چۆنێتى دوورکەوتنەوەى موسڵمان لە خراپە و تاوان لە مانگى پیرۆزى ڕەمەزان: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆنێتى دوورکەوتنەوەى موسڵمان لە خراپە و تاوان لە مانگى پیرۆزى ڕەمەزان
پرسیار:

من وەکو گەنجێک چۆن پارێزگاری لە ڕۆژووەکەم بکەم لەکاتێکدا جۆرەها تاوان بوونی هەیە ؟ چۆن وا بکەم کە دوورم بم لە تاوان و هەمیشە ترسی خواى گەورەم لە دڵدا بێ ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

یەکەم :

بەڕاستی کارێکی زۆر چاکت کرد ئەم پرسیارەت کرد ، ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی سووری لەسەر پاراستنی ڕۆژووەکەت نەبادا خێری کەم بێتەوە بەهۆی ئەو تاوانانەی کە بەر بڵاون .

جا پێویستە لەسەر هەموومان ئەوە بزانین ڕۆژوو تەنها واز هێنان نی یە لەخواردن وخواردنەوە ، بەڵکو حەقیقەتی ڕۆژوو بۆ دەس خستنی تەقوای خوای گەورەیە ، بۆیە ڕۆژووی حەقیقی بەڕۆژوو بوونە لەگوناح وتاوان ودوور کەوتنەوەیه لێی ، وەهەروەها بەڕۆژوو بوونی دڵە نەک تەنها بەڕۆژوو بوونی لاشە ، ئەوەی ئێمە دەیڵێین لەفەرموودەدا ئاماژەی پێ دراوە وبەڵگەی لەسەرە وەهەروەها زانایانی زۆر تەئکیدیان لێ کردۆتەوە   .

ئەبو هورەیرە لە پێغەمبەرەوە  گێڕاویەتیەوە کە فەرموویەتی :  (مَنْ لَمْ يَدَعْ قَوْلَ الزُّورِ وَالْعَمَلَ بِهِ فَلَيْسَ لِلَّهِ حَاجَةٌ فِي أَنْ يَدَعَ طَعَامَهُ وَشَرَابَهُ )  رواه البخاري ( 1804 ).
واتە: هەركەسێك واز نەهێنێت لە قسەو كردارى خراپ و درۆ كردن ئەوە خوا هيچ پێويستيەكى بەوەنيە كە ئەو واز لەخواردن و خواردنەوە بێنێ. 

وەهەروەها هەر ئەبو هورەیرە لەپێغەمبەرەوە  گێڕاویەتیەوە کە فەرموویەتی :  ( رُبَّ صَائِمٍ حَظُّهُ مِنْ صِيَامِهِ الْجُوعُ وَالْعَطَشُ ، وَرُبَّ قَائِمٍ حَظُّهُ مِنْ قِيَامِهِ السَّهَرُ )  رواه أحمد (8693) وصححه ابن حبان ( 8 / 257 ) والألباني في " صحيح الترغيب " ( 1 / 262
واتە:هەندێ رۆژووەوان هەيە جگە لەبرسيەتى هيچى ترى بۆ نامێنێتەوە ، وهەندێ کەس هەیە شەو نوێژ دەکات جگە لەشەو نخونى هيچى ترى بۆ نامێنێتەوە.

وە هاوەڵان و سەلەفی ساڵح سوور بوون لەسەر ئەوەی ڕۆژووەکەیان پاکەرەوەی دەروون بێت ، ودووری بخاتەوە لەگوناح وتاوان وکاری نەشیاو .

پێشەوا عومەری کوڕی خەتاب  خوا لێی ڕازی بێت فەرموویەتی : "لَيْسَ الصِّيَامُ مِنْ الشَّرَابِ وَالطَّعَامِ وَحْدَهُ ; وَلَكِنَّهُ مِنْ الْكَذِبِ , وَالْبَاطِلِ وَاللَّغْوِ" . 
واتە: ڕۆژوو گرتن تەنها خۆ گرتنەوە نی یە لەخواردن وخواردنەوە بەڵکو خۆ گرتنەوەیە لەدرۆ ، وشتی بەتاڵ وقسەی بێ سوود.

