زەكات دان بە فێرخوازى زانستى شەرعى (طالب العلم): ماڵپەڕی وەڵامەکان
زەكات دان بە فێرخوازى زانستى شەرعى (طالب العلم)
پرسیار:

حوكمى زەكات دان بە فێرخوازى زانستى شەرعى چییە؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

فێرخوازى زانستى شەرعى كە خۆى یەكلاكردۆتەوە بۆ فێربونى زانست ئەگەر تواناى كەسابەتیشی هەبێت ئەو دروستە زەكاتى پێ بدرێت چونكە فێرخوازى زانستیش جۆرێكە لە جیهاد وتێكۆشان لە پێناوى خـوادا.

فێرخوازى زانستى شەرعى كە خۆى یەكلاكردۆتەوە بۆ فێربونى زانست ئەگەر تواناى كەسابەتیشی هەبێت ئەو دروستە زەكاتى پێ بدرێت چونكە فێرخوازى زانستیش جۆرێكە لە جیهاد وتێكۆشان لە پێناوى خـوادا، وە خواى گەورە جیهادى لە پێناوى خوادا كردۆتە یەكێك لەو هۆكارانەى كە شایستەى زەكات پێدان دەبن وەكو فەرموویەتى: (إِنَّمَا الصَّدَقَاتُ لِلْفُقَرَاءِ وَالْمَسَاكِينِ وَالْعَامِلِينَ عَلَيْهَا وَالْمُؤَلَّفَةِ قُلُوبُهُمْ وَفِي الرِّقَابِ وَالْغَارِمِينَ وَفِي سَبِيلِ اللَّهِ وَابْنِ السَّبِيلِ فَرِيضَةً مِنَ اللَّهِ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ) .

