مانگەکانی ساڵی کۆچی و ماناکانى : ماڵپەڕی وەڵامەکان
مانگەکانی ساڵی کۆچی و ماناکانى
پرسیار:

  مانگەکانی ساڵی کۆچی کامانەن و لەڕووی مانا و کردەوەی چاک تیایاندا بۆمان ڕوون بکەنەوە 

بسم الله الرحمن الرحیم 
الحمدلله رب العالمین والصلاة والسلام على نبینا محمد وعلە آله وصحبه ومن تبعهم بإحسان الى یوم الدین .

مانگەکانی ساڵی کۆچی بەریزبەندی و یەک لەدوای یەکدا بریتین لە :
(١ _ محرم . ٢_ صفَر . ٣_ ربيع الأول . ٤_ ربيع الآخر . ٥_ جمادى الأولى . ٦_ جمادى الآخرة . ٧_ رجب . ٨_ شعبان . ٩_ رمضان . ١٠_ شوَّال . ١١_ ذو القعدة . ١٢_ ذو الحجة ) 

١_ محرم .
_ هۆکاری ناونانی بەم ناوەوە : بۆیە بەم ناوە نراوە چونکە یەکێکە لەوچوارمانگەی شەڕی تیادا حەرام کراوە – جگە لەحالەتی بەرگری کردن - ؛ وە هەروەها پێی دەوترێت ( الشَهر الحرَام ) ئەم مانگە سەرەتایەمینی ساڵی کۆچیە .
_ لەم مانگەدا پێغەمبەری خوا لەمەککەوە کۆچی کرد بۆ مەدینە ؛ بۆیە عومەری کوری خەتاب رەزای خوای لێبێت ئەم مانگەی کردە سەرەتای مانگی ساڵی کۆچی .
_ لەم مانگەدا فەزلی ڕۆژووی سونەت گەلێک زۆرە بەتایبەتی لەرۆژی نۆیەم و دەیەم کە پێی دەوترێت تاسوعا و عاشورا ؛ عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ (رضي الله عنه) قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ (صلی الله عليه وسلم): (أَفْضَلُ الصِّيَامِ بَعْدَ رَمَضَانَ شَهْرُ اللَّهِ الْمُحَرَّمُ، وَأَفْضَلُ الصَّلَاةِ بَعْدَ الْفَرِيضَةِ صَلَاةُ اللَّيْلِ) رواه مسلم . .
واته‌ : (أبو هریره‌) (خوای لێ ڕازی بێت) ده‌ڵێت پێغه‌مبه‌ر (صلی الله عليه وسلم) فه‌رموویه‌تی: (گه‌وره‌ترین ڕۆژو دوای ڕه‌مه‌زان ڕۆژووی مانگی (محرم)ه‌ كه‌پێی ده‌وترێت (شهرالله المحرم) گه‌وره‌ترین نوێژیش له‌دوای نوێژه‌فه‌ڕزه‌كان شه‌ونوێژه .
_ وە سەبارەت بەفەزڵی بەرۆژووبوون لە رۆژی عاشورادا فەرمویەتی : (صِيَامُ يَوْمِ عَاشُورَاءَ أَحْتَسِبُ عَلَى اللَّهِ أَنْ يُكَفِّرَ السَّنَةَ الَّتِي قَبْلَهُ ) رواه مسلم 1162.
واته ‌: بەرۆژوو بوونی رۆژی عاشورا ئومێدم وایە ببێتە كه‌فاره‌تی گشت تاوانه‌ بچووكه‌كانی ساڵی ڕابدوو .
_ وە هەروەها لەم مانگەدا خوای گەورە پێغەمبەر موسا و قەومەکەی سەرخست و رزگار کرد لەدەست فیرعەونی کافر و ستەمکار .