وە جابری کوڕی عبداللەی ئەنساری فەرموویەتی : إذا صمتَ فليصم سمعك وبصرك ولسانك عن الكذب ، والمأثم ، ودع أذى الخادم ، وليكن عليك وقار وسكينة يوم صومك ، ولا تجعل يوم فطرك ويوم صومك سواء .
واتە: گەر بەڕۆژوو بوویت با گوێ وچاو وزمانت بەڕۆژوو بن لەدرۆ ، وتاوان ، و واز لەئەزیەت دانی خزمەتکار بێنە ، و با ویقار و لەسەر خۆیت لەکاتی بەڕۆژوو بوندا پێوە دیار بێت ، و با ڕۆژانی بەڕۆژوو بوونت و ڕۆژانی تر یەکسان نەبن.

وە حەفسەی کچی سيرين – کەیەکێکە لەزاناکانی تابیعین ـ دەڵێت : الصيام جُنَّة ، ما لم يخرقها صاحبها ، وخرقها الغيبة .
واتە: ڕۆژوو قەڵایە ، گەر خاوەنەکەی نەیسووتێنێت ، و سوتاندنەکەی زەم و غەیبەت کردنە.

وە مەیمونی کوڕی مەهران دەڵێت : إن أهون الصوم ترك الطعام والشراب . 
 " المحلى " ( 4 / 308 ) .
واتە: ئاسانترین ڕۆژوو گرتن وازهێنانە لەخواردن وخواردنەوە.

دوای ئەم هەموو قسە وباسە سەرمان سوڕ نابێ وپێمان سەیر نی یە کاتێ هەندێ لەزانایان دەڵێن گوناح وتاوان ڕۆژوو بەتاڵ دەکاتەوە ، هەرچەند بۆچوونی ڕاست ئەوەیە بەتاڵی ناکاتەوە ، بەڵام بێگومان خێری کەم دەکاتەوە ، وپێچەوانەی ئامانجی ڕۆژووە .

وە الحافظ ابن حجر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت :

غەیبەت کردن زیان بەڕۆژوو دەگەیەنێت ، ئەمە لەعائیشەوە گێڕدراوەتەوە ، وبۆچوونی ئەوزاعی یە ودەڵێت :  إن الغيبة تفطِّر الصائم ، وتوجب عليه قضاء ذلك اليوم .
واتە: غەیبەت ڕۆژوو بەتاڵ دەکاتەوە ، و واجبە لەسەری ئەو ڕۆژە قەزا بکاتەوە.

 وە ابن حزم زۆر لەوە زیاتر دەڵێت وپێی وایە  : هەموو تاوانێک کەبەئەنقەست ئەنجام بدرێت وکەسەکە بزانێت ولەبیری بێت بەڕۆژووە ڕۆژووەکەی بەتاڵ دەبێتەوە ، جا ئەو تاوانە کار بێت ،یاخود گوفتار ، ئەوەش لەبەر گشت گیری ئەم فەرموودەیە ( فلا يرفث ولا يجهل ) ؛واتە: قسە وکردار ناشیرین ونەشیاو نەکات.

 وەهەروەها ئەم فەرمودەیەیی پێغەمبەر : ( من لم يدع قول الزور والعمل به فليس لله حاجة في أن يدع طعامه وشرابه ) " انتهى .
واتە: هەر کەسێک واز نەهێنێت لە قسەى درۆ، وە کردەوەى خراپ و نەفامی ، ئەوا خوا هیچ پێویستى بەوە نی یە واز لەخواردن وخواردنەوە بهێنێت.
" فتح الباري " ( 4 / 104 ) .

وە الشيخ محمد بن صالح العثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت :

بەنیسبەت ئەوەی پێویستە بەڕۆژوو بین لێی وخۆمانی لێ بگرینەوە: ڕەنگە پێتان سەیر بێت گەر بڵێم: خۆ گرتنەوەیە لە گوناح وتاوان؛ چونکە ئەوە ئامانج ومەبەستی یەکەمی ڕۆژووە ؛ لەبەر ئەم ئایەتە پیرۆزە : ( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ ) البقرة/183 .
واته: ئه‌ی باوه‌ڕداران ئێوه‌ ڕۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زانتان له‌سه‌ر فه‌رز كراوه‌ ، هه‌روه‌كو چۆن له‌سه‌ر ئوممه‌تانی پێش ئێوه‌ش فه‌رز كرابوو ، به‌ڵكو ته‌قوای خوای گه‌وره‌ بكه‌ن.

