ئەگەر لەسەفەردا نوێژى نیوەڕۆ و عەسرم بە قصر و جمع کردبێ و پێش بانگى عەسر گەشتمە ماڵەوە ئایا نوێژى عەسر دوبارە بکەمەوە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەگەر لەسەفەردا نوێژى نیوەڕۆ و عەسرم بە قصر و جمع کردبێ و پێش بانگى عەسر گەشتمە ماڵەوە ئایا نوێژى عەسر دوبارە بکەمەوە؟
پرسیار:

کاتێ من لەسەفەرم نوێژی نیوەڕۆ وعەسر بە قصر و جمع دەکەم و لەکاتی نیوەڕۆدا ئەنجامی دەدەم وەهەروەها نوێژی مەغریب و عیشاش بە هەمان شێوە بە قصر و جمع دەکەم و لەکاتی مەغریبدا ئەنجامی دەدەم ، جا هەندێ جار وا ڕێک دەکەوێت پێش ئەوەی بانگ بدات بۆ نوێژی دووەم  دەگەمەوە ماڵەوە ، جا ئایا نوێژەکەم دوو بارە بکەمەوە یاخود نوێژەکەم دروستە و پێویست ناکات دووبارەی کەمەوە ؟

 

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

نەخێر نوێژى عەسر دوبارە ناکاتەوە و ئەو کارەى دروستە ، بەڵام گەر زانی یاخود گومانێکی زۆری هەبوو پێش نوێژی عەسر دەگاتەوە ماڵ ، ئەوا باشتر وایە نوێژەکە جەمع نەکات ؛ چونکە لەو حاڵەتەدا هیچ پێویستیەک بۆ جەمع کردن نی یە .
وە زانایان دەفەرموون : لە حاڵەتێکدا نوێژەکە دوبارە دەکاتەوە ئەگەر گومانى خراپی پێ برا ، بۆ نموونە کەسانێک نازانن کە ئەم لەسەفەر بووە و نوێژی جمع کردوە و دەیبینن کە نایات بۆ مزگەوت گومانى خراپی پێ دەبەن ، جا بۆ دوور خستنەوەى گومان لەسەر خۆى و خەڵکیش دەفەرمون باشترە نوێژەکە دوبارە بکاتەوە .

بێگومان یەکێک لەڕوخسەتەکان کەتایبەتن بەنوێژی سەفەرەوە نوێژ کۆ کردنەوەیە لەنێوان نوێژی نیوەڕۆ وعەسردا و هەروەها لەنێوان نوێژی مەغریب وعیشادا جا نوێژى عەسر بهێنیتە لاى نیوەڕۆ یاخود بەپێچەوانەوە وەهەروەها نوێژی عیشا بهێنیتە لاى نوێژى مەغریب یاخود بەپێچەوانەوە هەر دروستە .

بەڵام پێغەمبەر صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بەردەوام لەهەموو سەفەرەکانیدا نوێژی جەمع نەدەکرد ، بەڵکو هەندێ جار جەمعی دەکرد ، هەروەک هەندێ جاریش جەمعی نەدەکرد ، وهەموو نوێژێکی لەکاتی دیاری کراوی خۆیدا دەکرد .

هەر بۆیە زانایان دەڵێن :
باشتر وایە کەسی موسافیر نوێژ جەمع نەکات مەگەر پێویستی پێ هەبێت وەک ئەوەی لەسەری قورس بێت هەموو نوێژکانی لەکاتی خۆیدا بکات ، هەرچەند ڕووخسەت دراوە بەجەمع کردن لەهەموو سەفەرێک دا بەبێ جیاوازی .
بڕوانە : "المغني" (3/131) ، "الشرح الممتع" (4/550-553) .

جا هەر کەسێک سەفەری کرد ئەوا دەتوانێت نوێژ جەمع بکات ، هەرچەند بزانێت دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ پێش هاتنی نوێژی دووەم یاخود دوای هاتنی کاتی نوێژی دووەم ؛ چونکە بەڵگەکان بەڵگەن لەسەر ئەوەی دروستە موسافیر نوێژ جەمع بکات مادام لەسەفەردایە .

وەئیمامی النووي رحمه الله لە "المجموع" (4/180) دا ، باسی جیاوازی زانایانی کردووە کە دابەش بوونە بۆ دوو بۆچوون :
کاتێ کەسێک دوو نوێژی جەمع کرد (۱) بەشێوەیەک نوێژی دووەمی هێنا بۆ لای نوێژی یەکەم پاشان گەشتەوە ماڵ ، ئایا نوێژ جەمع کردنەکەی بەتاڵ دەبێتەوە وپێویست دەبێت لەسەری نوێژى دووەم دوو بارە بکاتەوە کەهێشتا کاتی ماوە یاخود نا ؟
بۆ نمونە : لەسەفەردا نوێژی عەسر بێنێت بۆ لای نوێژی نیوەڕۆ و پاشان پێش ئەوەی بانگی عەسر بدات بگاتەوە ماڵەوە .

پاشان ئیمامی النووي رحمه الله دەڵێت :
بۆچونی ڕاست وڕاجح ئەوەیە کە نوێژ جەمع کردنەکەی بەتاڵ نابێتەوە ، هەروەک ئەوەی لەسەفەردا نوێژەکەی کورت کردبێتەوە پاشان بگاتەوە جێگای خۆی اهـ بتصرف يسير.

