هەڵسوکەوتی پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم لەگەڵ دوژمنانی : ماڵپەڕی وەڵامەکان
هەڵسوکەوتی پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم لەگەڵ دوژمنانی
پرسیار:

ئایا هەڵسوکەوتی پێغەمبەرى خوا صلی اللە علیە وسلم چۆن بووە لەگەڵ دوژمنانی لە کافر و بێ باوەڕەکان؟

بێگومان پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم هەموانی توشی شۆک کرد کاتێ دەیتوانی تۆڵە لەنەیارانی بکاتەوە کەچی تەواو پێچەوانە بوو و لێیان خۆش بوو ئەمەش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کەبەڕەحمترین کەس بوو لەمێژوودا  .
جا لێرەدا ئاماژە بەهەندێ لەو هەڵسوکەوتانە دەکەین:

جوانی هەڵسوکەوتی لەگەڵ نەیارانیدا: 

یەکەم : کاتێ کە چووە نێو مەدینەوە چەند بڕیار و ڕێنوێنیەکی دەرکرد لەو پەڕی جوانی سیاسەت کردندا بوو .
بەشێوەک برایەتی خستە نێوان موهاجرین و ئەنسارەوە ، وەهەروەها درواسێ جولەکەکانیانیش تا وایان لێ هات هەموان بوون بەیەک دەست ودەوستانەوە لەڕووی هەر کەسێکدا کەبیەوێ زیان بەمەدینە بگەیەنێت.

دووەم : سابت بووە لەپێغەمبەرەوە بە دوو وەفدەکەی موسەیلەمەی کەزابی فەرموو -کاتێ کەگوتیان موسەیلەمە پێغەمبەری خودایە -: (لولا أن الرسل لا تُقتل لقتلتكما).
واتە: گەر لەبەر ئەوە نەبوایە وەفد ناکوژرێت ئەوا دەتانم کوشت.

سێیەم : وەهەروەها پێغەمبەر فەرموویەتی: (من كان بينه وبين قوم عهد فلا يُحلَّن عقداً، ولا يشُدنه حتى أمدُهُ، أو يَنْبِذ إليهم على سواء).
واتە: هەر کەسێک لەنێوان ئەو و کەسانێکدا پەیمان هەبوو با نەیشکێنێت ، ودەسکاری نەکات (1)تاوەکو کاتەکەی تەواو دەبێت ، یاخود هەواڵیان پێ بدات بەوەی ئەو پەیمانە دەشکێنێت و پێوەی پابەند نابێت.

چوارەم : وە کاتێ کەقوڕەیشیەکان حوزەیفەی کوڕی یەمان و باوکیان بەدیل گرت و ئازادیان کردن و، پەیمانیان لێ وەرگرتن لەگەڵ پێغەمبەری خوادا   نەجەنگن ـ ئەمە لەکاتێکدا بوو ئەوان دەرچوو بوون بۆ بەدر ـ پێغەمبەری خوا پێیانی فەرموون: (انصرفا، نفي لهم بعهدهم، ونستعين الله عليهم).
واتە: بڕۆن وبەشدار مەبن ، ئێمە پەیمانەکەیان بەجێ دێنین ، وداوای یارمەتی لەخودا دەکەین بۆ سەرکەوتن بەسەریاندا.

پێنجەم : وە لەجەنگی بەدردا کاتێ موسوڵمانان حەفتا موشریکیان بەدیل گرت ، پێغەمبەری خوا بەهاوەڵەکانی فەرموو: (استوصوا بالأسارى خيراً)
واتە: باش بن لەگەڵ دیلەکاندا .
بڕوانە بزان چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵ دوژمنانیدا کردووە لەکاتێکدا ئەوان دەیان ویست ئیسلام وموسوڵمانان لەنێو بەرن!  

شەشەم : وە کاتێ عومەیری کوڕی وەهب هات بۆ مەدینە وپێشتر لەگەڵ سەفوانی کوڕی ئومەیەدا ڕێک کەوتبوو قەرز و منداڵەکانی لەئەستۆ بگرێت  ،عومەیریش پێغەمبەر بکوژێت ، پێغەمبەر لەڕێگەی وەحیەوە بەمەی زانی . .
دەزانن هەڵوێستی چۆن بوو بەرانبەر عومەیر ؟
لەخۆی نزیک کردەوە وهەواڵی ئەوەی پێدا کە بۆی هاتووە و عومەیریش یەکسەر موسوڵمان بوو.

حەوتەم : وەهەروەها فوزالەی کوڕی عومەیری کوڕی مەلوح بیری لەوە کردەوە پێغەمبەر بکوژێت لەکاتێکدا تەوافی دەکرد بەدەوری کەعبەدا ، پێغەمبەر دەستی لەسەر سنگی فوزالە دانا دڵی فوزالە نەرم بوو ، وە بووە یەکێک لەهەرە موسوڵمانە چاکەکان .

هەشتەم : هەروەها یەکێکی تر لەهەڵوێسته جوانەکانی ئەوەبوو کاتێ کە لە طائیف پێشوازی لێ نەکرا و دەرکرا و ئازار درا مەلائیکەی کێوەکان هاتە لای و پێی گوت: گەر دەتەوێ ئەو شاخە بەسەریان دەڕوخێنم ئەوەبوو فەرمووی: ( لعل الله ان يخرج من أصلابهم من يقول لا إله إلا الله).
واتە: بەڵکو خودا لەپشت و نەوەی ئەمانە کەسانێک بێنێت ، شایەتی بدەن وبڵێن: هیچ پەرستراوێک بەحەق نی یە جگە لەخودا.

ئەسەر زۆر زۆرە لەبارەی جوانی هەڵوێستی پێغەمبەرەوە لەگەڵ کەسانی تردا تەنانەت لەگەڵ دوژمنە هەرە سەر سەختەکانیدا .


(1)هەڵبەت مەبەست لەدەسکاری نەکردنی پەیمان بۆ زیاتر تەئکید کردنەوەیە لەپابەند بوون پێوەی گەرنا زیاد کردن و گۆڕینی هەندێ بەندی پەیمان دروستە.
ئەمەی ئاماژەم پێدا قسەی زانایانە لەشەرحی ئەم فەرموودەیەدا (ستافی وەڵامەکان) .

سەردان: ٤,٤٧٩ بەش: پێغەمبەری خودا