سەیرکردنى فلیمى سێکسی لەگەڵ خێزان: ماڵپەڕی وەڵامەکان
سەیرکردنى فلیمى سێکسی لەگەڵ خێزان
پرسیار:

ئایا دروستە پیاو لەگەڵ خێزانەکەى سەیرى فلیمە ڕوتەکان بکات؟ چی بەو کەسانە دەڵێن کە ئالودەى سەیر کردنى ئەم جۆرە فلیمانە بوون؟

بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
پێش ئەوەى وەڵامى پرسیارەکەت بدەینەوە چەند خاڵێک دەخەینە ڕوو بۆ بەڕێزت و هەموو ئەو کەسانەى کە ئالودەى سەیرکردنى ئەم جۆرە فلیمە خراپانە بوونە ،و هیوادارین بە وردی ئەم چەند خاڵە بیخوێنیتەوە و پاشان دەچینە سەر وەڵامى پرسیارەکەت :

یەکەم : ئەی ئەو كەسەی كە تووش بویتە بە بینـین وسەیركردنی فیلم و گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی ڕووت وناشەرعی ، سەرەتا لەوەوە دەست پێدەكەم كە بزانە یەكێك لە ناوە جوانەكانی خواى گەورە بریتیە لە (الرقیب) واتە: چاودێر، واتە چاودێره بەسەر كردەوەی بەندەكانەوەیە، كە هیچ شتێكی ووردو بچوكی لێ‌ وون نابێت، هەروەکو دەفەرموێت [إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلَيْكُمْ رَقِيباً] {النساء:1}واتە: بێگومان خوا بەوردیی و هەمیشەیی ئاگادارو چاودێرە بەسەرتانەوە.

وە لەئایەتێكی تردا دەفەرموێـت [وَكَانَ اللَّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ رَقِيباً] واتە: خوا هەمیشە بە سەر هەموو شتێكدا چاودێره. 
جا ئایا لە پێش چاوى دایکت یان باوکت دەتوانى سەیرى ئەو گرتە سێکسیانە بکەى؟ 
بێ گومان نەخێر ناتوانی و شەرم دەکەى
دەى باش بزانە و دڵنیابە کە خواى گەورە دەتبینێت و ئاگای لێتە ! ئایا خواى گەورە شایستە تر نیە کە تۆ شەرمى لێ بکەى و ئەو کارە قێزەونە نەکەى؟

دووەم : بەڕاستى فیترەتی تەواو و سروشتی ساغ وسەلامەت ئەم جۆرە كارانە بێزلێدەكاتەوە لەكاتێكدا تۆ چێژ لەو دیمەنانە وەردەگریت و حەزت دەچێتە سەر ئەو جەستە ڕووت وبێ ئابڕوویانە، خوای بینەر لەسەرەوە بەسەرتەوەیە وئاگاى لێتە و دەتبینێت و هەموو سەیرکردن و جموجوڵت دەنوسرێ و لە قیامەتدا پیشانت دەدرێتەوە بۆیە لە خواى گەورە بترسە و ترسی خوات هەبێت وشەرمی ئەو بتگرێت لەكاتی نهێنی وئاشكرادا بۆ ئەوەى لەو كەسانە نەبیت كە چاودێری وسەیركردنی خواى گەورە بەسووك دێتە بەرچاویان...

سێیەم  : زۆر وریابە لە ئاخر شەڕی (واتە بەسەر تاوانەوە بمریت)، چونكە مردن گەورەو بچووك ناناسێت و جیاوازی ناكات لەنێوان لەش ساغ ونەخۆش و بەهێزو لاوازدا....
وە ووریابە لەوەی كەسبەینێ‌ بگەیتە حزوری خوا بەكۆڵێك بینینی ئەم دیمەنە قێزەونانەوە .
ئایا پێت خۆشە نامەى کردەوەکانت ڕەش کرابێت بە تاوانى سەیرکردنى فلیمی بێ ڕەوشتى؟
چۆن لەڕووت دێ بیخوێنیتەوە؟
وە ناشتوانى بڵێى نامەوێ و وەرى ناگرم و نایخوێنمەوە چونکە خواى گەورە بۆمان باس دەکات و دەفەرموێ : [ وَكُلَّ إِنسَانٍ أَلْزَمْنَاهُ طَائِرَهُ فِي عُنُقِهِ ۖ وَنُخْرِجُ لَهُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ كِتَابًا يَلْقَاهُ مَنشُورًا (13) اقْرَأْ كِتَابَكَ كَفَىٰ بِنَفْسِكَ الْيَوْمَ عَلَيْكَ حَسِيبًا ]
واتە : نامه‌ی کرده‌وه‌ی هه‌ر که‌سێکیشمان هه‌ڵواسیووه‌ به‌ گه‌ردنیداو له‌ ڕۆژی دوایدا کارنامه‌ی کرده‌وه‌کانی بۆ ده‌رده‌هێنین و به‌ کراوه‌یی ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌ستی * پێی ده‌ووترێ نامه‌که‌ت بخوێنه‌ره‌وه‌ ئه‌مڕۆ خۆت به‌سه‌ به‌ حیساب که‌ر به‌سه‌ر خۆته‌وه‌ (ئه‌مڕۆ هه‌ر خۆت موحاسه‌به‌ی خۆت) بکه‌.
والله ى بیرکردنەوە لەم ئایەتانە بەسە بۆ ئەوەى واز لە سەیرکردنى ئەو فلیمە بێ ڕەوشتیانە بهێنی ، چونکە تۆ تەواو دڵنیایی کە ئەو تاوانانەى کە لە دنیادا دەیکەى دەنوسرێ و سبەینێ لە قیامەت دەدرێتە دەستەوە و دەبێت بیخوێنیتەوە .

