گرنگی کات لە ژیانی موسوڵماندا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
گرنگی کات لە ژیانی موسوڵماندا
پرسیار:

- گرنگی کات لە ژیانی موسوڵماندا چی یە؟
- واجبی کەسی موسوڵمان لەبەرانبەر کاتەکانی دا چیە؟
- ئەو هۆکارانە کامانەن کە یارمەتی مرۆڤ دەدەن لەپاراستنی کاتدا؟
- حاڵی سەلەف و پیاوچاکانى پێش ئێمە لەگەڵ کاتدا چۆن بووە؟
- چۆن کاتەکانمان بەکار بێنین و سوودی لێ ببینین  ؟
- ئەو شتانەی کە دەبنە هۆکارى بەفیڕۆدانی کات کامانەن؟

گرنگی کات لەژیانی موسوڵماندا .

الحمد لله وحده، والصلاة والسلام على من لا نبيَّ بعده، وبعد:

کاتێ تەماشای ژیانی زۆربەی خەڵک دەکەی دەبینی کات بەفیڕۆ دەدەن ، و مەحرومن لە سوود وەرگرتن لە کات ، و سەرت سووڕ دەمێنێ چۆن سەرسام و دڵخۆشن بەتێپەڕ بوونی کاتەکانیان ، لەبیریان چۆتەوە هەموو دەقەیەک کە تێدەپەڕێ لەتەمەنی ئەوان كەم دەبێتەوە ونزیک تر دەبنەوە لەمردن و ڕۆژی دوای ودوور دەکەونەوە لە ژیانی دونیا .

شاعیر دەڵێت :
إنَّا لنفرحُ بالأيام نقطعها  * وكل يوم مضى جزءٌ من العمرِ

واتە : ئێمە دڵخۆشین بەتێپەڕ بوونی ڕۆژەکان . .هەر ڕۆژێک کەدەڕوا بەشێک لەتەمەن لەگەڵ خۆی دەبات .

وە لەبەر ئەوەی ژیانی مرۆڤ پێک هاتووە لەکات ، وپاراستنی سەرچاوەی هەموو خێرێکە ، و بەپێچەوانەوە لەدەست دانی خەسارەتمەندیە ، بۆیە پێویستە هەڵوێستەیەک بکەین و بزانین تا چەند ئاگاداری کاتەکانمانین و چ شتێک دەبێتە یارمەتیدەرمان لە پارێزگاری کردن لەکات و ساتەکانی ژیانمان .

داوا لە خوای پەروەردگار دەکەین لەو کەسانە بین کە تەمەنیان درێژە و کردەوەی چاکەی تێدا ئەنجام دەدەن ، وە وامان لێبکات سوود لە ساتەکانی ژیانمان ببینین .

گرنگی کات :

کاتێ کە مرۆڤ قیمەتی هەر شتێکی زانی سوور دەبێ لەسەر پاراستنی و دەست پێوە گرتنی ، جا یەکێک لەو شته گرنگانە کات و ساتەکانی ژیانی مرۆڤە .

ئیمامی ابن القيم -رحمه الله- لەم بارەیەوە دەڵێت :

لەڕاستی دا کاتەکانی ژیانی مرۆڤ بریتیە لە تەمەنی مرۆڤ ، وسەرچاوە و بنەمای خۆش گوزەرانی یەتی لەدوا ڕۆژدا ، وەهەروەها هۆکاری بەدبەختی وشەقاوەتیەتی لەقیامەتدا ، وەک هەور دەڕوات ، جا هەر کەسێک کاتەکانی لەپێناو خودا و بۆ خودا بێت ئەوا ژیان و تەمەنیەتی .. خۆ ئەگەر بەپێچەوانەوە لەخراپە و بێئاگاییدا بەسەری برد ئەوا باشترین کاتی ئەو کاتەیە کەنوستووە ، بۆیە مردنی ئەم کەسە زۆر باشترە بۆی لەژیان .

وە  ابن الجوزي دەڵێت :

پێویستە لەسەر مرۆڤ ڕێز و قەدری زەمان و کاتەکانی بزانێت ، و تەنها ساتێکیش بەفیڕۆ نەدات لەشتێکدا کە لە خودای نزیک ناکاتەوە ، و باشترین کار و کردەوە ئەنجام بدات ، و با بەردەوام نیەتی چاکی هەبێت و بێ تاقەت نەبێت لە ئەنجام دانی کاری خێر  .

