حوكمی خواردنی بەرووبوومی درەختی باغ و بێستانی خەڵك ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوكمی خواردنی بەرووبوومی درەختی باغ و بێستانی خەڵك ؟

بسم الله الرحمن الرحيم
الحمدلله رب العالمين والصلاة والسلام على نبينا محمد و على آله وصحبه و من تبعهم بإحسان إلى يوم الدين .

زانایان فەرموویانە : ئەگەر كەسێك بە لای باغێك یان بێستانێكدا ڕۆییشت و حەزی كرد شتێك لە بەرهەمی ئەم باغە یان ئەم بێستانە بكاتەوە و بیخوات ئەوە پێش بیخوات پێویستە سێ جار بانگی خاوەنی باغەكە یان بێستانەكە بكات ئەگەر وەڵامی دایەوە ڕوخسەتی لێ بخوازێت بۆ ئەوەی لێی بخوات , وە ئەگەر وەڵام نەبوو كەس لەوێ نەبوو ئینجا دروستە لێی بخوات بە مەرجێك هیچی لێ نەباتە ماڵەوە .
وە بێگومان خواردنەكەش دەبێت بە ئوسلوب بێت بۆ نموونە ئەگەر بەرهەمی درەختەكە زۆر نەبوو ئەوە نابێت ئەوەندە لێی بخوات زیان لە خاوەنەكەی بدات , یان بۆ نموونە چەند كەسێكن بچن بە دەورەی درەختێكەوە ئاڵێن و زۆر لێی بخۆن زەرەر لە خاوەنەكەی بدەن و پێی ڕازی نەبێت ئەوەش نابێت .
پێغەمبەری خوا فەرموویەتی : ( إِذَا أَتَى أَحَدُكُمْ حَائِطًا فَأَرَادَ أَنْ يَأْكُلَ ، فَلْيُنَادِ يَا صَاحِبَ الْحَائِطِ ، ثَلَاثًا ، فَإِنْ أَجَابَهُ ، وَإِلَّا فَلْيَأْكُلْ ) . صحيح واتە : ئەگەر یەكێك لە ئێوە چووە لای باغێك و ویستی لە بەرهەمی ئەم باغە بخوات , با سێ جار بانگی خاوەنەكەی بكات و بڵێت ئەی خاوەنی ئەم باغە یان ئەم بێستانە , ئەگەر وەڵامی دایەوە ئەوە با ڕوخسەتی لێ وەربگرێت , بەڵام ئەگەر وەڵامی نەدایەوە و كەس لەوێ نەبوو ئەوە با لێی بخوات - بەڵام نابێ بیباتە ماڵەوە - .
هەندێك لە زانایان لەوانە شێخ فەوزان خوای گەورە بیپارێزێت چەند مەرجێكی تری داناوە :
مەرجی یەكەم : ئەوەیە كەوا ئەو بێستانە دروستە لێی بخۆی كەوا پەژرینی نەبێت یاخود هیچ پاسەوانێكی نەبێت .
مەرجی دووەم : بتوانی بەدەستەكانت بەرهەمەكە لە دارەكە بكەیتەوە یان كەوتبێتە سەر زەوی و هەڵی بگریتەوە ئەوكات دروستە , بەڵام ئەگەر بەرهەمەكە لێكرابێتەوە كۆكرابێتەوە ئەوە نابێ لێی بخۆیت .
مەرجی سێیەم : نابێ تۆ بچیتە سەر درەختەكە بەبێ چوونە سەر درەختەكە ئەگەر كرا لێی بكەوە ئەگەرنا نابێت .
مەرجی چوارەم : ئەفەرموون نابێ لە گەڵ خۆت بیبەیتە ماڵەوە .
مەرجی پێنجەم : كە لەلای جمهوری زانایان ئەو مەرجە هەیە كەوا تۆ دەبێ موحتاج بی و برسی بی ئەوكات دروستە .
شێخ فەوزان (خوای گەورە بیپارێزێت) فەرمویەتی ئەو پێنج مەرجە لە ابن عەباس و ئەنەسی كوڕی مالیكەوە وارید بووە .
وصلى الله على نبينا محمد وعلى آله وصحبه وسلم
1 / ذوالقعدة / 1438 ك 24 / 7 / 2017 م .
م هەڵگورد مستەفا گەڵاڵەیی .

سەردان: ٣,٤٩٧ بەش: خواردن و خواردنەوە