جا بڕوانن خودا نەیفەرموو : بەڵکو برسی بن ! یاخود تینوو بن ! ، یاخود دوور کەونەوە لەخێزانەکانتان و جیماع نەکەن ، نەخێر ، بەڵکو فەرمووی  : ( لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ ) , واتە: بەڵکو بەتەقوا بن .

ئا ئەمە ئامانج و مەبەستی یەکەمی ڕۆژووە ، و پێغەمبەر پێداگری لەسەر ئەمە کردووە وفەرموویەتی : (من لم يدع قول الزور والعمل به والجهل فليس لله حاجة في أن يدع طعامه وشرابه ).

واتە: هەر کەسێک واز نەهێنێت لە قسەى درۆ، وە کردەوەى خراپ و نەفامی ، ئەوا خوا هیچ پێویستى بەوە نی یە واز لەخواردن وخواردنەوە بهێنێت.

کەواتە خۆگرتنەوەی مرۆڤ لەتاوان و بێفەرمانی خودا ، ئەوە ڕۆژوو حەقیقی یە ، بەڵام ڕۆژووی ڕواڵەت: خۆگرتنەوەیە لەو شتانەی ڕۆژوو دەشکێنن لەبانگی بەیانیەوە تاوەکو خۆر ئاوا بوون، بە بەڵگەی ئایەتی : (  وَكُلُوا وَاشْرَبُوا حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكُمُ الْخَيْطُ الْأَبْيَضُ مِنَ الْخَيْطِ الْأَسْوَدِ مِنَ الْفَجْرِ ثُمَّ أَتِمُّوا الصِّيَامَ إِلَى اللَّيْلِ ) البقرة/187 .
ئەم ڕۆژووە ناوی لێ دەنێین ڕۆژووی ڕواڵەت ، کەئەمەش بەڕۆژوو بوونی تەنها جەستە ، وەبەنیسبەت ڕۆژووی دڵەوە ئەوە ئامانجی یەکەمە ، کەئەویش بریتی یە لەخۆ گرتەوە لە گوناح و تاوان و بێ فەرمانی خودا .

هەر بۆیە : هەر کەسێک ڕۆژووی ڕواڵەت بگرێت کەڕۆژووی جەستەیە ، بەڵام ڕۆژووی دڵ نەگرێت ، ئەوا ڕۆژووەکەی زۆر زۆر ناتەواوە ، بەڵام ئێمە پێی ناڵێین: ڕۆژووەکەی بەتاڵە ، بەڵکو دەڵێین: ناتەواوە ، هەروەک چۆن لەبارەی نوێژەوە دەڵیین: مەبەست لێی خۆ زەلیل وملکەچ کردنە بۆ خودا ، ونوێژی دڵ پێش نوێژی لاشەیە ، بەڵام گەر مرۆڤێک بەئەندامەکانی لاشەی نوێژی کرد و بەدڵ نوێژی نەکرد ، وەک ئەوەی دڵی لەجێگەیەک بێت و نوێژ لەجێگەیکی تر ئەوا نوێژەکەی زۆر ناتەواوە  بەڵام دروستە ولەسەری کەوتووە ، بەهەمان شێوە ڕۆژووش زۆر ناتەواوە گەر مرۆڤ خۆی نەگرێتەوە لەگوناح وتاوان ، بەڵام ڕۆژووەکەی دروستە ولەسەری کەوتووە ؛ چونکە عیبادەتەکان لەدونیادا لەسەر ڕواڵەت بونیاد نراون.

" لقاءات الباب المفتوح " ( 116 / ص 1 ) .

دووەم :

زانایان ئارام گرتنیان کردۆتە سێ بەشەوە : 
ئارام گرتن لەسەر تاعەت وعیبادەت ، وئارام گرتن لەسەر گوناح وتاوان ئەنجام نەدان ، وئارام گرتن لەسەر قەزا وقەدەر ، جا ڕۆژوو هەر سێ جۆرەکەی ئارام گرتنی لەخۆ گرتووە .

