ڕۆژوو گرتنى کەسی نەخۆش و جۆرەکانى: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ڕۆژوو گرتنى کەسی نەخۆش و جۆرەکانى

خواى په‌روه‌ردگار به‌ میهره‌بانێتى خۆى ڕۆژوو شكاندنى بۆ نه‌خۆش به‌ ڕه‌وا داناوه‌ ، ئه‌وه‌ش ئاسانكردنه‌وه‌یه‌كه‌ بۆیان ، ئه‌و نه‌خۆشیه‌ش كه‌ ڕه‌وایه‌ ڕۆژووى تێدا بشكێنرێت ئه‌و نه‌خۆشیه‌یه‌ كه‌ له‌ گه‌ڵ ڕۆژوودا ئه‌بێته‌ هۆى زیان له‌ مرۆڤدا یان زیاد بوونى هۆكاره‌كانى نه‌خۆشیه‌كه‌ ، یان به‌بوونى ڕۆژوو چاكبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشیه‌كه‌ دوا ده‌كه‌وێ ، خواش زاناتره‌ .
نه‌خۆشی چه‌ند جۆرێكه‌ به‌م شێوه‌یه‌یی لای خواره‌وه‌ :
جۆری یه‌كه‌م : 
نه‌خۆشێك كه‌ئومێدی چاك بوونه‌وه‌ی لێ ده‌كرێت ، ئه‌م كه‌سه‌ خودا ڕوخسه‌تی داوه‌ ڕۆژوو نه‌گرێت ، به‌ڵام واجبی كردووه‌ له‌سه‌ری دواتر قه‌زای بكاته‌وه‌ ، هه‌روه‌ك خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : [ أَيَّامًا مَعْدُودَاتٍ فَمَنْ كَانَ مِنْكُمْ مَرِيضًا أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ] البقرة : 185 . واته‌ : چه‌ند ڕۆژێكی ژمێرراوی دیاریكراوه‌ (كه‌ مانگی ڕه‌مه‌زانه‌) خۆ ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ ئێوه‌ نه‌خۆش بوو یان له‌ سه‌فه‌ردا بوو با به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌ی بۆی نه‌گیراوه‌ له‌ ڕۆژانێكی تردا بیانگێڕێته‌وه‌ .
وه‌هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌ : [فَمَنْ شَهِدَ مِنْكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ وَمَنْ كَانَ مَرِيضًا أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ يُرِيدُ اللَّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلَا يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ] البقرة :185
واته‌ : هه‌ركه‌سێك له‌ ئێوه‌ مانگی ڕه‌مه‌زانی به‌سه‌ردا هات با به‌ڕۆژو بێت ، جا ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌خۆش بوو یاخود له‌سه‌فه‌ردا بوو با له‌ڕۆژان تردا بیانگێڕێته‌وه‌ .

جۆری دووه‌م :
نه‌خۆشێك كه‌ئومێدی چاك بوونه‌وه‌ی لێ ناكرێت ، به‌و پێیه‌یی دكتۆرێكی موسوڵمانی جێی سقه‌ی زیره‌ك پێی ڕاگه‌یاندووه‌، ئه‌م كه‌سه‌ خودا ڕوخسه‌تی داوه‌ ڕۆژوو نه‌گرێت و واجب نی یه‌ له‌سه‌ری به‌ڕۆژوو بێت ؛ چونكه‌ له‌توانایدا نی یه‌ ، خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : [فَاتَّقُوا اللَّهَ مَا اسْتَطَعْتُمْ] التغابن، الآية:16. 
واته‌ : به‌پێی توانا ته‌قوای خودا بكه‌ن وفه‌رمانه‌كانی به‌جێ بێنن.
وه‌هه‌روه‌ها فه‌رموویه‌تی: [ لَا يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا] البقرة 286 .واته‌ : خودا ته‌كلیفی هیچ شتێك له‌هیچ كه‌سێك ناكات كه‌ له‌توانایدا نه‌بێت .
بەڵام ئەم جۆرە نەخۆشە دەبێت فیدیە بدات بۆ هەر ڕۆژێک بریتی یە لە (یەک کیلۆ و ڕوبعێک برنج) واتە ئەگەر تەواوى مانگى ڕەمەزان نەیتوانى بەڕۆژوو بێت ئەوا (30) ڕۆژەکە دەکاتە (37.5)سی و حەوت کیلۆ و نیو برنج ، وە فیدیە بە پارە نابێت .
جۆری سێیەم : 
ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌خۆش بوو به‌ڵام نه‌خۆشیه‌كه‌ی ئاسان بوو، وه‌ به‌ڕۆژوو بوون بۆی هیچ كاریگه‌ریه‌كی له‌سه‌ر دروست نه‌ده‌كرد و ناڕه‌حه‌ت وبارگرانی نه‌ده‌كرد، ئه‌وه‌ نابێته‌ بیانوو بۆ نه‌گرتنی ڕۆژووه‌كه‌ی ،وه‌كو هه‌ڵامه‌ت.
جۆرى چوارەم  
به‌ڵام نه‌خۆشیه‌ك ئه‌گه‌ر به‌ڕۆژوو بوون قورس وگران بوو له‌سه‌ری به‌ڵام به‌ڕۆژوو بوون زه‌ره‌ری بۆ جه‌سته‌ی نه‌بوو یان نه‌بوو به‌هۆی زیادكردنی نه‌خۆشیه‌كه‌ی، ئه‌وه‌ باشتروایه‌ به‌ڕۆژوو نه‌بێ، واته‌ به‌ڕۆژوو نه‌بوونه‌كه‌ی باشتره‌ له‌ به‌ڕۆژوو بوونه‌كه‌ی.
وه‌كو خودا ده‌فه‌رمووێ: [يُرِيدُ اللَّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلَا يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ]البقرة: ١٨٥.
جۆرى پێنجەم  : 
ئه‌گه‌ر نه‌خۆشیه‌ك به‌ڕۆژوو بوون زه‌ره‌ری بۆی هه‌بوو یان بوو به‌ هۆی زیادكردنی نه‌خۆشیه‌كه‌ی، ئه‌وه‌ حه‌رامه‌ له‌سه‌ری ڕۆژوو بگرێت. 
وه‌كو خودا ده‌فه‌رمووێ: [ وَلَا تَقْتُلُوا أَنْفُسَكُمْ إِنَّ اللَّهَ كَانَ بِكُمْ رَحِيمًا] النساء

سوود وەرگیراوە لە کتێبی : (الصیام في الإسلام) لە نوسینى : شێخ سَعِيد بن عَلي بن وَهْف القَحْطَانِي - رحمه الله -
وەرگێڕانى : ستافى وەڵامەکان