فەزڵ و سود و قازانجى مانەوە لە مزگەوت دواى نوێژى بەیانى تاوەکو خۆرهەڵهاتن: ماڵپەڕی وەڵامەکان
فەزڵ و سود و قازانجى مانەوە لە مزگەوت دواى نوێژى بەیانى تاوەکو خۆرهەڵهاتن
پرسیار:

فەزڵ و گەورەیی مانەوە دوای نوێژی بەیانی تاكو خۆرهەڵهاتن چۆن باس کراوە لە شەرعدا؟
هاوەڵان و پیاوچاكان چۆن گرنگیان داوە بەم کارە ؟
سودی ئەم كاتە لە ڕووی پزیشكیەوە چیە؟
هۆكارەكانی گرنگی نەدانی خەڵكی بەم كارە خێرە و نەمانەوەیان لە مزگەوت لە دوای نوێژی بەیانی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
سوود و قازانجەكانی مانەوە لە مزگەوت دوای نوێژی بەیانی چیە؟
 

لە ڕاستى دا زیكرو یادی خودا لەدوای نوێژی بەیانییەوە تاکو دەركەوتنی خۆر (خۆرهەڵهاتن) . بە ئومێدی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی و لێخۆشبوونی خوای پەروەردگار پاداشتێکى زۆرى هەیە .

خوای گەورە دەفەرموێت: [فِي بُيُوتٍ أَذِنَ اللَّهُ أَن تُرْفَعَ وَيُذْكَرَ فِيهَا اسْمُهُ يُسَبِّحُ لَهُ فِيهَا بِالْغُدُوِّ وَالْآصَالِ (٣٦) رِجَالٌ لَّا تُلْهِيهِمْ تِجَارَةٌ وَلَا بَيْعٌ عَن ذِكْرِ اللَّهِ وَإِقَامِ الصَّلَاةِ وَإِيتَاءِ الزَّكَاةِ  يَخَافُونَ يَوْمًا تَتَقَلَّبُ فِيهِ الْقُلُوبُ وَالْأَبْصَارُ (٣٧)](النور) .

واتە: لە مزگەوتانێدا خودا مۆڵەتی داوە ، كە بەگەورەو پاك ڕاگیرێ‌ و زیكرو یادی خودای تێدابكرێ‌ لە بەیانیان و ئێواراندا, پیاوانێك كە بازرگانی و كڕین و فرۆشتن بێ ئاگایان ناكات لە یادی خواو نوێژكردن و زەكات دان، چونکە لە ڕۆژێك دەترسن ، كە دڵ و چاوەكان تێیدا دەگۆڕێن و ئاوەژوو دەبن.

خودای میهرەبان وەسف و ستایشی ئەو كەسانە دەكات كە لە ماڵەكانیدا ، كە مزگەوتەكانن زیكرو یادی خودا دەكەن و دەبن بە ئاوەدان كەرەوەی مزگەوت, بەجۆرێك كە بەرەبەیان و ئێواران هەردەم خەریكی زیكری خوداو پەرستشن, بۆیە ئەوەی دەیەوێت ڕێچكەی ئەو كەسانە بگرێت و ببێتە یەكێك لەوانەی ، كە خودا وەسفی دەكات, با پابەند بێت بە مزگەوتەوەو تێیدا بمێنێتەوە بۆ زیكرو قورئان خوێندن.

فەزڵ و گەورەیی مانەوە دوای نوێژی بەیانی تاكو خۆرهەڵهاتن

لەبارەی فەزڵ و چاكەی ئەو جۆرە پەرستشەوە چەندین فەرموودە هاتووە لەوانە :

پێغەمبەری خوا دەفەرموێت:

" مَنْ صَلَّى الصبح فِي جَمَاعَةٍ ثُمَّ قَعَدَ يَذْكُرُ اللَّهَ حَتَّى تَطْلُعَ الشَّمْسُ ، ثُمَّ صَلَّى رَكْعَتَيْنِ ، كَانَتْ لَهُ كَأَجْرِ حَجَّةٍ ، وَعُمْرَةٍ ، تَامَّةٍ ، تَامَّةٍ ، تَامَّةٍ" صححه الألباني ، في صحيح الجامع : جـ 2 صـ 1086 برقم 6346.

