شەیتان لەبەهەشت دەرکرا دواتر چۆن توانى قسە لەگەڵ ئادەم بکات و لە خشتەى ببات ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
شەیتان لەبەهەشت دەرکرا دواتر چۆن توانى قسە لەگەڵ ئادەم بکات و لە خشتەى ببات ؟
پرسیار:

بە هۆى ئەوەى کە شەیتان سوجدەى نەبرد بۆ باوکە ئادەم و لوتبەرزى نواند و فەرمانى خواى گەورەی شکاند خواى گەورە لە بەهەشت دەری کرد ، جا پرسیارەکەم ئەمەیە شەیتان کە لە بەهەشت دەرکرا دواتر چۆن توانى قسە لەگەڵ ئادەم بکات و لە خشتەى ببات ؟ ئایا ڕاستە شەیتان چووتە ناو گیانى مارێکەوە لەو ڕێگەیەوە چووتە ناو بەهەشت؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

خۆ سەرقاڵ کردن باش نیە بە بەوردەکاری ئەو بەسەرهاتانەوە کە لەقورئاندا هاتووە و قورئان ئاماژەی بە وردەکارییەکانى نەکردوە  نەکردووە ، چونکە گەر سودێکی زۆری یاخود حیکمەتێکی هەبوایە ئەوا بەتەئکید خودا لە قورئاندا ئاماژەی پێ دەدا ، یاخود پێغەمبەر هاوەڵانی لێ ئاگادار دەکردەوە و فێری دەکردن ، بۆیە باش نی یە کەسی موسوڵمان خۆی سەرقاڵ کات بەشتێکەوە لەکاتێکدا شتی لە پێشتر و باشتر و گرنگ هەبێت.
وه قورئانی پیرۆز تەنها ئاماژەی بەوە داوە شەیتانی وەسوەسەی بۆ دروست کردوون وباسی لەوردەکاری وچۆنیەتی وەسوەسەکە وشێوازەکەی نەکردووە ، و ئایا لەسەر شێوەی خۆی بووە یاخود لەسەر شێوەی تر بووە ، و ئایا بە حەقیقی چووەتە بەهەشتەوە یاخود نا ؟ ، هەموو ئەمانە غەیبین وناتوانین لەخۆمانەوە قسەی تێدا بکەین.
وە دەشکرێ خودا شەیتانی بردبێتە بەهەشت بۆ تاقی کردنەوەی ئادەم وحەوا ، نەک وەک ڕێز گرتنێک لەشەیتان بەڵکو بۆ تاقی کردنەوەی ئادەم وحەوا ، لەڕووی عەقڵیەوە ئەمە هیچ مەحاڵ وئەستەم نی یە ، لەقورئاندا هاتووە شەیتان قسەی لەگەڵ ئادەم کردووە وسوێندی بۆ خواردووە تاوەکو  خۆى و خێزانەکەی لەخشتە برد.

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

یەکەم :
پێمان باش نی یە بۆ ئەم بەڕێزە و جگە لەویش زۆر خۆیان سەرقاڵ کەن بەوردەکاری ئەو بەسەرهاتانەوە کە لەقورئاندا هاتووە و قورئان ئاماژەی پێ نەداوە ، و هیچ فەرموودەیەکی سەحیحی لە پێغەمبەرەوە لەبارەوە نەهاتووە ، چونکە گەر سودێکی زۆری یاخود حیکمەتێکی هەبوایە ئەوا بەتەئکید خودا لە قورئاندا ئاماژەی پێ دەدا ، یاخود پێغەمبەر هاوەڵانی لێ ئاگادار دەکردەوە و فێری دەکردن ، بۆیە باش نی یە کەسی موسوڵمان خۆی سەرقاڵ کات بەشتێکەوە لەکاتێکدا شتی لە پێشتر و باشتر و گرنگ هەبێت.
موغەیرەی کوڕی شوعبە خودا لێی ڕازی بێت دەڵێت: پێغەمبەر فەرمووی: ( إِنَّ اللَّهَ كَرِهَ لَكُمْ قِيلَ وَقَالَ ، وَكَثْرَةَ السُّؤَالِ ، وَإِضَاعَةَ الْمَالِ ) رواه البخاري (2408) ومسلم (593)
واتە: خودا چەند شتێکی بۆ ئێوە پێ ناخۆشە ، وتی وتی و فڵان وای وت و، زۆر پرسیار کردن و، بەفیڕۆدانی ماڵ.