چوارەم : ئەو دیمەنە بهێنە پێش چاوى خۆت کە لەساحەى مەحشەردا وەکو خواى گەورە بۆمان باس دەکات کە کۆمەڵێک لە تاوانباران دەڵێن : [يَقُولُونَ يَا وَيْلَتَنَا مَالِ هَذَا الْكِتَابِ لا يُغَادِرُ صَغِيرَةً وَلا كَبِيرَةً إِلاَّ أَحْصَاهَا وَوَجَدُوا مَا عَمِلُوا حَاضِراً وَلا يَظْلِمُ رَبُّكَ أَحَداً] {الكهف:49}.‏
واتە: دەڵێن ئەی تیاچوونی خۆمان! ئەمە چ نامەیەكە هەموو شتێكی گەورەو بچووك وردو درشتی ‏لەخۆیدا جێكردۆتەوەو ئەژماردوویەتی؟ ئەوسا پاداشتی كاروكردەوەكانی خۆیان بەحازری دەبینن و ‏وەری دەگرن پەروەردگاریشت ناهەقی وستەم لەهیچ كەس ناكات. ‏
وە لە ڕۆژی دواییدا خوای گەورە دەفەرموێت: [ يَا عِبَادِي: إِنَّمَا هِيَ أَعْمَالُكُمْ أُحْصِيهَا لَكُمْ، ثُمَّ أُوَفِّيكُمْ إِيَّاهَا فَمَنْ وَجَدَ خَيْرًا فَلْيَحْمَدِ اللَّهَ، وَمَنْ وَجَدَ غَيْرَ ذَلِكَ فَلَا يَلُومَنَّ إِلَّا نَفْسَهُ] رواه مسلم. ‏واتە: ئەی بەندەكانم ئەمە كردەوەكانتانە وتۆمارم كردووەو بۆتانی دەخەمە ڕوو پاشان‏ ‏ بەگـوێرەی ئـەوە پـاداشتتـان دەدەمەوە، جا ئەوەی خێر و ‏‏ چاكەیەكی بینی با سوپاسی خوا بكات وە ئەگەریش جگە لەوەی بینی ئەوا با تەنها لۆمەی خۆی ‏بكات.‏
جا تۆ پێش ئەوەى قیامەت بێ هەر ئەمڕۆ تەوبە بکە و لۆمەى نەفسی خۆت بکە و چیتر بەردەوام مەبە لەسەر ئەو تاوانە بۆ ئەوەى سبەینێ لە قیامەت نەڵێى هاوار و تیاچون بۆ خۆم ...

پێنجەم : بیربکەرەوە کە بەڕاستی یەكێك لە بەخششەكانی خوای پەروەردگار بۆ مرۆڤـ چاوە وەك هەموو ئەندامەكانی تری جەستەی مرۆڤـ بۆیە دەبێ سوپاسی زۆری پەروەردگاری خاوەن بەخشش بكەین.
وە بزانە كە بەرپرسیاری بەرامبەر چاوەكانت لە پاشەڕۆژدا وەك هەموو ئەندامەكانی تر، وە خوای گەورە لێت دەپرسێتەوە بەڵكو مۆر دەدا بەسەر دەمتدا و ئەندامەكانت كە لەدونیادا بەپێی فەرمانی خوای گەورە پێیان هەڵنەساوی دەیان هێنێتە قسە كردن و هەموو شایەتیت لەسەر دەدەن، وەك خوای گەورە دەفەرموێ‌: [ إِنَّ السَّمْعَ وَالْبَصَرَ وَالْفُؤَادَ كُلُّ أُولئِكَ كَانَ عَنْهُ مَسْؤُولاً ] (الإسراء:36)، واتا: بەڕاستی ئەندامەكانی بیستن و بینین و دڵ هەموویان كە سێ دروست كراوی خوای گەورەن خاوەنیان بەرپرسە لێیان. 
جا لەبەر ئەوە پێویستە بەزەییمان بەخۆدا بێتەوە و چاومان بپارێزین، چونكە چاو ئامرازی وروژاندنی هەستی مرۆڤە، بۆیە ئەوەی كە چاوی داناخات دووچاری بێزاری دەبێت و هەمیشە غەم و پەژارەی زیاد دەكات و لەبیر كردنەوە و ئازاردا دەژی.
بۆیە دەبێ سوپاسی پەروەردگاری لەسەر بكەین و لە بێ فەرمانیدا بەكاری نەهێنین و چونكە چاو یەكەم پەیژەی سەركەوتنە بۆ تاوان بۆیە شەیتانیش دەركی بەمە كردووە و زۆرتر لە ڕێگای چاوەوە دەچێتە ناو دڵەوە كەوایە چاوت بپارێزە و ئەو دەرگایەی شەیتانی نەفرین لێ‌ كراو لەسەر خۆت داخە.

