قورسترین کردەوە لە تەرازووى ڕۆژى قیامەتدا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
قورسترین کردەوە لە تەرازووى ڕۆژى قیامەتدا
پرسیار:

ئایا قورسترین کردەوە لە تەرازووى ڕۆژى قیامەتدا چ کردەوەیەکە؟

خوای گەورە پێی ڕاگەیاندووین کە کردەوەکانی بەندەکان لە ڕۆژی قیامەتدا بە تەرازوویەکی جیاواز و مەزن پێوانە دەکرێت و هیچ کەس نازانێت شێوە و قەبارەی ئەو تەرازووە چۆنە تەنها خوای گەورە نەبێ ، پێغەمبەر  بۆی باس کردووین کە تەرازووەکە دوو قاپی هەیە قاپێکی بۆ کردەوە چاکەکانە و قاپێکی بۆ کردەوە خراپەکانە وە پێوانەی تەرازووکە بۆ کردەوەکان بە پێی قورس و سووکی کردەوەکانە ئەگەر کردەوەی چاکی زۆر بوو ، ئەوە بەو لایە قورس دەبێ و ئەگەر کردەوەی خراپی زۆر بوو ئەوە بە لای کردەوە خراپەکانیەوە قورس دەبێ

خوای گەورە دەفەرمووێت : ( وَنَضَعُ الْمَوَازِينَ الْقِسْطَ لِيَوْمِ الْقِيَامَةِ فَلَا تُظْلَمُ نَفْسٌ شَيْئًا )
واتە : وه‌ له‌ ڕۆژی قیامه‌تدا ته‌رازووی دادپه‌روه‌رى دائه‌نێین بۆ كێشانی كرده‌وه‌كانی مرۆڤـ (یه‌ك ته‌رازووه‌ به‌ڵام به‌ كۆ باسكراوه‌ چونكه‌ كرده‌وه‌ى سه‌رجه‌م خه‌ڵكى پێ ده‌كێشرێت و كرده‌وه‌كان زۆرو جۆراوجۆرن، وه‌ مرۆڤه‌كان و كرده‌وه‌كانیان و په‌ڕاوه‌كانیشیانى پێ ده‌كێشرێت) وه‌ هیچ كه‌سێك سته‌م و زوڵمی لێ ناكرێت .

جا ئەو کردەوانەی کە تەرازوو قورس دەکەن لە ڕۆژی قیامەتدا  

یەکەم : ڕەوشت جوانی 
پێغەمبەر دەفەرمووێت : ( إن أثقلَ شيءٍ يُوضَعُ في ميزانِ المؤمنِ يومَ القيامةِ: خُلُقٌ حَسَنٌ). واتە : قورسترین شت کە بخرێتە تەرازووی بەندەى ئیماندارەوە لە ڕۆژی قیامەتدا ڕەوشت جوانییە.

دووەم :تەسبیحات و زیکری خوای گەورە 
پێغەمبەر  صلی الله علیه و سلم دەفەرمووێت : ( كَلِمَتانِ خَفِيفَتانِ على اللِّسانِ، ثَقِيلَتانِ في المِيزانِ، حَبِيبَتانِ إلى الرَّحْمَنِ، سُبْحانَ اللَّهِ وبِحَمْدِهِ، سُبْحانَ اللَّهِ العَظِيمِ. ) . واتە : دوو ووشە هەن سووکن لە سەر زمان ، قورسن لە تەرازوودا بۆ ڕۆژی قیامەت ، خۆشەویستن لە لای خوای میهرەبان ، ووتنی سبحان الله و بحمدە ، سبحان الله العظیم .

سێیەم : سوپاس کردنی خوای پایە بەرز 
پێغەمبەر  دەفەرموێت : ((الطُّهُورُ شَطْرُ الإِيـمَانِ ، وَالْحَمْدُ لِلَّهِ تَمْلأُ الْمِيزَانَ ، وَسُبْحَانَ اللَّهِ وَالْحَمْدُ لِلَّهِ تَمْلآنِ - أَوْ تَمْلأُ - مَا بَيْنَ السَّمَوَاتِ وَالأَرْضِ) واتە : خۆ پاك و خاوێن كردنەوە نیوەی ئیمانە ، وە (الْحَمْدُ لِلَّهِ / واتە : سوپاس و ستایش بۆ خوا) ترازوو پــڕ دەكات ، وە (سُبْحَانَ اللَّهِ والْحَمْدُ لِلَّهِ / واتە : پاكی بۆ خوا لە كەم وكوڕی و سوپاس و ستایش بۆ خوا) هەردووكیان نێوان ئاسمانەكان و زەوی پــڕ دەكەنەوە .

سەردان: ٦,٨٦١ بەش: باوەڕبون بە ڕۆژى دوایى