وە ابن حجر لە "فتح الباري" (3/342)دا ، دەڵێت:
" قال ابن التين : يحتمل أن يكون المراد السؤال عن المشكلات ، أو عما لا حاجة للسائل به ، ولذلك قال : ( ذروني ما تركتكم ) قلت : وحمله على المعنى الأعم أولى " انتهى.
واتە: ئیبن تین گوتوویەتی: ئەم فەرموودەیە ڕەنگە مەبەستی پرسیار کردن بێت لەبارەی هەندێ کێشەوە ، یاخود شتێک بێت کەسوودی بۆ پرسیار کەر نەبێت ، هەر بۆیە پێغەمبەر فەرمووی: (لێم گەڕێن ئەوەی کەمن باسم نەکردووە بۆتان) منیش(ابن حجر)دەڵێم: حەمل کردن لەسەر مانا گشت گیرەکە لەپێش ترە. 

دووەم :
جا یەکێک لەو شتانە ئەوەیە زۆر ڕۆچوون لە وردەکاری ئەو وەسوەسەیەی کەشەیتانی لەعین بۆ باوکە ئادەم ودایکە حەوای دروست کرد ، قورئانی پیرۆز تەنها ئاماژەی بەوە داوە شەیتانی وەسوەسەی بۆ دروست کردوون وباسی لەوردەکاری وچۆنیەتی وەسوەسەکە وشێوازەکەی نەکردووە ، و لەم ئایەتەدا ئاماژەی بە ئامانجی وەسوەسەکە داوە وفەرموویەتی:
( فَوَسْوَسَ لَهُمَا الشَّيْطَانُ لِيُبْدِيَ لَهُمَا مَا وُورِيَ عَنْهُمَا مِنْ سَوْآَتِهِمَا وَقَالَ مَا نَهَاكُمَا رَبُّكُمَا عَنْ هَذِهِ الشَّجَرَةِ إِلَّا أَنْ تَكُونَا مَلَكَيْنِ أَوْ تَكُونَا مِنَ الْخَالِدِينَ . وَقَاسَمَهُمَا إِنِّي لَكُمَا لَمِنَ النَّاصِحِينَ ) الأعراف/20-21
واتە: شه‌یتان له‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌هه‌شت بوو وه‌سوه‌سه‌ی بۆ دروست كردن له‌ناو به‌هه‌شتدا، كه‌ ئه‌و به‌هه‌شته‌یه‌ كه‌ ئیمانداران له‌ ڕۆژی قیامه‌ت ئه‌چنه‌ ناوی ، تا ئه‌وه‌ی كه‌ عه‌وره‌تی خۆیان پێ داپۆشی بوو شه‌یتان ویستی عه‌وره‌تیان ده‌ربخات ، وه‌ پێی وتن كه‌ خوای گه‌وره‌ قه‌ده‌غه‌ى ئێوه‌ى نه‌كردووه‌ له‌م داره‌ بخۆن ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ نه‌بێ كه‌ ئه‌گه‌ر له‌و داره‌ بخۆن ئێوه‌ ئه‌بن به‌ دوو مه‌لائیكه‌ت یان له‌ به‌هه‌شتدا به‌هه‌میشه‌یی ئه‌مێننه‌وه‌و تیایدا نامرن. 

