حوکمى هاتنى خوێن بە هۆى جیماع و کارى سەرجێێ بە تایبەت لە شەوی یەکەم: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمى هاتنى خوێن بە هۆى جیماع و کارى سەرجێێ بە تایبەت لە شەوی یەکەم
پرسیار:

ئەگەر ئافرەت خوێنى هەبوو خوێنەکەش بە هۆى حەیز و نیفاسەوە نەبوو بەڵکو بە هۆى جیماع کردنەوە بوو ئایا نوێژ بکات؟

وە حوکمى خوێنى دواى نەمانى پەردەى کچێنى چیە کە لەشەوی یەکەم ئافرەتان توشی دەبن دەکرێ واز لە نوێژ بێنێ؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

گەر بابەتەکە بەو شێوەیە بێت کە باست کردووە بەوەی خوێن بەهۆی جیماعەوە دێت ، و خوێنەکە خوێنی حەیز و نیفاس نی یە ، ئەوا بۆت نی یە واز لە نوێژ بێنیت بەو هۆیەوە ، چونکە ئەوەی ڕێگری دەکات لە نوێژ تەنها خوێنی حەیز و نیفاسه .

وە دەرچوونی خوێن دوای نەمانی کچێتی ڕێگری ناکات لەنوێژ وڕۆژوو ، چونکە ئەو خوێنەی کە بەهۆی نەمانی پەردەی کچێنی یەوە دێت خوێنی حەیز نی یە  ،گەر دوای زواج و جیماعی یەکەم ئافرەت توشی نەزیفی بوو ئەوا کە کاتى نوێژ هات دەست نوێژ دەگرێت و بە شتێک دامێنى قایم دەکات تا ڕێگری بکات لە دەرچونى خوێن .

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

گەر بابەتەکە بەو شێوەیە بێت کە باست کردووە بەوەی خوێن بەهۆی جیماعەوە دێت ، و خوێنەکە خوێنی حەیز و نیفاس نی یە ، ئەوا بۆت نی یە واز لە نوێژ بێنیت بەو هۆیەوە ، چونکە ئەوەی ڕێگری دەکات لە نوێژ تەنها خوێنی حەیز و نیفاسه .

عائشة خوای لێی ڕازی بێت دەڵێت : جَاءَتْ فَاطِمَةُ بِنْتُ أَبِي حُبَيْشٍ إِلَى النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَقَالَتْ يَا رَسُولَ اللَّهِ إِنِّي امْرَأَةٌ أُسْتَحَاضُ فَلَا أَطْهُرُ أَفَأَدَعُ الصَّلَاةَ ؟ فَقَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لَا إِنَّمَا ذَلِكِ عِرْقٌ وَلَيْسَ بِحَيْضٍ..) رواه البخاري ( 228) ومسلم (333).
واتە: فاتیمەی کچی حوبەیش هات بۆلای پێغەمبەر صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وگوتی: ئەی پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ من ئافرەتێکم توشی ئیستیحازە دەبم ، واتە: (خوێنم بەهۆی نەخۆشیەوە دێت) و پاک نابمەوە ئایا واز لەنوێژ بێنم ؟
پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمووی: نەخێر ئەوە تەنها خوێنی دەمارێکە و حەیز نی یە .

جا شێخ محمد المختار الشنقيطي لەبارەی ئەو بەشەی فەرمایشتەکەی پێغەمبەرەوە : ( إنما ذلك عرق ) دەڵێت: بەڵگەیە لەسەر ئەوەی نەزیف بوون بەهۆی ئیستیحازەوە حوکی حەیزی نی یە ، ئەمەش بەکۆ دەنگی زانایان  "سنن الترمذي".

وە شێخ محمد بن صالح العثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت :
ئەو خوێنەی کە لەئەنجامی نەشتەرگەری دا دێت حوکمی خوێنى حەیزی نی یە ، لەبەر ئەو فەرموودەیەیی پێغەمبەر لە بارەی ئافرەتێکەوە کە لەحەیزدایە و فەرمویەتى: ( إن ذلك دم عرق ) ؛ لەمەدا ئاماژە هەیە بەوەی گەر خوێن بەهۆی دەمارەوە بوو ، ولەوانەش خوێنی نەشتەرگەری ئەوا بەحەیز ئەژمار ناکرێت ، وئەو شتانەی کەبەهۆی حەیزەوە حەڕام دەبن شموولی ئەمە ناکات ، وپێویسته لەسەری نوێژ بکات وڕۆژوو بگرێت گەر لەڕەمەزاندا بوو " انتهى من "مجموع الفتاوى" (11/277)

بەڵام دەبێ ئاگاداری ئەووە بن دەرچوونی خوێن لەداوێنی ئافرەتەوە دەست نوێژ دەشکێنێت با خوێنی حەیزیش نەبێت، وپێویستە لەسەری بۆ هەموو نوێژێک دوای هاتنی کاتەکەی دەست نوێژ بشۆرێت و شتێک لەگەڵ خۆی هەڵگرێت کەڕێگری دەکات لەدەرچوونی خوێن لەکاتی نوێژدا .

سەبارەت بە حوکمى خوێنى دواى نەمانى پەردەری کچێنى : 

دەرچوونی خوێن دوای نەمانی کچێتی ڕێگری ناکات لەنوێژ وڕۆژوو ، چونکە ئەو خوێنەی کە بەهۆی نەمانی پەردەی کچێنی یەوە دێت خوێنی حەیز نی یە  ،گەر دوای زواج و جیماعی یەکەم ئافرەت توشی نەزیفی بوو ئەوا کە کاتى نوێژ هات دەست نوێژ دەگرێت و بە شتێک دامێنى قایم دەکات تا ڕێگری بکات لە دەرچونى خوێن .

والله أعلم .

سەردان: ٧,٨٨٩ بەش: حەیز و نیفاس