خزمەت کردنی دینی ئیسلام تەنها واجبی زانایان نیە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
خزمەت کردنی دینی ئیسلام تەنها واجبی زانایان نیە
پرسیار:

من وەکو تاکێکى موسڵمان چۆن خزمەت بە دینەکەم بکەم؟ ئایا دەعوە و بانگەواز کردن تەنها ئیشی زانایانە یان هەموو موسڵمانێک بەش بە حاڵ و زانیارى خۆى دەتوانێ خزمەتى ئیسلام بکات؟

یەکەم : یەکێک لەگەورەترین کردەوە کە خزمەتی ئیسلامی پێ دەکرێت سەرەتا لە خۆتەوە دەست پێ بکەیت و ماڵەکەت بکەیتە ماڵی موسوڵمان و لەبنچینەوە موسوڵمانانە بێت و کاری خێر و چاکە لە نێو ماڵەکەى خۆت دا بڵاوبکەیتەوە و خۆت و ماڵ و منداڵت گرنگى بە ڕێنماییەکانى ئیسلام بدەن و دووربن لە کارى خراپە و تاوان .

دووەم : یارمەتی دانی برا موسوڵمانەکانت لەدەعوە کردن بۆ لای خودا بەحیکمەت و ئامۆژگاری هاوکاریان بیت ، مرۆڤ بەتەنها هیچی پێ ناکرێ و لەگەڵ براکانی دا دەتوانێت کار گەلێکی زۆر ئەنجام بدات .

سێیەم : پەرە بدات بەبڵاو کردنەوەی دین لە بانگەوازی کردن بۆ لای خودا جا بەبڵاو کردنەوەی سوننەت بێت یاخود هەر کارێکی تری خێر ، گرنگ کەسێکی ئیجابی و چالاک بیت لە کۆمەڵگاکەتدا.

چوارەم: هەندێ لەکاتەکانت تەرخان بکە بۆ فێر بوونی زانستی شەرعی ، بەڵکو بەجوانی لە دینەکەت بگەیت لەسەر دەستی زانایانی چاک ئەوانەی کە کار بەزانستەکەیان دەکەن ، چونکە زەحمەتە شتێک سەر بخەیتە کە شارەزاییت نەبیت لێی  .

پێنجەم : تەوبەیەکى ڕاست بکە و لە تاوان و خراپە بە دوور بگرە و پێش ئامۆژگارى کردنى خەڵکى خۆت کەسێکى چاک و بۆ خوا صوڵحاو بە .

شەشەم : شوێنی سوننەتەکانی پێغەمبەرەکەت بکەوە و بزانە کە موسوڵمانان لەجەنگێکدا بەهۆی سەر پێچی پێغەمبەرەوە سەرکەوتوو نەبوون .

حەوتەم : کەسێکی دڵسۆز و ڕاستگۆ بە لە هەموو کار و کردەوە و جمو جوڵەکانتدا .

هەشتەم : خۆت بڕازێنەوە بەجوانترین ڕەوشت و بزانە زمانی حاڵ زۆر بەهێز ترە لە قسە و گوفتار.

نۆیەم: بانگەشە بکە بۆ دین بەحیکمەت و گوفتاری شیرینەوە و بزانە دەعوە ڕێڕەوی خۆی دەگرێت جا تۆ هەبیت یاخود نا بۆیە داوا لە خودا بکە بتکاتە یەکێک لە بانگەشە کارانی .

دەیەم : هاوڕێیەک هەڵبژێرە کەیارمەتی دەر وهاریکارت بێ لەسەر خێر ، ئەو هاوڕێیەی کە کاتێ کە یادی خودات کرد هاری کاریت دەکات و کاتێ خودات لەبیر کرد بیرت دەخاتەوە ، ئەو هاوڕێیەی عەیبەکانت پێ دەڵێت بەڵکو خۆت چاک بکەیت نەک بۆ شکاندت .

یانزەیەم: کەسێکی نەرم و نیان بە لە مامەڵەکردنتدا لەگەڵ براکانت و لەگەڵ هەموو خەڵکدا ،و بزانە نەرم و نیانی و زەردەخەنە دڵی کەسانی بەرانبەرت بۆ دەکاتەوە.

دوانزەیەم: هەندێ لەماڵەکەت ببەخشە لەپێناوی خودادا ، بێگومان ڕێنیشاندەری خێر وەک ئەو کەسە وایە کەپێی هەڵدەستێ.

سیانزەیەم : لەپاڕانەوەکانتدا داوا لەخودا بکە ئیسلام بەعیزەت بکا و موجاهیدانى دینەکەى سەربخات ، و هاریکاری بانگخوازە ڕاستگۆکان بێت ، وە هەموو ئەوانە سەر شۆڕ بکات کە دژی ئیسلام و دەعوەی ئیسلامی دەوەستنەوە.

برای موسوڵمان: بزانە کە جێبەجێ کردنی فەرمانەکانی خودا و پارێزگاری کردن لە دین و بەغیرەت بوون لەپێناوی دیندا تەنها کاری زانایان و بانگخوازان نی یە  بەڵکو واجبی سەرشانی هەر موسوڵمانێکە ، هەموو موسوڵمانێک مادام موسوڵمانە پێویستە کار بۆ ئیسلام بکات ، هەرچەند زۆر کەم و کورتی و هەڵەی هەبێت نابێ هەڵەی تر زیاد بکات بەدانیشتن و کارنەکردن بۆ ئیسلام ، دوور نی یە کار کردنی بۆ دین تاوانەکانی نەهێڵێت و بن بڕی بکات.

برای بەڕێز و خۆشەویست:
وەرە با دەست بخەینە نێو دەستی یەک و خزمەتی ئەم دینە بکەین ، مرۆڤ خۆی کەمە و بەتەنها کاری ئەوتۆی پێ ناکرێت بەڵام لەگەڵ براکانی دا زۆر کار دەتوانێ ئەنجام بدات ، خوای گەورە ئێمە و ئێوەش بخاتە ژێر ڕەحمەتی خۆیەوە و لەبەهەشتدا کۆمان بکاتەوە.
وصلى الله وسلم على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه ومن تبعه واقتفى أثره إلى يوم الدين وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين.

سەردان: ٤,٢٧٧ بەش: مەرجەکانى بانگخواز