سیفاتی مونافیقی هاوچەرخ: ماڵپەڕی وەڵامەکان
سیفاتی مونافیقی هاوچەرخ
پرسیار:

ئایا لە ئێستادا مونافیق بوونى هەیە؟ ئەگەر هەیە سیفەتەکانیان چیە؟

سەبارەت بە سیفاتی مونافیقی هاوچەرخ!

لە قورئان و فەرموودە دا، باسی بنەماکانی سیفاتی مونافیقیان کردووە، بە پێی ئەم بنەمایانە دووڕویی مونافیق لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە لە زەمانێک بۆ زەمانێکی دیکە؛ بە شێوازی جودا جودا دەردەکەوێت، و مونافیقەکە بە  ڕەفتار و گوفتاری خۆی -بە پێی زەمان و مەکان- دان بە نیفاقەکەی دەنێت، ئیمانداریش بە نوری ئیمان دەیناسێت، و بەسنوری شەرع حوکمی لەسەر نادات، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆر لە ئیمانداران لەم ناسینە غافڵن، بۆیە بە باشمان زانی لەم وەڵامەدا باس لە چەند ڕەفتار و گوفتارێکی مونافیقی هاوچەرخ بکەین، و موسڵمانان لێی ئاگادار بکەینەوە:

یەکەم : مونافیقی ئەم سەردەمە (هاوچەرخ)؛ هەوڵدەدات ئیسلام وەکو داعش پیشان بدات، و هەوڵدەدات کردەوەکانی داعش و هاوشێوەکانی بە ڕەنگدانەوەی قورئان و فەرموودە بزانرێن! 

دووەم : مونافیقی هاوچەرخ؛ پێی خۆشە کەسێکی موسڵمان کارێکی تیرۆرستی بکات، و کارەکەی بۆ ئیسلام دەگەڕێنتەوە، و ئەگەر کەسێکی نەصرانی هەمان کار بکات، دەڵێت: نەخۆشی نەفسی هەبوو!

سێیەم :  مونافیقی هاوچەرخ؛ پێی ناخۆشە ڕەخنە لە ڕۆژهەڵاتناسێکی دژە ئیسلام بگیرێت، و ئەگەر ڕەخنە لە بوخاری -خاوەنی صحيح- بگیرێت، دەڵێت: ئەشهەدوو بیلا وایە!

چوارەم : مونافیقی هاوچەرخ؛ زۆر حەزی لە سفورە، ئەگەر ئافرەتی موسڵمان خۆی بە عەبای خەلیجی داپۆشێت؛ دەڵێت: ئەمە غەزوێکی فیکری کومەڵایەتییە، دژی جلى کوردی! و ئەگەر هەمان ئافرەت لاسای ژنی سەرکوتی ئەوروپی بکاتەوە، پێ خۆشە و بە پێشکەوتن دەزانێت!

پێنجەم : مونافیقی هاوچەرخ؛ بە سوتانی دارستانێکی ئەمەزوون فرمێسک دەبارێنی، پشت لە سوتاندنی ژن و منداڵانی بۆرما دەکات، دەڵێت شەرت نییە وا بێت!

شەشەم : مونافیقی هاوچەرخ؛ کە دەبیستێ کەونە کەنیسەێک لە فەرەنسا یان ئەمریکا سوتاوە، دەڵێت حەیف و مخابن شارستانیەت بوو! بەڵام دەیان مزگەوت کە سەدان ساڵ تەمەنیان هەیە، بە تەیارەی ئەورپی و ئەمریکی کاول دەکرێن؛ نوقەی نایەت!

حەوتەم : مونافیقی هاوچەرخ وەکو بانێک و دوو هەوا تەماشای مێژوو دەکات، بۆ نمونە ئەگەر هەڤاڵێکی پێغەمبەرمان ، هەڵەیەکی هەبێت، سەدان جار دووبارە دەکاتەوە لە سەری زیاد دەکات، بەڵام باسی دڵوپەیەک لە دەریای چاکەکانیان ناکات. با لە بیر نەکەین مونافیقی هاوچەرخ؛ ناسراوە بە ڕق و کینەی بۆ عومەری کوری خەتاب رضي الله عنه! چونکە باپیرانی لە سەردەمی فتوحاتی ئەو دا موسڵمان بوون.

هەشتەم : مونافیقە هاوچەرخەکانمان؛ زۆر پەروش و ئارەزوومەندن، بۆ دیانەتە کۆنەکانی فارس، وەکو زاردەشتی و مزدەکی و خۆرمی...هتد، ئەگەر بۆیان بڕەخسێت دەڵێن ئیسلام دینی عەرەبە، پێویستە ئێمە بۆ زەردەشتییەت بگەڕێنەوە! 

نۆیەم : زۆربەی مونافیقە هاوچەرخەکانمان، بە دەمارگیری نەتەوەی کوێر بوون، پێوەری ڕاستی و ناڕاستی کارەکان لایان؛ لایەنگیری نەتەواتییە! با هاونەتەوەکەی بکوژ و دز و جەردە و گەندەڵ بێت!

