ئایا چى بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ئیمان و باوه‌ڕمان به‌هێز بكه‌ین؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا چى بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ئیمان و باوه‌ڕمان به‌هێز بكه‌ین؟

بەناوى خواى بەخشەندەو میهرەبان
سەرەتا با بزانین پێناسه‌ى باوه‌ڕ (الإيمان) چیە؟
باوه‌ڕ دوو پێناسه‌ى هه‌یه‌
یه‌كه‌میان له‌ (زمانه‌وانیدا)، دووه‌میان له‌(شه‌رعدا).
یه‌كه‌م: له‌ زمانه‌وانیدا: الإِيْمَانُ: التصديق، باوه‌ڕ: واته‌: به‌ڕاست دانان و باوه‌ڕ پێكردن
دووه‌م: له‌ شه‌رعدا: الإِیْمَانُ: واته‌: باوه‌ڕ هێنان به‌ خواى په‌روه‌ردگار، وه‌ به‌ فریشته‌كان وكتێبه‌ ئاسمانییه‌كان و پێغه‌مبه‌ران، وه‌ باوه‌ڕبوون به‌ به‌هه‌شت و جه‌هه‌نم و ته‌رازوو، وه‌ باوه‌ڕبوون به‌ زیندوو بوونه‌وه‌ له‌دواى مردن وه‌ باوه‌ڕ بوون به‌ قه‌زاو قه‌ده‌ر خێرو شه‌ڕى.
ئایا چى بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ باوه‌ڕمان به‌هێز بكه‌ین؟؟
یه‌كه‌م: پاڕانه‌وه‌ له‌ خواى په‌روه‌ردگار:
هاوه‌ڵى خۆشه‌ویست (عبد الله بن عمرو بن العاص) ئه‌فه‌رمووێت: پێغه‌مبه‌رى خوا فه‌رموویه‌تى: به‌ دڵنیای باوه‌ڕ به‌رده‌وام نابێت له‌لاشه‌تانداو ده‌رزێت (واته‌: كه‌م ده‌كات، یان نامێنێت) وه‌ك چۆن پۆشاكێك به‌رده‌وام نابێت وده‌رزێت، جا كه‌وایه‌ داوا بكه‌ن له‌ په‌روه‌ردگارتان باوه‌ڕه‌كه‌تان بۆ نوێ بكاته‌وه‌،
دووه‌م: شه‌ونوێژ:
بێگومان شه‌و نوێژ چاكترین و باشترین نوێژه‌ له‌دواى فه‌رزه‌كان، هاوه‌ڵى خۆشه‌ویست (أَبِي هُرَيْرَةَ) رضي الله عنه ئه‌فه‌رمووێت: پێغه‌مبه‌رى خوا فه‌رموویه‌تى: (أَفْضَلُ الصَّلاَةِ بَعْدَ الصَّلاَةِ الْمَكْتُوبَةِ الصَّلاَةُ فِى جَوْفِ اللَّيْلِ)
واته‌: باشترین نوێژ له‌دواى فه‌رزه‌كان بریتییه‌ له‌ شه‌ونوێژ، وه‌هۆكارێكیشه‌ بۆ زیاد بوونى باوه‌ڕ، وه‌ هاوه‌ڵى خۆشه‌ویست (أَبِي أُمَامَةَ رضي الله عنه ئه‌فه‌رمووێت: پێغه‌مبه‌رى خوا فه‌رموویه‌تى: شه‌ونوێژ زۆر بكه‌ن چونكه‌ له‌خوو ڕه‌وشتى پیاوچاكانى پێش ئێوه‌یه‌، وه‌به‌ ئه‌نجامدانى نزیك ئه‌بنه‌وه‌ له‌په‌روه‌ردگار، وه‌ڕێگره‌ بۆ تاوان و سه‌رپێچى، وه‌هۆكارێكیشه‌ بۆ لێخۆش بوونى تاوان.