 ابن رجب الحنبلي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت:

باشترین جۆرەکانی ئارام گرتن:
ڕۆژوو گرتنە ؛ چونکە هەر سێ جۆرەکەی ئارام گرتنی لەخۆ گرتووە ؛ چونکە ڕۆژوو ئارام گرتنە لەسەر گوێڕایەڵی خودا ، وئارام گرتنە لەسەر دوور کەوتنەوە لەتاوان ؛ چونکە ڕۆژووەوان لەپێناو خودادا واز لەئارەزووەکانی دێنێت لەکاتێکدا حەزی پێیەتی ، هەر بۆیە لەفەروودەیەکی سەحیحی دا هاتووە خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ( كل عمل ابن آدم له إلا الصيام فإنه لي وأنا أجزي به ؛ لأنه ترك شهوته وطعامه وشرابه من أجلي ) ،
واتە: 

واتە : خوای پەروەردگار فەرموویەتی : هەموو كردەوەی ئادەمیزاد بۆ خۆیەتی تەنها ڕۆژوو نەبێ بۆ منە و من پاداشتی دەدەمەوە ؛ چونکە ئەو وازی لەئارەزووەکەی وخواردن وخواردنەوەکانی هێناوە لەپێناو مندا.

وەهەروەها ڕۆژوو ئارام گرتنی لەسەر قەزا وقەدەرە ناخۆشەکان لەخۆگرتووە کە بەهۆی تینوێتی وبرسیەتیەوە تووشی دەبێت .

" جامع العلوم والحِكَم " ( ص 219 ) .

هەر کەسێک وەک پێویست و بەو شێوەیەی کەخودا دەیەوێ ڕۆژووەکەی بگرێت ئەوا پاداشتی گەورەی دەس دەکەوێت ، وئەم ئایەتەی بەسە : ( إِنَّمَا يُوفَّى الصَّابِرونَ أَجْرَهُم بِغَيْرِ حِسَابٍ ) الزمر/10 .
واتە:ته‌نها ئارامگران ئه‌جرو پاداشتی خۆیان وه‌رئه‌گرن به‌بێ ژماره‌، واته‌: ئه‌جرو پاداشتێكی یه‌كجار زۆر له‌ به‌هه‌شتدا. 

سێیەم :
وە بۆ ئەوەی موسوڵمان پارێزگاری بکات لەڕۆژووەکەی وپاداشتەکەی کەم نەبێتەوە بەهۆی تاوانەوە ، ئەوا پێویسته لەسەری ئارام گر بێت لەسەر تاوان نەکردن ، و هەندێ لەزانایان گوتوویانە:
ئارام گرتن لەسەر تاوان ئەنجام نەدان لەهەر دوو جۆری ئارام گرتنەکەی تر قورس ترە ؛ ئەوەش بەهۆی ئەوەوەیە کەهۆکارەکانی گوناح وتاوان وخراپە لێی کۆ دەبنەوە وزۆر زۆرن .

 ابن القيم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت :

لێرەدا بابەتێک هەیە خەڵک قسەیان تێدا کردووە ئەویش ئەوەیە:
کام ئارام گرتن باشترە: ئارام گرتنی بەندە لەسەر تاوان ئەنجام نەدان ، یاخود ئارام گرتن لەسەر عیبادەت کردن وگوێڕایەڵی کردنی خودا ؟
هەندێکیان یەکەمیان بەباشتر زانیوە ، وەدەڵێن : ئارام گرتن لەسەر ئەنجام نەدانی تاوان کاری ڕاستگۆیانە ، هەروەک هەندێ لەسەلەف دەڵێن: 
کاری چاکە کەسی چاک وخراپ ئەنجامی دەدا ، و کەس توانای واز هێنانی لەخراپە نی یە تەنها کەسی ڕاستگۆ نەبێت ، ودەڵێن: لەبەر ئەوەی هۆکارەکانی تاوان ئەنجام دان زۆر بەهێز ترن لەهۆکارەکانی واز هێنان لەعیبادەت ؛ چونکە هۆکارەکانی تاوان بوونیان هەیە ونەفسیش حەزی لێ دەکات ، وچێژی لێ دەبینێت ، بەڵام هۆکارەکانی عیبادەت وتاعەت بریتی یە لە : تەمبەڵی ، دەس بەتاڵی ، کار ، و بێگومان هۆکارەکانی تاوان ئەنجام دان بەهێز ترن .

