ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە دابەزینی خوای گەورە لە سێیەکی شەودا دادەبەزێت بۆ ئاسمانی دونیا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە دابەزینی خوای گەورە لە سێیەکی شەودا دادەبەزێت بۆ ئاسمانی دونیا
پرسیار:

ئاشكرایە كە شەو بەسەر گۆى زەویدا دەسوڕێتەوە و خواى گەورەش لە سێ یەكى شەودا دادەبەزێتە ئاسمانى دونیا، جا ئەمە وا دەخوازێت كە هەموو شەوێك خواى گەورە لە ئاسمانى دونیا بێت، ئایا وەڵامى ئەوە چییە؟

واجبە لەسەرمان باوەڕمان بەوە هەبێت كە خواى گەورە وەصفى خۆى پێ كردووە و ناوى خۆى پێناوە لە كتێبەكەیدا و لەسەر زمانى پێغەمبەرەكەى    بەبێ گۆڕین و پەكخستن و دیارى كردنى چۆنێتى و هاوشێوەبۆدانان، جا گۆڕین لەدەقدا دەبێت و پەكخستن لە لەبیروباوەڕدا دەبێت و دیارى كردنى چۆنێتى و هاوشێوەبۆدانان لە صیفەتدا دەبێت هەرچەندە هاوشێوەبۆدانان تایبەتترە لە دیارى كردنى چۆنێتى لەبەر ئەوەى دیارى كردنى چۆنێتیەكە كە وابەستەو پەیوەستە بە هاوشێوە بۆ دانانەوە، جا پێویستە بیروباوەڕمان پاك بكەینەوە لەو چوار خاڵە و ئاگاداریان بین.
 وە ئەبێت موسڵمانیش خۆى بگرێت لەوەى پرسیار دەربارەى ( بۆچى و چۆن) بكات لەبارەى ناو و صیفاتەكانى خواى گەورەوە و بوار بە خۆى نەدات بیر لە چۆنێتى بكاتەوە، جا ئەم ڕێگە و ڕێبازە ئەگەر مرۆڤ پەیڕەوى كرد ئەوا سەلامەت دەبێت و ڕزگارى دەبێت لەوەى سەربكێشێت بۆ دروست بوونى گومان، و ئەمەش حاڵى سەلەف بووە رەحمەتى خوایان لێ بێت.
 هەربۆیە كاتێك پیاوێك دێت پرسیار لە پێشەوا مالكى كوڕى ئەنەس دەكات – رحمەالله-  دەربارەى ((الرَّحْمَنُ عَلَى الْعَرْشِ اسْتَوَى)) و دەڵێت: ئیستیوا چۆنە؟ ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت: ((ئیستیوا نادیار وشاراوە نیە (لەزماندا) و چۆنێتی نەزانراوە و باوەڕبوون پێى واجبە و پرسیاركردن دەربارەى ئەوە بیدعەیە و وائەزانم تۆ كەسێكى بیدعەچی بیت)).
وە ئەمەش كە دەپرسێت دەڵێت خواى گەورە دادەبەزێت بۆ ئاسمانى دونیا لەسێ یەكى شەودا و ئەمەش وا دەخوازێت كە خواى گەورە هەموو شەوێك لە ئاسمانى دونیابێت چونكە شەو بەسەر هەموو زەویدا سوڕدەخوات و لێی نابڕێت و لەشوێنێكەوە دەچێت بۆ شوێنێكى تر.
جا وەڵاممان بۆ ئەمە ئەوەیە كە دەڵێین: ئەمە جۆرە پرسیارێكە كە هاوەڵان نەیانكردووە - رضی الله عنهم - و ئەگەر ئەمە پرسیار و گومانێكى ڕاستەقینە بووایە لەدڵ و ناخى باوەڕدارى ملكەچ بۆ فەرمانى خوا، ئەوا بێگومان خواى گەورە و پێغەمبەرەكەى    ڕوونى دەكردەوە، وە دەڵێین: مادام سێ یەكی شەو لەم شوێنە ماوە ئەوا دابەزینى خوایی تێیدا بوونى هەیە، و هەركات سێ یەكى شەوەكە كۆتایی هات ئەوا دابەزینەكەش نامێنێت، و ئێمە چۆنێتى وشێوازى ئەو دابەزینەى خوا نازانین و دركى پێ ناكەین و زانست و زانیاریمان پەی پێ نابات، بەڵام دەزانین كە هیچ شتێك هاوشێوەى خوا نیە و لەسەرمانە كە تەسلیم بین و بڵێین: بیستمان و باوەڕمان هێنا و شوێن كەوتین و گوێڕایەڵیمان كرد، جا ئەمە ئەركى ئێمەیە.  

سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –

سەردان: ٣,٢٧٨ بەش: باوەڕبون بە خوا