وەهەروەها فەرموویەتی : ( فَوَسْوَسَ إِلَيْهِ الشَّيْطَانُ قَالَ يَا آَدَمُ هَلْ أَدُلُّكَ عَلَى شَجَرَةِ الْخُلْدِ وَمُلْكٍ لَا يَبْلَى ) طه/120
واتە:شه‌یتان وه‌سوه‌سه‌ی بۆ دروست كرد به‌ ده‌نگێكی نهێنی ، وتی: ئه‌ی ئاده‌م ئایا ڕێنماییت بكه‌م بۆ دارێك كه‌ ئه‌گه‌ر لێی بخۆیت بۆ هه‌میشه‌ زیندوو ئه‌بیت و مردنت به‌سه‌ردا نایه‌ت ، وه‌ موڵكێكیش كه‌ هه‌رگیز له‌ناو ناچێت و كه‌م ناكات.

 کاتێ لە زاهیری ئایەتەکان ورد بینەوە بۆمان دەردەکەوێت کەئەم وەسوەسەیە ڕاستەو خۆ بووە و بەزمان لەگەڵیان دواوە ، وهەندێك لەزانایان ئەمەیان لەجمهوری زانایانەوە نەقڵ کردووە ، وئیمامی قوڕتبی لە "الجامع لأحكام القرآن" (1/312)دا ، دەڵێت : " عبداللەی کوڕی مەسعود و عبداللەی کوڕی عەباس وجمهوری زانایان گوتویانە: ڕاستەوخۆ لەخشتەی بردن ، بەڵگەی ئەمەش ئەم ئایەتە پیرۆزەیه: ( وقاسمهما إني لكما لمن الناصحين ) .
واتە: شه‌یتان سوێندی بۆ خواردن كه‌ من دڵسۆزو ئامۆژگاریكاری ئێوه‌م.

جا زاهیری سوێند خواردنەکە ئەوەیە بەڕاستەو خۆ بووە ولەگەڵیان دواوە ".

بەڵام ئەم زاهیرە ئەوەی تێدا نی یە چۆن شەیتان توانی بەم شێوەیە لەگەڵ ئادەم وحەوادا بدوێ ، و ئایا لەسەر شێوەی خۆی بووە یاخود لەسەر شێوەی تر بووە ، و ئایا بە حەقیقی چووەتە بەهەشتەوە یاخود نا ؟ ، هەموو ئەمانە غەیبین وناتوانین لەخۆمانەوە قسەی تێدا بکەین.

سێیەم : بەسەر هاتی مارەکەیان
زانای پایەبەرز شيخ الأمين الشنقيطي لە "أضواء البيان"دا دەڵێت:
زانایانی تەفسیر باسی بەسەر هاتی مارەکەیان کردووە ، و دەڵێن: شەیتان چۆتە نێو لاشەی مارەکەوە ومارەکەش بردوویەتیە بەهەشتەوە ، و فریشتەکان کە کاریان پارێزگاری کردن بووە لەبەهەشت هەستیان بەوە نەکردووە ، جا هەموو ئەمانە لەئیسڕائیلیاتن (ئیسڕائیلیات: بەو قسە وباسانە دەوترێت کەلەئەهلی کتابەوە گێڕدراوەتەوە.) ، و لەواقع دا هیچ ئیشکالێکیشی تێدا نی یە ، چونکە دەکرێت شەیتان لەدەرەوەی بەهەشت ونزیکی بەهەشت بووبێت ، بەشێوەک گوێی لەقسەی ئادەم بووبێت لەکاتێکدا کەلەبەهەشتدا بووە ، ودەشکرێ خودا شەیتانی بردبێتە بەهەشت بۆ تاقی کردنەوەی ئادەم وحەوا ، نەک وەک ڕێز گرتنێک لەشەیتان بەڵکو بۆ تاقی کردنەوەی ئادەم وحەوا وەک ئاماژەمان پێ دا ، لەڕووی عەقڵیەوە ئەمە هیچ مەحاڵ وئەستەم نی یە ، لەقورئاندا هاتووە شەیتان قسەی لەگەڵ ئادەم کردووە وسوێندی بۆ خواردووە تاوەکو خۆى و خێزانەکەی لەخشتە برد.

