ئافرەت چۆن نوێژی تەراویح لە ماڵی خۆیدا دەکات؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئافرەت چۆن نوێژی تەراویح لە ماڵی خۆیدا دەکات؟
پرسیار:

ئەو ڕێکارانە چین کە پێوستە ئه‌نجام بدرێن بۆ ئەنجامدانی نوێژی تەراویح لە ماڵ؟ وە ئایا مەرجە ئافرەت قورئانی لەبەربێت بۆ ئەوەی بتوانێت نوێژی تەراویح بە تەنیا ئەنجام بدات؟ یاخود دەتوانێ تەنیا بەو سورەتانەی کە دەیانزانێ ئەنجامیان بدات؟
 

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

یەکەم:
نوێژ کردنی ئافرەت لە ماڵەوە خێرترە لەوەی لە مزگەوت بیانکات، جا چ نوێژی فەڕز بێت، یان نوێژی سوننەت وەکو نوێژی تەڕاویح.
زانایان فەرمویانە:
" ئافرەت نوێژ لە ماڵەوە بکات خێرترە بۆی وەک لەوەی لە مزگەوت بیانکات، ئەمەش نوێژی فەڕز و نوێژی سوننەت - وەک نوێژی تەڕاویح - دەگرێتەوە.  " بڕوانه‌ " فتاوى اللجنة الدائمة" - المجموعة الأولى " (7/201).

دووەم:
ئافرەت نوێژی تەڕاویح لە ماڵەوە دەکات بەوەندەی کە بۆی کرا و توانی، تا پێشی دەکرێ بەدوای سوننەت دەکەوێ، ھەروەھا ئەگەر قورئانی لەبەربێ و توانای درێژکردنەوەی نوێژەکانی ھەبێ، ئەوا یازدە ڕکات یاخود سێزدە ڕکات ئەنجام دەدات، هه‌ڵبه‌ت ئەمەش دوو دوو ڕکات دەبێت، پاشان ویتر ئەنجام دەدات و، کۆتایی بە نوێژەکانی ده‌هێنێت.
وە ئەگەریش توانای درێژکردنەوەی نەبوو، ئەوا دوو دوو ڕکات  ئەنجامدەدات، تا واھەست دەکات کە ئەوەندەی کرد کە لە توانای دا هه‌یە، ئینجا ڕکاتێک ویتر دەکات کۆتایی بە نوێژەکانی دێنێت.

زانایان دەڵێن :
" نوێژیی تەڕاویح یازدە ڕکاتە، یاخود سێزدە، كه دوو دوو ده‌یانکات و سەلام دەداتەوە لە نێوانیان، کە ئەمەش شێوازە ڕاستەکەیە کە پێغەمبەر کردویەتی، بەڵام ھەر کەسێکیش بیست ڕکات یان زیاتر بکات، ئەوا ھیچی لەسەرنیە و نوێژکردنەکەی دروستە؛ لەبەرئەوەی پێغەمبەر - - ده‌فه‌رمووێت: ((صَلَاةُ اللَّيْلِ مَثْنَى مَثْنَى، فَإِذَا خَشِيَ أَحَدُكُمْ الصُّبْحَ صَلَّى رَكْعَةً وَاحِدَةً تُوتِرُ لَهُ مَا قَدْ صَلَّى))، متفق عليه .
واتا: شەو نوێژ دوو دوو ڕکات دەکرێت و، ھەرکاتێک یەکێک لە ئێوە ھەستیکرد کەوا خەریکە بەیانی بێت، با ڕکاتێک ویتر بکات و، کۆتایی بە نوێژەکانی بهێنێت.
بەمه‌ش پێغەمبەر - سەڵات و سەلامی خوای لێبێت - ژمارەیەکی دیاریکراوی دیاری نەکرد بۆ شەونوێژ. " له‌ " فتاوى اللجنة الدائمة" - المجموعة الأولى " (7/198).