واتە: زەكاتە فەرزەكان تەنها دەدرێت بەم كۆمەڵە خەڵكانە : ئەو نەدارانەى كە هیچیان نیە ، و ئەو كەمدەستانەى كە بەپێى پێویست بژێویان نیە ، و ئەو كرێكارانەى كە زەكات و سەدەقەكە كۆدەكەنەوە ، و ئەوانەى كە بەزەكاتەكە دڵنەواییان دەكەنەوە ، لەوانەى كە ڕجاى ئیسلام بوونیان دەكرى یان ئومێدى پتەوبوونى باوەڕیان دەكرێت ، یان سوودى بۆ موسڵمانان هەبێت ، یان بەهۆیانەوە شەڕ و خراپەیەك لە موسڵمانان دوور دەخەنەوە ، وە دەدرێت بۆ ئازادكردنى ئەو كۆیلە و بەندانەى كە گرێبەندیان لەگەڵ گەورە و خاوەنەكانیان نوسیوە بۆ ئازادبوونیان، وە بە قەرزارانیش ( ئەوانەى كە قەرزاربوون لە ئاشتەوایى نێوان دوو كەسدا ، و ئەوانەش كە قەرزارى بارى سەرشانى قورس كردوون لەشتێك كە خراپە و ئیسراف و زیادڕەوى نەبووبێت ، ئێستا تواناى دانەوەیان نیە ) ، وە بۆ تێكۆشەرانى ڕێگاى خواى پەروەردگار ، و بەو ڕێبوارانەى كە بژێویان لێبڕاوە و ناگەنە جێگاى خۆیان ، ئەم دابەشكردنە خواى پەروەردگار دیارى كردوون وبڕیارى لەسەر داوە . و خواى پەروەردگاریش زانایە بەبەرژەوەندى بەندەكانى و كارزان وكاربەجێیە لە بەڕێوەبردن و شەرعەكەیدا .
بەڵام ئەگەر فێرخوازەكە خۆى یەكلاكردبوەوە بۆ فێربونى زانستى دونیایی ئەوا زەكاتى پێ ڕەوا نییە وپێى نادرێت، و پێى دەڵێین: تۆ ئێستا ئیش بۆ دونیا دەكەیت و دەتوانیت وەزیفیەك بەدەست بهێنیت لە دونیادا بۆیە زەكاتت پێ نادەین، بەڵام ئەگەر كەسێكمان بینى كە ئیش وكارى دەكرد و دەیتوانى خواردن وخواردنەوە و خانویش دابین بكات بەڵام پێویستى بە هاوسەرگیرى هەبوو وە پارەى نەبوو بۆ ئەو پرۆسەیە ئایا دروستە زەكاتى پێ بدەین بۆ ئەو مەبەستە؟ وەڵام: بەڵێ دروستە هاوسەرگیرى بۆ بكەین بە پارەى زەكات، و مارەییەكەى بەتەواوى بۆ بدەین، جا ئەگەر وترا: چۆن هاوسەرگیرى بۆ هەژار لە زەكات دروستە هەرچەندە ئەوەى دەیدات زۆریش بێت؟
لە وەڵامدا دەڵێین: پێوستى مرۆڤ بۆ هاوسەرگیرى پێویستە و جارى وا هەیە وەكو پێویستى وەهایە بۆ خواردن و خواردنەوە، هەربۆیە ئەهلى عیلم دەڵێن واجبە لەسەر ئەو كەسەى كە نەفەقەى كەسێكى لەسەرە هاوسەرگیرى بۆ بكات ئەگەر هاتوو ئەوەندە پارەى بۆ ئەو مەبەستە هەبوو، بۆیە واجبە لەسەر باوك كە هاوسەرگیرى بۆ كوڕەكەى بكات ئەگەر كوڕەكەى توانای دارایی ئەو پرۆسەیەى نەبوو، بەڵام بیستوومە هەندێك لە باوكان كە حاڵى گەنجێتى خۆیانیان بیرچۆتەوە ئەگەر كوڕەكەى داواى هاوسەرگیرى لێ بكــات، پێى دەڵێت بڕۆ لە گیرفانى خۆت ئەو كارە بكە، كە ئەمەش دروست نییە و حەرامە لەسەرى ئەگەر تواناى ئەوەى هەبوو هاوسەرگیرى بۆ بكات، وە كوڕەكەى لە رۆژى دواییدا بەرانبەرى دەوەستێ ئەگەر هاوسەرگیرى بۆ نەكات وتوانایشی هەبێت.

جا لێرەدا باسێك هەیە: ئەگەر پیاوێك چەند كوڕێكى هەبوو تیایاندا هەبوو پێگەیشتوو بو وە گەیشتبوو بە تەمەنى هاوسەرگیرى و زەواجی بۆ كرد، وە تیایاندا هەبوو منداڵ بوو، ئایا دروستە بۆ ئەم پیاوە كە وەصیەت بكات بە دانانى هەندێك لە ماڵەكەى بۆ مارەیی منداڵە بچووكەكانى چونكە مارەیی داوە بە منداڵە گەورەكانى؟
وەڵام: نە خێر ئەو كارە دروست نییە، بەڵام لەسەرى واجبە هەركە یەكێك لە منداڵەكانى گەیشتە تەمەنى هاوسەرگیرى بەبێ دواكەوتن هاوسەرگیرى بۆ بكات وەكو چۆن بۆ منداڵە گەورەكە كردویەتى، بەڵام وەصیەتى بۆ بكات بۆ دواى مردنى خۆى ئەوا ئەم كارە حەرامە و بەڵگەش ئەوەیە كە پێغەمبەرى خوا - -  فەرموویەتى:"إن الله أعطى كل ذي حق حقه، فلا وصية لوارث"(1) واتە: خواى گەورە مافی هەموو خاوەن مافێكى داوە بۆیە میراتگر وەصیەتى بۆ نییە.

سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله - 

 

(1) أخرجه أبو داود، كتاب البيوع، باب ما جاء في الوصية للوارث، والترمذي، أبواب الوصايا، ما جاء لا وصية لوارث.

سەردان: ٢,٤٠٠ بەش: زەکات و سەرفیترە