وە لە قورئانی پیرۆز وسوننەتدا زۆر گرنگی بەکات دراوە ، دەبینی خوای پەروەردگار سوێندی بەکات خواردووە وەک شەو ، و ڕۆژ ، و بەیانیان ، و چێشتەنگا ، و عەسر ، هەروەک لەم ئایەتانەدا هاتووە -: {وَاللَّيْلِ إِذَا يَغْشَى (1) وَالنَّهَارِ إِذَا تَجَلَّى} [الليل: 1، 2]، {وَالْفَجْرِ (1) وَلَيَالٍ عَشْرٍ} [الفجر: 1، 2]. {وَالضُّحَى (1) وَاللَّيْلِ} [الضحى: 1، 2]، {وَالْعَصْرِ (1) إِنَّ الإِنْسَانَ لَفِي خُسْرٍ} [العصر: 1، 2]. 

وەمەعلومە کەخودا سوێند بەشتێک ناخوا ئیلا ئەو شتە گەورە و گرنگە ، و بۆ ئەوەیە کە سەرنجی خەڵک ڕابکێشێت بۆ لای کات و ئاگاداریان بکاتەوە کە کات زۆر گرنگ و گەورەیە .

مەعازی کوڕی جەبەل گێڕاویەتیەوە و دەڵێت پێغەمبەری خوا فەرمووی : (لاَ تَزُولُ قَدَمَا عَبْدٍ يَوْمَ الْقِيَامَةِ حَتَّى يُسْأَلَ عَنْ أَرْبَعٍ : عَنْ عُمْرِهِ فِيمَا أَفْنَاهُ ؟ وَعَنْ عِلْمِهِ مَا عَمِلَ بِهِ ؟ وَعَنْ مَالِهِ مِنْ أَيْنَ اكْتَسَبَهُ وَفِيمَا أَنْفَقَهُ ؟ وَعَنْ جِسْمِهِ فِيمَا أَبْلاَهُ ؟) صحيح سنن الترمذي رقم : (2417) وصحيح الترغيب والترهيب رقم : (3592) 
واتە : هەردوو پێ‌ی هیچ عەبدێك نـییە لە ڕۆژی قیامەتدا هەنگاو بنێت تاوەكو پرسیاری چوار شتی لێنەكرێت :
یەکەم : سەبارەت بە تەمەنی لە چیدا بە سەری بەردووە ؟
دووەم : وە سەبارەت بە زانستەكەی ئایا كردەوەی پێ‌ كردووە ؟
سێیەم : وە سەبارەت بە پارە و ماڵەكەی چۆن پەیدای كردووە و لە چیدا خەرجی كردووە ؟
چوارەم : وە سەبارەت بە لاشەی لە چیدا بە كاری هێناوە و دایهێناوە ؟
وە  پێغەمبەری ئازیز هەواڵی پێ داوین کە دوو نیعمەتی زۆر گەورە هەن بەڵام زۆربەی خەڵک لێی بێ ئاگان کەیەکێکیان بریتی یە لەکات ، هەروەک فەرموویەتی -: «نعمتان مغبون فيهما كثير من الناس: الصحة، والفراغ» [رواه البخاري].

- واجبی کەسی موسوڵمان لەبەرانبەر کاتەکانی دا  :

لەبەر ئەوەی کات زۆر گرنگە و ژیانی مرۆڤ لێی پێک هاتووە ، بۆیە پێویسته لەسەر موسوڵمان گرنگی پێ بدات ، و لەکاری چاکەدا بەسەری ببات ، جا هەندێ شت پێویستە لەسەر مرۆڤ کەئەنجامی بدات ، لەوانە : 

1- سوور بوون لەسەر سوود وەرگرتن لە کات :
گەر مرۆڤ گرنگی زۆر بەماڵ و سامان بدات لەکاتێک دا دەزانێ ماڵ دێت و دەچێت ، زۆر زەروورە گرنگی بەکاتەکانیشی بدات ، و پارێزگاری لێ بکات ، بەڵکو سەرفرازی دونیا و دوا ڕۆژ ببێت ، سەلەف و پێشینانی ئێمە زۆر پارێزگاریان لە کات دەکرد بۆ نموونە حەسەنی بەصری دەڵێت : "أدركت أقوامًا كانوا على أوقاتهم أشد منكم حرصًا على دراهمكم ودنانيركم".
واتە : من کەسانێکم بینیوە کە زۆر سوور تر بوون لەسەر کات و پارێزگاری کردن لێی لە چاو سووری وپارێزگاری کردنی ئێوە لە دینار ودرهەم .

