دونیا شوێنى پەلە کردنە لە ئەنجام دانی چاکەدا : ماڵپەڕی وەڵامەکان
دونیا شوێنى پەلە کردنە لە ئەنجام دانی چاکەدا
پرسیار:

موسڵمان لە دنیادا چۆن پێشبڕکێ بکات بۆ بە دەست هێنانى ڕەزامەندی خواى گەورە و بەهەشتەکەى؟

دونیا جێگای تاقی کردنەوەیە ، و پەلە کردن لە ئەنجام دانی چاکەدا لە ڕەوشت و ئاکاری تەقوادارانە!

خوای پەروەردگار ئەم دونیایەی دروست کردووە و مرۆڤەکان کردووە بەجێنشینی یەکتر تیایدا ،و کردوویەتی بەجێگای تاقی کردنەوە وجیاکردنەوە کەسە پاکەکان لەکەسانی پیس و کەسانی ساڵح لە کەسی خراپەکار ، هەروەک خوای پەروەردگار فەرموویەتی  -: ﴿تَبَارَكَ الَّذِي بِيَدِهِ الْمُلْكُ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ (1) الَّذِي خَلَقَ الْمَوْتَ وَالْحَيَاةَ لِيَبْلُوَكُمْ أَيُّكُمْ أَحْسَنُ عَمَلًا وَهُوَ الْعَزِيزُ الْغَفُورُ﴾
واتە:ئه‌و خوایه‌ی كه‌ موڵكی ئاسمانه‌كان و زه‌وی به‌ده‌سته‌ خێرو چاكه‌ی یه‌كجار زۆرو گه‌وره‌یه‌و هه‌موو شوێن و كه‌سێكی گرتۆته‌وه‌ ، وه‌ خوای گه‌وره‌ تواناو ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو شتێكدا هه‌یه‌. 
ئەو خوایه‌ی كه‌ مردن و ژیانی دروست كردووه‌ تا تاقیتان بكاته‌وه‌و ده‌ركه‌وێت كامتان باشترین كرده‌وه‌تان ئه‌نجام داوه‌، باشترین كرده‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ نیه‌تی بۆ خوای گه‌وره‌ بێت و بۆ ریاى نه‌بێت، وه‌ له‌سه‌ر سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ر - -  بێت و بیدعه‌ نه‌بێت، بۆیه‌ هیچ كاتێك به‌ بیدعه‌ ناووترێ: كرده‌وه‌ی چاك، وه‌ خوای گه‌وره‌ لێره‌ نه‌یفه‌رموو كامتان كرده‌وه‌ی زۆرتره‌ به‌ڵكو فه‌رمووی: كامتان كرده‌وه‌ی چاكتره‌ ، وه‌ خوای گه‌وره‌ زۆر به‌عیززه‌ت و باڵاده‌ست و لێخۆشبووه‌. 

وەهەروەها فەرموویەتی: ﴿ إِنَّا جَعَلْنَا مَا عَلَى الْأَرْضِ زِينَةً لَهَا لِنَبْلُوَهُمْ أَيُّهُمْ أَحْسَنُ عَمَلًا * وَإِنَّا لَجَاعِلُونَ مَا عَلَيْهَا صَعِيدًا جُرُزًا ﴾ [الكهف: 7 - 8].
 واتە:به‌دڵنیایى هه‌رچی له‌سه‌ر ڕووی زه‌ویدا هه‌یه‌ ئێمه‌ كردوومانه‌ به‌ جوانی بۆ زه‌وی ، تا مرۆڤه‌كانی پێ تاقیبكه‌ینه‌وه‌ بزانین كامیان باشترین كرده‌وه‌ ئه‌كات كه‌ له‌سه‌ر سوننه‌ت بێت و بیدعه‌ نه‌بێت، وه‌ ئیخلاص و دڵسۆزیان بۆ خوای گه‌وره‌ هه‌بێت و ریا نه‌بێت، (خواى گه‌وره‌ داواى باشترین كرده‌وه‌ى لێكردووین نه‌ك زۆرترین) .
وه‌ به‌دڵنیایى ئه‌وه‌یشی له‌سه‌ر زه‌ویه‌ له‌ جوانى و رازاوه‌یى و نازو نیعمه‌ت له‌ كۆتاییدا ئێمه‌ نایهێلین و له‌ ناوى ده‌به‌ین و هه‌مووی ئه‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ خۆڵ، بۆیه‌ به‌ دونیا هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن و با دونیا فریوتان نه‌دات (جُرُزًا) واته‌: هیچ زه‌رعات و كشتوكاڵ و رووه‌ك و جوانیه‌كی تیا ناهێلین.

