ماڵى یەتیم حەرامە یان نە ؟ وە چۆن لە قورئانى پیرۆزدا باس كراوە ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ماڵى یەتیم حەرامە یان نە ؟ وە چۆن لە قورئانى پیرۆزدا باس كراوە ؟

بسم الله الرحمن الرحيم
سەبارەت بە ماڵى یەتیم خواى پەورەدگار لە قورئانى پیرۆز فەرموویەتى: [إِنَّ الَّذِينَ يَأْكُلُونَ أَمْوَالَ الْيَتَامَى ظُلْمًا إِنَّمَا يَأْكُلُونَ فِي بُطُونِهِمْ نَارًا وَسَيَصْلَوْنَ سَعِيرًا ] (سورة النساء 10)
پێشەوا (الطبري)لە ڕاڤەى ئەم ئایەتەدا دەفەرمووێت: ((يعني بذلك جل ثناؤه:إن الذين يأكلون أموال اليتامى ظلما يقول بغير حق، إنما يأكلون في بطونهم نارا يوم القيامة ـ بأكلهم أموال اليتامى ظلما في الدنيا ـ نار جهنم وسيصلون بأكلهم سعيرا)).
.واتە: خواى پەورەدگار مەبەستى بە ئایەتەكە ئەوانەیە كە ماڵى یەتیم دەخۆن بە ستەم و زوڵمەوە، واتە بە ناڕەوایى، ئەوانە لە ڕۆژى دوایدا ئاگر دەخۆن لە ناو سكیاندا ـ لە سزایى ئەوەى كە ماڵى یەتیمیان خواردووە بە ستەم ـ وە دەخرێنە ناو ئاگرى دۆزەخەوە.
وە فەرموویەتى: [ وَيَسْأَلُونَكَ عَنِ الْيَتَامَى قُلْ إِصْلاَحٌ لَّهُمْ خَيْرٌ وَإِنْ تُخَالِطُوهُمْ فَإِخْوَانُكُمْ ] (سورة البقرة220).
واتە: پرسیارت لێ دەكەن سەبارەت بە یەتیمان ئەوا پێیان بڵێ چاكسازى لە گەڵیاندا خێر و چاكەیە، و ئەگەر لە گەڵیانیشدا تێكەڵ ببن ئەوا براى ئێوەن.
جا براى بەڕێزمان لە ڕاڤەى دوو ئایەتەكەوە ئەوەمان بۆ ئاشكرا دەبێت كە خواردنى ماڵى یەتیم كاتێك حەرامە بوخرێت ئەگەر بە زوڵم، و ستەم بێت، وە فەرمان كردنى خواى پەورەدگار بە تێكەڵاو بوون و تێكەڵاوكردن شت و مەك و خواردەمەنى لە گەڵیاندا بەڵگەیە لە سەر حەڵاڵێتى خواردنى ماڵیان، ئەگەر بەستەم نەبێت، ئەگەر نا چۆن دەتوانیت خۆتى لێ بپارێزیت ؟!
وە لەو لاشەوە ئەگەر بڕوانینە ئەوەى كە باوە و دەوترێت: (كە نابێت چاییان بخورێت !!! یان ئاویان بوخرێت !!)، چۆن دەتوانرێت لە گەڵ ئەوەدا بگونجێنرێت كە دڵى یەتیم ئەبێت ڕابگیررێت، و دڵ شكستە نەكرێن، چونكە ئەگەر تۆ ئاویان نەخۆیت، یان چاییان نەخۆیت چ دڵخۆشیەكى دەبێت بەو سەردان، و تێكەڵاوییەى تۆ بۆیان، ئەگەر ئەو وا هەست بكات كە تۆ ماڵ و خواردنى ئەو بە حەرام دەزانیت !! بە چى دڵى خۆش دەبێت !!!
تێبینى: یەكێكى تر لە بیروباوەڕە نادروست، و لارانەى كە لە ناو كوردەوارى خۆشماندا باوە ئەوەیە كە: تەنانەت نابێت لە سێبەرى یەتیمیشدا دابنیشرێت !!!!
بەكورتى: حەڵاڵە لە ماڵى یەتیم بوخرێت، بەمەرجێ بە زوڵم، و ستەم نەبێت، وەكو خواردنى بە غەش و خیانەت، و داگیركردنى ماڵًەكە بۆ بەرژەوەندى خۆت،... هتد،
خواى پەروەردگاریش زاناترە.
لە لایەن مامۆستا (عدنان بارام) ەوە وەڵام دراوەتەوە.

سەردان: ٤,٣٦٣ بەش: خواردن و خواردنەوە