حوکمی هێنانی منداڵی بچوک بۆ مزگەوت چی یە ؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمی هێنانی منداڵی بچوک بۆ مزگەوت چی یە ؟
پرسیار:

منداڵێکم هەیە تەمەنی چوار ساڵە وپێی خۆشە لەگەڵمدا بێت بۆ مزگەوت ،جا یاری دەکات ودێت ودەچێت ، وهەندێ لەبرایان پێیان گوتم : مەیهێنە بۆ مزگەوت ، ئایا بۆ چوونی ئیسلام چی یە لەم بارەیەوە ؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

گەر منداڵەکە تەشویشی دروست دەکرد یاخود باوکی بەهۆی منداڵەکەیەوە ئاگای لەنوێژەکەی نەدەما ئەوا لەگەڵ خۆی ناهێنێت بۆ مزگەوت ، پاشان گەر حەفازەی پێوە بێت هیچ ئیستفادە لەهاتن بۆ مزگەوت ناکات ، بەڵام گەر تەمەنی حەوت ساڵ وبەرەو سەرەوە بوو ئەوا فەرمانمان پێ کراوە فەرمانیان پێ بکەین بەنوێژ کردن ، و ئەو مناڵانە ئیستفادە دەکەن لەئامادە بوون ، وە ئامۆژگاری بۆ نوێژ خوێنانی مزگەوت ئەوەیە تەحەمولی منداڵی بچووک بکەن ، وباهەموان هاریکار بن لەفێر کردنی منداڵ کەچۆن تەسەڕوف بکات لەمزگەوتدا .

دروستە و هیچ تێدا نی یە منداڵ بهێندرێت بۆ مزگەوت ، بەڵکو پێویستە هان بدرێت بۆ چوون بۆ مزگەوت ، بەمەرجێک تەشویش دروست نەکات ونەبێتە هۆکاری ئەزیەت بۆ نوێژ خوێنان بەهۆی حەرەکە ویاری کردنیەوە ، خۆئەگەر لاساری دەکرد ودەبووە هۆی ناڕەحەتی بۆ نوێژ خوێنان ئەوکات نابێت بهێندرێت بۆ مزگەوت ؛ چونکه مزگەوت بۆ یاری وگاڵتە گەپ دروست نەکراوە ، بەڵکو بۆ نوێژ وعیبادەت وزیکر دروست کراوە ، دەبینی پێغەمبەر ڕێگری دەکرد لەدەنگ بەرز کردنەوە بەخوێندی قورئان ، چ جای یاری وگاڵتە وگەپ وهاتن وچوون ؟!
کە دەبێتە هۆکاری تەویش ونەمانی خشوع لەناو نوێژدا .

لە "المدونة" (1/195)دا هاتووە : "پرسیار کراوە لە ئیمامی مالیک لەبارەی هێنانی منداڵ بۆ مزگەوت ؟
ئەویش لەوڵامدا گوتوویەتی :
گەر لەبەر بچووکی یاری نەکات وهەرکات ڕێگری لێ کرا لەیاری کردن وتەشویش دروست کردن وازی هێنا ئەوا دروستە وهیچی تێدا نابینم ، بەڵام گەر یاری دەکرد لەبەر بچووکی ئەوا پێم باش نی یە بهێندرێت بۆ مزگەوت " .

وەپرسیار کراوە لەشێخ ابن عثيمين رحمه الله :
حوکمی هێنانی منداڵ چی یە بۆ مزگەوت ئەو منداڵانەی کەخوار تەمەنی حەوت ساڵن وئەوانەی کەحەفازە لەپێیان دەکرێت و زۆر جار وایە کەپیسی لەگەڵ خۆیاندا هەڵدەگرن ؟جا گەر هێندران بۆ مزگەوت دەر دەکرێنە دەرەوە یاخود نا ؟
لەوڵامدا گوتویەتی :
هێنان منداڵ بۆ مزگەوت دروستە بەمەرجێک نەبنە هۆی ئەزیەت وئازار بۆ نوێژ خوێنان ، خۆ ئەگەر دەبوونە هۆی ئەزیەت ئەوا ڕێگریان لێ دەکرێت ؛ بەڵام چۆنیەتی ڕێگری لێ کردنیان بەوە دەبێت بەکەس وکاریان دەوترێت منداڵەکانتان تەشویش دروست دەکات وئەزیەتمان دەدات وشتی لەم بابەتانە ، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین پێغەمبەری خوا عليه الصلاة والسلام نوێژی دەکرد ودەیویست درێژی بکاتەوە وگوێی لەدەنگی گریانی منداڵ دەبوو بەو هۆیەوە نوێژەکەی کورت دەکردەوە نەوەک دایکی ئازار ببینێت ، ئەمەش بەڵگەیه لەسەر ئەوەی منداڵ هەبووە لەمزگەوتدا ، بەڵام هەروەک گوتمان :
گەر دەبوونە هۆکاری تەشویش وناڕەحەتی بۆ نوێژ خوێنان ئەوا ڕێگریان لێ دەکرێت لەڕێگەی کەس وکاریانەوە ؛ نەوەک فیتنە ڕوو بدات ؛ چونکە گەر تۆ مداڵێکی حەوت ساڵانت لەمزگەوت وەدەر نا ولێت دا ، ئەوا باوکی لەسەری دێتە جواب ؛ چونکە لەئێستادا زۆربەی خەڵک عەدل وئینسافیان نی یە ، وڕەنگە بێتە هۆکاری دووژمنایەتی وڕق وکینە ، جا چارەسەری بابەتەکە بەوە دەبێت : لەڕێگەی کەس وکاریانەوە ڕێگریان لێ بکرێت .