سێ یه‌م: تێگه‌یشتن وبیر لێكردنه‌وه‌ له‌ ناوه‌ جوانه‌كانى خواى په‌روه‌ردگار:
بێگومان تێگه‌یشتن له‌ناوه‌ جوانه‌كانى خواى په‌روه‌ردگار باوه‌ڕ زیاد ئه‌كات و ڕێگریشه‌ بۆ تاوان و سه‌رپێچى، بۆنموونه‌ كاتێك مرۆڤى باوه‌ڕدار بیر له‌ (الرَّقِيب) ئه‌كاته‌وه‌ ئه‌وا ئه‌زانێت كه‌ خواى په‌روه‌ردگار چاودێره‌ به‌سه‌ر به‌نده‌كانییه‌وه‌ ئاگاداره‌ به‌هه‌موو ئه‌و كارو كردارانه‌ى كه‌ئه‌نجامى ئه‌دات، وه‌هیچ شتیك له‌ په‌روه‌ردگار بزر نابێت، یان (الرَّزَّاق) ئه‌وا ئه‌زانێت كه‌ خواى په‌روه‌ردگار به‌نده‌كانى دروست كردوه‌و ڕۆزى هه‌موویانى دابین كردووه‌.
چواره‌م: قورئان خوێندن و بیر لێكردنه‌وه‌و به‌تێگه‌یشتن لێى:
قورئان خوێندن و بیر لێكردنه‌وه‌ى هۆكارێكى سه‌ره‌كییه‌ بۆ زیاد بوونى باوه‌ڕ، وه‌خواى په‌روه‌ردگار به‌نده‌كانى ئاگادار كردۆته‌وه‌ كه‌ تێگه‌یشتنیان هه‌بێت بۆ قورئان:[ أَفَلاَ يَتَدَبَّرُونَ الْقُرْآنَ ] [النساء : 82] . واته‌: ئایا بۆ بیرناكه‌نه‌وه‌ له‌قورئان، بێگومان باوه‌ڕدار به‌هۆى تێگه‌یشتنه‌وه‌ چه‌ندین خێرو چاكه‌ى ده‌سگیر ئه‌بێت، وه‌ دوریش ئه‌بێت له‌ تاوان و سه‌رپێچى، زاناى پایه‌ به‌رز (عبدالرحمن بن ناصر السعدي) (ڕه‌حمه‌تى خواى لێ بێت) ئه‌فه‌رمووێت: گه‌وره‌ترین هۆكار كه‌ باوه‌ڕ به‌هێز و زیاد بكات بریتییه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌ و تێگه‌یشتن له‌قورئانى پیرۆز .
پێنجه‌م: بیركردنه‌وه‌ له‌دروست بوونى جیهان:
بیركردنه‌وه‌ له‌ دروست بوونى ئاسمانه‌كان و زه‌وى و ئه‌وه‌ى كه‌تێیدایه‌ له‌بونه‌وه‌رى جۆراو جۆر وه‌خودى مرۆڤه‌كان، وه‌ چۆنێتى ده‌ستورو یاساى به‌ڕێوه‌بردنى ژیانیان هۆكارێكه‌ بۆ زیاد بوونى باوه‌ڕ، چونكه‌ هه‌موویان به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر گه‌وره‌یى و به‌توانایى خواى په‌روه‌ردگار: [ وَاللَّهُ خَلَقَ كُلَّ دَابَّةٍ مِنْ مَاءٍ ۖ فَمِنْهُمْ مَنْ يَمْشِي عَلَىٰ بَطْنِهِ وَمِنْهُمْ مَنْ يَمْشِي عَلَىٰ رِجْلَيْنِ وَمِنْهُمْ مَنْ يَمْشِي عَلَىٰ أَرْبَعٍ ۚ يَخْلُقُ اللَّهُ مَا يَشَاءُ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ] واته‌: په‌روه‌ردگار هه‌موو زینده‌وه‌رێكى له‌ ئاو دروستكردووه‌ جا هه‌ندێكیان له‌سه‌ر سكیان ئه‌ڕۆن وه‌ك خشۆكه‌كان (مار...هتد) وه‌هه‌ندێكیان له‌سه‌ر دووپێ ئه‌ڕۆن وه‌ك (مرۆڤه‌كان) وه‌زۆرێك له‌ (باڵنده‌كان) وه‌هه‌ندێكى تریشیان له‌سه‌ر چوار پێ ئه‌ڕۆن وه‌ك (مانگا، مه‌ڕ، بزن... هتد) وه‌خواى په‌روه‌ردگار چى بوێت دروستى ئه‌كات، وه‌دڵنیابن په‌روه‌ردگار ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر هه‌موو شتێكدا هه‌یه‌.
هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌رى خوا فه‌رمانى به‌هاوه‌ڵه‌كان كردووه‌ كه‌بیر له‌ به‌دیهێنراوه‌كانى په‌روه‌ردگار بكه‌نه‌وه‌، (ابْنِ عَبَّاس رضي الله عنهما ئه‌فه‌رمووێت: پێغه‌مبه‌رى خوا فه‌رموویه‌تى: (تَفَكَّرُوا فِي خَلْق الله) .واته‌: بیربكه‌نه‌وه‌ له‌به‌دیهێنراوه‌كانى خواى په‌روه‌ردگار.
شەشەم : زۆر یاد كردنى خواى په‌روه‌ردگار:
زۆر یادكردنى خواى په‌روه‌ردگار تۆوى باوه‌ڕ له‌ناو دڵدا ئه‌چێنێت، وه‌هه‌ر كاتێك مرۆڤى باوه‌ڕدار یادى خوا بكات ئه‌وا باوه‌ڕى به‌هێز ئه‌بێت، هه‌روه‌ك چۆن باوه‌ڕ په‌یوه‌سته‌ به‌یادى په‌روه‌ردگاره‌وه‌، وه‌ بێگومان هه‌ر كه‌سێك خواى په‌روه‌ردگارى خۆش بوێت ئه‌وا زوو زوو یادى ئه‌كات، وه‌یادكردنى خواى په‌روه‌ردگار ته‌نها بریتى نییه‌ له‌و ویردانه‌ى كه‌ له‌ دواى نوێژه‌ فه‌رزه‌كان ئه‌خوێنرێت، به‌ڵكو ئه‌نجامدانى قورئان خوێندن و به‌ ڕۆژوو بوون و دانیشتن له‌گه‌ڵ پیاوچاكاندا . هاوه‌ڵى خۆشه‌ویست (مُعَاذبْنِ جَبَل) رضي الله عنه ئه‌فه‌رمووێت: پێغه‌مبه‌رى خوا فه‌رموویه‌تى: (مَا عَمِلَ آدَمِىٌّ عَمَلاً قَطُّ أَنْجَى لَهُ مِنْ عَذَابِ اللَّهِ مِنْ ذِكْرِ اللَّهِ). واته‌: باوه‌ڕدار هیچ كرده‌وه‌یه‌ك ناكات كه‌ ڕزگار كه‌رى بێت له‌سزاى خواى په‌روه‌ردگار به‌ ئه‌ندازه‌ى یادكردنى په‌روه‌ردگار.
وه‌یادكردنى خواى په‌روه‌ردگار لێخۆشبوون و پاداشتى گه‌وره‌ى تێدایه‌، خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رمووێت: [ وَالذَّاكِرِينَ اللَّهَ كَثِيراً وَالذَّاكِرَاتِ أَعَدَّ اللَّهُ لَهُم مَّغْفِرَةً وَأَجْراً عَظِيماً ] [ الأحزاب: 35 .]
وه‌بێگومان هه‌ر كاتژمێرێك به‌سه‌ر ئاده‌میزاددا بڕوات و یادى خواى تێدا نه‌كرد بێت ئه‌وا په‌شیمانى له‌دوایه‌، دایكى باوه‌ڕداران (عَائِشَة) ئه‌فه‌رمووێت: پێغه‌مبه‌رى خوا فه‌رموویه‌تى: (مَا مِنْ سَاعَةٍ تَمُر بِابن آدَم لَمْ يَذْكُرْ اللَّه فيَها إلا حَسَرَ عَلَيْهَا يَوْمَ الْقِيَامَةِ): هیچ كاتژمێرێك نییه‌ كه‌ به‌سه‌ر ئاده‌میزادا تێ ئه‌په‌ڕێت و یادى خواى په‌روه‌ردگارى تێدا نه‌كردبێت ئه‌وا بۆى ئه‌بێته‌ په‌شیمانى و نه‌دامه‌تى له‌ڕۆژى دوایدا.