واتە: ( هەر كەسێك نوێژی بەیانی بە جەماعەت بكات و پاشان دابنیشێت یادی خودا بكات هەتا خۆر هەڵدێت ، پاشان دوو ڕكات نوێژ بكات، ئەوا پاداشتی حەج و عومرەیەكی تەواو تەواو تەواوی بۆ هەیە).

تێبینی : ئەم دوو ڕكاتە (15) خولەك لە دوای خۆرهەڵهاتن دەكرێت .

لەفەرموودەیەكی تردا كە لە صەحیحی موسلیمدا هاتووە دەفەرموێت: (( أَنَّ النَّبِـيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كَانَ إِذَا صَلَّى الْفَجْرَ جَلَسَ فِي مُصَلَّاهُ حَتَّى تَطْلُعَ الشَّمْسُ حَسَنًا))

واتە : پێغەمبەری خوا () كە نوێژی بەیانی دەكرد لە شوێنی نوێژەكەی دادەنیشت و دەمایەوە تاوەكو بە ڕوونی خۆر هەڵدەهات .

لە فەرمودەیەكی تردا دەفەرموێ : " لَأَنْ أَذْكُرَ اللهَ تَعَالَى مِنْ طُلُوعِ الشَّمْسِ أُكَبِّرُ وَأُهَلِّلُ وَأُسَبِّحُ، أَحَبُّ إِلَيَّ مِنْ أَنْ أَعْتِقَ أَرْبَعًا مِنْ وَلَدِ إِسْمَاعِيلَ، وَلَأَنْ أَذْكُرَ اللهَ مِنْ صَلَاةِ الْعَصْرِ إِلَى أَنْ تَغِيبَ الشَّمْسُ : أَحَبُّ إِلَيَّ مِنْ أَنْ أَعْتِقَ كَذَا وَكَذَا مِنْ وَلَدِ إِسْمَاعِيلَ " . رواه أبو داود وحسنه الألباني ، في صحيح الترغيب والترهيب جـ 1 صـ 188.

واتە : ئەگەر دابنیشم و یادی خودای گەورە بكەم و (الله أكبر و لا إلە إلا الله و سبحان الله ) بكەم تاکو خۆر هەڵدێت، پێم خۆشترە لەوەی چوار بەندە لە نەوەی ئیسماعیل ئازاد بكەم, وە لە دوای نوێژی عەسرەوە تا خۆر ئاوابوونیش زيكر بكەم پێم خۆشترە لەوەی ئەوەندە و ئەوەندە بەندە لە نەوەی إسماعیل ئازاد بكەم.

دەستپێشخەری و گرنگیدانی هاوەڵان و پیاوچاكان بۆ ئەم كارە خێرە

ئەم جۆرە كردارە پیشەی هەمیشەیی هاوەڵان و پیاوچاكان بووە وەكو چۆن لەهەموو كارێكی خێردا دەستپێشخەریان كردووە, بۆ نموونە:

* مدركی كوڕی عەوف دەڵێت: بەلای (بیلال)دا تێپەڕیم كە لەشام بوو لە ناو مزگەوت دانیشتبوو دوای نوێژی بەیانی, پێم ووت: ئەی باوكی عبدالله ئەوە بۆچی دانیشتووی؟ ئەویش ووتی: چاوەڕێی خۆرهەڵاتن دەكەم.

* وە ئیبین ئەبی لەیلا كە نوێژی بەیانی دەكرد قورئانەكەی دەكردەوەو دەیخوێندەوە هەتاكو خۆر دەردەكەوت.

* وەلیدی كوڕی موسلیم دەڵێت: بینیم پێشەوا ئەوزاعی دوای نوێژی بەیانی دادەنیشت لە نوێژگەكەی خۆی زیكر و یادی خودای دەكرد هەتا خۆر هەڵدەهات, وەپێمانیشی ڕادەگەیاند كە پێشینانیش ئەمە ڕەفتاریان بووە هەتا خۆر هەڵدەهات و پاشان ڕوویان دەكردە فێربوونی زانست.