شەشەم : کەسى موسڵمان ئەبێت هەموو کات لە خواى گەورە بترسێت و موحاسەبەى نەفسی خۆى بکات و بیر بکاتەوە کە لەم دنیایە ڕێبوارە و سبەى دەمرێت و بەرەو قیامەت دەڕوات و ڕێگایەکى دوورى لە پێشە و پێویستى زۆرى بە کردەوەى چاکە هەروەکو خواى گەورە دەفەرموێت: [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا اللَّهَ وَلْتَنْظُرْ نَفْسٌ مَا قَدَّمَتْ لِغَدٍ وَاتَّقُوا اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا تَعْمَلُونَ] {الحشر:18}
واتە: ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌، له‌ خو ابترسن و خواناس و پارێزکاربن و له‌ سنووره‌کانی مه‌ترازێن،وه‌با هه‌ركه‌سه‌ سه‌رنج بداو بزانێ چ شتێكی بۆ سبه‌ینێ(قیامه‌ت) پێشخستووه‌ له‌ كرده‌وه‌ی چاك ، هه‌وڵ بده‌ن هه‌میشه‌و به‌رده‌وام پارێزکارو دیندارو خواناس بن، چونکه‌ به‌ڕاستی خوا زۆر ئاگایه‌ به‌هه‌موو ئه‌و کاروکرده‌وانه‌ی که‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.

وە سەبارەت بە وەڵامى پرسیارەکەت : 

تەماشاکردنى فلیمى خراپ لەگەڵ خێزاندا سەرەڕاى گوناهى بۆ خۆت گوناهى ئەویشت لەسەرە چونكە پێغەمبەر  فەرموویەتى: (كلكم راعٍ وكلكم مسئول عن رعيته) واتە: ئێوە هەمووتان چاودێرن هەموشتان لێپرسراون بەرامبەر ژێردەستەكاناتن .

ئەم كارە نەك هەر گوناهە و بەس بەڵكو لەدەستدانى غیرەت و پیاوەتیشە چونكە كەسى ناوبراو بەم كارەى خێزانى ڕادەهێنێت لەسەر كارى خراپ و ئارەزوو و شەهوەت لە خێزانیدا دەجوڵێنێت وە ئاراستەى دەكات بۆ شتانێكى خراپ.

لە کۆتاییدا بۆ تۆ و هەموو ئەو کەسانەى کە سەیرى گرتەى سێکسی  دەکەین دەڵێین :

دەرگاى تەوبە دانەخراوە و هێشتا کات ماوە کە تەوبە بکەیت و بگەڕێیتەوە بۆ لاى خواى گەورە و لاپەڕەى ڕەشى تاوانەکانت سپی بکەیتەوە بە تەوبەیەکى ڕاستەقینە .
خوای پەروەردگار ‏منەتی ناوە بەسەر ئەم ئوممەتەوە بەوەی كە دەرگای تۆبەی دانەخستووە ، بۆیە دەفەرموێت: [قُلْ يَا عِبَادِي الَّذِينَ أَسْرَفُوا عَلَى أَنْفُسِهِمْ لا تَقْنَطُوا مِنْ رَحْمَةِ اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ يَغْفِرُ الذُّنُوبَ جَمِيعاً إِنَّهُ هُوَ الْغَفُورُ الرَّحِيمُ] {الزمر:53}واتە: ئەی پێغەمبەر! ‏لەمنەوە بڵێ‌: ئەی بەندەكانی من! ئەی ئەوانەی ستەم وزیادەڕۆییتان لەخۆتان كردووە! ئێوە لە ‏ڕەحمەت ومیهرەبانی خوا بێ‌ ئومێد مەبن بەڕاستی خوا لەهەموو تاوانێ‌ خۆش ئەبێ‌ چونكە ئەو ‏لێبوردەومیهرەبانە. ‏
هەرچەندە تاوان گەورەو مەزن بێت ئەگەر بكەرەكەی ڕوو بكاتە خوا ئەوا لێی خۆش دەبێت.‏

ستافى وەڵامەکان

سەردان: ١٨,٨٣٥ بەش: تاوانه‌كان