حوکمی ئەو پارەیەی کە لە جگەرە فرۆشتن کۆکراوەتەوە دوای تەوبە کردن لە فرۆشتنی: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمی ئەو پارەیەی کە لە جگەرە فرۆشتن کۆکراوەتەوە دوای تەوبە کردن لە فرۆشتنی
پرسیار:

ماوەیەک سەرقاڵی فرۆشتنی جگەرە بووم ، ئایا ئەو پارەیەی کۆم کردۆتەوە حەڵاڵە یاخود حەڕام ، لەکاتێکدا من ـ سوپاس بۆ خوا ـ وازم لێی هێناوە ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

برای خۆم تەوبە کردن پێش خۆی دەسڕێتەوە ، گەر جەنابت سەرقاڵی فرۆشتنی جگەرە یاخود هەر کارێکی تری حەرام بووی وپاشان وازت لێی هێناوە سوپاسی خودا بکە لەسەر ئەوە و بەردەوام بە لەسەر تەوبەکەت.

وەبەنسبەت ئەو ماڵەی کەبەو هۆیەوە پەیدات کردووە پێش ئەوەی بزانیت یاخود پێش ئەوەی زانیاری تەواوت هەبێت لەسەر حەرامیەتی جگەرە وفرۆشتنی ئەوا ئومێدەوارین هیچت لەسەر نەبێت لەوەی کەخواردووتە  ، بەڵام ئەوەی کەماوەتەوە ئەوا باشتر وایە بیکەیته خێر و لەڕێگای چاکەدا بیبەخشی وژیانت لەسەر شتی تر بەڕێ بکەیت .

ئا ئەوە پێویستەو باش وایە ئەنجام بدرێت ؛ چونکە ماڵێکە بەڕێگای غەیرە شەرعی کۆ کراوەتە ، و لەبەر ئەوەی بابەتی جگەرە لای تۆ و غەیری تۆش مەعلومە ، گوێت لەزانایان بووە بەوەی جگەرە خراپە ویاخود گومانی لەسەرە ، بەڵام تۆ هەر کەمتەرخەمیت کردووە .
بۆیە پێویستە ئەو ماڵەی کە بەجگەرە کۆت کردۆتەوە و ئێستا لات ماوە بیکەیتە خێر ، و گەر تۆ پێویستت پێیەتی وهەژاریت ونەتزانیوە حەرامە تەنها لەکاتی تەوبەکەدا نەبێت ئەوا ئومێدەوارین هیچت لەسەر نەبێت ، بەبەڵگەی ئەم ئایەتە کاتێ کەباسی ڕیبا دەکات: ﴿فَمَنْ جَاءَهُ مَوْعِظَةٌ مِنْ رَبِّهِ فَانْتَهَى فَلَهُ مَا سَلَفَ وَأَمْرُهُ إِلَى اللَّهِ﴾ [البقرة:275] .
واتە: جا هه‌ر كه‌سێك ئامۆژگاریه‌كی له‌ په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بۆ هات كه‌ ڕیبا حه‌رامه‌ وه‌ ده‌ستی لێ هه‌ڵگرت و وازی لێ هێنا و فه‌رمانی خوای جێبه‌جێ كرد ، ئه‌وه‌ی كه‌ پێشتر به‌ ڕیبا وه‌ری گرتووه‌ لۆمه‌ ناكرێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێش حه‌رام بوونی ڕیبا ده‌ستی كه‌وتووه‌ ، وه‌ كاریشی ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لای خوای گه‌وره‌ به‌وه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ لێی خۆش بێت.

دوو بارەی دەکەینەوە ئەگەر تەنها لەکاتی تەوبەکەدا زانیوتە حەڕامە ئەوا ئومێدەوارین هیچ تاوانێکت لەسەر نەنوسرێت لەسەر ئەوەی ڕابردووە ، بەڵام گەر ئەو ماڵە دەرکەیت و دابەشی بکەیت و لەڕێگای خێر و چاکەدا بیبەخشی ئەوا باشتر و سەلامەت ترە بۆت.

وەڵامى زانای پایەبەرز : عبدالعزیز بن عبدالله بن باز - رحمه الله-

سەردان: ٢,٥٧٦ بەش: تەوبە کردن