ئەرك و مافەكانی ئافرەت لە نێوان دینی ئیسلام و پێش ‏ئیسلام: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەرك و مافەكانی ئافرەت لە نێوان دینی ئیسلام و پێش ‏ئیسلام
پرسیار:

زۆر جار دەبیستین لە لایەن کەسانى عەلمانى و ئەوانەى دژایەتى ئیسلام دەکەن کە گوایە ئیسلام زوڵمى لە ئافرەتان کردووە ، جا پرسیارەکە ئەمەیە ئایا ‎‎پلەو پایە و شوێنی ئافرەت لە پێش ئیسلامدا‎‎ چۆن بووە؟ وە لە ئیسلامدا چۆنە؟

الحمدلله والصلاة والسلام على رسول الله، وبعد ‏
‎‎پلەو پایەو شوێنی ئافرەت لە پێش ئیسلامدا‎‎
 خوای ‏گەورە دەفەرموێت: ‏
[وَإِذَا  بُشِّرَ أَحَدُهُمْ بِالْأُنْثَى ظَلَّ وَجْهُهُ مُسْوَدّاً وَهُوَ كَظِيمٌ  يَتَوَارَى مِنَ الْقَوْمِ مِنْ سُوءِ مَا بُشِّرَ بِهِ أَيُمْسِكُهُ عَلَى هُونٍ أَمْ يَدُسُّهُ فِي التُّرَابِ أَلا سَاءَ مَا يَحْكُمُونَ ] النحل /58-59 .
واتە:(كاتێك موژدە بدرایە بە یەكێكیان بەوەی كە كچیان بووە، ئەوا ڕوخساری ڕەش ‏هەڵدەگەڕا لەغەم وپەژارەو خەفەت وە پڕ دەبو لە ڕق وقینە، بەڵام دەری نەدەبڕی و ‏دەیشاردەوە، وەخۆی دەشاردەوە لە خەڵكی، لە خراپی ئەو مژدەیەی كەپێ‌ی درابوو) كە ‏بەهۆی ئەو كچەی بویەتی، توشی خەفەت وعەیب و عارو شەرمەزاری بووە، بەپێی ئەو داب و ‏نەریتەی هۆزەكەی هەیبوو. وە هەندێك لە عەرەبەكان لایان وابوو زیندەبەچاڵ كردنی كچ مافێكی ‏ڕەوای باوكە.‏
وەك خوای گەورە دەفەرموێت:‏ [وَإِذَا الْمَوْءُودَةُ سُئِلَتْ (8) بِأَيِّ ذَنْبٍ قُتِلَتْ ] التكوير
واتە:كـاتێك لـە ڕۆژی قیـامـەتـدا كچی زیندە بەچاڵ كراو پرسیاری لێ‌ دەكرێت، بەهۆی چ ‏تاوانێكەوە كوژراویت ؟. مەبەست ئەوەیە، پرسیار لە بكوژەكەی دەكرێت و تۆڵەی لێ‌ دەسێنرێت ‏‏.‏
‏(الموؤدة): كچێكە، زیندە بەچاڵ كرابێت لە ژێر خۆڵدا، هەتا مردن.‏
وە ئەگەر ئافرەت پارێزراو بوایە لە زیندە بەچاڵ كردن، ئەوا دەژیا، بەڵام ژیانێكی ریسوایی.‏
ژنان لەپێش هاتنی ئاینی ئیسلام ستەم لێكراو بوون،لەلایەن هەموو یاساو گەلێكەوە، وە ‏بەچاوێكی سوكەوە وەك بەندەیەك سەیر دەكران، وە هەروەها لە لایەن ئەوانەیش كە خۆیان بە ‏خاوەنی كتێبی ئاسمانی دەزانی،وەك جولەكەو گاورەكان، هەر بەهەمان شێوە سەیر دەكران ‏‏.ژنـان دەكـڕدران و دەفـرۆشـران ‏
وەك ئاژەڵ و كەل و پەل، وە زۆریان لێ‌ دەكرا لەسەر مێرد كردن، وە پارەیان پێ پەیدا دەكردن ‏بە داوێن پیسی و لەش فرۆشی بەزۆر.‏
