ئایا دروستە بە خەسووت بڵێی دایکە یان بە خەزورت بڵێى باوکە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا دروستە بە خەسووت بڵێی دایکە یان بە خەزورت بڵێى باوکە؟

 ئەم کارە هیچی تێدانیە، چونکە ئەمە لە عورفی خەڵکدا وەکو رێزگرتن دەوترێت، نەک وەکو ڕەچەڵەک دانە پاڵ و نەسەب گۆڕین، بەڵام ئەگەر ئەو کارە ببێتە هۆی ئەوەی کە گومان لای خەڵک دروست بکات ( گومانی دایکێتی ، یان باوکێتى ) ، ئەوا نابێت و دروست نیە بە ( دایکە یان باوکە ) بانگی بکەیت، ئەگەر چی لە وڵاتانی ئێمەدا ئەو گومانە دروست نابێت، چونکە ئێمە جاری وا هەیە بە پیرەمێردێک دەڵێین ( مامە ) کە لە ڕاستیدا مامی ئێمەش نیه و مامی میراتگر نیە، ئەمەش لە فەرمودەدا سەلمێنراوە له عبد الرحمن بن عوف رضى الله عنه کاتێک کە معاذی کوڕی عفراء لە جەنگی ( بدر ) دا هاتە لای و لێی پرسی: مامە، کامە ئەبو جەهله؟ وەک ڕوونیشه کە پێغەمبەری خوا () ئینکاری ئەو کارەی لێ نەکردوون ، وە ئەم کارەش هەرگیز ناچێتە ژێر ڕەچەڵەک دانەپاڵ جگە لە باوک، بەڵکو جۆرێکە لە ڕێزگرتن، هەر بۆیە هیچی تێدا نیە إن شاء الله، خوای گەورەش شارەزاترە .

وە سەبارەت بەو فەرمودەیەى کە پێغەمبەری خودا () کە دەفەرموێت : (هەر کەسێک خۆی بداتە پاڵ کەسێک و بەباوکی خۆی دابنێت لەکاتێکدا دەزانێت ئەوە باوکی نیە ، ئەوا بەهەشتی لەسەر حەرامە) .
زانای پایەبەرز (ابن بطال) دەربارەی ئەم فەرموودەو فەرموودە هاوماناکانی دیکە دەفەرموێت :
مەبەست لەو فەرموودە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە خۆیان نیسبەت دەدەنە پاڵ کەسێکی دیکە جگە لەباوکیان بەویست و ئارەزوو عیلم و هەڵبژاردنی خۆیان .

وە شێخ عبدالعزيز بن عبدالله بن باز رحمه الله کاتێک ئەم پرسیارەى لێ دەکەن :
ئایا بە باوک و دایکی خێزان دەوترێ چی ؟ لەبەر ئەوەی لەم سەردەماندا هەندێ کەس دەبینین بە باوکی خێزانیان دەڵێن خاڵۆ و بەدایکی خێزانیشیان دەڵێن میمک یان پوور ؟
لەوەڵامدا دەفەرموێ :  
هیچ نازانم و نەبیستوە لە سونە لەو بارەیەوە ــ بەڵکو ئەمە تایبەتە بە دابونەریتی خەڵکی و جیاوازە: هەندێ کەس بە باوکی خێزانیان دەڵێن خاڵۆ و بە دایکی خێزانیشیان دەڵێن پوورێ یان میمک ــ وە هەندێکیش بەدایکی خێزانیان دەڵێن ئامۆژن و بە باوکی خێزانیشیان دەڵێن مامە و ئەوەی هەیە لەم بارەوە کە ئەم کارە کارێکی ئاسایی و ئاسانە و هیچی تیانیە چونکە لە بابەتی عورف و دابونەریتە.
وە دەکرێ بە هەرناوێکی تر بانگ بکرێن وەک خزم و خەزوور و خەسوو چونکە ئەوانیش خزمن لە ڕووی ژن و ژنخوازیەوە ــ بەڵام لەڕووی دابونەریتی خەڵکەوە شتێکی ئاساییە کە دایک و باوکی خێزان بەهەر ناوێک لەو ناوانە بانگ بکرێن و هیچ تاوان و ڕێگریەکی تیانیە إن شاء الله
" فتاوى نور على الدرب _ شريط رقم: 416"

سەردان: ٦,٥١٦ بەش: ژنهێنان و خێزان