2- ڕێکخستنی کاتەکان  :
یەکێک لەو شتانەی کە پێویسته لەسەر مرۆڤ ڕێکخستنی کاتەکانیەتی وبەکار هێنانیەتی لەشتە سوود بەخشەکاندا .

یەکێک لەپیاوچاکان دەڵێت : کاتی مرۆڤ چوار کاتە وپێنجەمی نی یە : نیعمەت ، و نەگبەتی ، و گوێڕایەڵی ، تاوان .

3- سوود بینین لەو کاتانەی کەمرۆڤ تێیدا دەس بەتاڵ و بێ ئیشە  :
بێگومان کاتی بێ ئیشی و دەس بەتاڵی زۆر گرنگە وپێویسته مرۆڤ بەکاری بێنێت و لەدەستی نەدات ، عبداللەی کوڕی عەباس گێڕاویەتیەوە ودەڵێت : پێغەمبەر فەرمووی : «نعمتان مغبون فيهما كثير من الناس: الصحة، والفراغ» [رواه البخاري].
واتە : دوو نیعمەت هەن زۆربەی خەڵک لێی بێئاگان : کەئەویش لەش ساغی و دەس بەتاڵیە .

وەهەروەها پێغەمبەر پێداگری کردووە لەسەر پاراستنی کات وسوود بینین لێی و فەرموویەتی : «اغتنم خمسًا قبل خمس...»، وذكر منها: «وفراغك قبل شغلك» [صححه الألباني].
واتە : ئاگاداری پێنج شت بن پێش ئەوەی پێنج شتان بەسەردا بێت ، تیایدا هاتووە : کاتی دەس بەتاڵی پێش ئەوەی مەشغوڵ وسەرقاڵ بن .

یەکێک لەپیاوچاکان دەڵێت :

کاتی دەس بەتاڵی نیعمەتێکی گەورەیە ، جا کاتێ کەمرۆڤ کوفرانەی ئەم نیعمەتە دەکات بەوەی دەرگای خراپەکاری لەخۆی دەکاتەوە ودوای ئارەزووی دەکەوێت ، خوای گەورە دڵی دەشێوێنێت و دڵ پاکی لێ دەستێنێتەوە .

بۆیە کەسی ژیر زۆر پێویستە کاتی دەس بەتاڵی بەکار بێنێت و بەفیڕۆی نەدا ، گەرنا توشی جۆرەها بەڵاو نەگبەتی دەکات ،  وتراوە : "الفراغ للرجال غفلة، وللنساء غُلْمة" واتە : دەس بەتاڵی بۆ پیاوان بێئاگاییە ، و بۆ ئافرەتانیش بزوێنەری ئارەزووە .

چەند هۆکارێک کەیارمەتی مرۆڤ دەدەن لەپاراستنی کاتدا :

1- لێ پرسینەوە لەنەفس :

ئەم بابەتە یەکێکە لەگەورەترین هۆکارەکان کەیارمەتی مرۆڤ دەدات لەپاراستنی کاتدا وبەکار هێنانی لەگوێڕایەڵی خودادا ، و ئەمە نەریتی پیاوچاکان و تەقوادارانە ، دەی تۆش موحاسەبەی نەفسی خۆت بکە و لەخۆت بپرسە بزان کاتەکانت لەچى دا بەسەر دەبەیت و ڕۆژانە چ قازانجێک دەکەیت و یاخود بەپێچەوانە ڕۆژانە تاوانت زیاد دەکات لە بری خێر وچاکە ؟!

هەرکەسێک خۆی ڕابێنێت لەسەر کارە بەنرخەکان ودوور کەوێتەوە لەکاری هیچ وپوچ ئەوا هیمەت بەرزە و بەقەد ئەو ئیرادەیەیی کە هەیەتی توشی خێر و سەرکەوتن دەبێت .

