لە ئیمام :
پێغەمبەری خوا فەرمویەتی : ئەگەر پێشنوێژ ئامینی كرد ئێوەش لە گەڵیا ئامین بكەن ، چونكە ئەو كەسەی ئامینەكەی لەگەڵ ئامینی فریشتەكانی خوادا جوت بوو ئەوا خوای پەروەردگار لە هەموو گوناهەكانی خۆش دەبێت .
بەڵام خەڵكێك هەن بەر لە ئیمام (آمین) ئەكەن ، ئەم جۆرە كەسانە ئامینەكەیان نابێتە هۆی لێخۆشبونی تاوانەكانیان ، چونكە لەگەڵ (آمین)ی ئیمام و فریشتەكان یەك ناگرێتەوە .
22 ـ خۆ پاراستن لە پێشكەوتنی ئیمام لە سجود و ركوع : پێغەمبەری خوا فەرمویەتی : پێشنوێژ بۆ ئەوە دانراوە چاوی لێ بكەن و ئیقتدای پێوە بكرێتەوە ، جا پێشی مەكەون، كاتێ‌ ووتی: (الله اكبر) ئێوەش بڵێن: (الله اكبر)، كاتێ‌ چووە ركوعەوە ئێوەش بچنە ركوعەوە، ... كاتێ‌ سەجدەی برد ئێوەش سەجدە بەرن .
23 ـ پێویستە لە كاتی چونە سوژدە دەستەكانمان پێش ئەژنۆمان بخەینە سەر زەوی ، چونكە پێغەمبەری خوا فەرمویەتی: ئەگەر هەریەك لە ئێوە سوژدەی برد ، با وەكو ووشتر نەكات ، بەڵكو دەستەكانی پێش ئەژنۆكانی بخاتە سەر زەوی
24 ـ لەپاش نوێژ پەلە نەكەین لە دەرچوون لە مزگەوت ، بەڵكو جوان وایە دانیشین تاوەكو زیكرەكانی پاش نوێژ ئەخوێنینەوە پاشان دەربچین .
25 ـ لە پاش تەواو بونی نوێژ و لەكاتی دەرچوون لە مزگەوت پێویستە بە قاچی چەپ دەر بچین و بڵێین :
(( بسم الله والصلاة والسلام على رسول الله اللهم إني أسألك من فضلك اللهم أعصمني من الشيطان الرجيم )) .
وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِين

م. هاوار عبدالله

سەردان: ٦,٣٣١ بەش: ئادابەکانى مزگەوت