هەروەها ئەوەش زانراوە كە زۆربەی دەرس و دانیشتنی زانستی زانایان و پێشەوایان دوای نوێژی بەیانی بوو، بۆ نموونە ئیمامى شافیعى ڕەحمەتى خواى لێ بێ هەر وەکو ڕەبیعی كوڕی سلێمان دەگێڕێتەوە: كە پێشەوا شافعی رحمە الله دوای نوێژی بەیانی دادەنیشت بۆ كۆڕی زانست, و ئەهلی قورئان دەهاتن بۆ لای, و كاتێك خۆر هەڵدەهات ئەوان دەڕۆیشتن و ئەهلی حەدیس دەهاتن بۆ لای تا خۆر هەڵدەهات دەمانەوە لە لای بەم شێوەیە تاوەکو نیوەڕۆ بەردەوام دەبوو.

پێشینە چاكەكان پەیوەست بوون بەم ئاكارەوە, ئەوەتا شیخ الاسلام ابن تیمیە (رحمە الله) وەكو قوتابیەكەی ابن قیم لێی دەگێڕێتەوە دەڵێت: دوای نوێژی بەیانی دادەنیشت زیكری خودای دەكرد و دەیووت: بەڕاستی لەم دونیایەدا بەهەشتێك هەیە هەركەس نەچێتە ناویەوە ناچێتە بەهەشتەكەی دواڕۆژەوە, مەبەستیشی ئەوە بوو ، كە ئەو كەسەی خەریكی خواپەرستیە هەست بەچێژو لەزەتێك دەكات كە وێنەی نییە لە دونیادا و دەیفەرموو: ئەمە خواردنی منە، ئەگەر ئەم خواردنەم نەبێت ئەوا هێزو توانام لێ دەبڕێت, بەو شێوەیە بەردەوام دەبوو هەتا نزیك نیوەڕۆ.

ئەوە حاڵی هاوەڵان و پیاوچاكان بوو ئەی حاڵی ئێمە چۆنە؟

بەداخەوە ئێمە شەوان بەخەبەرین و ئەو هەموو كاتە بەسوودە بەشتی بێ هوودە بەسەر دەبەین، تاکو لەشمان قورس دەبێت و دوای خۆرهەڵاتن بەخەبەردێین, بۆیە هەمیشە هەست بەبێ تاقەتی و خەمۆكی و لەش قورسی دەكەین. ئەوەمان بیرچۆتەوە یان نایزانین كە پێغەمبەری ئازیز دەفەرموێت: " اللهم بارك لأُمــتي في بكورها" صححه الألباني في صحيح الجامع ص 278.

واتە: خوایە بەرەكەت بڕژێنە بەسەر ئوممەتەكەمدا لەكاتی بەرەبەیانی زوودا.

ئەوەش دوعای پێغەمبەرە دڵسۆزەكەمانە   بۆ ئەو كاتە بەسوود و گرنگە كەبەڕاستی حەیفە لەدەستی بدەین.

سودی ئەم كاتە لە ڕووی پزیشكیەوە 

لەڕووی زانستی پزیشكیشەوە مانەوەو بەخەبەر بوون لەم كاتەدا سوودێكی زۆری هەیە چونكە: ئەو كاتە كاتی بڵاوبوونەوەو دەرچوونی گازی ئۆزۆنە ، كە بەشێوەیەكی ڕێژەیی دەست دەكات بەكەم بوون هەتا كاتی خۆر هەڵاتن نامێنێت, وە ئەم جۆرە گازەش كاریگەریەكی زۆر بەسوودی هەیە لەسەر كۆئەندامی دەمار و چالاككەری بیرو هزرو ماسولكەكانە, بەشێوەیەك كە مرۆڤ كاتێك ئەو شنەبایەی بەرەیانی بەردەكەوێ‌ لەڕووی دەروونیەوە هەست بەئارامی و خۆشحاڵیەك دەكات كە لە هیچ كاتێكی تری ڕۆژ و شەودا هەستى پێ ناکات.

هۆكارەكانی گرنگی نەدانی خەڵكی بەم كارە خێرە و نەمانەوەیان لە مزگەوت لە دوای نوێژی بەیانی :

1- ئیمان لاوازی و نەبوونی هیمەتێكی بەرز .

2- تاوان : بێگومان تاوان مرۆڤ لە عیبادەت دوور دەخاتەوە ، ئای چەندین جار تاوان بۆتە هۆی بێ بەش بوونی مرۆڤ لە شەو نوێژ و دانیشتن بۆ زیكر ویادی خودا ، ولاشەی قورس كردووە لەبەجێ گەیاندنی كارە خێرەكاندا .