وە خاوەنی موڵك و ماڵ نەبوون. تەسەڕوف كردنیان لە ماڵی خۆیان لێ‌ قەدەغە كرابوو بەبێ‌ ‏پرسی پیاوەكانیان، وەبۆ پیاو هەبوو تەسەروف كردن لەماڵی ژنان بەبێ‌ ڕەزامەندیو پرس ‏پێكردنیان.‏
هیچ بەشێكی لە میراتی نزیكەكانی نەبوو، هەرچەندە موڵكەكە زۆربوایەو، ئافرەتەكە ‏بیناڵاندایە بەدەست هەژاریو نەبوونیەوە، چونكە ئەوان پیاوانیان تایبەت كردبوو بەمیرات ‏وەرگرتنەوە بەتەنها جگە لە ئافرەت، بەمەش نەدەوەستان، بەڵكو لە پاش مردنی ‏هاوسەرەكەی، ئافرەتەكەیشیان بە میراتی دەبرد بۆ خۆیان هەروەكو چۆن ماڵەكەیان دەبرد.‏
وە دەربارەی بۆچونی پیاوان بەرامبەر بەژنان جیاوازی هەبوو! ئایا ژن مرۆڤەو خاوەنی نەفس ‏و گیانە وەك پیاو ؟ وەباوەڕیان وابو، گیانی پیاو دەمێنێتەوە بۆ هەتا هەتایی و بەڵام گیانی ژن ‏نامێنێتەوە! وە ئایا ژن شایەنی ئەوەیە، ببێتە خاوەنی ئایین وپەرستش بكات؟ وە ئایا دەچێتە ‏بەهەشت؟.‏
وە لە یەكێك لەو كۆڕو كۆبونەوانە كە لە (رومیه) بەسترا، بڕیاردرا، ژن ئاژەڵێكی پیسەو ‏خاوەنی گیانی خۆی نییە و نامێنێتەوە هەتا هەتایە، بەڵام پێویستە لە سەری پەرستن بكات و ‏خزمەتكاری بكات، وە دەبێت زاری ببەسترێت وەك ووشترو سەگی هار، وە دەبێت قەدەغە ‏بكرێت لە پێكەنین و قسە كردن لەبەر ئەوەی پەتی شەیتانە.‏
وە زۆربەی شەریعەتەكانی پێش شەریعەتی ئیسلام، بە هۆی دەست تێوەردان و بیدعە دروست ‏كردن تیایاندا، بەڕەوایان زانیوە، باوك كچەكەی بفرۆشێت، وە هەروەها مافی تۆڵە سەندنەوە ‏‏(القصاص) نەبوو لە سەر پیاو ئەگەر ژنی بكوشتایە، وە هەروەها خوێنیشی لەسەر نەبو.‏
وە ژمارەیەكی زۆری ئافرەت لە ژێر سەرپەرشتی یەك پیاودا (هاوسەر) دەژیان، چونكە ئەوان ‏پەیوەست نەبوون بەژمارەیەكی دیاری كراو لەخێزان، وە گوێیان نەدەدا بەوەی كە ئەو ئافرەتە ‏زۆرانە، توشی تەنگ وچەڵەمەو ناخۆشی و ستەم لێ‌كردن دەبن یان نا، بەهۆی ئەوەی كە ‏هەمویان خێزانی یەك پیاون.‏
وە تائێستاش لە هەندێك جێگە دەبینین دەبێت ژن مارەیی بدات بەپیاو. وە بۆ كەس و كاری ‏ژن هەیە زۆر لێكردن لە سەر مێرد كردن ئەگەر بەحەزی ژنەكەش نەبێت، یان مێردكردن لە ژن ‏قەدەغە دەكەن بەتەواوی ئەگەر مێردەكەی بمرێت، یان تەڵاقی بدات.‏
زۆر سـتەمی تریـش هەبـوون لـە ژنـان دەكران و دەكرێت، كە لەم كورتە باسەدا ناتوانرێت ‏هەموویان بخرێنە ڕوو.‏

‎‎پلەو پایەو شوێنی ئافرەت لەئیسلامدا‎‎
ئیسلام هات و ئەم ستەم كاریانەی لەسەر ئافرەت هەڵگرت و، شوێنی خۆی لە مرۆڤایەتیدا بۆ ‏گەڕاندەوەو ڕای گەیاند كە ئافرەت هاوبەشی پیاوە لە مرۆڤایەتیدا، هەروەكو چۆن هاوبەشی ‏پیاوە لە پاداشت وسزا وەرگرتن لەسەر كردەوە، خوای گەورە دەفەرموێت:‏