گوتراوە :

على قدر أهل العزم تأتي العزائم * وتأتي على قدر الكرام المكارم
وتعظم في عين الصغير صغارها * وتصغر في عين العظيم العظائم
واتە : بەقەد عەزیمەت وورە بەرزی مرۆڤ پلە بەرزی دێت . . وبەقەد ڕێز وپلەی باڵایی مرۆڤ سەر بڵند دەبێت . . لەچاوی کەسانی بچوکدا شتی بچوک گەورە دەبێت . .و لەچاوی کەسانی گەورەدا شتی گەورەش بچوکە .

2- هاوەڵی کردنی کەسانێک کە پارێزگاری دەکەن لە کاتەکانیان :

بێگومان هاوەڵی کردنی ئەو جۆره کەسانه مرۆڤ بەرەو پلە بڵندی و سەرکەوتن و سەفرازی دەبات .

بۆیە گوتراوە  :

إذا كنتَ في قومٍ فصاحِب خِيارَهم * ولا تصحبِ الأردى فتردى مع الرَّدِي
عن المرءِ لا تَسَلْ وسَلْ عن قرينهِ * فكلُّ قرينٍ بالمقارَن يقتدِي
واتە : گەر تۆ لەناو کۆمەڵێک کەسدا بووی هاوەڵی چاکەکەیان بکە . . و هاوەڵی هیچ وپوچەکان مەکە گەرنا بچوک دەبیتەوە وەدەبیتە هاوشێوەی ئەوان . . لەبارەی مرۆڤە پرسیار مەکە بەڵکو بپرسە بزان هاوەڵی کێ دەکات . . چون هەموو هاوڕێیەک چاو لە هاوەڵەکەی دەکات .

3- زانین و شارەزایی ژیانی سەلەف بزان چۆن بوون لەگەڵ کاتەکانیاندا :

بێگومان ئەمەش زۆر یارمەتی دەرە بۆ ئەوەی مرۆڤ هیمەت بەرز بێت و کاتەکانی لەچاکە وخێردا بەسەر ببات .

4- گۆڕین و جۆراو جۆر کردنی لەکارە چاکەکاندا :

چونکە مرۆڤ ماوەیەک لەسەر یەک کار بەردەوام بوو بێزار دەبێت و توشی مەلەل دەبێت ،بۆیە زۆر گرنگە کارە خێرەکانی بگۆڕێت و هەمە جۆرەی کات .

5- هەست کردن بەوەی ئەو کاتەی کەلەدەس چوو جارێکی تر ناگەڕێتەوە وقەرەبوو ناکرێتەوە  :

هەر ڕۆژێک کەدەڕوا، و هەر سەعاتێک کە لە دەست دەچێ گەڕانەوەی بۆ نی یە و قەرەبوو ناکرێتەوە .

 ئیمامی حەسەنی بەصری دەڵێت : هەر ڕۆژێک کە بەسەر نەوەی ئادەم دا دێت ئیلا دەڵێت : ئەی نەوەی ئادەم من ڕۆژێکی تازەم ،وشاهیدم بەسەر کردەوەکانتەوە ،و کاتێ کە لەدەستت دەچم ناگەڕێمەوە ، بۆیه بەدڵی خۆت کردەوە بکە و پەلەی تێدا بکە ئەوا دەیبینیتەوە ، و ئەوەی پێت خۆشە دوای بخە و جارێکی تر نایبینیتەوە .
6- بیری ساتی ڕوح کێشان بکەرەوە  :

ئەو کاتەی کەپشت دەکەیت لە دونیا ، و بەرەو قیامەت دەچیت ، تەمەننا دەکەی چەند چرکەیەک مۆڵەتت پێ بدرێت بەڵکو کردەوەی چاکەی تێ دا ئەنجام بدەیت ، بەڵام بێ سوودە و بەهیچ شێوەیەک مۆڵەتت نادرێت و بۆ چرکەیەکیش مردن لێت ناگەڕێت .