٢_ صفَر .
_ هۆکاری ناونانی بەم ناوەوە : بۆیە بەم ناوە نراوە چونکە عەرەبەکان لەکاتی خۆیدا لەم مانگەدا خانوەکانیان بەتال دەکرد و هیچیان تیادا نەدەهێشت و بەرە و جەنگ دەرۆێیشتن ؛ بۆ ئەوەی هیچ شتێکیان بۆ دوژمن لەناو خانوەکانیاندا نەمێنێت .
_ وە سەبارەت بەفەزڵی کردەوەی چاک لەم مانگەدا بەڵگەی تایبەت نەهاتووە بەڵام وەکو باقی مانگەکانی تر دروستە لەم مانگەدا موسلمانان لەشەوەکانیدا شەو نوێژ بکەن و لە رۆژەکانیشیدا رۆژووی سونەت بگرن وەکو رۆژانی دووشەم و پێنج شەم ؛ یان ١٣ و ١٤ و ١٥ ی مانگ ؛ یان رۆژنا رۆژێک .
_ لەسەردەمی جاهیلیدا عەرەبەکان ئەم مانگەیان بەخراپ دەزانی بۆیە کاتێک ئایینی پیرۆزی ئیسلام هات ئەو بیروباوەرە پووچەی رەتکردەوە و ئەم مانگە وەکو باقی مانگەکانی تر هیچ شومی و خراپیەکی تێدانیە .

٣_ ربيع الأول .
_ هۆکاری ناونانی بەم ناوەوە : بۆیە بەم ناوە نراوە چونکە لەوکاتەی ئەم ناوەی لێ نراوە وەرزی بەهار بووە .
_ وشەی ( ربیع ) لەلای عەرەبەکان دوو جۆرە : یەکیان تایبەتە بەمانگەکان کە پێی دەڵێن ربیع الاول وە ربیع الاخر ؛ وە ئەوەی تریان تایبەتە بەکاتی وەرزی بەهار ؛ ئەو وەرزەی گژ و گیای تیادا شین دەبێت پێی دەڵێن ربیع الاول وە بەمانگی دواتری دەڵێن ربیع الثاني .
_ هەندێک لەزانایان فەرمویانە پێغەمبەری خوا لەم مانگەدا لەدایک بووە بەڵام ڕای جیاواز هەیە لەنێوانیاندا و هەمویان لەرۆژ و مانگی لەدایک بوونی یەک دەنگ نین بۆیە هەندێکیان فەرمویانە لە ( ٢ ) ی ربيع الأول لەدایک بووە ؛ وە هەندێکیان فەرمویانە لە ( ٨ ) ی ربیع الاول لەدایک بووە ؛ وە هەندێکیان فەرمویانە لە ( ١٠) ی ربیع الاول لەدایک بووە ؛ وە هەندێکیان فەرمویانە لە ( ١٢) ی ربیع الاول لەدایک بووە ؛ وە هەندێکیان فەرمویانە لە مانگی رەمەزان لەدایک بووە وە هەندێکیان فەرمویانە لەمانگی صفر لەدایک بووە ؛ بەلام هەر هەمویان یەک دەنگن کەوا لە ١٢ ی ربیع الاول وەفاتی کردووە علیه الصلاە والسلام .
_ هەندێک لەخەڵکی لەم مانگەدا بیدعەیەک ئەنجام دەدەن بەناوی ئاهەنگی لەدایک بوونی پێغەمبەری خوا ؛ ئەم کارە لەشەرعدا دروست نیە رەتکراوەیە چونکە پێغەمبەر و هاوەلان ئەوکارەیان نەکردوە و پێغەمبەری خوا فەرموویەتی : « مَنْ عَمِلَ عَمَلاً لَيْسَ عَلَيْهِ أَمْرُنَا فَهُوَ رَدٌّ ». البخاري : 20 ، ومسلم: 4590. واته ‌: هه‌ر كه‌سێك كرده‌وه‌يه‌ك (به‌ناوى دين) ئەنجام بدات و فەرمانى ئێمه‌ى له‌سه‌ر نه‌بێت ڕه‌د كراوه‌يه‌ و قەبول نیە .

 4_ ربيع الآخر .

_ بۆیە بەم ناوە نراوە چونکە لەدوای مانگی ربیع الاول دێت و چوارەمین مانگی ساڵی کۆچیە لە ریزبەندیدا .