[مَنْ عَمِلَ صَالِحاً مِنْ ذَكَرٍ أَوْ أُنْثَى وَهُوَ مُؤْمِنٌ فَلَنُحْيِيَنَّهُ حَيَاةً طَيِّبَةً وَلَنَجْزِيَنَّهُمْ أَجْرَهُمْ بِأَحْسَنِ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ] (النحل:97)
واتە: هەركەسێك كردەوەی چاك بكات چ پیاو بێت چ ئافرەت، بەو مەرجەی باوەڕ داربن، ئەوا ‏ئێمە دەیژیێنینەوە ژیانێكی باش، بەپێ‌ دانی ڕۆزی حەڵاڵ، لە پاشانیشدا بۆ بەهەشت، ‏وەپاداشتیان دەدەینەوە بە باشتر لەو كردەوانەی كە كردویانە.‏
وە خوای گەورە ئایینەكەی تەواو كرد بە ناردنی كۆتایی پێغەمبەران محمدی كوڕی عبدالله (‏‏) ‏، وە بەخشی بەژنان لە قورئان و سوننەتدا، هەموو مافێك كە بەخشیویەتی بەپیاوان، جگە ‏لەوشتانە نەبێت كە جیاوازی تەبیعەتی ژنایەتی و حاڵەتی ژنایەتی دەیخوازێ‌.‏
وەلەگەڵ چاودێری و ڕێزلێگرتنی ژنان و بەزەیی پێدا هاتنەوەو سۆز نواندن بۆیان، ‏بەشێوەیەكی وەها كە پێغەمبەر (‏) دەیفەرموو:‏
 (خيركم خيركم لأهله وأنا خيركم لأهلي) سلسلة الأحاديث الصحيحة (285)
واتە باشترینتان ئەوانەن كە باشترینتانن لەگەڵ خێزانەكانیاندا وەمن باشترینی ئێوەم لەگەڵ ‏خێزانمدا.‏
وەخوای گەورە قەدەغەی كرد كە ئافرەت دابنرێت بە بەشێك لە میراتی مێرد كە بەجێی ‏دەهێڵێت، خوای گەورە دەفەرموێت:‏
‏ [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لا يَحِلُّ لَكُمْ أَنْ تَرِثُوا النِّسَاءَ كَرْهاً] النساء /19
واتە: ئەی باوەڕداران حەڵاڵ نیە كە ئێوە ئافرەت بەشێوەی میرات بۆ خۆتان بەرن بەزۆر.‏
هەروەكو چۆن خەڵكی سەردەمی نەفامی دەیانكرد كە خۆیان بەشایەنی ئەوە دادەنا كە ‏ئافرەت بەمیراتی بەرن، وە خوای گەورە سەربەخۆیی كەسایەتی بۆ ئافرەت مسۆگەر كرد.‏
ئیسلام مافی خاوەنداریەتی بڕیاردا بۆ ژنان بە هەموو جۆرەكانیەوەو تەسەروف كردن بەماڵی ‏خۆیان. وە لەو مافانە دانانی وەصیەت و میرات بۆ ژنان وەك پیاوان. وە پێویستی كرد لەسەر ‏پیاوان بژێوی بۆ خۆیان و مناڵەكانیان دابین بكەن ئەگەر ژنان دەوڵەمەندیش بوون.‏
وە ئیسلام بەخشی بەژنان مافی كڕین و فرۆشتن و بەكرێ‌ دان و بەخشین و دیاری و خێر كردن ‏و جگە لەوانەش، وە هەروەها مافی بەرگری كردن لەماڵیان وەك بەرگری كردن لە نەفسیان وە ‏شكایەت كردن و چوونە دادگا.‏
كردی بەمیرات گر، نەك بەمیرات گیراو، وەلە خزمە نزیكەكانی مافی میرات گرتنی بۆ ئافرەت ‏داناوە، خوای گەورە دەفەرموێت:‏