3- تەمبەڵی و كەم تەرخەمی لەجێبەجێكردنی عیبادەتەكاندا ، بەداخەوە زۆربەی خەڵک توشی ئەم دەردە بووە ، جا مەبەستەكە : سوننەت وكارە باشەكانە ، بێگومان نەفس پێویستی بە موحاسەبە كردن هەیە ، چونكە تێشوی قیامەتمان كەمە و سەفەرەكەشمان دوور ودرێژ و سەختە ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی : { وَالَّذِينَ جَاهَدُوا فِينَا لَنَهْدِيَنَّهُمْ سُبُلَنَا وَإِنَّ اللَّهَ لَمَعَ الْمُحْسِنِينَ }  العنكبوت(69)

واتە :  وە ئەو كەسانەی كە لە پێناو ئێمەدا جیهادیان كردووە، ئەوا بەدڵنیاییەوە هیدایەتیان ئەدەین بۆ ڕێگای ڕاستی خۆمان  وە بە دڵنیاییەوە خوای گەورە لەگەڵ چاكەكاراندایە بەوەی كە پشتیوانیان ئەكات و سەریان ئەخات و یارمەتیان ئەدات و هاوكاریان ئەكات، والله أعلم.

 4- ڕۆچوون لە خۆشی و ڕازەوەیی دونیادا ، بێگومان زۆربەی خۆش گوزەرانی وجوانییەكانی دونیا مرۆڤ تەمبەڵ دەكات لە بەجێ هێنانی تاعەت و عیبادەتەكاندا .

5-كاتی نوستن و ئیسراحەت كردنی خەڵكە ، وەهەروەها كاتێكە كە زۆربەی خەڵك لێی بێ ئاگان و نازانن چ فەزڵ و ڕێزێكی هەیە ؟!

6- نەنووستن بە شەوان یان درەنگ نوستن كە بەربڵاوە لە نێو موسوڵماناندا بەهەموو چینەكانەوە ، هەروەها خۆ سەرقاڵ كردن بە ئینتەرنێت و فەیسبوك و یاری كردن كە لەئەنجامدا بۆتە هۆكاری بێتوانایی، تەنانەت لە بە ئەنجام گەیاندنی واجباتەكان چ جای عیبادەتە سوننەتەكان ؟!

بێگومان ئەم درەنگ نوستنە سودێکى وای لێ چاوەڕوان ناكرێت نە لەڕووی دینی و نە لەڕووی دونیاییەوە .

ابن القیم دەڵێت : "وكل سبب يعود عليك بصلاح قلبك ووقتك وحالك مع الله : فلا تُؤثِر به أحدًا، فإن آثرت به فإنما تُؤثِر الشيطان على الله، وأنت لا تعلم " . مدارج السالكين ٢ / ٢٨٤

واتە : هەر شتێك بووە هۆكاری ئەوەی دڵ چاك بێت  و كاتەكانت پارێزراو بێت و حاڵت لەگەڵ خودادا باش بێت : ئەوا بەهیچ كەس وشتێك مەیگۆڕەوە و مەیدە بەكەس ، خۆ ئەگەر بەخشیت ئەوا حەتمەن ڕێزی شەیتانت داوە بەسەر خودادا، لە كاتێكدا خۆت نازانیت و هەستی پێناكەیت .

بەداخەوە زۆر بەی خەڵك چێژ لە بەفیڕۆ دانی كاتەكانیان وەر دەگرن ، و زۆر چالاكن لەم بوارەدا تاوەكو ڕۆژی قیامەت دێت، ئەو كات خەم و خەفەت و عوزر هێنانەوە فریایان ناكەوێت !

دوای نوێژی بەیانی دەبینی كۆمەڵێ كەس لەدەرەوەی مزگەوت دانیشتوون وە هەندێ جار تا نزیكی خۆر هەڵاتن خەریكی قیل وقال و وتی وتین ، پەنا دەگرین بەخوا لە بێبەش بوون لە خێر و سەر شۆڕی ڕۆژی دوایی .

8- بێئاگایی لە ڕۆژی دوایی و خۆ ئامادە نەكردن بۆی .

9- سەرقاڵی زۆر و خۆ وابەستەكردن بەشتانێكەوە كە گرنگیەكی ئەوتۆیان نییە .

10- هەست نەكردن بەوەی نەفس پێویستی بەو دانیشتنەیە .

11- قورسی و گرانی دانیشتن و یادی خودا كردن و حەبس كردنی نەفس لەسەر تاعەت وعیبادەت .

