ناسین و پێناسەى قورئانی پیرۆز: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ناسین و پێناسەى قورئانی پیرۆز
پرسیار:

ئایا چۆن پێناسەى قورئانی پیرۆز دەکەن ؟ وە قورئانى پیرۆز چەند ناوى ترى هەیە کە لە ناو قورئاندا هاتبێ؟

قورئانى پیرۆز كەلامى خواى گەورە و میهرەبانە جلّ جلاله، لەلایەن ئەوەوە دابەزیوە و بۆلاى ئەویش دەگەڕێتەوە، پەروەردگار خۆى بەحەقیقەت قسەى پێ كردووە و درووستكراوێك نیە لە درووست كراوەكانى، بەڵكو ووتە (كلام)ى خۆیەتى، كەلامیش سیفەتێكە لە سیفەتەكانى پەروەردگارمان، وە بە فریشتەى وەحى (جبریل)دا علیه السلام دایبەزاندووە و ناردوویەتى بۆ پێغەمبەرمان (محمد) بە زمانى عەرەبی، كە بە سوورەتى (الْفاتِحة) دەست پێ دەكات و بە سورەتى (النَّاس) كۆتایی پێ دێت.
بە خوێندنەوەى پاداشت وەردەگرین لەسەرى، وە بۆ ئەوەش دابەزیوە هەتا خەڵكى دەربهێنێت لە تاریكاییەكانى كوفر و هاوەڵ بڕیاردان و بت پەرستیەوە بۆ نور و ڕۆشنایی ئیمان و ئیسلام بەویستى خواى پەروەردگار.
خواى گەورە جلّ جلاله بۆ ئەوە ناردوویەتى هەتا خەڵكى بیخوێننەوە و لێى تێ بگەن و بیرى لێ بكەنەوە و كردەوەى پێ بكەن، خوێندنەوەى پەرستش و عیبادەتە، بگرە لە گەورەترین جۆرەكانى زیكر و یادى خوای گەورەیە.
ئەم قورئانە پیرۆزە، پەروەردگار وەك موعجیزەیەكى گەورە ناردوویەتى بۆ پێغەمبەرمان  كە بەچەندین شێوازى جیاجیا تەحەدداى بێباوەڕان دەكات، بۆیە هەر لەسەردەمى پێغەمبەرەوە  و هەتا ئێستاش بێباوەڕان نەیانتوانیوە وێنەى ئەم قورئانە بهێنن، یان وێنەى سورەتێكى قورئان بهێنن،  تەنانەت دەستەوستانن لەوەى كە بتوانن وێنەى تەنها یەك ئایەتیش بهێنن لە ئایەتەكانى قورئانى پیرۆز(١ ).
خواى گەورە دەربارەى قورئان دەفەرموێت:ٍ[وَإِنَّهُ لَتَنْزِيلُ رَبِّ الْعَالَمِينَ (192) نَزَلَ بِهِ الرُّوحُ الْأَمِينُ (193) عَلَى قَلْبِكَ لِتَكُونَ مِنَ الْمُنْذِرِينَ (194) بِلِسَانٍ عَرَبِيٍّ مُبِينٍ (195)](٢) واتە: [بێگومان ئەو قورئانە نێردراوى پەروەردگارى جیهانیەكانە، (جبریل)ى دەستپاك و ئەمین هێنایە خوارێ، بۆسەر دڵى تۆ، تا ببێتە یەكێ لە ترسێنەران و خەڵكى پێ بترسێنى، ئەمیش بەزمانێكى عەرەبی ڕوون و ئاشكرا دابەزێنراوە، تا هیچ بڕو بیانوویەكیان نەمێنێ].
ئەم قورئانە گەورە و پیرۆزە، خواى پەروەردگار چەندین ناوى لێ ناوە، كە هەموویان گەورەیی و فەزڵى قورئان دەردەخەن، لەو ناوانە: (القُرْ آن)، (الكِتاب)، (الفُرْقَان)، (الذِّكر)، (النُّور)، (المَوعِظَة)، (الروح)، (كَلام الله)، هەروەها چەندین ناوى تر، كە زانایان هەژماریان كردووە بە نزیكەى (پەنجاو پێنج) ناو، وەك ئیمامى (العُزَيزي) دەفەرموێت: (خواى پەروەردگار كۆمەڵێك ناوى زۆرى لە كتێبەكەى ناوە، كە ژمارەیان دەگاتە پەنجاو پێنج ناو)(٣).

بۆ ئەم وەڵامە سود وەرگیراوە لە کتێبی : (نیعمەتی ڕەحمان لـە ڕونكردنەوەی بابەتە فیقهی ‌و عەقیدەییەكانی پەیوەست بە قورئـان) لە نوسین و ئامادەکردنى : د. هردی صدیق


(٣) ئەم پێناسەیە بیروباوەڕى پێشینانى چاكمانە دەربارەى قورئانى پیرۆز، وە بەچەندین شێواز پێناسەیان كردووە، كە زۆربەیان لەو پێناسەیەدا كۆدەبێتەوە، كە ئاماژەمان پێى كردووە، بڕوانە ووتەى لەو بارەیەو شێخى ئیسلام لەم بارەیەوە: (مجموع الفتاوى): (144/3)
(٢) سورة: (الشعراء) الآية: (192_195)
(٣) تهذيب وترتيب الإتقان في علوم القرآن: (1/25)

سەردان: ٢,٩٥٩ بەش: قورئانی پیرۆز