حەوتەم: ترس له‌ خواى په‌روه‌ردگار:
به‌دڵنیاییه‌وه‌ ترسان له‌خواى په‌روه‌ردگار هۆكارێكه‌ بۆ زیاد بوونى باوه‌ڕ، چونكه‌ هه‌ر كه‌سێك له‌په‌روه‌ردگارى بترسێت ئه‌وا له‌قه‌ده‌غه‌ لێكراوه‌كانى دوور ئه‌كه‌وێته‌وه‌، وه‌هه‌ر كه‌سێكیش له‌ قه‌ده‌غه‌ لێكراوه‌كان دوور بكه‌وێته‌وه‌ ئه‌وا باوه‌ڕه‌كه‌ى زیاد ئه‌كات، به‌لاَم ئه‌بێت ترس له‌خواى په‌روه‌ردگار به‌نهێنى بێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وابوو ئه‌وا لێخۆش بوونى په‌روه‌ردگار و فه‌زڵێكى زۆر گه‌وره‌ى بۆ هه‌یه‌ له‌ به‌هه‌شتدا، په‌روه‌ردگار ئه‌فه‌رمووێت:
[ إِنَّ الَّذِينَ يَخْشَوْنَ رَبَّهُم بِالْغَيْبِ لَهُم مَّغْفِرَةٌ وَأَجْرٌ كَبِيرٌ ][الملك : 12 .]
واته‌: بێگومان ئه‌وانه‌ى به‌نهێنى له‌په‌روه‌ردگاریان ئه‌ترسن (واته‌ له‌ترسى په‌روه‌ردگاریان خۆیان ئه‌پارێزن له‌حه‌رام و قه‌ده‌غه‌ لێكراوه‌كان) ئه‌وا لێخۆش بوون و پاداشتى گه‌وره‌یان بۆ هه‌یه‌ له‌ به‌هه‌شتدا، به‌تایبه‌تى باوه‌ڕدارێك له‌ شوێنێكدا یادى خواى په‌روه‌ردگار بكات وه‌ له‌ترسى خواى په‌روه‌ردگار فرمێسك به‌چاوه‌كانیدا بێته‌ خوارێ.
هەشتەم : عیباده‌ت وپه‌رستشى زۆر:
له‌ناو باوه‌ڕداراندا هه‌ركه‌سێك په‌رستش و به‌ندایه‌تى زۆر بكات، ئه‌وا خواى په‌روه‌ردگار ئه‌و باوه‌ڕه‌ى كه‌ پێى به‌خشیوه‌ بۆى زیاد ئه‌كات:[ وَيَزِيدُ اللَّهُ الَّذِينَ اهْتَدَوْا هُدًى ] [مريم : 76 . ]
واته‌: ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر ڕێبازى ڕاست و حه‌قن، وه‌ كرده‌وه‌و په‌رستشى زیاد ئه‌نجام ئه‌ده‌ن، ئه‌وا خواى په‌روه‌ردگار ئه‌و باوه‌ڕه‌ى كه‌پێیانى به‌خشیوه‌ بۆیانى زیاد ئه‌كات.
نۆیەم : بیركردنه‌وه‌ له‌ ژیانى پێشینه‌كانى ئه‌م ئوممه‌ته‌ (سلف):
بیركردنه‌وه‌ له‌ ژیانى پێشینه‌كانى ئه‌م ئوممه‌ته‌ (سلف)، وه‌ خوێندنه‌وه‌ى به‌سه‌ر هاته‌كانیان دڵى باوه‌ڕدار ڕاده‌چه‌ڵكێنێت و هۆكارێكه‌ بۆ زیادبوونى باوه‌ڕ، چونكه‌ ئه‌وان باشترین و چاكترین كه‌سانێكن له‌دواى پێغه‌مبه‌ران (عليهم الصلاة والسلام) وه‌ به‌ڕاستى ئه‌وان ده‌یانزانى چۆن په‌روه‌ردگاریان ده‌په‌رستن، وه‌ ماڤى په‌روه‌ردگاریان چییه‌ به‌سه‌ریانه‌وه‌، وه‌ ده‌یانزانى كه‌ پاشه‌ڕۆژ هه‌ر ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆلاى په‌روه‌ردگار، وه‌ ده‌یانزانى چۆن وه‌ به‌چى دینى په‌روه‌ردگار سه‌ر ده‌كه‌وێت، وه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا بكه‌ن.

سود وەرگیراوە گۆڤارى ڕێگاى ڕاست 

سەردان: ٤,٣٠١ بەش: تەزکیەى نەفس