ئایا تشریح (شیتەڵ) كردنی جەنازە بۆ مەبەستی پزیشكی دروستە؟ وە بینینى عەورەتی (پیاو یان ئافرەت) لەكاتی فحص دا ئایا هیچی تێدایە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا تشریح (شیتەڵ) كردنی جەنازە بۆ مەبەستی پزیشكی دروستە؟ وە بینینى عەورەتی (پیاو یان ئافرەت) لەكاتی فحص دا ئایا هیچی تێدایە؟
پرسیار:

من وەكو خوێندكاریكی كۆلێجی پزیشكی دوو پرسیارم هەیە.
أ-ئایا تشریح(شیتەڵ) كردنی جەنازە بۆ مەبەستی پزیشكی(طبى) حەرامە یان نا ؟ لە كاتێكدا تۆ بۆ بواری زانست بەكاری دێنیت ، ئەگەر نا ئەوە لەوانەیە شوێنی ئەندامەكان نەناسیتەوە لەكاتی نەشتەرگەری (عملیاتدا) وە لە داهاتودا سستت و كەمتەرخەم و كەم زان دەبیت لە كارەكەتدا.
ب-وە بوونی چەند دەرسێكمان لە خەستەخانە ، ئەمە وادەكات عەورەتی (پیاو یان ئافرەت) ببینین لەكاتی فحص دا ئایا هیچی تێدایە؟ حەرامە یان نە؟ 

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
أ/ زانستی شیكاری (علم التشریح) بەردی بناغەیە بۆ زانیاری و زیرەكی پزیشك وەڕێگەی بەدەست هێنانی ئەو زانیاریانەیە بە عەمەلی یان بیر و بە قسە ، و پزیشك ناتوانێ پێویستی بە بەشی كردەیی (عملی) نەبێت لە كاتێكدا (شیتەڵكاری) بناغەیەكی گرنگە بۆ دیاری كردن و دۆزینەوەی نەخۆشییەكان وە پێویست و بەسوودە بۆ دۆزینەوەی هۆكاری مردن كە بەهۆی دەست درێژییەوە بووە یان نا یان بۆ گواستنەوەو جێگۆڕكێی ئەندامەكانی مرۆڤ ئەصڵ و پشت پێ بەستراوە .
جا كاری شیتەڵكاری سێ هۆكاری سەرەكی هەیە :
یەكەم : شیتەڵكردنی جەستەی مردوو بۆ دۆزینەوەی جۆری تاوان و تاوانباران .
دووەم : شیتەڵكردنی بۆ دۆزینەوەی جۆری نەخۆشیەكە .
سێیەم : شیتەڵكردنی بۆ فێربوون و فێركردن .
حوكمی یەكەم : هەركاتێ تاوانەكە یان تاوانبار نادیار و نەزانراو بوو ئەوە بۆ پاراستنی حوكمی شەرعی لەبەر نەچوونی بەهەڵەدا وە بۆ پاراستنی مافی مردووەكە كە پاش خۆی بۆ میراتگرانی دەمێنێتەوە وە بۆ چەندین هۆكاری شەرعی تر ئەوە حوكمی ئەم بەشەیە دروست و حەڵاڵ دەردەچێ وە ئەمەش بەڵگەی ئەم ڕێسایانەی كە شەرعزانان وتویانە :
(ارتكاب أخف الضررين) (الضرورات تبيح المحظورات)
ئەمەش بە چەند مەرجێك :
1: بۆ ئەو تاوانەی كە كەسەكە پێی مردووە كەسێك تۆمەتبار كرابێت .
2- شیتەڵكارییەكە بگاتە ئەنجام بۆ دۆزینەوەی تاوانبارەكە .
3- پێویستی بوون بە شیتەڵكردن بۆ نموونە ئەگەر بەڵگەی تر نەبوو بۆ دۆزینەوەەی تاوانباران تەنها ئەم ڕێگایە نەبێت .
4- پێویستە ئەو پزیشكەی ئەم كارە دەكات كارامە و لێزان بێت .
5- ئەو كەسەی شیتەڵی بۆ دەكرێت دەبێ مردبێ .
6- مۆڵەت لە لایەن دادوەرەوە .
حوكمی دووم : واتە بۆ دۆزینەوەی نەخۆشییەكان
دەستەی گەورە زانایانی وڵاتی سعودیە بڕیارێكیان دەركردووە بۆ ئەم سێ بەشەی كە لەپێشەوە باسمانكرد لەبەرواری 20/8/1396 كۆچی ژمارە (47) كە ئەمە كورتەكەیەتی : (يجوز تشريح جثة الآدمي لاجل التحقيق من دعوى جنائية أو أمراض وبائية لما في ذلك من المصالح الكثيرة ويكتفى بتشريح جثث أموات غير معصومين لاجل التعلم والتعليم حفظاً لكرامة المسلم الميت).
كەوابوو حوكمی سێ یەم : بۆ فێربوون و فێركردن نەكرێت باشترە وەك لە فەتوای ئەو گەورە زانایانە دەردەكەوێت .
ب/ سەبارەت بە پرسیاری دووەم : بینینی عەورەت بۆ كاری پزیشكی تەنها بۆ كاتێكە ئەگەر پێویست بێت ئەگینا نابێ بەتایبەت لە پیاوە بۆ ئافرەتان یان بە پێچەوانەوە پێویستە بۆ ئافرەت پزیشكی ئافرەت هەبێت وە بۆ پیاوانیش پزیشكی پیاو هەبێت لەبەر پاراستنی دین و ڕەوشتی كەسەكان ، ئەگەر نەبوو ئەوكاتە دروستە لەگەڵ ئەم مەرجانە :
یەكەم : بینین و تەماشاكردن دەبێ (محرم) هەبێت یان ئافرەتێكی متمانە پێكراو هەبێت لەبەر ترسی خەڵوەت بوون كە لە شەرعدا نەهی لێكراوە .
دووەم : نابێ ئەو پزیشكە تەماشای هیچ شوێنێكی تر بكات تەنها دەم و چاو هەردوو دەستەكانی نەبێت وە تەنها ئەو جێگایەی كە پێویستە چارەسەر بكرێت وە پێویستە لەسەر پزیشكەكان جەستەی ئەو نەخۆشە داپۆشن تەنها شوێنی مەبەست نەبێت .
سێ یەم : ئەگەر پزیشك توانی تەنها بە تەماشا كردن چارەسەر بكات ئەوە بە دەست دروست نییە ، و پێویستە لە خوا بترسێت و چاو و دەستی لە حەرام بپارێزێت .
چوارەم : پێویستە لەسەر ئافرەتان ئەگەر پێویستیان بە چارەسەر بوو ئەوە ئەگەر پزیشكی ئافرەت نەبوو پزیشكی موسوڵمانی متمانە پێكراو هەڵبژێرن .

وەڵامى بەڕێز مامۆستا خلیل أحمد 

 

سەردان: ٤,٢٠٥ بەش: ئه‌حكامه‌كانى جه‌نازه‌