7- دوور کەوتنەوە لەهاوەڵی کردنی ئەو کەسانەی کات بەفیڕۆ دەدن :
بێگومان هاوەڵی کردنی کەسانی هەرزە و کات بەفیڕۆ دەر زۆر زیان بە مرۆڤ دەگەیەنێت ، هەر بۆیە عبداللەی کوڕی مەسعود دەڵێت : "اعتبروا الرجل بمن يصاحب، فإنما يصاحب الرجل من هو مثله".
واتە : لەچاوی هاوڕێ وە تەماشای مرۆڤ بکەن ، چونکە مرۆڤ هاوەڵی هاوشێوەی خۆی دەکات .

8- بیری پرسیاری ڕۆژی دوایی بکەرەوە  : 

کاتێ کە مرۆڤ لەبەرانبەر خودادا دەوەستێت و لەبارەی کاتەکانیەوە پرسیاری لێ دەکرێت ، هەروەک لەفەرموودەدا هاتووە : (لاَ تَزُولُ قَدَمَا عَبْدٍ يَوْمَ الْقِيَامَةِ حَتَّى يُسْأَلَ عَنْ أَرْبَعٍ : عَنْ عُمْرِهِ فِيمَا أَفْنَاهُ ؟ وَعَنْ عِلْمِهِ مَا عَمِلَ بِهِ ؟ وَعَنْ مَالِهِ مِنْ أَيْنَ اكْتَسَبَهُ وَفِيمَا أَنْفَقَهُ ؟ وَعَنْ جِسْمِهِ فِيمَا أَبْلاَهُ ؟) صحيح سنن الترمذي رقم : (2417) وصحيح الترغيب والترهيب رقم : (3592) 
واتە : هەردوو پێ‌ی هیچ عەبدێك نـییە لە ڕۆژی قیامەتدا هەنگاو بنێت تاوەكو پرسیاری چوار شتی لێنەكرێت :
یەکەم : سەبارەت بە تەمەنی لە چیدا بە سەری بەردووە ؟
دووەم : وە سەبارەت بە زانستەكەی ئایا كردەوەی پێ‌ كردووە ؟
سێیەم : وە سەبارەت بە پارە و ماڵەكەی چۆن پەیدای كردووە و لە چیدا خەرجی كردووە ؟
چوارەم : وە سەبارەت بە لاشەی لە چیدا بە كاری هێناوە و دایهێناوە ؟

- حاڵی سەلەف لەگەڵ کاتدا :

ئیمامی حەسەنی بەصری دەڵێت : "يا ابن آدم، إنما أنت أيام، إذا ذهب يوم ذهب بعضك".
واتە : ئەی نەوەی ئادەم تۆ بریتیت لەچەند ڕۆژێک کاتێ کەڕۆژێک دەڕوات بەشێکت دەڕوات .

وەهەروەها دەڵێت  : "يا ابن آدم، نهارك ضيفك فأحسِن إليه، فإنك إن أحسنت إليه ارتحل بحمدك، وإن أسأت إليه ارتحل بذمِّك، وكذلك ليلتك". 
واتە : ئەی نەوەی ئادەم ، ڕۆژەکەت میوانی تۆیە و باش بە لەگەڵی ، خۆ ئەگەر باش بووی لەگەڵی دەڕوات و سوپاست دەکات ، وە ئەگەر خراپ بووی لەگەڵی دەڕوات و لۆمەت دەکات ، و بەهەمان شێوە شەوەکەتیش .

وەهەروەها دەڵێت: "الدنيا ثلاثة أيام: أما الأمس فقد ذهب بما فيه، وأما غدًًا فلعلّك لا تدركه، وأما اليوم فلك فاعمل فيه".
واتە : دونیا سێ ڕۆژە : دوێنێ کەچوو وبەوەی تێدا بوو ، و سبەی کەڕەنگە پێی نەگەیت ، و ئەمڕۆ کە بۆ تۆیە و موڵکی تۆیە ، دەی کردەوەی چاکەی تێدا ئەنجام بدە .

وە ابن مسعود دەڵێت : "ما ندمت على شيء ندمي على يوم غربت شمسه، نقص فيه أجلي، ولم يزدد فيه عملي".
واتە : بۆ هیچ شتێک دڵ تەنگ نەبووم بەقەد ئەوەی کەڕۆژێکم لەدەس چووە ، و تەمەنم تێیدا کەم بووەتەوە ، و کردەوەم تێیدا زیادی نەکردووە .