[ لِلرِّجَالِ نَصِيبٌ مِمَّا تَرَكَ الْوَالِدَانِ وَالْأَقْرَبُونَ وَلِلنِّسَاءِ نَصِيبٌ مِمَّا تَــرَكَ الْوَالِدَانِ وَالْأَقْرَبُـونَ مِـمَّا  قَلَّ مِنْهُ أَوْ كَثُرَ نَصِيباً مَفْرُوضاً] النساء/7
واتە: لەو موڵك و سەروەت وسامانەی كە دایك وباوك وخزم وكەس وكار بەجێ‌ی دەهێڵن، پیاو ‏بەشی خۆی هەیەو ئافرەتیش بەشی خۆی هەیە، كەم بێت یاخود زۆر، مافێكی جێگیرە، خوای ‏گەورە پێویستی كردوە.نابێت هەڵوەشێنرێتەوە یاخود كەم بكرێتەوە.‏
وە خوای گەورە دەفەرموێت:‏
[يُوصِيكُمُ اللَّهُ فِي أَوْلادِكُمْ لِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ الْأُنْثَيَيْنِ فَإِنْ كُنَّ نِسَاءً فَوْقَ اثْنَتَيْنِ فَلَهُنَّ ثُلُثَا مَا تَرَكَ وَإِنْ كَانَتْ وَاحِدَةً فَلَهَا النِّصْفُ ] النساء /11
واتە: خوای گەورە ڕاسپاردەییتان دەكات لەبارەی منداڵەكانتان، لە كاتێكدا كە كوڕو كچ ‏ببنە میرات گر، ئەوا كوڕ دوو ئەوەندەی كچی بۆهەیە، بەڵام ئەگەر تەنها زیاد لە دووكچ بەجێ‌ما، ‏كوڕیان لە گەڵدا نەبوو ئەوا لە سێ‌ بەش دوو بەشیان بۆ هەیە، وە ئەگەر تەنها یەك كچ بوو ئەوا ‏نیوەی میراتی یەكەی بۆ هەیە.‏
تا كۆتایی ئەو ئایەتانەی كە لەبارەی میرات گری ئافرەتەوە هاتوون، ئیتر ئایا دایك بێت یا كچ ‏یا خوشك یا خێزان.‏
وە لەبواری خێزانیدا خوای گەورە ژن هێنانی كورت كردەوە لەسەر چوار ژن بەلای زۆرەوە، ‏بەمەرجێ‌ بتوانێت هەستێت بە دادپەروەری كردن لە نێوانیاندا، وە ئەگەر ترسا لەوەی كە ‏ناتوانێ‌ بەیەكسانی ڕایان بگرێت، نابێت لە یەك ژن زیاتر بهێنێت. ‏
وەخوای گەورە پێویستی كردوە لەسەر پیاو بە چاكە هەڵسوكەوتیان لەگەڵدا بكەن، وەكو ‏دەفەرموێت: [وعاشروهن بالمعروف ] ‏ ‏(النساء/19) واتە: هەڵسوكەوتیان بەچاكە لەگەڵدا بكەن. ‏
وەمارەیی بۆ داناوە بەمافی خۆی، وەفەرمانی كردووە بەوەی كە بەتەواوی پێ‌ی بدرێت، ‏مەگەر خۆی ڕێگای پێبدات و لێ‌ی خۆش بێت و بە ڕەزامەندی وویستی خۆی وەكو دەفەرموێت: ‏
[وَآتوُا النِّسَاءَ صَدُقَاتِهِنَّ نِحْلَةً فَإِنْ طِبْنَ لَكُمْ عَنْ شَيْءٍ مِنْهُ نَفْساً فَكُلُوهُ هَنِيئاً مَرِيئاً] النساء/4
واتە: مارەیی ئافرەتان بە خۆشحاڵیەوە بدەن، ئەگەر ئەوان خۆیان لە دڵەوە لێتان خۆش بوون ‏بە ڕەزامەندی خۆیان لە هەر بەشێكی، ئەوا وەری بگرن و بیخۆن بە خۆشی.‏
وەخوای گەورە ئافرەتی كردووە بە سەرپەرشتیارو بەڕێوەبەرو پارێزگار لە مالێ‌ هاوسەرەكەیدا ‏فەرمانڕەوایە بەسەر منداڵەكانیەوە،پێغەمبەر(‏‏)دەفەرموێت
‏ [المراة راعية في بيت زوجها، ومسؤلة عن رعيتها ] البخاري 2/441 و مسلم 3/1459.
