ڕەمەزان عومرە کردن :: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ڕەمەزان عومرە کردن :

حەتمەن عیبادەت کردن لەمانگی ڕەمەزاندا چێژی تایبەتی خۆی هەیە ، کەسانی باوەڕداری ڕاستگۆ هەستی پێ دەکەن ، ئەوانەی کەچاوەڕێی ئەوەن خوای پەروەردگار لێیان ببوورێت ، وپاداشتیان بداتەوە ، بۆیە لێرەوە دەبینی موسوڵمانان پێشبڕکێ دەکەن لەئەنجامدانی کاری خێر وچاکەدا وجۆرەها عیبادەت ئەنجام دەدەن بەفەرز وسوننەتەوە ..
جا یەکێک لەو عیبادەتانە عومرە کردن وسەردانی کردنی ماڵی خودایە لەمانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا ؛ چونکە لەڕەمەزاندا خێرێکی هەیە لەهیچ مانگێکی تردا ئەو خێرەی نی یە بەشێوەیەک خێری حەجێی هەیە:
عبداللەی کوڕی عەباس خوا لێیان ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە ودەڵێت :((فإذا جاء رمضان فاعتمري. فإن عمرة فيه تعدل حجة))(1).
واتە: بەئافرەتێکی فەرموو (کەنەیتوانیبوو حەجی لەگەڵ بکات) و هەرکات ڕەمەزان هات ئەوا عومرەیەک بکە ، عومرە کردن لەمانگی ڕەمەزاندا خێری حەجێکی هەیە.
( ابن حجر ) ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت : (فالحاصل أنه أعلمها أن العمرة في رمضان تعدل الحجة في الثواب)(2).
واتە: وەلحاسڵ فێری کرد کە عومرە کردن لەڕەمەزاندا خێری حەجێکی هەیە .
وە گەر حەجی وەرگیراو هیچ پاداشتێکی نەبێت جگە لەچوونە بەهەشت ، وکاتێ دەگەڕێتەوە کاری خراپە وفیسق وقسەی ناشیرین نەکات ، ئەوا بەشێوەیەک لەتاوان پاک دەبێتەوە وەک ئەو ڕۆژەی کەلەدایک بووە ، وکەسی عومرەکاریش لەمانگی ڕەمەزاندا هەمان خێر وپاداشتی دەست دەکەوێت ، وفەزڵ ومیهرەبانی خودا زۆر فراوان وبێ ئەندازەیه.
وە عومرە بۆ عومرەیەکی تر دەبێتە کەفارەتی تاوانەکانی نێوانیان :
ئەبو هورەیرە خوای لێ ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: پێغەمبەری خوا فەرمووی: ((العمرة إلى العمرة كفارة لما بينهما))(3).
واتە: عومرەیەک بۆ عومرەیەکی تر دەبێتە کەفارەتی تاوانەکانی نێوانیان .
بۆیە هەرکات موسوڵمان ئەم عیبادەتەی ئەنجام دا لەکاتی سەفەر وناڕەحەتی دا ، وتەنها نیەتی خودا بێت ، وچاوەڕێ پاداشت بێت لەخودا ، وترسی سزای خودای هەبێت ئەوا بەویستی خوا ئەوەی دەست دەکەوێت کەئومێدی پێیەتی.
---------------
(1) رواه البخاري (1782)، ومسلم (1256).
(2) ((فتح الباري)) لابن حجر (3/604).
(3) رواه البخاري (1773)، ومسلم (1349).

سەردان: ٥٢٨