حوكمی کەسانێک کە حەزیان لەخوێندنی بابەتی عەقیدە نییە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوكمی کەسانێک کە حەزیان لەخوێندنی بابەتی عەقیدە نییە
پرسیار:

ڕێنمایی و ئامۆژگارى بەڕێزتان چییە بۆ كەسێك كە حەزى لە خوێندنى بابەتى عەقیدە نییە بەتایبەت باسی قەدەر لەترسی ئەوەى تووشی لادان نەیەت؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

واجبە لەسەر بەندە كە دیراسەى زانستى تەوحید و عەقیدە بكات بۆ ئەوەى لەسەر چاورۆشنى بێت دەربارەى ئەو خوایەى كە دەیپەرستێت و هەروەها سەبارەت بە ناو و صیفات وكارەكانى خواى گەورە وبێ هاوتا، بەرچاو رۆشن بێت لە ئەحكامە گەردونیە وشەرعیەكان و حیكمەت ونهێنى شەرع و دروستكراوەكان ئەوەش بۆ ئەوەى خۆى و جگە لە خۆیشی گومڕا وسەرلێشێواو نەبێت. وە زانستى تەوحید و یەكخواپەرستى بەڕێزترین وشكۆدارترین زانست وزانیاریە لەبەر ئەوەى پەیوەندى بە خواى گەورەوە هەیە و زانایان ناویان ناوە (الفقە الاكبر)، وە پێغەمبەرى خوایش  دەفەرموێت: ((من يرد الله به خيراً يفقهه في الدين)).

