جیاوازی لە نێوان شیركی گەورەو شیركی بچووك چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
جیاوازی لە نێوان شیركی گەورەو شیركی بچووك چیە؟

بسم الله الرحمن الرحیم

سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
شیركی گەورە: تەوحید لە بنەڕەتەوە ناهێلێت و مرۆڤ پێی لە دین دەچێتە دەرەوە
شیركی بچووك: لە گوناهە گەورەكانە وتەواوێتی تەوحید ناهێلێت. بەڵام مرۆڤ پێی لە دین دەرناچێت.
شیركی گەورە: هەموو كردەوەكانی مرۆڤ هەڵدەوەشێنێتەوە.
شیركی بچووك: تەنها ئەوكردەوەیە هەڵدەوەشێنێتەوە كە زاڵ بووە تیایدا، یا لەبنەڕەتەوە هەر لە سەرەتاكەیەوە تێی كەوتووە.
شیركی گەورە: خاوەنەكەی هەتا هەتایی لە دۆزەخدا دەمێنێتەوە و بەهەشت لەسەری حەرامە.
شیركی بچووك: سزای بەردەوامی دۆزەخ بۆ خاوەنەكەی دابین ناكات. بەڵكو هۆی چوونە ناو دۆزەخەو ئەگەر خوا بیەوێت دەیخاتە ناوی و ئەگەریش بیەوێت لێی دەبوورێت.
شیركی گەورە: خوا دوای مردنی خاوەنی ئەو شیركە، پێش تۆبە؛ لەو شیركە گەورەیە خۆش نابێت.
شیركی بچووك: لێخۆش بوون لەو جۆرە لە ژێر ویست و مەشیئەتی خودایەو مەجالی لێ بوردنی هەیە
شیركی گەورە: خاوەنەكەی خوێن و ماڵی حەڵاڵ دەبێت بەهۆی شیركی گەورە. واتە: دروستە خوێنی بڕێژرێت وماڵی بە غەنیمەت بگیرێت؛ چونكە لە موسڵمانان ناژمێردرێت، بۆیە پارێزراو نابێت.
شیركی بچووك: خوێن و ماڵی خاوەنەكەی پارێزراو دەبێت چونكە خاوەنەكەی بە موسڵمان دەژمێردرێت. بەڵام موسڵمانێكی تاوانبارو كەم باوەڕە.
كەواتە لە هەردوو بابەتی شیركی گەورەو بچووك بۆمان دەركەوت كە شەریك بۆ خوا دانان تەنها بریتی نییە لە نوێژ كردن و سوجدەبردن بۆ غەیری خوا بەڵكو هاواركردنە غەیری خواو ئیعتیقاد پێ بوونیشی شیركی گەورەیە !

ئەم پرسیارە لە لایەن بەڕێز [د.عبداللطيف أحمد] ەوە وەڵام دراوەتەوە.

سەردان: ٣,٥٣٣ بەش: شیرک و جۆرەکانى