جا تاقی کردنەوە سوننەتێکە لەسوننەتەکانی خودا ، و کافر و موسوڵمان تاقی دەکاتەوە و هەردوو لا تووشی بەڵاو ناخۆشی دەبن لەدونیادا بەڵام ئەوەی جودایە ئەوەیە کەسی باوەڕدار لەدواڕۆژدا پاداشتی ئەو تاقی کردنەوانە وەردەگرێت ،پێغەمبەر فەرموویەتی: «عجبا لأمر المؤمن إن أمره كله خير له وليس ذلك لأحد إلا للمؤمن إن إصابته سراء شكر فكان خيرا له وإن أصابته ضراء صبر فكان خيرا له».
واتە: من سەرم سوڕماوە لەکاری موسوڵمان ، هەموو کارەکانی بەخێر بۆ دەنوسرێت ئا ئەمەش تەنها بۆ کەسی باوەڕدارە ، گەر توشی خۆشی ببێت وسوپاس گوزار بێت ئەوا بەخێر بۆی دەنوسرێت ،وئەگەر توشی ناخۆشی بێت وئارام بگرێت ئەوە بەخێر بۆی دەنوسرێت.

خوای پەروەردگار ئەم دونیایەی کردووە بەجێگای تاقی کردنەوە وبەڵاو موسیبەت ، ودواڕۆژیشی کردووە بەجێگای پاداشت وسزا ، وفەرمانی پێ کردووین پەلە بکەین لەئەنجام دانی خێر وچاکەدا ، بەڵکو ترازووی کردەوە چاکەکانمان قورس بێت ، وەئاگاداری کردوینەتەوە لەفێڵ وتەڵەکەکانی شەیتان ، چونکە شەیتان دوژمنی سەرسەختی باوەڕدارانە، بۆیە نابێت هیچ کات لێی بێ ئاگا بین.

خوای گەورە فەرمانی کردووە بەپێش بڕکێ لەئەنجام دانی چاکەدا ، هەروەک فەرموویەتی: ﴿فَاسْتَبِقُوا الْخَيْرَاتِ﴾[البقرة: 148]، 
واتە: بۆیه‌ ئێوه‌ ده‌ستپێشخه‌ری و پێشبڕكێ بكه‌ن له‌ گوێڕایه‌ڵى خواى گه‌وره‌و شوێنكه‌وتنى شه‌ریعه‌ته‌كه‌ى و باوه‌ڕ كردن به‌ قورئانه‌ پیرۆزه‌كه‌ى و كاری چاكه‌.

وەهەروەها فەرموویەتی: ﴿وَسَارِعُوا إِلَىٰ مَغْفِرَةٍ مِّن رَّبِّكُمْ وَجَنَّةٍ عَرْضُهَا السَّمَاوَاتُ وَالْأَرْضُ أُعِدَّتْ لِلْمُتَّقِينَ﴾ .
واته: وه‌ پێشبڕكێ و په‌له‌ بكه‌ن بۆ لێخۆشبوونێك له‌ په‌روه‌ردگارتانه‌وه‌ ، وه‌ بۆ به‌هه‌شتێك كه‌ پانتایه‌كه‌ی فراوانه‌ به‌ فراوانی ئاسمانه‌كان و زه‌وی كه‌ گه‌وره‌ترین دروستكراون ،كه‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌و به‌هه‌شته‌ی ئاماده‌كردووه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ته‌قوای خوای گه‌وره‌ ئه‌كه‌ن (ئه‌م ئایه‌ته‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ به‌هه‌شت ئێستا دروستكراوه‌و ئاماده‌كراوه‌).