12- پەیوەست بوون و گرێدرانی خەڵك بەكاری فەرمانبەری و دەوام کردنەوە ، جا گەر موسوڵمان سوور بێت لەسەر خێر دەتوانێت لەو ڕۆژانەدا كە پشووی هەفتەیە دوای بەیانیان نەنوێتەوە تاوەكو خۆر هەڵدێت ، بەڵكو خودا ئەو خێرە گەورەیەی بەقسمەت بكات .

13- كەم تەرخەمی ئەو كەسانەی كە پێیان دوترێت قودوە و پێشەوا لە نێو كۆمەڵگادا وەك مامۆستای مزگەوت و كەسانی مولتەزیم ، بێگومان كاتێ خەڵكی عەوام دەبینن ئەم جۆرە كەسانە كە بە قودوەی كۆمەڵگا ناسراون كەم تەرخەمی دەكەن لەم جۆرە كارە خێرانەدا ئەوانیش سارد دەبنەوە و ئەنجامی نادەن .

14- نەزانین و بێئاگا بوون بەسیرە و بەسەرهاتی پیاو چاكان ، كە چۆن كاتە خێرەكانیان قۆستۆتەوە بۆ ئەنجام دانی چاكە و چ هیمەت وعەزیمەتێكیان هەبووە لەم بوارەدا .

15- نەبوونی ڕێزو بەگەورە زانینی سوننەت لە دڵی زۆربەماندا و شوێن پێ هەڵنەگرتنی پێغەمبەر .

سوود و قازانجەكانی مانەوە لە مزگەوت دوای نوێژی بەیانی

 ئەی خوێنەری چاكەویست : ئێستاش ئەو سوودو قازانجانەت بۆ باس دەكەین كە دەست كەسێك دەكەوێت ئەگەر لەو كاتەدا بەخەبەر بێت و ئامادەبێت لە مزگەوت .

1- پارێزگاری كردن لەسەر ئەنجامدانی نوێژی بەیانی بەجەماعەت .

2- خوای گەورە فەڕو بەرەكەت دەخاتە ئەو كاتەوەو دەیڕژێنێ بەسەر ئەو كەسانەدا ، كە لەو كاتەدا بەخەبەرن لەبەر فەرموودەكەی پێغەمبەری خودا كە لە پێشەوە باسكرا.

3- بەدەست هێنانی پاداشتی حەج و عومرەیەكی تەواو و ئازادكردنی چوار بەندە لە پێناوی خودادا.

4- خوێندنی زیكرەكانی بەیانیان بە ئامادەیی و ئاگایی دڵ و بەبێ پەلە كردن.

5- فریشتەكان داوای لێخۆشبون و دوعای خێر دەكەن بۆ كەسێك ، كە لە شوێنی نوێژكەی بمێنێتەوە, لەبەر ئەم فەرموودەیە:

" الْمَلائِكَةُ تُصَلِّي عَلَى أَحَدِكُمْ مَا دَامَ فِي مُصَلاهُ الَّذِي صَلَّى فِيهِ ، وَتَقُولُ : اللَّهُمَّ اغْفِرْ لَهُ ، اللَّهُمَّ ارْحَمْهُ مَا لَمْ يُحْدِثْ " رواه البخاري

واتە : مەلائیکە سەڵاوات دەدات لەسەر یەکێک لەئێوە مادام لەجێگەی نوێژەکەیدایە ودەڵێت : خودایە لێی خۆش بەو و خودایە ڕەحمی پێ بکە بەمەرجێ دەس نوێژەکەی نەشکابێ .

صەڵاواتی فریشتە بۆ بەندەكان: واتا دوعاو پاڕانەوە لە خواو داوای لێخۆشبوون كردنە بۆ بەندەكان والله أعلم.

6- لەدەست نەدانی نوێژی چێشتەنگاو ، كە لە بری (360) چاكەیە بەئەندازەی ژمارەی جومگەكانی ئێسكی مرۆڤ لە هەر ڕۆژێكدا.

7- خوێندنی قورئان و خەتم كردنی دوو هەفتە جارێك, یان لەمانگێكدا یەك جار.

8- ڕێكخستنی كات و زوو ڕۆیشتن بۆ سەر ئیش و كار و دەوام بە چالاكی و لەش سووكیەوە.

