ئایا دروستە پیاو کچەکەی خۆی بدات بە پیاوێکی نوێژ نەکەر؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا دروستە پیاو کچەکەی خۆی بدات بە پیاوێکی نوێژ نەکەر؟
پرسیار:

پرسیار/ ئایا دروستە پیاو کچەکەی خۆی بدات بە پیاوێکی نوێژ نەکەر؟

وەڵام /

دروست نیە، چونکە ئەو کەسەی کە نوێژ ناکات بە بێباوەر دادەنرێت، خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرمووێت: ((فَإِنْ تَابُوا وَأَقَامُوا الصَّلَاة وَآتَوْا الزَّكَاة فَإِخْوَانكُمْ فِي الدِّين)). 

واتا: ئەگەر تەوبە بکەن و نوێژەکانیان ئەنجام بدەن و زەکاتی ماڵەکانیان جێ بەجێ بکەن، ئەوا براتانن لە دیندا.
ئەم ئایەتە پیرۆزە ئەوەی لێ فەهم دەکرێت کە ئەگەر بێت ئەو کارانە ئەنجام نەدەن ( نوێژ و زەکات ) ئەوا برامان نین لە دیندا.

وە هەر وەها خوای گەورە دەرحەق بە کەسانی نوێژ نەکەر فەرموویەتی: " فَخَلَفَ مِن بَعْدِهِمْ خَلْفٌ أَضَاعُوا الصَّلَاةَ وَاتَّبَعُوا الشَّهَوَاتِ ۖ فَسَوْفَ يَلْقَوْنَ غَيًّا " .سورة مریم.
واتا: لە دووای (پێغەمبەران و نەوەکانیان و هیدایەت دراواندا ) کەسانێک لە نەوەکانیان بوونە جێ نشین کە نوێژەکانیان بە زایە دا، وە شوێنی ئارەزووی نەفسیان کەوتن، ئا ئەوانە تووشی تووشی گومڕای و سەرگەردانی و سزا دەبن و دەگەن لە بە (غَي) کە شیوێکە لە ناو ئاگری دۆزەخدا.


وە هەروەها فەرموویەتی: (( فَوَيْل لِلْمُصَلِّينَ الَّذِينَ هُمْ عَنْ صَلَاتهمْ سَاهُونَ )).
واتا: ئاگری دۆزەخ بۆ ئەو کەسانەی کە لە نوێژەکانیان بێ ئاگان و ئەنجامی نادەن تاوەکو کاتەکەی تەواو دەبێت.


وە هەروەها ئیمامی مسلم لە صەحیحەکەیدا لە جابری کوری عبدالله وە بۆمان دەگێرێتەوە کە دەڵێت: پێغەمبەری خوا - صلى الله علیه وعلى آله وسلم - فەرموویەتی: (إِنَّ بَيْنَ الرَّجُلِ وَبَيْنَ الشِّرْكِ وَالْكُفْرِ تَرْكَ الصَّلَاةِ).
واتا: (له‌نێوان مرۆڤ و هاوه‌ڵ بۆ خوا بریاردان و كوفردا نوێژ نه‌كردنه‌).


وە أبو داود لە سونەندا بۆمان دەگێرێتەوە لە بورەیدەوە- ڕەزای خوای لێ بێت - کە دەڵێت: پێغەمبەری خوا- صلى الله عليه وعلى آله وسلم- فەرموویەتی : " العهد الذي بيننا وبينهم الصلاة ؛ فمن تركها فقد كفر " .
واتا: پەیمانی نێوان ئێمەی موسڵمان و بێباوەران بریتیە لە نوێژ؛ جا هەر کەسێک واز لە نوێژ بهێنێت، ئەوا کوفری کردووە.

جا ئەوە ماوە کە ئەگەر پیاو کچەکەی خۆی دا بە پیاوێکی نوێژ نەکەر و ئەم حوکمە نەزانێت، ئەوا ئەو مارە برینە پوچە، وە پێویستە لەسەری کە داوا لە زاواکەی بکات نوێژ بکات، جا ئەگەر نوێژی کرد ئەوا مارە برینەکەی بۆ نوێ دەکاتەوە، وە ئەگەر نوێژی نەکرد ئەوا پێویستە لەسەری کە کچەکەی بەرێتەوەو (لای زاواکەی نەیهێڵێتەوە) چونکە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی: " لَا هُنَّ حِلٌّ لَهُمْ وَلَا هُمْ يَحِلُّونَ لَهُنَّ ".
واتا: نه ئافرەتی موسڵمان بۆ پیاوی بێباوەڕ حەڵاڵە و نە پیاوی بێباوەڕ بۆ ئافرەتی ئیماندار حەڵاڵە.

ئافرەتی موسڵمان حەڵاڵ نیە بۆ پیاوی بێباوەر، وە ئافرەتی بێباوەریش بۆ موسڵمان حەڵاڵ نیە( ئیللا مەگەر ئەهلی کتاب بێت ئەویش مەرجي هەیە کە لە کتێبە فقهییەکاندا باس کراوە).

ئەوەش ماوە کە ئایا دروستە پیاو ئافرەتێک بخوازێت کە نوێژ نەکەر بێت؟
نەخێر دروست نیە بۆ ئەو پیاوە کە ئافرەتێک بخوازێت نوێژنەکەر بێت، چونکە ئافرەتی نوێژنەکەریش بێباوەڕە.
-------------------------------------------------
سەرچاوە" شريط : ( أسئلة وأجوبة حول أمور القبيلة )

سەردان: ٣,٧٢٧ بەش: حوکمى نوێژنەکەر