حوكمی سوێند خواردن بەدرۆ و کەفارەتەکەی: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوكمی سوێند خواردن بەدرۆ و کەفارەتەکەی
پرسیار:

من هەندێ جار سوێند بەدرۆ دەخۆم بەخوا ، وئەو کارەم لەبەر چەند هۆکار و زڕوفێک کردووە ، ئایا تاوانبار بوومە وئایا کەفارەتی ئەوە چی یە؟

بەڵێ بێگومان ئەو کارەت دروست نی یە ونابێ بەدرۆ سوێند بەخودا بخۆیت وپێویستە لەسەرت تەوبە بکەیت ، و ڕا نەیەی لەسەر ئەو کارە ، پێغەمبەر ى خوا فەرموویەتی : هەرکەسێک سوێندی بەخوا خوارد با ڕاستگۆ بێت ، وەهەروەها فەرموویەتی : (من حلف على يمين هو فيها كاذب يقتطع بها مال امرئ مسلم بغير حق [لقي] الله [وهو] عليه غضبان)،
واته : هەرکەسێک سوێند بخوات ودرۆ بکات لەسوێندەکەیدا وماڵی کەسێکی موسوڵمان بەو سوێندە بەناحەق بۆ خۆی بەرێت ئەوا دەگاتەوە بەخودا لەکاتێکدا خودا لێی توڕەیە .
وە لەلەفزێکی تردا هاتووە : (فقد أوجب الله له النار وحرم عليه الجنة)، واتە : خودا دۆزەحی بۆ مسۆگەر کردووە وبەهەشتی لەسەر حەڕام کردووە .

جا سوێند خواردن بەدرۆ دروست نی یە ، بەڵکو پێویسته لەهەموو حاڵەتێکدا سوێند بەڕاست بخورێت ، هەرکاتێ مرۆڤ سوێندی خوارد بەمەبەستی خواردنی ماڵی کەسێکی موسوڵمان ئەوا یەکێک لەتاوانە گەورەکان ئەنجام داوە .

وە بەهەمان شێوە پێویسته هەموو سوێندەکانی تر بەڕاستی بخورێت ، وەک ئەوەی بڵێت : سوێند بەخوا فڵان شتم نەکردووە ، وەسوێند بەخوا فڵان شتم کردووە ، خۆ ئەگەر ئەم جۆرە سوێندانەت بەدرۆ خواردووە پێویستە تەوبە بکەیت وداوای لێ خۆش بوون بکەیت ولەسەر بۆچوونی ڕاست وڕاجحی زانایان کەفارەتت لەسەر نی یە بەڵکو وەک وتمان پێویستە تەوبەیەکی ڕاست بکەیت وجارێکی تر نەگەڕێیتەوە سەری .

تەنها لەو شتانەدا نەبێت کەدروستە بەدرۆ سوێندی بۆ بخورێت وەک سوڵح کردن لەنێوان دوو کەسدا ولەکاتی جەنگدا وقسەی ژن وپیاو لەگەڵ یەکتر بەوەی یەکیان خۆش دەوێت وسوێند خواردنیان بەدرۆ بۆ یەکتر لەپێناو ڕێگری کردن لەدوو بەرەکی و ئاژاوە ، پێغەمبەرى خوا ڕێگەی داوە لەم سێ شتەدا درۆ بکرێت ، بۆ نموونە کەسێک دەیەوێت نێوان دوو کەس یاخود دوو عەشیرەت چاک بکات دەچێتە لای لایەکیان وبەدرۆ دەڵێت فڵان ئاوها وئاها هەڵوێستی چاکە بەرانبەر تۆ ، وەبەهەمان شێوە دەچێتە لای کەسی بەرانبەریش دەڵێت فڵان ئاوها وئاها هەڵوێستی چاکە بەرانبەر تۆ .

جا ئەو سوێندەی کەبەدرۆ دەخورێت کەفارەی نی یە ؛ چونکە زۆر لەوە گەورە ترە کەفارەتی هەبێت .
ئیمامی مالك رحمه الله لەبارەی سوێندی غەموسەوە دەڵێت : " الْغَمُوسُ : الْحَلِفُ عَلَى تَعَمُّدِ الْكَذِبِ . . . وَهُوَ أَعْظَمُ مِنْ أَنْ تُكَفِّرَهُ الْكَفَّارَةُ " انتهى باختصار من "التاج والإكليل" (4/406) ، ونحوه في "المدونة" (1/577) .
واتە : سوێندی غەموس : سوێند خواردنە بەدرۆ ...وە زۆر لەوە گەوررە ترە کەفارەتی هەبێت .

وە ابن قدامة رحمه الله دەڵێت : "(ومن حلف على شيء , وهو يعلم أنه كاذب , فلا كفارة عليه ; لأن الذي أتى به أعظم من أن تكون فيه الكفارة)
واتە : هەرکەسێک سوێند لەسەر شتێک بخوات ولەکاتێکدا بزانێت درۆ دەکات ، ئەوا کەفارەتی لەسەر نی یە ، چونکە ئەو کارەی زۆر لەوە گەوررە ترە کەفارەتی هەبێت .

ئائەمە زاهیر مەزهەبە ، کۆمەڵێک لەئیمام ئەحمەدەوە گێڕاویانەتەوە ، وئەوە بۆ چوونی زۆربەی زانایانە ، لەوانە (ابن مسعود , وسعيد بن المسيب , والحسن , ومالك , والأوزاعي , والثوري , والليث , وأبو عبيد , وأبو ثور , وأصحاب الحديث , وأصحاب الرأي من أهل الكوفة ) جا ئەم سوێندە بۆیە پێی دەوترێت سوێندی غەموس (نوقوم کەر)چونکە خاوەنەکەی نوقوم دەکات لەتاواندا ، وەلە سەعیدی کوڕی موسەیەبەوە گێڕدراوەتەوە کەگوتوویەتی : هي من الكبائر , وهي أعظم من أن تكفر" انتهى من "المغني" (9/392) .
واتە : ئەم سوێندە لەتاوانە گەورەکانە ، وئەم سوێندە زۆر لەوە گەورەترە کەفارەتی بدرێت .

سەردان: ٧,٩٩٨ بەش: سوێند و نەزر و کەفارەت