واتە: ئافرەت شوانە لەماڵی مێردەكەیداو بەرپرسە لەوەی كە ‏لەژێردەستیدایە.‏
وە لە سەر پیاوی پێویست كردووە دابین كردنی پۆشاك وخواردن و پێویستیەكانی ژن.‏
ژن هێنان لە هۆزە دەشتەكیەكان و گەلە شارەستانیەكان، بە شێك بوو لە كردنە كۆیلە و بە ‏بەندە كردنی ژنان لە لایەن پیاوانەوە بەڵام ئیسلام ژن هێنانی كردە بەندێكی ئایینی و شارستانی ‏، بە دانانی خۆشەویستی لە نێوان ژن و مێردا وە فراوان كردن و دروست كردنی چوار چێوەی ‏خۆشەویستی لە نێوان دوو هۆزدا وە تەواو كردنی سۆزو بەزەیی ئینسانی و بڵاوكردنی لە نێوان ‏دایك و باوك بۆ مناڵەكانیان، وەك لەو فەرموودەیەی خوای پەروەردگاردا دەردەكەوێ‌:‏
[وَمِنْ آيَاتهِِ أَنْ خَـلَقَ لَكُـمْ مِـنْ أَنْفُسِـكُمْ  أَزْوَاجـاً لِتَسْكُنُوا إِلَيْهَا] الروم: من الآية21
‏(واتە: لە نیشانەكانی گەورەیی خۆی دروستی كردووە بۆتان لە نەفسی خۆتان ژن، بۆ ئەوەی ‏ئارام بگرن لەلای و گێڕاویەتی لە نێوانتاندا خۆشەویستیو بەزەیی).‏
قورئان دادگەری كردووە لە نێوان ژن و مێرد، بە بەش كردنی ئیش و كارو مافەكان بەچاكە و ‏داد پەروەری، لەگەڵ دانانی مافی سەرۆكایەتی بۆ پیاو، لەبەر ئەوەی پیاو بەتوانا ترە لەسەر ‏جێ‌ بەجێ‌ كردنی بژێوی و پارێزگاری.هەروەك دەفەرمووێ‌:
‏ [ وَلَهُنَّ مِثْلُ الَّذِي عَلَيْهِنَّ بِالْمَعْرُوفِ وَلِلرِّجَالِ عَلَيْهِنَّ دَرَجَةٌ وَاللَّهُ عَزِيزٌ حَكِيمٌ] (البقرة: من الآية228)
‏(وە بۆ ژنان هەیە لە ماف و حەقەكان بە ئەندازەی ئەوەی لەسەریان پێویستە لە ئیش و كار، ‏وە بۆپیاوان هەیە یەك پلەی زیاتر لە ژنان) ‏
وە قورئان ئەو پلە زیادەیەی ڕون كردۆتەوە بە ووتەی پیرۆزی: ‏
[الرِّجَالُ قَوَّامُونَ عَلَى النِّسَاءِ بِمَا فَضَّلَ اللَّهُ بَعْضَهُمْ عَلَى بَعْضٍ وَبِمَا أَنْفَقُوا مِنْ أَمْوَالِهِم] (النساء: من الآية34)
‏(پیاوان بەهێز ترن لە ژنان بەو بەخششەی كەخوا دایوەتیە هەندێكیان لە سەر هەندێكیان، وە ‏بەوەی دەبەخشن لە ماڵەكانیان)‏ ‏.‏