بەڵام بەنیسبەت هێنانی منداڵ بۆ مزگەوت باشتر وا نی یە بهێندرێن بۆ مزگەوت ؛ بەڵام هەندێ جار دایک ناچار دەبێت بیهێنێ ؛ چونکە ڕەنگە کەس لەماڵدا نەبێت وئەو دایکەش پێی خۆش بێت ئاماەی دەرس ودەورەکان بێت ، یاخود حەزکات نوێژی تەڕاویح لەمزگەوت ئەنجام بدات .

بەهەر حاڵ :
گەر منداڵەکە تەشویشی دروست دەکرد یاخود باوکی بەهۆی منداڵەکەیەوە ئاگای لەنوێژەکەی نەدەما ئەوا لەگەڵ خۆی ناهێنێت بۆ مزگەوت ، پاشان گەر حەفازەی پێوە بێت هیچ ئیستفادە لەهاتن بۆ مزگەوت ناکات ، بەڵام گەر تەمەنی حەوت ساڵ وبەرەو سەرەوە بوو ئەوا فەرمانمان پێ کراوە فەرمانیان پێ بکەین بەنوێژ کردن ، وئەو مناڵانە ئیستفادە دەکەن لەئامادە بوون ، بەڵام ئێمە ناتوانین یەک حوکم بدەین بۆ هەموان ؛ چونکە ڕەنگە هەندێ جار دایکی منداڵەکە مردبێت ، یاخود چووبێت بۆ کارێکی پێویست وهیچ کەسێک لەماڵدا نەبێت چاودرێی ئەو منداڵە بکات ، پیاو لەم حاڵەتەدا لەنێوا دوو شتدایە :
یان دەبێ نەیات بۆ نوێژی جەماعەت ولای منداڵەکەی بمێنێتەوە ، ویاخود بێت ولەگەڵ خۆیدا بیهێنێت ، لەم حاڵەتەدا سەیر دەکرێت بزان کامیان باشترن ئەوەیان هەڵدەبژێردرێت "لقاء الباب المفتوح" (125/8) .

وەهەروەها پرسیاری لێ کراوە :
ئایا دروسته پیاو بچێت بۆ مزگەوت منداڵە خوار چوار ساڵانەکانی لەگەڵ خۆی ببات بۆ مزگەوت ؟
لەوەڵامدا گوتوویەتی :
منداڵی خوار چوار ساڵ زۆر جار نازانن نوێژ بکەن وشت لەیەکەوە ناکەن ،چونکە زۆر جار منداڵ لەحەوت ساڵان ئەوجا شتەکان لێک جودا دەکاتەوە ودەفامێ وهەر لەو تەمەنەشایه کەپێغەمبەر فەرمانی پێکردوین فەرمان بەمنداڵەکانمان بکەین بەنوێژ کردن کاتێ گەشتنە ئەو تەمەنە ، هەروەک فەرموویەتی : (مروا أولادكم أو أبناءكم بالصلاة لسبع)
واتە : فەرمان بەمنداڵەکانتان بکەن بەنوێژ کردن کاتێ تەمەنیان دەگاتە حەوت ساڵان .

جا کاتێ کەئەو منداڵانەی کەتەمەنیان لەخوار چوار ساڵیەوەیە ونازانن بەجوانی نوێژ بکەن باش نی یە بهێندرێن بۆ مزگەوت مەگەر لەحاڵەتی زەڕوریدا نەبێت ، وەک ئەوەی کەس لەماڵدا نەبێت چاوی لەو منداڵ بێت ئەمەش بەمەرجێک ئەزیەتی نوێژ خوێنان نەدات ، گەرنا ناهێندرێت ، گەر منداڵەکە وای پێویست دەکرد باوکی لەلای بمێنێتەوە ئەوا لەلای دەمێنێتەوە ، ولەم حاڵەتەدا عوزری هەیە لەنەهاتن بۆ جەماعەت ئەوەش پاراستنی منداڵەکەیەتی " انتهى من "فتاوى نور على الدرب" .

وەلحاسڵ :
گەر دەتوانرا زەبتی منداڵ بکرێت وڕێگری لێ بکرێت لەیاری وتەشویش دروست کردن ئەوا دروستە بهێندرێت بۆ مزگەوت وهیچی تێدا نی یە .

وە ئامۆژگاری بۆ نوێژ خوێنانی مزگەوت ئەوەیە تەحەمولی منداڵی بچووک بکەن ، وباهەموان هاریکار بن لەفێر کردنی منداڵ کەچۆن تەسەڕوف بکات لەمزگەوتدا .

وە پێویستە ئەوە بزانرێت تەنها دەنگی منداڵێکی بچووک یاخود حەرەکەیەک نابێت بکرێتە بیانوی ڕێگری کردن لە هاتنی منداڵ بۆ مزگەوت ، چونکە لەسەردەمی پێغەمبەردا ولەمزگەوتی ئەودا ئەو شتانە ڕووی دەدا وئیقڕاڕی دەکرد ، ونوێژی کورت دەگردەوە لەپێناو ئەو منداڵە ودایکیاندا ، بەڵام گەر زانرا زیاد ئەزیەتی نوێژ خوێنان دەدا ئەوا ڕێگری لەو منداڵە دەکرێت ونابێ بهێندرێت بۆ مزگەوت تاوەکو فێری ئادابەکانی مزگەوت دەکرێت .

سەردان: ٢,٧٧٥ بەش: ئادابەکانى مزگەوت