وەهەروەها دەڵێن: چونکە تاوان هەریەک لەحەزی نەفس و ئارەزوو و شەیتان ، و هۆکارە دونیاییەکان ،و هاوەڵی مرۆڤ ، و حەزی لاسایی کردنەوە . . هتد تێدا کۆ بۆتەوە ، جا هەموو ئەمانە مرۆڤ بەرەو خراپە ڕادەکێشن ، دەی دەبێ حاڵی چۆن بێت گەر هەمویان کۆ ببنەوە ، وتوشی دڵ ببن ، وچ کەسێک دەتوانێ بەرگەی بگرێت گەر خودا یارمەتی دەر نەبێت وئارامی پێ نەبەخشێت ؟! .

ئا ئەم بۆچوونە وەک دیارە زۆر بەهێز ترە.
" طريق الهجرتين " ( ص 414 ) .

وەئارام گرتن لەسەر تاوان ئەنجام نەدان لەچەند هۆکارێکەوە سەرچاوە دەگرێت ، ئومێدمان وایە لێی ورد بنەوە ، چونکە بەوردی وەسفی کراوە ، وچارەسەرەکەی دەس نیشان کراوە .

 ابن القيم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت :

"قاعدەی ئارام گرتن لەسەر تاوان ئەنجام نەدان لەچەند هۆکارێکەوە سەرچاوە دەگرێت :

هۆکاری یەکەم : عیلمی مرۆڤ بەخراپی تاوانەکە ، وناشرینی ، و بێزراوی ، و خودا حەرامی کردووە ، وڕێگری لێ کرددە وەک پارێزگاری کردن لەکەوتنە نێو شتی بێ نرخەوە ، هەروەک چۆن باوک منداڵەکەی لەو شتانە دەپارێزێت کەزیانی پێ دەگەیەنن ، جا ئەم هۆکارە وا لەعەقڵی مرۆڤ دەکەن وازیان لێ بێنێت ، هەر چەند سزاشی بۆ دانەنرابێت.

هۆکاری دووەم : شەرم کردن لەخودا ؛ بەندە هەرکات زانی خودا تەماشای دەکات ، و دەیبینێت ، وچاودێری دەکات : ئەوا شەرم دەکات کارێک ئەنجام بدات خودا توڕە بکات .

هۆکاری سێیەم : ڕەچاوکردنی نیعمەتەکانی خودا کەپێی داویت ؛ چونکە بەڕاستی تاوان نیعمەت لەنێو دەبات ، مرۆڤ هیچ تاوانێک ناکات ئیلا بەهۆیەوە نیعمەتێکی لێ دەسەندرێتەوە (ئەوەش بەئەندازەی تاوانەکە) خۆ ئەگەر تەوبە بکات ، وبگەڕێتەوە ، ئەوا نیعمەتەکەی بۆ دەگەڕێتەوە یاخود هاوشێوەکەی ، خۆ ئەگەر بەردەوام بوو لەسەر تاوان ، ونەگەڕایەوە : ئەوا نیعمەتەکەش ناگەڕێتەوە ، وبەردەوام بوون لەسەر تاوان نیعمەت لادەبات تاوەکو هیچ نیعمەتێک نامێنێت ، خوای تەعالا فەرموویەتی : ( إن الله لا يغير ما بقوم حتى يغيروا ما بأنفسهم ) .
واته: به‌ دڵنیایى خوای گه‌وره‌ هیچ قه‌ومێك ناگۆڕێت یان له‌ هه‌ر نازو نیعمه‌تێكدا بن لێیان ناگۆڕێ تا خۆیان خۆیان نه‌گۆڕن به‌ خراپه‌كاری.

جا گەورەترین نیعمەت: ئیمان وباوەڕە ، و دوور بوونە لە تاوانی زینا ، دزی ، وخواردنەوەی عەڕەق . .هتد ، هەندێ لەسەف فەرموویانە : تاوانێکم ئەنجام دا بەهۆیەوە بێبەش بووم لەشەو نوێژ .
وە دانەیەکی تریان دەڵێت: تاوانێک ئەنجام دا بەهۆیەوە بێبەش بووم لەتێگەیشتن لەقورئان ، وەهەر لەم بارەیەوە گوتراوە :

إذا كنتَ في نعمة فارعها ... فإن المعاصي تزيل النعَم
واتە: گەر تۆ لەنیعمەتێک دای ئەوا چاودێری بکە وبیپارێزە
چونکە بەڕاستی تاوان نیعمەت لەنێو دەبات ونایهێڵێت.