٥_ جمادى الأولى .

_ بۆیە بەم ناوە نراوە چونکە ئەوکاتەی ئەم ناوەی لێنراوە وەرزی زستان بووە .

٦_ جمادى الآخرة .
_ بۆیە بەم ناوە نراوە چونکە لەدوای مانگی ( جمادى الأولى ) دێت و شەشەمین مانگی ساڵی کۆچیە لە ریزبەندیدا

٧_ رجب .
_ بۆیە بەم ناوە نراوە چونکە عەرەبەکان ئەم مانگە بەگەورە دادەنێن و یەکێکە لەمانگەکانی أاشهر الحرم .
_ هیچ فەرمودەیەکی سەحیح نەهاتووە سەبارەت بە فەزلی بەرۆژووبون لەم مانگەدا ؛ کەسانێک هەن لەم مانگەدان بەتایەبتی لە ٢٧ مانگ بەرۆژوو دەبن و شەوەکەشی زیندوو دەکەنەوە بەبۆنەی ئیسرا و میعراج ئەم کارە بەڵگەی لەبارەوە نەهاتوە و دەبێت بەبیدعە بۆیە نابێت بەم ناوەوە بەرۆژوو ببن و یان شەو نوێژ لەشەوەکەیدا تایبەت بکەن .
شێخی ئیسلام (ابن تيمية‌) ـ رەحمەتى خواى لێ بێ ـ فەرموویەتى : ( وأمـا صوم رجب بخصوصه ، فأحاديث كلها ضعيفة، بل موضوعة، لا يعتمد أهل العلم على شيءٍ منها، و ليست من الضعيف الذي يروى في الفضائل، بـل عامتها من الموضوعات المكذوبة ) (مجموع الفتاوى: 25 / 290 – 291) .
واتە : تایبەت كردنى ڕۆژوو بە مانگى ڕەجەب ، هەموو ئەو فەرموودانەى كە لەو بارەیوە هاتوون (ضعيف) ن ـ واتە : لاوازن ـ یان بەڵكو بگرە (موضوع) یشن ـ واتە : نراونەتە دەم پێغەمبەرى خواوە ـ زانایان متمانە ناكەنە سەر هیچێكیان، لەو فەرمودە (ضعيف) انەش نین كە لە چاكەكاریەكاندا باس كرابن (واتە: فضائل الأعمال)، بەڵكو زۆرینەى لەو فەرموودە هەڵبەستراوانەیە كە نراونەتە دەم پێغەمبەرەوە ، فەرموودەى درۆن .