9- ئەو كەسەی لە دواى نوێژەوە دادەنیشێت لە مزگەوتدا ئەوا بە نوێژو خواپەرستی بۆی دەژمێررێت.

10- بەدەس هێنانی پاداشتی جێ بەجێ كردنی سوننەتێك .

11- حەبس كردنی نەفس و ڕاهێنانی لەسەر زیكر و یادی خودا ، حەتمەن ئەمەش دەبێتە هۆی دوور كەوتنەوە لەو باس و خواس و ژاوەژاوەى کە ئەمڕۆ هەیە لەتۆڕەكۆمەڵایەتی و مەجلیسەكاندا .

12- ئارام بوونی دڵ و  پاك بوونەوەی لەو چڵك و ژەنگانەی كە ڕۆژانە ڕوو بەڕووی دەبینەوە و توشی دەبین بەهۆی تێكەڵاوی ئەو ئامێرە تازانەی كە ئێستا زۆربەی موسوڵمانان پێوەی سەرقاڵن ، بۆیە دڵ پێویستی بەپاککردنەوە هەیە، جا یەكێك لە هۆكارەكانی پاك بوونەوەی دەروونیش مانەوەیە لە مزگەوت لەم کاتە پیرۆزەدا  .

وەهبی كوڕی مونەبیهـ دەڵێت : من لە حیكمەتی ئالی داود ئەم شتانەم دەس كەوتووە : پێویستە لەسەر كەسی عاقڵ بێ ئاگا نەبێ لەچوار سەعات :

سەعاتێك گفتوگۆ بكات لەگەڵ خودای خۆیدا ، سەعاتێك لێپرسینەوە لە نەفسی خۆی بكات ،  سەعاتێك سەردانی ئەو براو هاوەڵانەی بكات كەڕاستگۆن وعەیبەكانی پێ دەڵێن و بەنهێنی ئامۆژگاری دەكەن ، سەعاتێك گرنگی بە نەفسی خۆی بدات ئەو شتانەی بۆ فەراهەم بكات كە حەڵاڵ و جوانن ، ئا ئەم سەعاتەیان یارمەتی دەری هەموو سەعاتەكانی تر دەدا  و كۆكەرەوەی دڵ و فەزڵ وڕێزە و گەیەنەرە بەئامانجەكانی .

جا دانیشتن لە دوای نوێژی بەیانی تا خۆر هەڵاتن هەموو ئەو سەعاتانەی تێدا كۆ دەبێتەوە ، دەی كەواتە كاتى ئەوە نەهاتووە بگەڕێینەوە بۆ زیندو كردنەوەی ئەم سوننەتە لەماڵەكانی خوادا و ئامۆژگاری كردنی یەكتر لەسەری و پێشبڕِكێ كردن بۆی ؟!

ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە دڵەكانمان نەرم بێت ، و خەریكی تەزكیەی نەفسی خۆمان بین و بۆ چەند ساتێكی كەم دوور كەوینەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و جەنجاڵی ژیانی دونیا ؟!

ووتەی كۆتایی :

ئەی ئەو كەسەی كە بە دوای خۆشبەختی دڵدا دەگەڕێی ، مانەوەی دوای نوێژی بەیانی سونەتێكی پێغەمبەر و ، هاوەڵان بووە ،و  پیاوچاكان خوویان پێوە گرتبوو ، ئەم مانەوەیەش بریتی یە لە دانیشتنێكی گەورەی ئیمانی ، ڕوحی ، قورئانی ، زیكری ، و هۆكاری گەشە و ژیانی دڵە و ئارامی دەبەخشێ بە ناخ و ، هاوكات دوورت دەخاتەوە لە ژاوەژاو و جەنجاڵی ژیانی دنیا .

داواكارین لە خوای میهرەبان هەمووان سەركەوتوو بكات بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە پیرۆزەو خواپەرستیشمان لێ وەربگرێت, ئامین.

وصلى الله على محمد وعلى آله محمد

تێبینى : ئافرەت و پیر و ئەوانەی عوزریان هەیە و ناتوانن لە مزگەوت بمێننەوە دەتوانن لە ماڵەكانی خۆیان بمێننەوە  ، دوور نییە كە خوای گەورە هەمان پاداشتیان بۆ بنوسێت .

سەردان: ٦,٢٣٠ بەش: ئادابەکانى مزگەوت