ئەم بابەتەش وەكو تەواوى بابەتە گرنگەكانى تر دەبێت مرۆڤ زانیارى لەسەرى هەبێت بۆدین و دونیای، پێویستە وردەكاریەكانى بزانرێت و پەنا بگیرێت بەخوا – تبارك وتعالى- بۆ یەكلاكردنەوەى و زانینی و فێربوونى بەباشی بۆ ئەوەى بەرچاو ڕوون بێت، چونكە ناكرێت لە گوماندا بژیت سەبارەت بەم بابەتە گرنگ و چارەنووس سازە، بەڵام ئەو باسانەى كە ناتەواوى و خەلەل دروست ناكەن بۆ دینەكەى و ترسی ئەوەشى هەیە كە هەوڵدان بۆ فێربوونى هۆكارێك بێت بۆ لادان وسەرلێشێوانى ئەوا هیچی تێدا نییە كە پرۆسەى فێربوونیان دوابخات بۆ كاتێكى تر مادام سەرقاڵە بە باس وبابەتى لەو گرنگترەوە، بەڵام باسی قەدەر لەو بابەتە گرنگانەیە كە واجبە لەسەر بەندە خۆى تێدا یەكلابكاتەوە وبەباشی زانیارى لەسەر هەبێت تێیدا هەتا دەگاتە یەقین، لەڕاستیشدا ئەم بابەتى قەدەرە سوپاس بۆ خوا هیچ ئیشكال و ناڕوونیەكى تێدا نییە، بەڵام ئەوەى واى كردووە كە وانەى عەقیدە قورس و ناڕەحەت دەربكەوێت لەسەر هەندێك خەڵك ئەوەیە كەبە داخەوە ئەوان هەمیشە لایەنى (كیف) واتە چۆن زاڵ دەكەن بەسەر لایەنى (لماذا) دا واتە بۆچى، وە مرۆڤ بەرپرسە لە كردەوەكانى خۆى بە هۆى دوو ئامرازى پرسەوە كە ئەوانیش (چۆن و بۆچى)ین، واتە بۆچى ئەو كردەوەیەت كرد؟ ئەوە ئیخلاصە و چۆنیش كردت وئەنجامت دا؟
 ئەوە شوێنكەوتنى پێغەمبەرە  واتە وەكو سوننەت وشەرعى ئەو پێغەمبەرە ئەنجامم دا. جا زۆربەى خەڵكى ئێستا سەرقاڵن بە یەكلاكردنەوەى وەڵامى (چۆن)ەوە لەكاتێكدا بێ ئاگان لە یەكلاكردنەوەى وەڵامى پرسیارى (بۆچى) هەربۆیە دەیانبینى سەبارەت بە لایەنى ئیخلاص زۆر خۆیان سەرقاڵ ناكەن و قووڵ نابنەوە .
بەڵام دەربارەى لایەنى شوێنكەوتنى پێغەمبەر سوورن لەسەر ووردترین بابەت و دەبینى زۆرگرنگى بەم لایەنە دەدەن، بەڵام بێ ئاگان لە لایەنى گرنگى وەكو بیروباوەڕ و ئیخلاص واتە تەنها خوا مەبەست بوون لە كردەوەكاندا و یەكخواپەرستى، لەبەر ئەمەیە خەڵكى وا هەیە پرسیار لە شتى زۆر زۆر سادە دەكات سەبارەت بە دونیا و لەكاتێكدا دڵ وناخى ڕووى كردۆتە دونیا و بێ ئاگایە لە خواو تێكەڵ وسەرقاڵە بە كڕین وفرۆشتن و ئۆتۆمبیلەكەى و خانووەكەى وجلوبەرگەكەى، ئێستا خەڵكى وا هەیە دونیاپەرستە و هەستیشی پێ ناكات یان ئەكرێ هاوەڵ پەیداكەر بێت وهەستیشی پێ نەكات، لەبەر ئەوەى لایەنى بیروباوەڕ گرنگى پێ نادرێت نەوەك هەر لەلایەن عامەى خەڵكەوە بەڵكو بەداخەوە تەنانەت لەلایەن هەندێ لەفێرخوازانى زانستى شەرعیشەوە، ئەمەش كارێكە بەڕاستى مەترسی و خەتەرناكى خۆى هەیە، هەروەكو چۆن جەخت كردنەوە لەسەر بیروباوەڕ بەبێ كردەوە كە خواى گەورە كردوویەتى بەپارێزەر و دیوار بۆى دیسانەوە هەڵەیە، چونكە دەبیسین لە هەندێ لە ڕادیۆكانەوە و دەخوێنینەوە لە هەندێ لە رۆژنامەكانەوە كەوا دین تەنها بریتیە لە بیروباوەڕێكى سنگ فراوان و چاوپۆشیكەر و ئەو گوزارشتانە، ئەمەش لەڕاستیدا ترسی ئەوەى لێ دەكرێت دەرگایەك بێت بۆ حەڵاڵ كردنى هەندێ لە حەرامكراوەكان و بەبیانوى ئەوەى كە كەسەكە بیروباوەڕى سەلامەتە وباشە، بۆیە دەبێت سەرنج لەسەر هەردوو باسەكە (چۆن و بۆچى) بێت بۆ ئەوەى وەڵامەكە تەواو و بێ كەموكورتى بێت.    
وە پوختەى وەڵام: واجبە لەسەر بەندە كە دیراسەى زانستى تەوحید و عەقیدە بكات بۆ ئەوەى لەسەر چاورۆشنى بێت دەربارەى ئەو خوایەى كە دەیپەرستێت و هەروەها سەبارەت بە ناو و صیفات وكارەكانى خواى گەورە وبێ هاوتا، بەرچاو رۆشن بێت لە ئەحكامە گەردونیە وشەرعیەكان و حیكمەت ونهێنى شەرع و دروستكراوەكان ئەوەش بۆ ئەوەى خۆى و جگە لە خۆیشی گومڕا وسەرلێشێواو نەبێت. وە زانستى تەوحید و یەكخواپەرستى بەڕێزترین وشكۆدارترین زانست وزانیاریە لەبەر ئەوەى پەیوەندى بە خواى گەورەوە هەیە و زانایان ناویان ناوە (الفقە الاكبر)، وە پێغەمبەرى خوایش  دەفەرموێت: ((من يرد الله به خيراً يفقهه في الدين))(1).
 جا یەكەم زانستێك كە دەچێتە ژێر ئەو فەرموودەیە ودەیگرێتەوە بریتیە لە زانستى تەوحید وبیروباوەڕ، بەڵام دیسان ئەوەش لەسەر بەندە پێویستە كە بگەڕێت و بزانێت چۆن ئەو زانستە فێردەبێت و لە كێى وەردەگرێت و لە چ سەرچاوەیەكەوە دەستى دەكەوێت، جا سەرەتا ئەوە لەم زانستە فێردەبێت و وەرى دەگرێت كە هیچ گومان و ئیشكالی تێدا نییە و پاشان سەرنج دەدات لەو بەشەى كە بیدعە وشوبهاتى تێدا تێكەڵ كراوە بۆ ئەوەى هەستێت بە ڕەد دانەوەى و ڕوونكردنەوە وبەیان كردنى ئەوەى وەرى گرتووە لە بیروباوەڕە پاك وبێگەردەكە، جا با ئەو سەرچاوەیەى كە لێى وەردەگرێت بریتی بێت لە قورئان وسوننەتى پێغەمبەر    وپاشان قسەى هاوەڵان رضي الله عنه و پاشان زانایان چیان ووتوە لە تابیعن و شوێنكەوتووانى تابعینیش، دواى ئەوە تەماشاى فەتواو گوفتارى زانا متمانەپێكراوەكان بكات بەتایبەت شێخى ئیسلام ابن تیمیە وقوتابیەكەى ابن القیم ڕەزاو ڕەحمەتى خواى گەورە لەهەموویان بێت.


سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –


(١) أخرجه البخاري، كتاب العلم، باب من يرد الله به خيراً (71) . ومسلم، كتاب الزكاة، باب النهي عن المسألة (1037)

سەردان: ١,١١٧ بەش: باوەڕبون بە قەدەر