٨_ شعبان .
_ هۆکاری ناونانی بەم ناوەوە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە عەرەبەکان لەم مانگەدا بڵاو دەبوونەوە بۆ جەنگ کردن لەدوای ئەوەی کە لەمانگی رەجەب لێیان قەدەغە کرابوو .
_ بەرۆژووبون لەم مانگەدا بەگشتی زۆر خێرە و پێغەمبەری خوا زۆر تیایدا بەرۆژوو بووە ؛ بەڵام لەفەرمودەدا هاتووە کە مانگی شەعبان بەنیوە بوو نابێت ئەوکەسانە بەرۆژوو ببن کە عادەتی نەبوبێت رۆژووی سونەت بگرێت ئەوە نابێت بەرۆژووبێت هەتا ئەوکاتەی مانگی رەمەزان دێت ؛ پێغەمبەری خوا فەرمویەتی : (( إذا انتصف شعبان فلا تصوموا )) . رواه أبو داود : (3237) والترمذي : (738) وابن ماجه (1651) وصححه الألباني في صحيح الترمذي .
واتە : ئەگەر مانگی شەعبان بەنیوە بوو بەرۆژوو مەبن - هەتا مانگی رەمەزان دێت - .
لەشەرحی ئەم فەرمودەیەدا زانایان فەرمویانە ئەم فەرمودەیە باس لەوکەسانەیە کە عادەتیان نیە رۆژووی سونەت بگرن و بەتایبەت دێن لەنیوەی شەعبان بەدواوە بەرۆژوو دەبن ؛ بەڵام ئەوکەسانەی عادەتیانە رۆژانی دووشەم و پێنج شەم بەرۆژوو دەبن یان رۆژنا رۆژێک بەرۆژوو دەبن يان لەسەرەتای مانگی شەعبانەوە دەستی کردوە بە گرتنی رۆژووی سونەت لەم مانگەدا دروستە و ئاساییە لەنیوەش بەدواوە بەرۆژوو ببێت یان کەسێک قەرزی رەمەزانی لەسەرە بۆ ئەویش دروستە و ئاساییە لەنیوەی شەعبان بەدواوە رۆژوەکانی بگرێتەوە ؛ والله أعلم .
_ وە سەبارەت بەتایبەت کردنی عیبادەت بەرۆژی ١٥ ی ئەم مانگە یان شەوەکەی هیچ بەڵگەیەکى لەسەر نییە تەنها ئەوە نەبیت کە خواى گەور لەو شەوەدا دادەبەزێتە ئاسمانی دونیا ولە هەموو خەڵکی خۆش دەبێت جگە لە کەسێک کە موشریک بیت یان کەسیک رقەبەری لەگەڵ موسڵمانیک بکات .
_ وە لە ئیسلامدا شەوی بەرات و ڕۆژی بەرات نیە و هیچ جۆرە بۆنە و عیبادەتێكی تایبەت نیە لە شەو و ڕۆژی 15 شەعباندا ، وە هەر شتێك بەو بۆنەیەوە بكرێت بیدعەیە و تاوانە چونكە پێچەوانەی شەرع و ئیسلامە .

٩_ رمضان .
_ هۆکاری ناونانی بەم ناوەوە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە لەوکاتەی ئەم ناوەی بۆ دانراوە کاتی وەرزی گەرما بووە .
_ لەم مانگەدا قورئانی پیرۆز دابەزیوە و رۆژووی یەک مانگی تیادا فەرزکراوە و خوای گەورە فەرمویەتی : شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنْزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ هُدًى لِلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِنَ الْهُدَىٰ وَالْفُرْقَانِ ۚ فَمَنْ شَهِدَ مِنْكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ ۖ وَمَنْ كَانَ مَرِيضًا أَوْ عَلَىٰ سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ ۗ يُرِيدُ اللَّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلَا يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ وَلِتُكْمِلُوا الْعِدَّةَ وَلِتُكَبِّرُوا اللَّهَ عَلَىٰ مَا هَدَاكُمْ وَلَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ (البقرة :١٨٥)
واتە : مانگی ڕه‌مه‌زان (ئه‌و مانگه‌یه‌) كه‌ قورئانی تیادا هاتۆته‌ خواره‌وه‌، له‌كاتێكدا ئه‌م قورئانه‌ ڕێنموویی به‌خشه‌ به‌ خه‌ڵكی و به‌ڵگه‌ی زۆری تیادایه‌ ، له‌ ڕێنموویی و جیاكردنه‌وه‌ی ڕاست و ناڕاست و حه‌ق و ناحه‌ق ، جا كه‌سێك له‌ ئێوه‌ مانگی ڕه‌مه‌زانی بینی (یان هه‌واڵی بینینی پێدرا)، با ئه‌و مانگه‌ به‌ڕۆژوو بێت ، ئه‌وه‌ش كه‌ نه‌خۆش بێت یان له‌ سه‌فه‌ردا بێت با له‌ڕۆژانی تردا به‌و ئه‌ندازه‌ بیگرێته‌وه‌، چونكه‌ خوا ئاسانكاری بۆ ئێوه‌ ده‌وێت و نایه‌وێت (په‌رستن و فه‌رزه‌كانتان) له‌سه‌ر قورس و گران بكات و بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ماوه‌ دیاریكراوه‌ ته‌واو بكه‌ن و خوا به‌گه‌وره‌ بگرن و سوپاسگوزاریشی بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێنموویی كردوون .
_ لە دە شەوەکانی کۆتایی ئەم مانگەدا شەوێک هەیە کە پێی دەوترێت شەوی قەدر پاداشتی کردەوەی چاک تیایدا بەئەندازەی پاداشتی کردەوەی هەزار مانگە ؛ خوای گەورە فەرمویەتی : ( لَيْلَةُ الْقَدْرِ خَيْرٌ مِنْ أَلْفِ شَهْرٍ ) . القدر : ٣
واتە : شه‌وی قه‌دری به‌ڕێز کردەوەی چاک تیایدا له‌ هه‌زار مانگ ڕێزدارو خێردارتره‌ .
_ پاداشتی عومرە کردن لەم مانگەدا بەئەندازەی پاداشتی حەجێکە پێغه‌مبه‌رى خوا () ده‌فه‌رموێت : "عمرة في رمضان تعدل الحجة"(أخرجه البخاري ومسلم) واته‌ : عه‌مره‌يه‌ك له‌ڕه‌مه‌زاندا پاداشتى يه‌ك حه‌جى هه‌يه .
_ خێر و سەدەقە لەم مانگەدا زۆر زیاترە لەمانگەکانی تر پێغه‌مبه‌ر () فەرمویەتی : " أفضل الصدقة صدقة في رمضان"(أخرجه الترمذي عن انس) ، واته‌ : باشترين به‌خشينێك به‌خشينه‌ له‌ڕةمه‌زاندا .
_ لەشەوانی ئەم مانگەدا فەزڵی شەو نوێژ و تەراویح کردن گەلێک زۆرە : پێغەمبەرى خودا( ) فەرمویەتى : (ومن قام رمضان إيمانا واحتسابا غفر له ما تقدم من ذنبه) (متفق عليه)، واتە: هەركەسێك شەوانى ڕەمەزان بە تەراویح زیندو بكاتەوە و باوەڕى پێى هەبێ و چاوەڕوانى پاداشتى خوا بێت، ئەوا خوا لەتاوانەكانى پێشووى خۆش ئەبێت .