تەڵاق دانی ژن لەوانەیە ببێتە یەكێك لە پێویستیەكانی ژیانی ژن و مێردایەتی، ئەگەر نەتوانرا ‏هەستن بە دابین كردنی مافەكانی ژن و مێردی لە ڕاگرتنی سنوری خوای پەروەردگار و مافەكانی ‏پاراستنی ناموس و دابین كردنی بژێوی (النفقة)، وە ژیان بە چاكە بردنە سەر لەگەڵ یەكتری، وە ‏هەروەها تەڵاق شتێكی ڕێ پێدراو بووە لە لایەن خاوەن نامە ئاسمانیەكانی تر، وە هەروەها ‏لەلایەن ئەوانەی بت پەرستیش بوون لە عەرەب و غەیری عەرەب، بەڵام تەڵاق دان دەبووە هۆی ‏ئەوەی كە ژن ستەمێكی زۆری لێ‌ بكرێ‌، بەڵام ئیسلام هات و هەموو ئەو ستەمانەی لابرد لە سەر ‏ژن لە تەڵاقداندا، بە شێوەیەكی وا كە هیچ شەریعەتێكی پێش ئیسلام بەم شێوەیە نەبوو، وە ‏هیچ یاسایەك نەهاتووە لە دوای ئیسلام، بەو وێنەیەی كە لە ئیسلامدا هەیە، ئەوروپیەكان تەڵاق ‏دانیان قەدەغەكرد وە ڕەخنەشیان لە ئیسلام دەگرت لە سەری، بەڵام لە دواییدا بۆ خۆشیان ‏ناچار بوون لەسەر حەڵاڵ كردنی، بەشێوەیەك زیادە ڕەویان تێدا كرد، كە زۆرجار دەبوە هۆی ‏پەیدا بوونی ئاڵۆزی لە ژیانی ژن و مێرددا و هەڵوەشاندنەوەی پێ‌ بەستی خێزان و هۆز.‏
وە ئیسلام گرێ‌ی مارەكردنی خستە دەستی پیاو بە شێوەیەكی گشتی. وە هەر بەدەستی ‏پیاوە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێ‌یە، چونكە پیاو سورترە لەسەر مانەوەی ژیانی ژن و مێردایەتی ‏، بەوەی كە لەسەر پیاو پێویستە دابین كردنی بژێوی، وە هەروەها سەبر و ئارامیان لە ژنان ‏زیاترە لە سەر ناخۆشی، وە هەروەها خوای گەورە فەرمانیشی بە پیاوان كردووە كە دان ‏بەنەفسی خۆیاندا بگرن.بەباشی ڕەفتار بكەن لەگەڵ ژنەكانیانداو سەبر بگرن لەسەر ‏ناخۆشیەكانیان جا فەرمووی:‏
  [ وَعَاشِرُوهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ فَإِنْ كَرِهْتُمُوهُنَّ فَعَسَى أَنْ تَكْرَهُوا شَيْئاً وَيَجْعَلَ اللَّهُ فِيهِ خَيْراً كَثِيراً] النساء/19
‏(واتە:بەچاك لەگەڵ ژنەكانتان بژین وە ئەگەر شتێكیان تێدا بوو ئێوە حەزتان لێ‌ی نەبوو، لەوانەیە خوای گەورە بەخێرێكی زۆر بۆ تان بگێڕێ‌).‏