چوارەم : ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە باوەڕێکى وامان هەبێت بەوەی ئەم بەسەرهاتە حەقە وهیچ گومانێکی تێدا نییە ، هەروەک خودا هەواڵی پێداوین ، ودوژمنایەتی شەیتان وجوندیەکانی لەگەڵ ئادەم ونەوەکانی دا بەردەوامە ، خوای گەورە فەرموویەتی : ( إِنَّ الشَّيْطَانَ كَانَ لِلْإِنْسَانِ عَدُوّاً مُبِيناً) الإسراء / 53 .
واتە: به‌ دڵنیایى شه‌یتان دوژمنی ڕاسته‌قینه‌ی ئێوه‌یه‌ ئێوه‌ش به‌ دوژمنی خۆتانی بزانن به‌وه‌ی كه‌ به‌ قسه‌ی مه‌كه‌ن و گوێڕایه‌ڵی مه‌كه‌ن.

بۆیە ئاگاداری بە هەروەک چۆن خودا ئاگادارتی کردۆتەوە ، وپشت بەخودا ببەستە وداوای یارمەتی لێ بکە بەوەی بت پارێزێت ،خوای گەورە فەرموویەتی: ( قَالَ فَبِعِزَّتِكَ لَأُغْوِيَنَّهُمْ أَجْمَعِينَ * إِلَّا عِبَادَكَ مِنْهُمُ الْمُخْلَصِينَ) ص/82-83 .
واتە:ئیبلیس وتی: سوێند بێت به‌ عیززه‌تی تۆ ئه‌ی په‌روه‌ردگار ئه‌بێ هه‌موویان له‌ خشته‌ به‌رم وه‌ گومڕایان بكه‌م. 
ته‌نها ئه‌و به‌ندانه‌ نه‌بێ كه‌ خۆت هه‌ڵتبژاردوون و خۆیان یه‌كلا كردۆته‌وه‌ بۆ گوێڕایه‌ڵى و په‌رستنى تۆ و به‌ دڵسۆزى و نیازپاكى ته‌نها تۆ ده‌په‌رستن ئه‌وا من توانام به‌سه‌ر ئه‌واندا نیه‌. 

وە ئاگادار بە لەو کەسانە نەبی کە دوای شەیتان دەکەون ولەخشتە دەبرێن ، خوای گەورە فەرموویەتی: ( قَالَ هَذَا صِرَاطٌ عَلَيَّ مُسْتَقِيمٌ * إِنَّ عِبَادِي لَيْسَ لَكَ عَلَيْهِمْ سُلْطَانٌ إِلَّا مَنِ اتَّبَعَكَ مِنَ الْغَاوِينَ * وَإِنَّ جَهَنَّمَ لَمَوْعِدُهُمْ أَجْمَعِينَ * لَهَا سَبْعَةُ أَبْوَابٍ لِكُلِّ بَابٍ مِنْهُمْ جُزْءٌ مَقْسُومٌ) الحجر41-44 .
واته:خوای گه‌وره‌ فه‌رمووی: ئه‌مه‌ ڕێگای ڕاستی منه‌ كه‌ تۆ توانات به‌سه‌ر به‌نده‌كانی مندا نابێ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م ڕێگا ڕاسته‌ بێت و سه‌ره‌نجامتان بۆ لاى من ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. 
به‌ دڵنیایی به‌نده‌ دڵسۆزو هه‌ڵبژێردراوانم تۆ تواناو ده‌سه‌ڵاتت به‌سه‌ریاندا نیه‌ كه‌ گومڕایان بكه‌ی ، ته‌نها ئه‌و كه‌سانه‌ نه‌بێ كه‌ خۆیان شوێنی تۆ بكه‌ون و له‌ گومڕاییدا بن. 
وه‌ به‌ دڵنیایى دۆزه‌خیش مه‌وعیدی هه‌ر هه‌مووتانه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ شوێن تۆ بكه‌ون.
كه‌ حه‌وت ده‌رگای هه‌یه‌ هه‌ر یه‌كێك له‌و حه‌وت ده‌رگایه‌ به‌شی دیاریكراوی خۆی هه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكى لێوه‌ی ئه‌چێته‌ ژووره‌وه‌. 
والله تعالى أعلم

سەردان: ٣,٩٣٠ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان