دروستە لە ڕۆژی ژن هێنان یاخود شوو کردندا نوێژەکان جەمع بکرێ بەهۆی سەرقاڵ بوون بەخۆ ڕازاندنەوە و بەڕێکردنی میوان ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
دروستە لە ڕۆژی ژن هێنان یاخود شوو کردندا نوێژەکان جەمع بکرێ بەهۆی سەرقاڵ بوون بەخۆ ڕازاندنەوە و بەڕێکردنی میوان ؟

لەشەریعەتی ئیسلامدا ئەسڵ وایە و واجبە نوێژ لەکاتی خۆیدا بکرێت ، بەبەڵگەی ئەم ئایەتە پیرۆزە : ( إِنَّ الصَّلَاةَ كَانَتْ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ كِتَابًا مَوْقُوتًا ) النساء/103 .
واتە : نوێژ لەسەر باوەڕداران واجب کراوە لەکات و ساتی دیاری کراودا .
بەڵام بەنیسبەت جەمع کردنەوە لەنێوان نیوەڕۆ و عەسر یاخود مەغریب و عیشادا ، ئەوا لەکاتی هەبوونی ئەو عوزرانەدا دروستە کە زانایان ڕونیان کردۆتەوە ، لەوانە : سەفەر ، نەخۆشی ، ترس ، باران ، وهەر شتێک کە مەشەقەتی تێدا بێت و ببێتە هۆی ئیزعاجی .
شێخ ابن عثيمين ـ رحمه الله ـ دەڵێت :
"حوکمی جەمع کردن پەیوەستە بەمەشەقەتەوە "لقاءات الباب المفتوح" .
جا سەرقاڵ بوون بەخۆ ڕازاندنەوە و بەڕێکردنی میوان ، نابێتە عوزر بۆ جەمع کردن ؛ چونکە دەتوانرێت ئەو مەشەقەتە لاببرێت بەپێش خستنی خۆڕازاندنەوە یاخود دواخستنی یاخود زۆر خۆ خەریک نەکردن پێوەی یاخود بەچەند جارێک خۆی بڕازێنێتەوە بەشێوەیەک بتوانێت نوێژەکەی ئەنجام بدات ، یاخود دەتوانی (جەمعی صوەری) بکات کە ئەویش بریتی یە لەوەی یەکێک لەنوێژەکان لەکۆتا کاتیدا ئەنجام بدات ، پاشان ئەو نوێژەی دوای ئەوە لەیەکەم کاتیدا ئەنجام بدات ، بۆ نموونە : نوێژی نیوەڕۆ دوا بخات بۆ کۆتا کاتی پاشان یەکسەر نوێژی عەسر بکات کاتێک کەکاتی هات .
وە ئامۆژگاری ئافرەتان دەکەم کەزیادە ڕەوی نەکەن لەخۆ ڕازاندنەوەدا ، چونکە ئاسانترە ، ودووریان دەخاتەوە لەتوڕە بوونی خودا و بێ فەرمانی شەرع ، ودەبێتە هۆی بەرەکەت دار بوونی زەواج .
والله أعلم .

سەردان: ٣,٤٧٠ بەش: نوێژ