 ١٠_ شوَّال .

_ عەرەبەکان ئەم مانگەیان بۆیە بەم ناوە ناوە چونکە لەوکاتدا شیری وشترەکانیان وشک بووە بۆیە ئەم مانگەیان بەمانگی شەوال ناوناوە ؛ عەرەبەکان دەڵێن : تشوَّلت الإبل أي جفّ لبنها . 

_ ئەم مانگە مانگی جەژنی ڕەمەزانە و لەیەکەم رۆژی ئەم مانگەدا جەژنی رەمەزانی پیرۆزە .
_ ئەم مانگە مانگێکە لەو مانگانەی حەجی تیادا دەکرێت کەبریتیتن لەمانگی : شوال و ذوالقعدة و ذوالحجة .
_ لەم مانگەدا سونەت وایە شەش رۆژ بەدوای یەکدا بگیرێت لەدوای جەژنی رەمەزان واتە لە دووەم رۆژی ئەم مانگەوە هەر شەش رۆژەکە بەدوای یەکدا بگری ئەوە وەکو ئەوە وایە یەک سال بەرۆژووبوبیت ؛ پێغەمبەری خوا فەرمویەتی : مَنْ صَامَ رَمَضَانَ ثُمَّ أَتْبَعَهُ سِتًّا مِنْ شَوَّالٍ كَانَ كَصِيَامِ الدَّهْرِ " . أخرجه أحمد (5/417 رقم 23580) ، ومسلم (2/822 رقم 1164) . واتە : هەركەسێك مانگی ڕەمەزان بە ڕۆژوو بێت پاشان شەش رۆژ لەمانگی شەوال بەرۆژووبێت وەک ئەوە وایە یەک ساڵ بەرۆژوو بووبێت .
تێبینی : ئەگەر کەسێک نەیتوانی یان بۆی نەگونجا ئەم شەش رۆژە بەدوای یەکەوە بگرێت بەجیاش بێت دروستە و ئاساییە .
_ لەفەرموودەی سەحیحدا هاتووە کەوا پێغەمبەری خوا لەم مانگەدا عائیشەی مارە کردووە و گواستویەتیەوە ؛ ئەم فەرمودەیە وەلامێکە بۆ ئەوکەسانەی کە دەڵێن هاوسەرگیری لەنێوان هەردوو جەژنەکەدا باش نیە ئەمە بەراستی قسەیەکی پووچە و بێ بنەمایە و موسلمان نابێت ئەو جۆرە بیروباوەرە شرکیەی هەبێت و نابێت شتێک بەخراپ و شووم بزانێت کە شەرع بەخراپی دانەنابێت .