وەهەروەها ژن مافی هەڵوەشاندنەوەی بەندی مارەكردنی هەیە لەلای قازی، كاتێك كە ‏مێردەكەی یەكێك لەو كەم و كورتیانەی تێدابێت وەك نەبوونی یەكێك لەو ئەندامانەی كە پێویستن ‏بۆ ژیانی ژن و مێردایەتی و هەندێك نەخۆشی و ناڕێكی وە هەروەها كاتێك كە پیاو نەیتوانی ‏هەستێ‌ بەدابین كردنی مافە پێویستەكانی ئافرەت.‏
وە لەسەر پیاو پێویستە دابین كردنی بژێوی بۆ ژنە تەڵاق دراوەكەی بۆ ماوەی ئەو ڕۆژانەی كە ‏ناتوانێ‌ مێردێكی تر بكات تێیدا (العِدة).‏
ئیســـلام ئـامـۆژگـاری زۆری مــرۆڤــی كردووە بەوەی كە باش بێت لەگەڵ دایك و باوكدا وە بەرامبەری كردووە لەگەڵ پەرستنی خوادا، ‏وە پێغەمبەر (‏‏) تەئكیدی كردووە كە مافی دایك لە پێشترە لە هی باوك وە ئامۆژگاری زۆری ‏كردووە لە پەروەردەكردنی كچان و ئاگا لێ‌ بوونی خووشكانت، بەڵكو بە پێویستی گێڕاوە بۆ ‏هەموو ژنێك كەسێكی هەستێ‌ بە چاودێری كردنی وە هەر ژنێك چاودێری كاری نەبێ‌ لە خزمان، ‏ئەوا پێویستە لەسەر گەورەی موسوڵمانان و موسوڵمانان چاودێری بكەن و سەرپەرشتی بكەن و ‏یارمەتی بدەن !!‏
وە پوختەی قسان،بەڕاستی نەمان دیوە لە هیچ ئاینێك و شەرعێك و یاسایەكی جیهاندا، كە ‏مافی بەخشیبێ بەژنان وەك ئیسلام، لە دابین كردنی مافەكانیان و چاودێری كردنیان و ڕێز ‏لێگرتنیان.‏
بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ بێ‌باوەڕان و دوو ڕوان و ئەوانەی نەخۆشی لە دڵیاندایە دەیانەوێت ؛ ‏نەهێشتن و لێ‌سەندنەوەی ئەو ڕێزو مافانەیە كە ئافرەتی موسوڵمان بەدەستی هێناوە - ئەو ‏ڕێزو سەربەرزی پارێزراوەی لەئسلامدا هەیەتی توڕەی كردون وڕقی جوڵاندون – چونكە ئەیانەوێت ‏ئافرەت ببێتە ئامێری ڕوخاندن و داوی ڕاوكردنی ئیمان لاواز و خاوەن ئارەزوە ملكەچیەكان، ‏پاش ئەوەی كە ئارەزوە گڕسەندوەكانی خۆیانیان پێ‌ تێركردوە.
وەكو خوای گەورە دەفەرموێت:‏
[ وَيُرِيدُ الَّذِينَ يَتَّبِعُونَ الشَّهَوَاتِ أَنْ تَمِيلُوا مَيْلاً عَظِيماً] (النساء: من الآية27).