وە بەکورتی : تاوان ئاگرە ونیعمەت دەسووتێنێت ، هەروەک چۆن ئاگر دار دەسوتێنێت ، پەنا دەگرین بەخودا لە لەدەس دانی نیعمەت وخۆشیەکان.

هۆکاری چوارەم : ترسان لەخودا ، وترسان لەسزاکەی ، ئەمەش بە بەڕاست زانینی وەعدەکان وهەڕەشەکانی ، و باوەڕ بوون بەخوا ، وقورئانەکەی ،و پێغەمبەرەکەی دەبێت ،ئەم هۆکارەش بەهێز دەبێت بەزانست ویەقین ، ولاواز دەبێت بەلاواز بوونیان ، خوای گەورە فەرموویەتی : ( إنما يخشى الله من عباده العلماء ) .
واتە: ته‌نها به‌نده‌ زاناكان ئه‌وان به‌ زانیاریه‌وه‌ له‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌ترسێن، (ابن عباس) ده‌فه‌رمێت: (زانا ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ شه‌ریك بۆ خوا دانه‌نێت و حه‌ڵاڵى به‌ حه‌ڵاڵ بزانێت و حه‌رامى به‌ حه‌رام بزانێت و ئامۆژگارییه‌كانى خواى گه‌وره‌ بپارێزێت و جێبه‌جێى بكات و دڵنیا بێت كه‌ ده‌گاته‌ خواى گه‌وره‌و لێپرسینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كات)، (سه‌عیدى كوڕى جوبه‌یر) ده‌فه‌رمێت: (ترسان له‌ خوا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ تاوان بتگه‌ڕێنێته‌وه‌) .

وەهەندێ لەسەلەف فەرموویانە: ئەوەندە زانست بەسە مرۆڤ لەخودا بترسێت ، وئەوندە جەهل ونەزانین بەسە مرۆڤ ترسی خودای نەبێت  .

هۆکاری پێنجەم : خۆش ویستنی خودا ، ئەوەش بەهێزترین هۆکاری ئارام گرتنە لە سەر ئەو شتانەی خودا پێی ناخۆشه ، چونکە کەسێک کەسێکی خۆش بوێت گوێڕایەڵی دەبێت ، وەهەرچەند خۆشەویستی بەهێز تر بێت لەدڵدا : ئەوا دەبێتە زیاتر هۆکاری گوێڕایەڵی کردنی ، ودوور کەوتنەوە لەو شتانەی پێی ناخۆشە ، بەڕاستی تاوان وسەر پێچی خودا لەلاوازی خۆشەویستی خوداوە سەرچاوە دەگرێت ، وجیاوازی هەیە لەنێوان کەسێکدا کەترس لەگەورەکەی دەبێتە هۆکاری واز هێنان لەبێ فەرمانی ، لەگەڵ ئەو کەسەی خۆشەویستی گەورەکەی وای لێ دەکات بێ فەرمانی نەکات.

هۆکاری شەشەم : بەرز و بەڕێزی نەفس ، و زیرەکی ، و پاکی ، و چاکی ، وغیرەیەک کەوای لێ بکات ڕێگر بێت لەو شتانەی لەکەداری دەکەن ، و پلەی دادەبەزێنن بۆ ئاستی کەسانی هیچ و پوچ .

هۆکاری حەوتەم : بەهێزی عیلم وزانست بەئەنجامی خراپەکاری ، و شوێنەوارەکانی ، و ئەو زیانانەی کەبەو هۆیەوە توشت دەبن لەوانە:  ڕەش بوونی دەم و چاو ، و تاریکی دڵ ، و دڵ تەنگی ، خەم وخەفەت ، و توشی دوو دڵی ودڵە ڕاوکێ ، ودوور کەوتنەوەی پارێزەرەکەی کەخودایه ، وسەر لێ شێواوی ، ومردنی دڵ . . هتد . 

وەبەکورتی : شوێنەواری گوناح و تاوان زۆر لەوە زیاترن مرۆڤ پەی پێ ببات ، وەهەروەها شوێنەواری عیبادەت وگوێڕایەڵی خوا زۆر لەوە زیاترن مرۆڤ پەی پێ ببات ، هەرچی خێری دونیا ودوا ڕۆژ هەیە لەگوێڕایەڵی خودادایە ، وەهەرچی شەڕی دونیا ودوا ڕۆژ هەیە لە بێ فەرمانی خودادایە.
 