١١_ ذو القعدة .
_ هۆکاری ناونانی ئەم مانگە بەم ناوەوە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە عەرەبەکان لەم مانگەدا دادەنیشت لە رۆییشتن بۆ جەنگ چونکە ئەم مانگەیان بەگەورە دادەنا ؛ وە هەندێک دەڵێن بۆیە بەم ناوە نراوە چونکە عەرەبەکان لەم مانگەدا دادەنیشتن و سەفەریان بۆ شوێنانی تر نەدەکرد .
_ ئەم مانگە مانگێکە لەمانگەکانی أشهر الحرم واتە لەومانگانەیە کە جەنگ تیایدا قەدەغە کراوە ؛ أشهر الحرم بریتیتن لە : محرم ؛ رجب ؛ ذو القعدة ؛ ذو الحجة .

١٢_ ذو الحجة .
_ بۆیە بەم ناوە نراوە چونکە عەرەبەکان لەم مانگەدا حەجیان ناسیوە و ئەم مانگە مانگێکە لەمانگەکانی حەج .
_ ئەم مانگە مانگی جەژنی قوربانە لەدەیەمین رۆژی ئەم مانگەدا یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە .
_ لەدەرۆژی سەرەتای ئەم مانگەدا کردەوەی چاک زۆر خێرە پێغەمبەری خوا فەرمویەتی : (ما من أيام العمل الصالح فيهن أحب إلى الله من هذه الأيام العشر، قالوا: يا رسول الله ولا الجهاد في سبيل الله؟ قال: ولا الجهاد في سبيل الله إلا رجل خرج بنفسه وماله فلم يرجع من ذلك بشيء) واتە : هیچ ڕۆژانێك نیە كردەوەی چاكە تێیدا خۆشەویست تر بێت لە لای خوا وەكو ئەم دە ڕۆژەی مانگی حاجیان، وتیان: ئەی پێغەمبەری خوا تەنانەت جیهادیش لە پێناوی خوادا ؟ فەرمووی : تەنانەت جیهادیش لە پێناوی خوادا تەنها مەگەر پیاوێك نەبێت كە بە خۆی و ماڵ و سامانییەوە دەربچێت بۆ جیهاد لە پێناوی خوادا و هیچیش لەوانە نەگەڕێتەوە .

_ لەنۆیەمین رۆژی ئەم مانگەدا رۆژێک هەیە پێی دەوترێت رۆژی عەرەفە بەرۆژووبوون تیادا دەبێتە کەفارەتی گوناهە بچوکەکانی ساڵی رابردوو و داهاتوو پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: (صِيَامُ يَوْمِ عَرَفَةَ إِنِّي أحتسبُ عَلَى اللَّهِ أَنْ يُكَفِّرُ السَّنَةَ الَّتِي قَبْلَهُ وَالسَّنَةَ الَّتِي بَعْدَهُ ) صحيح الجامع : 3853 . واتە : بەڕۆژوو بوونی رۆژی عەرەفە رەجام وایە خوای گەورە بیکاتە کەفارەتی گشت تاوانە (بچووکەکانی) ساڵی ڕابردوو و داهاتوو .

وصلى الله على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم
نوسین و ئامادەکردنی : هەڵگورد مستەفا گەڵاڵەیی .
١١ محرم / ١٤٣٩ کۆچی – ١ / ١٠ / ٢٠١٧ م

سەردان: ١٠,٤٧٣ بەش: هەمەجۆر