وەهەروەها فەرموویەتی: ﴿سَابِقُوا إِلَىٰ مَغْفِرَةٍ مِّن رَّبِّكُمْ وَجَنَّةٍ عَرْضُهَا كَعَرْضِ السَّمَاءِ وَالْأَرْضِ﴾ [الحديد: 21].
واته: ئێوه‌ ده‌ستپێشخه‌رى و په‌له‌و پێشبڕكێ بكه‌ن به‌ره‌و لێخۆشبوونی خوای گه‌وره‌و به‌هه‌شتێك كه‌ پانتاییه‌كه‌ی به‌ پانایی ئاسمانه‌كان و زه‌ویه‌، (ئه‌ی ئه‌بێ درێژیه‌كه‌ی چه‌ند بێت؟! مه‌گه‌ر خوای گه‌وره‌ خۆی بزانێت، خواى گه‌وره‌ بێبه‌شمان نه‌كات لێى) .

ئەم دونیایە جێگای پێشبڕکێ کردنە ، هەموان ڕۆژانە پێش بڕکێی تێدا دەکەن ،هەروەک پێغەمبەر فەرموویەتی: «كل الناس يغدو فبائع نفسه فمعتقها أو موبقها »
واتە: هەموان ڕۆژدەکەنەوە هەیە نەفسی خۆی ڕزگار دەکات یاخود لە ناوی دەبات وتوشی تاوان دەبێت.

مرۆڤ کاتێ لەخەو هەڵدەستێت ڕۆژێکی تازەیە بۆی ؛ چونکە نامەی کردەوەی ڕۆژی پێشووی پێچراوەتەوە وخەتمی لێ دراوە ، ناکرێتەوە تا ڕۆژی دوایی ، هەر ڕۆژێک کەبەسەر مرۆڤدا دێت بانگ کارێک بانگ دەکات: ئەی نەوەی ئادەم من ڕۆژێکی تازەم ، خودا داوا کاری نوێی لێت هەیە ، بۆیە فرسەتەکان لەدەست مەدە ، لەفەرموودەدا هاتووە: «فالله يبسط يده بالليل ليتوب مسيء النهار ويبسط يده بالنهار ليتوب مسيء الليل، حتى تطلع الشمس من مغربها»
واتە: خوا بەشەو دەستی میهرەبانی و لێ خۆش بوون درێژ دەکات بەڵکو ئەو کەسانە تەوبە بکەن کەبەڕۆژ تاوانیان کردووە و بەڕۆژ دەستی میهرەبانی و لێ خۆش بوون درێژ دەکات بەڵکو ئەو کەسانە تەوبە بکەن کەبەشەو تاوانیان کردووە ، تاوەکو خۆر لەخۆر ئاواوە هەڵدێت.

هەر بۆیە کاری سەرەکی شەیتان بێئاگا کردنی مرۆڤه وڕێگری کردنە لێی لەوەی کاری چاکە ئەنجام بدات ، وهەوڵ دەدات هیوایەتەکانی دوور ودرێژ بێت وهەردەم لەغەمی دونیادا بێت ودواڕۆژی لەبیر بباتەوە ، وپێی دەڵێت: تۆ هیشتا زۆرت ماوە وهەروەک بەکەسی نوستوو دەڵێت: شەو هێشتا زۆری ماوە و بنووە ، و پێی دەڵێت ئەوەی ئەمڕۆ نەتکرد سبەی دەیکەیت وئەوەی ئەم مانگە نەتکرد ساڵی داهاتوو دەیکەیت . . هتد .

سەردان: ٢,١٨٨ بەش: تەزکیەى نەفس