دەیەم : مونافیقە هاوچەرخەکانمان؛ زۆر دڵتەنگن بە قەڵەباڵغی مزگەوتەکان، و ئەگەر کەسێک بچێت بۆ حەج یان عومرە، دەڵێن: با ئەو مەسرەفەی بە هەژارێک بەخشیبا باشتر بوو! لە هەمانکاتدا بە تێکەڵی و خەرجی زۆری ئاهەنگی سەری ساڵی دیانەکان؛ دڵ خۆشن! تەنانەت ئەگەر موسڵمانێک پێی بڵێت ئاهەنگی سەری ساڵی میلادی دروست نییە لە ڕووی شەرعەوە؛ بە داعشییەت تومەتباری دەکات!

یانزەیەم : مونافیقی هاوچەرخ خۆی بە زانا و موصليح دەزانێت، پێت سەیر نەبێ کە باسی ئیصلاح دەکات، هانی کردنەوەی زیناخانە دەدات بە بیانوی ڕێکخستنی کومەڵایەتی!!

دوانزەیەم : مونافیقی هاوچەرخ لێی وایە پێشکەوتنی ماددی دەوڵەتە پێشکەوتووەکان، لە بەر لێکجیاکردنەوەی دین و دەوڵەتە! بۆیە دەڵێت: دین تاکە جێگای مزگەوتە، و تەمبەڵی و دواکەوتنی ئەمڕۆی موسڵمانان بۆ ئیسلام دەگەڕێنێتەوە!
چاوپۆشی دەکات لە هاندانی ئیسلام بۆ کارکردن و پڕۆژەی ئیسلام بۆ دادپەروەری!
 
سیانزەیەم : سەیر لەوەدایە مونافیقە هاوچەرخەکانمان؛ هەموو دیانەتێکیان خۆش دەوێ - بە تایبەتی جولەکایەتی و دەوڵەتەکەیان لە فلسطين!- ئیسلام نەبێ!!

چوار دەیەم : مونافیقە هاوچەرخەکانمان؛ ڕقیان لە سعودیایە بە ئیجماع! ئەمەش تەنها لە بەر ئەوەی کە سعودیا بانگەوازی (توحید) دەکات، لە دادگاکانیاندا شەرعی خودا بەجێدەگەێنن، ڕێز لە حاجیان دەگرن، و  قورئانی پیروزیان بۆ سەدان زمان وەرگێڕاوە...

پانزەیەم : مونافیقی هاوچەرخ، بە ناڕاستەو خۆ شوبوهات دەدرکێنێ لەسەر نا ڕاستی فەرموودە، و نا مومکینی قورئان بۆ ئەم سەردەمە، لێی وایە قورئانی پیرۆز وەکو هەر کتێبێکی بەهاداری ئەدەب و شیعرە، و محمد وەکو هەر سەرکردەیەکی سەرکەوتووە، عەقڵى بچوکی مونافیقەکەمان ئیستیعابی ماناکانی قورئان و حیکمەتەکانی پێغەمبەرایەتی ناکات، چونکە نایەوێت فێربێ؛ دەیەوێ فری بێ؛ بۆیە فڕەی دە؛ کە بیستت ئەم جۆرە قسانە دەکات لێی دوور کەوە!

لە کۆتاییدا :
بە برای موسڵمان دەڵێن:
١-- زیاتر لە خودای پەروەردگار بترسە، من و تۆ لەم سیفەتانە بێبەش نین، پێویستە خۆمان خاوێنکەینەوە.
٢-- زیاتر دڵنیابە، هەبوونی نیفاق، مانای هێزی ئیسلامە بۆیە مونافیقەکان خۆیان دەرناخەن.
٣-- زیاتر بیر بکەرەوە، مەوزوعەکە قابیلی زیادکردن و بە دواداچوون، وە بیرخستنەوەی موسڵمانانە، تا وەکو نەکەونە داو و پیلانی مونافیقەکان.

وە بە برادەری مونافیقیش دەڵێن:

١-- ڕزگاربوون لە دوعای هیدایەت دایە! بڕیاری دوعا کردنەکەش لە دەست خۆتە.
٢-- خۆشی دونیا و قیامەت تەنها لە ئیسلام و ئیماندایە. 
٣-- دەرگای تەوبەکردن و گەڕانەوە کراوەیە و قورئانی پیرۆزیش تاکە ڕێنیشاندەری ژیانە.

مامۆستا سامی مصطفی حسن


  سەرچاوەکان:
[وَلَوْ نَشَاءُ لَأَرَيْنَاكَهُمْ فَلَعَرَفْتَهُم بِسِيمَاهُمْ ۚ وَلَتَعْرِفَنَّهُمْ فِي لَحْنِ الْقَوْلِ ۚ وَاللَّهُ يَعْلَمُ أَعْمَالَكُمْ][سورة محمد 30].

°عَنْ عَبْدِ اللَّهِ بْنِ عَمْرٍو ، أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ : «أَرْبَعٌ مَنْ كُنَّ فِيهِ كَانَ مُنَافِقًا خَالِصًا، وَمَنْ كَانَتْ فِيهِ خَصْلَةٌ مِنْهُنَّ كَانَتْ فِيهِ خَصْلَةٌ مِنَ النِّفَاقِ حَتَّى يَدَعَهَا : إِذَا اؤْتُمِنَ خَانَ، وَإِذَا حَدَّثَ كَذَبَ، وَإِذَا عَاهَدَ غَدَرَ، وَإِذَا خَاصَمَ فَجَرَ ».

سەردان: ٣,٤١٧ بەش: مونافق و دووڕووەکان