سێیەم :
مەرج نیە ئافرەت قورئانی لەبەربێت بۆ ئەوەی بتوانێت نوێژی تەراویح لە ماڵەوە بکات، بەڵکو کاتێک قورئانی ھەموو لەبەرە، یاخود بەشێکی باشی لەبەرە ئەو کاتە نوێژی تەراویح بەو قورئانە دەکات کە دەیزانێت، خۆ ئەگەریش بایی ئەوەندەی لەبەرنەبوو کە نوێژی تەراویحی پێبکات لە ماڵەوە، ئەوا ھیچی تێدا نیە ئەگەر لەسەر قورئان بخوێنێتەوە لە نوێژی تەراویحدا.
ابن باز - ڕه‌حمەتی خوای لێبێت - دەڵێت :
(إذا دعت الحاجة أن يقرأ من المصحف؛ لكونه إماما، أو المرأة وهي تتهجد بالليل، أو الرجل وهو لا يحفظ: فلا حرج في ذلك)، سه‌یری " فتاوى نور على الدرب " (8/246) بكه‌.
واتا: ئەگەر پێویستی وایخواست کە لە نوێژدا لەسەر قورئان بخوێندرێتەوە، وەک ئەوەی کەسێک پێشنوێژی بکات، یاخود ئافرەتێک بێت و لە ماڵەوە خەریکی شەونوێژە، یان پیاوێکە و قورئانی لەبەر نیە، ئەوا دروستە ھیچی تێدا نیە.
خۆ ئەگەر ھاتوو لە ماڵەوەش کۆمەڵە ئافرەتێک بوون، ھیچی تێدا نیە نوێژەکە بە کۆمەڵ بکەن، یەکێکیان لە ناوەڕاست دەوەستێ و قورئان دەخوێنێ بەوەی توانی، تەنانەت ئەگەر لەسەر قورئانیش بێت.
ابن عثيمين - ڕه‌حمەتی خوای لێبێت - دەڵێ:
(الأفضل للمرأة أن تصلى في بيتها، حتى وإن كان هناك مسجد تقام فيه صلاة التراويح، وإذا صلت في بيتها فلا بأس أن تصلى جماعة في أهل البيت من النساء، وفي هذه الحال إذا كانت لا تحفظ من القرآن إلا قليلا، فلها أن تقرأ من المصحف " انتهى مختصرا من " فتاوى نور على الدرب " لابن عثيمين .
واتا: باشتر وایە ئافرەت نوێژ لە ماڵی خۆیدا بکات، تەنانەت ئەگەر مزگەوتێکی واشی لێ نزیک بوو کە نوێژی تەراویحی بە کۆمەڵ تێدا ئەنجام ده‌درا، وە ئەگەر نوێژیشی لە ماڵەوە کرد ئەوا دەتوانێت بە کۆمەڵ ئەنجامی بدات لەگەڵ ئافرەتانی تری ماڵەکەی خۆیدا، لەم حاڵەتەش ئەگەر ھاتوو قورئانی لەبەرنەبوو، ئەوا دەتوانێ لەسەر قورئان بخوێنێتەوە.

چوارەم:
ئافرەت بۆی ھەیە نوێژی تەراویح، یان ھەر نوێژێکی تر لە مزگەوت لەگەڵ کۆمەڵی پیاوان ئەنجامبدات، بەتایبەتی ئەگەر زانی کە ئەمە یارمەتی دەدات بۆ ئەوەی چالاکتر بێت بۆ ئەنجامدانی پەرستش و نوێژە درێژەکان و، چاکتر پارێزگاریان لێ دەکات.
سەرەڕای ئەمەش نوێژی ئافرەت بە فەڕز و سوننەتیەوە، لە بنەمادا لە ماڵەوە خێرترە بۆی وەک ئەوەی لە مزگەوت بیانکات.


وه‌رگێڕانی : أنهار كاوه‌ مصطفی
2ـی ڕه‌مـــــ9ــــــه‌زانی 1441كۆچی
25ـی نیسـ4ــــانی 2020له‌دایك بوون

سەردان: ١٧,٢٦٠ بەش: نوێژى تەراویح