وە ابن قدامة رحمه الله لە "المغني" (3/140)دا ، دەڵێت :
گەر دوو نوێژی کرد لەکاتی یەکەمیاندا ، پاشان دوای تەواو بوونی نوێژەکە عوزرەکە نەما پێش ئەوەی کاتی نوێژی دووەم بێت ، ئەوا نوێژەکەی دروستە ، و واجب نی یە لەسەری نوێژی دووەم دووبارە بکاتەوە لەکاتی دیاری کراوی خۆیدا ؛ چونکە نوێژەکەی درووستە وبەدروستی ئەنجامی داوە وهیچی لەسەر نەماوە .

وەهەروەها چونکە ئەو لەکاتی هەبوونی عوزردا نوێژەکەی کردووە ، بۆیە دواتر بەنەمانی عوزرەکە بەتاڵ نابێتەوە ، وەک ئەو کەسەی بەتەیەموم نوێژ بکات بەڵام دوای ئەوەی نوێژەکەی تەواو دەکات ئاوی دەس کەوێت" اهـ .

وەپرسیار کراوە لە الشيخ ابن عثيمين رحمه الله لەبارەی کەسێک کەلەسەفەردایە نوێژی نیوەڕۆ وعەسری لەکاتی نیوەڕۆدا کردووە، لەکاتێکدا ئەو دەزانێت پێش ئەوەی بانگی عەسر بدات دەگاتەوە ماڵ ئایا ئەو کارە دروستە ؟

لەوەڵامدا گوتوویەتی :
بەڵێ ، ئەو کارە دروستە ، بەڵام گەر زانی یاخود گومانێکی زۆری هەبوو پێش نوێژی عەسر دەگاتەوە ماڵ ، ئەوا باشتر وایە نوێژەکە جەمع نەکات ؛ چونکە لەو حاڵەتەدا هیچ پێویستیەک بۆ جەمع کردن نی یە . اهـ. "مجموع فتاوى ابن عثيمين" (15/422) .

وە شێخ سلیمان الرحیلی سەبارەت بەم باسە دەڵێ : 
ئەگەر ویستى لێ بێ نوێژى عەسر دوبارە بکاتەوە ئەوا ڕێگرى لێ ناکرێ بەڵام داواى لێ ناکرێت دوبارەى بکاتەوە لە یەک حاڵەتدا نەبێت باشترە دوبارەى بکاتەوە کە ئەویش :
 زانایان دەفەرمون :
ئەگەر گومانى خراپی پێ برا دروستە نوێژەکە دوبارە بکاتەوە ، بۆ نموونە کەسانێک نازانن کە ئەم لەسەفەر بووە و نوێژی جمع کردوە و دەیبینن کە نایات بۆ مزگەوت گومانى خراپی پێ دەبەن ، جا بۆ دوور خستنەوەى گومان لەسەر خۆى و خەڵکیش زانایان دەفەرمون باشترە نوێژەکە دوبارە بکاتەوە .
(صفية) كچی (حُييَّ) (خوای لێ ڕازی بێت) کە خێزانى پێغەمبەرى خوایە ده‌ڵێ: پێغه‌مبه‌ر صلی الله عليه وسلم له‌ (إعتكاف)دا بوو، شه‌وێك هاتمه‌ خزمه‌تی و سه‌ردانم كرد و، له‌گه‌ڵیدا دوام، پاشان هه‌ستام بگه‌ڕێمه‌وه‌ ئه‌ویش له‌گه‌ڵمدا هه‌ستا ڕه‌وانه‌م بكات دوو پیاوی (أنصار)ی تێپه‌ڕین، هه‌ر كه‌ پێغه‌مبه‌ریان (صلی الله عليه وسلم) بینی په‌له‌یان كرد، پێغه‌مبه‌ر صلی الله عليه وسلم فه‌رمووی: (عَلَى رِسْلِكُمَا ، إِنَّمَا هِيَ صَفِيَّةُ بِنْتُ حُيَيٍّ ) واتە (له‌سه‌ر خۆتان، ئه‌وه‌ (صفية)ی كچی (حُیَّی) ئه‌وانیش وتیان: سبحان الله ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا! (جه‌نابت جێی گومان بیت) فه‌رمووی: (له‌ڕاستیدا شه‌یتان وه‌ك خوێن به‌له‌شتاندا ده‌گه‌ڕێ، منیش ترسام له‌وه‌ كه‌گومانێكی خراپ بخاته‌ دڵه‌كانتانه‌وه‌).

بۆیە زانایان لەم فەرمودەیەوە ئەو عاقیدەیان دەرهێناوە کە موسڵمان دەبێ گومان لەسەر خۆى لابدات و بۆ پاراستنى خۆى و ڕەحمەتێکیش بۆ ئیمانداران .

جا ئەگەر ئەو کەسە ترسا لەوەى کە خەلکى گومانى خراپی پێ دەبەن کە نایات بۆ نوێژى جەماعەت بەتایبەت ئەگەر کەسەکە ئیمامی مزگەوت بوو یان فێرخوازى زانستى شەرعى بوو یان کەسێک بوو کە دەبینرا لەنێو خەڵکى دا ئەوا باشترە بۆى کە نوێژەکە دوبارە بکاتەوە .

 

والله تعالى أعلم .

سەردان: ٦,٤٦١ بەش: نوێژ