واتە: ئەوانەی شوێن ئارەزوەكانیان دەكەون و ئارەزوەكانیان تێر دەكەن بە ‏ناشەرعی،ئەیانەوێت ئێوەش وەكو ئەوان بكەن، بەلای ئەواندا لابدەن و بچنە سەر ڕەوشتی ئەوان ‏‏.‏
وە ئەوانەیش كە دڵیان نەخۆشە لەموسوڵمانان،ئەیانەوێت ببێتە شتومەكێكی هەرزان ‏لەپێشەنگای خاوەن ئارەزو خوازە شەیتانیەكانیان، ببێتە شتومەكێكی ئاشكرا و پێش ‏چاو،تالەزەت بكەن لە جوانیو ڕوخساریان، یاخود بگەن بەناشیرین تریش لەمە، بۆیە سورن ‏لەسەر ئەوەی كە دەرچێت لە ماڵەكەی و شانبەشان بەشداری پیاوان بكەن لەئیش و كارەكانیاندا ‏‏.یاخود میوانداری بكەن لەناو ئوتێل و چێشتخانەو فڕۆكەو شوێنە گشتییەكانی تر، یاخود ‏بخوێنن و وانە بڵێنەوە لەبەشێكی خوێندنی تێكەڵاودا، یاخود ئەكتەرێك بن لەشانۆدا، یاخود ‏گۆرانی بێژبن، یاخود بەخشی بەرنامە بكەن لەدەزگا ڕاگەیاندنە ڕووتەكانەوە، بۆ ئەوەی خەڵكی ‏توشی ئاشوب بكەن و لە خشتەیان بەرن بە دەنگ و ڕەنگیان.‏
وە گۆڤارە ڕووتەكانیش وێنەی ئافرەتانی لەخشتەبەری ڕووتیان كردووە بەهۆكارێك بۆ خستنە ‏بازاڕی گۆڤارەكانیان و سەرنج ڕاكێشانی خەڵكیو بڵاوبونەوەیان.هەروەها هەندێ‌ لە بازرگانەكان ‏و كارگەكان ئەم وێنانەیان بەكار هێناوە وەكو هۆكارێك بۆ پەیدا كردنی سەرنج ڕاكێشان بۆ ‏بەرهەمەكانیان كە ئەم وێنانەیان داناوە لەسەر پێشەنگاو بەرهەم و بەدەست هاتوەكانیان.‏
وە بەهۆی ئەم بەكارهێنانە هەڵانەوە ئافرەتان وازیان هێناوە لە ئەركە سەرەكی و ‏ڕاستەقینەكانیان لەماڵەوە و دەست بەرداری بوون، كە ئەویش هاوسەرەكانیان ناچار كردووە بۆ ‏هێنانی خزمەتكارانی بیانی بۆ خزمەت كردنی منداڵەكانیان. و ڕێكخستنی ئیش وكاری ماڵیان، ‏كەئەمەش بوە بەهۆی زۆر لە فیتنەكان، وە خراپەیەكی زۆری هێناوە.‏
‎‎پلەو پایەو شوێنی ئافرەت لەئیسلامدا‎‎
‎‎‏1- پێویستی بەم ئیش كردنە هەبێت یاخود كۆمەڵ پێویستی پێ‌ی بێت بە شێوەیەك كە پیاو ‏نەبێت جێگاكەی بگرێتەوەو پێ‌ی هەڵسێت.‏
‏2- دەبێت ئەم ئیش كردنەی لە پاش هەڵستانی بێت بە جێ‌بەجێ‌ كردنی ئیش و كاری ماڵەوەی ‏كە ئیشە سەرەكی و بنچینەییەكەیەتی ‏
‏3- ئەم كار كردنە دەبێت لە چوارچێوەی ئافرەتاندا بێت، وەكو فێر كردنی ئافرەتان و ‏چارەسەركردنی ئافرەتان، وەجیا بێت لە پیاوان.‏
‏4- هەروەها قەدەغە نییە بەڵكو پێویستە لەسەر ئافرەت كە كارو باری دینەكەی فێر بێت ‏ئەوەندەی كە پێویستی پێ‌یەتی، وە فێربونیشی دەبێت لە چوارچێوەی ئافرەتاندا بێت، وە ‏هیچی تێدا نییە ئەگەر ئامادەی وانەو دەرس بێت لە مزگەوت و هاوشێوەی مزگەوت، وەدەبێت ‏داپۆشراو و جیابێت لە پیاوان، لەسەر ڕۆشنایی ئافرەتانی سەرەتای ئیسلام كە چۆن كردەوەیان ‏دەكرد فێردەبون و ئامادە دەبوون لە مزگەوتەكاندا.‏
وصلى الله على محمد وعلى آل محمد

 م.صلاح الدين، م.عثمان علي

سەردان: ١٠,٢٧٤ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان