لەگەڵ خێزانم دەستبازی بکەین و لەشمان گران بێ ئایا ئەو جلانەی لەبەرماندایە بێ نوێژ دەبن؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
لەگەڵ خێزانم دەستبازی بکەین و لەشمان گران بێ ئایا ئەو جلانەی لەبەرماندایە بێ نوێژ دەبن؟
پرسیار:

ئەگەر لەگەڵ خێزانم یارى و دەستبازی بکەین و لەشمان گران بێ ئایا ئەو جلانەی لەبەرماندایە بێ نوێژ دەبن و پێویستە دەکات بیان شۆین؟ وە ئەو شتانەى کە لە پێشى ئینسانەوە دەردەچن چەند جۆرن و حوکمەکانیان چۆنە؟

ئەوەى کە لە پێشى ئینسانەوە دەردەچێت چوار شتە : (مەنى ، مەزی ، وەدی ، میز)
یەکەم : مەنى :
مەنی پیاو بریتیە لە ئاوێکی خەستی سپی ، وە مەنی ئافرەتان بریتیە لە ئاوێکی زەردی شل ، وە لە پاش ئەو ئاوەوە خاوو بوونەوەیەک بە لەشیدا دێت، چونکە بە دەرچوونی ئەو ئاوە شەهوەت دادەمرکێت، وە ئەو ئاوە بۆنێکی هەیە وەکو بۆنی موتوربە یاخوود بۆنی هەویر وایە. بە هاتنە دەرەوەی خۆشۆردن پێویست دەبێت بەڵام پاكە و پیس نى یە بۆیە ئەگەر بەر جلكانی كەوت پیس نابێت نە ئەو جلەی كە ئاوەكەی بەر كەوتووە نە ئەوانەی تریش كە لەبەرتدا بووە.
بەڵام چاكتر وایە ئەگەر جلكە تەڕ بێت ئەوا تەنها ئەو شوێنە بشۆریت كە ئاوەكەی بەر كەوتووە، بەڵام ئەگەر ئاوەكە وشك بووبێتەوە ئەوا تەنها دەتوانیت بیپرێنیت و جلەكە بهێنیت بە یەكدا بۆ ئەوەی بوەرێت، بە بەڵگەی ئەم فەرموودەیە:
(عائشە)ی خێزانی پێغەمبەر خوای لێ ڕازی بێت فەرموویەتی: ((كنتُ أفرك الـمني من ثوب رسول الله ثُمَّ يذهب فيصلي به)) متفق عليه.
واتە: من ئاوی (مەنی)م دەپراند لە جلەكەی پێغەمبەردا ئەنجا دەڕۆیشت و نوێژی پێوە دەكرد.
هەروەها (سلیمان بن یسار) فەرموویەتی پرسیارم كرد: (عائشە)ی خێزانی پێغەمبەر خوای لێ ڕازی بێت دەربارەی (مەنی) كە بەر جل دەكەوێت ئەویش وتی: ((كنت أغسله من ثوب رسول الله فيخرج إلى الصلاة وأثر الغسل في ثوبه بقع الماء)).
واتە: من ئاوی (مەنی)م دەشوشت لە جلەكەی پێغەمبەردا ئەنجا دەردەچوو بۆ نوێژ و شوێنەواری دۆڵپە ئاوەكە بە جلەكەیەوە دیار بوو.
كەواتە ئەگەر وشك بوو ئەوا دەیپرێنیت، وە ئەگەر تەڕ بوو ئەوا دەیشۆیت.
وە هەر جلێك بە لەش گرانی لە بەر بكرێت پیس نابێت و هیچ پێویست ناكات بیشۆیت، بۆیە پێویست ناكات دوای خۆ شوشتن بیگۆڕیتەوە بە جلێكی تر.
دووەم :مەزی :
ئاوێكى سپى لینجە لە كاتى بیركردنەوە لە جووتبوون یان كاتى دەستبازى لەگەڵ ئافرەتاندا دادەبەزێ زۆرجار مرۆڤ هەست بە دەرچوونى ناكات لە پیاوان و ئافرەتانیشدا هەیە بەڵام لاى ئافرەتان زۆرترە ، جا (مذي) پیسە بە ئیتیفاقى زانایان بەڵام لەشگران ناكات واتە غوسڵ واجب نابێت
سێیەم : وەدی :
ئاوێكی سپی خەستی ـ لینجە ـ كە ڕاستەوخۆ لە پاش میزكردنەوە دەردەچێت .
حوكمەكەی ئەوەیە كە پیسە وەك میز، بۆیە دەبێت خۆت پاك بكەیتەوە لێی وەك چۆن خۆت لە میز پاك دەكەیتەوە لە پاش میزكردن، وە ئەگەر بەر جلی ناوەوەت كەوت ئەوا تەنها ئەو جێگایە دەشویت كە بەری كەوتوە، وە بە دەرچوونی ئەم ئاوە لەش گران نابێت، بۆیە پێویستی بە خۆشۆردن و غوسل كردن نى یە.
چوارەم : میز :
کە ئەمەش پیسە لەبەر فەرموودەكەی (أنس رضی الله عنە) :
((أَنَّ أَعْرَابِيَّاً بَالَ فِي الْمَسْجِدِ ، فَقَامَ إِلَيْهِ بَعْضُ الْقَوْمِ ، فَقَالَ رَسُولُ اللَّهِ : "دَعُوهُ وَلا تُزْرِمُوهُ " ، قال : فَلَمَّا فَرَغَ دَعَا بِدَلْوٍ مِنْ مَاءٍ فَصَبَّهُ عَلَيْهِ)) متفق عليه
واتە : پیاوێكی دەشتەكی لە نێو مزگەوتدا میزی كرد ، بۆیە هەندێك لە خەڵكەكە بۆی هەستان ، پێغەمبەری خوایش () فەرمووی : وازی لـێ‌بێنن و میزەكەی پێ‌مەبڕن ، (أنس) وتی : جا كاتێك لـێ‌بووەیەوە داوای سەتڵێك ئاوی كرد و كردی بەسەریدا .

ئەم پرسیارە لە لایەن (مامۆستا محمد عبد الرحمن) ە وە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٢٦,٤٥٨ بەش: شتە پیسەکان و پاککردنەوەیان