هۆکاری هەشتەم : کورتی هیوا و ئاوات ، و زانینی ئەوەی کەزوو تێدەپەڕێت ، وە ئەو وەک کەسێک وایە کەلەسەفەردایە وچۆتە گوندێکەوە و نزیکە دەرچێت لێی ، یاخود وەک سوارێک وایە کە لەسێبەری دارێکدا دابەزی بێت ودواتر بەجێی بێڵێت ، لەم حاڵەتەدا لەگەڵ ئەوەی سوورە لەسەر بەسەر بردنی کاتێکی خۆش بەهەمان شێوە سوورە لەسەر ئەوەی بەسەلامەتی ئەو جێگەیە بەجێ بهێڵێت وزیانی پێ نەگات ، بێگومان هیچ شتێک سوود بەخشتر نی یە بۆ مرۆڤ لەکورتی هیوا وئومێد ، و لەبەرانبەردا هیچ شتێک بەئەندازەی هیوا درێژی زیان بەمرۆڤ ناگەیەنێت .

هۆکاری نۆیەم : دوور کەوتنەوە لەو شتانەی کەزیادەن لەخواردن ،وخواردنەوە ، وجل وبەرگ ، ونوستن ، وکۆ بوونەوە لەگەڵ خەڵکدا ؛ بەڕاستی هێزی تاوان لەوانەوە سەرچاوە دەگرن ، ویەکێک لەزیان بەخشترین شتەکان بۆ عەبد : دەس بەتاڵی ، وبێ ئیشیە ؛ چونکە نەفس بەبەتاڵی دانانیشێت ، بەڵکو گەر سەرقاڵی نەکەیت بەچاکەوە ئەوا سەر قاڵ دەبێت بەخراپە وشتە زیان بەخشەکانەوە .

هۆکاری دەیەم : کە کۆکەرەوەی هەموو ئەو هۆکارانەیە کەئەویش : 
جێگیر بوونی داری ئیمان وباوەڕە لەدڵدا ، ئارام گرتنی مرۆڤ لەسەر تاوان بەگوێرەی قوەتی ئیمانە ، هەر کات ئیمانی مرۆڤ بەهێز بێت ، ئەوا ئارام گرتنی زیاتر وبەهێز تر دەبێت ، وەهەرکات ئیمان لاواز بوو ، ئەوا ئارام گرتنیش لاواز دەبێت ، هەرکەسێک لەدڵی دا باوەڕ بوون بەخودا هەبێت ، وهەست بەبینینی خودا بکات ، و لەدڵی دا ترسی سزای خودا هەبێت وئومێد هەبێت بەپاداشتی خودا : ئەوا ئەو عیلمە ڕێگری لێ دەکات لەوەی کاری پێ نەکات ، وەهەرکەسێک پێی وابێت ئارام گرتن بەبێ هەبوونی ئیمانێکی بەقوەت بەهێز دەبێت ئەوا بەتەئکید بەهەڵەدا چووە ، بێگومان هەر کات ڕوناکی باوەڕ بەهێز بێت لەدڵدا ئەوا نوری ئەو باوەڕە دەور وبەر ڕوناک دەکاتەوە و کاری گەری دەبێت لەسەر ئەندامەکانی جەستە و وەڵامی بانگەوازیەکەی دەدەنەوە ، بەڵکو دڵخۆش دەبێت بەبانگەوازی باوەڕ هەروەک چۆن خۆشەویست بەبانگی خۆشەویستکەی دڵ خۆش دەبێت . .

" طريق الهجرتين " ( ص 408 – 414 ) باختصار .

جا ئەوەی پێویست بێت لەسەر موسوڵمان ئەوەیە:
بزانێت خودا چ مەبەستێکی حەقیقی هەیە لەفەرز کردنی ڕۆژوودا ، و هۆکارەکانی تاوان بزانێت و لێی دوور کەوێتەوە ، وەئەوەی لە ابن القيم ـمەوە نەقڵمان کرد ئەمە ڕوون دەکەنەوە بەجوانترین شێواز  .

سەردان: ٣,٨٠٥ بەش: حوکم و ئادابەکانى ڕۆژوو