وە ابن القيم دڵێت : "إضاعة الوقت أشد من الموت؛ لأن إضاعة الوقت تقطعك عن الله والدار الآخرة، والموت يقطعك عن الدنيا وأهلها".
واتە : لەدەس دانی کات قورسترە لەمردن ؛ چونکە بەفیڕۆدانی کات لەخودا وڕۆژی دوایت دوور دەخاتەوە ، بەڵام مردن تەنها لەدونیا و ئەهلەکەیت دادەبڕێ .

وە السري بن المفلس دەڵێت : "إن اغتممت بما ينقص من مالك فابكِ على ما ينقص من عمرك".
واتە : گەر غەمبار بووی بەوەی ماڵەکەت کەمی کردووە بگریە بۆ ئەوەش کەتەمەنت کەمی کردووە .

-چۆن کاتەکانمان بەکار بێنین وسوودی لێ ببینین  ؟

بێگومان ڕێگاکانی بەکار هێنانی کات لەشتی چاکەدا زۆر زۆرن ، موسوڵمان دەتوانێت ئەوەیان هەڵبژێرێت کەبۆی دەگونجێت ، لەوانە :

1- لەبەر کردنی قورئان ، و فێربوونی ، پێغەمبەری ئازیز فەرموویەتی : «خيركم من تعلم القرآن وعلمه» [رواه البخاري].
واتە : باشترینتان ئەوەتانە کە قورئان فێر دەبێت وخەڵکیش فێر دەکات .

2- فێر بوونی زانست : سەلەفی ساڵەح کاتەکانیان لەفێر بوونی زانستدا بەسەر دەبرد ؛ چونکە ئەوان دەیان زانی کە زۆر پێویستیان بەزانستە زیاتر لەخواردن وخواردنەوە.

3- یادی خودا  ، بێگومان هیچ کردەوەیەک نی یە لەهەموو کاتێکدا ئەنجام بدرێت جگە لە زیکر و یادی خودا ، و زۆر ئاسانە و هەموو کەس دەتوانێت پێیی هەستێت ، پێغەمبەر صلى الله عيله وسلم بەیەکێک لەهاوەڵانی فەرموو : «لا يزال لسانك رطبًا من ذكر الله» [صححه الألباني]. 
واتە : با بەردەوام زمانت تەڕ بێت بە یادی خودا .

4- زۆر ئەنجامدانی سوننەت : ئەمەش مەجالێکی باشی تێدایە بۆ کردەوە کردن و پڕکردنەوەی ناتەواویەکانی فەرزەکان ، لەفەرموودەیەکی قودسی دا هاتووە : «ولا يزال عبدي يتقرَّب إليَّ بالنوافل حتى أحبه» [المحدث: ابن تيمية، صحيح].
واتە : بەردەوام بەندە بەسوننەت لێم نزیک دەبێتەوە تاوەکو دەبێتە خۆشەویستم .

5- دەعوە و بانگەواز کردن بۆ لای خودا ، و فەرمان کردن بەچاکە و ڕێگری کردن لەخراپە ، و ئامۆژگاری کردنی یەکتر ،هەموو ئەم ڕێگایانە گرنگن لەپاراستنی کاتدا ، بانگەوازی کردن بۆ لای خودا پیشەی پێغەمبەرانە ، خوای گەورە فەروویەتی -: {قُلْ هَذِهِ سَبِيلِي أَدْعُو إِلَى اللَّهِ عَلَى بَصِيرَةٍ أَنَا وَمَنِ اتَّبَعَنِي} [يوسف:108]. 
واته : بڵێ: ئه‌مه‌ ڕێگاو ڕێبازی منه‌ ، بانگه‌واز ئه‌كه‌م بۆ لای خوای گه‌وره‌و به‌تاك په‌رستنى له‌سه‌ر چاوڕۆشنی و زانیاری و یه‌قین ، ئه‌مه‌ ڕێگای من و هه‌ر كه‌سێكیشه‌ كه‌ شوێن من بكه‌وێ ، وه‌ پاك و مونه‌ززه‌هی بۆ خوای گه‌وره‌ من له‌و كه‌سانه‌ نیم كه‌ شه‌ریك بۆ خوای گه‌وره‌ بڕیار بده‌م. 
برای موسوڵمان سوود لەکاتەکانت ببینە و لەدەعوەدا بەسەری ببە جا بە وتار بێت یاخود بڵاو کردنەوە سیدى و کاسیەت یان بڵاوکردنەوەى بابەتی شەرعی لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان .

6- سەردانی کردنی کەس و کار : 
ئەمەش هۆکارێکە بۆ چوونە بەهەشت ودەس خستنی ڕەحمەت و زیاد بوونی تەمەن، پێغەمبەر فەرموویەتی  : «من أحب أن يُبسط له في رزقه، ويُنسأ له في أثره، فليصل رحمه» [رواه البخاري].
واتە : ئەوەی پێی خۆشە ڕزقی زیاد بکات و لەدوای خۆی بە باشە باس بکرێت با سیلەی ڕەحم بگەیەنێت .

7-پارێزگاری کردن لەکاتە پیرۆزەکانی ڕۆژ : وەک کاتی نوێژەکان ، و نێوان بانگ و قامەت، و سێیەکی کۆتایی شەو ، و کاتی بانگ ، و دوای نوێژی بەیانی تاوەکو خۆرهەڵاتن .

- ئەو شتانەی کە دەبنە هۆکارى بەفیڕۆدانی کات :

1- بێئاگایی : ئەمەش دەردێکی کوشندە کە زۆربەی موسوڵمانان تێی کەوتوون ، بۆیە قورئان ئاگاداری کردووینەتەوە ، هەروەک خوای گەروە فرموویەتی : {وَلَقَدْ ذَرَأْنَا لِجَهَنَّمَ كَثِيرًا مِنَ الْجِنِّ وَالإِنْسِ لَهُمْ قُلُوبٌ لا يَفْقَهُونَ بِهَا وَلَهُمْ أَعْيُنٌ لا يُبْصِرُونَ بِهَا وَلَهُمْ آذَانٌ لا يَسْمَعُونَ بِهَا أُولَئِكَ كَالأَنْعَامِ بَلْ هُمْ أَضَلُّ أُولَئِكَ هُمُ الْغَافِلُونَ} [الأعراف:179].
واتە : كه‌سانێكی زۆرمان له‌ جن و له‌ مرۆڤ بۆ جه‌هه‌ننه‌م دروست كردووه‌و داناوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شایه‌نی دۆزه‌خن وه‌ سه‌ره‌نجامیان بۆ دۆزه‌خه‌و كرده‌وه‌ی ئه‌هلی دۆزه‌خ ئه‌كه‌ن  ،كه‌سانێكن كه‌ دڵیان هه‌یه‌ به‌ڵام پێی تێناگه‌ن له‌ حه‌ق ،وه‌ چاویان هه‌یه‌ به‌ڵام حه‌قی پێ نابینن ، وه‌ گوێیان هه‌یه‌ به‌ڵام حه‌ق و په‌ندو ئامۆژگاری پێ نابیستن ، ئه‌مانه‌ وه‌كو ئاژه‌ڵ وان له‌وه‌ی كه‌ سوود له‌ چاو و گوێ و دڵیان نابینن ، به‌ڵكو له‌ ئاژه‌ڵیش وێڵ و سه‌رگه‌ردانترن چونكه‌ ئاژه‌ڵ به‌قسه‌ى شوانه‌كه‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر چى له‌ قسه‌یشى تێنه‌گات ، ئه‌مه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ بێ ئاگان له‌ ئایه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌.

2- دواخستنی کاری چاکە : ئەمەش یەکێکی ترە لەو شتانەی کە زۆر کەس بەدەستیەوە دەناڵێنن ، حەسەنی بەصری دەڵێت : "إياك والتسويف، فإنك بيومك ولست بغدك" 
واتە : ئاگادار دواخستنی کردەوەی چاکە بە چونکە ئەمڕۆ موڵکی تۆیە نەک سبەی .

شاعیر دەڵێت :

تزوَّد من التقوى فإنك لا تدري * إذا جنَّ ليلٌ هل تعيشُ إلى الفجرِ
فكم من سليمٍ مات من غير عِلَّةٍ * وكم من سقيمٍ عاش حِينًا من الدهرِ
وكم من فتىً يمسي ويصبح آمنًا * وقـد نُسجتْ أكفانُه وهو لا يدري
واتە : 
تێشوی تەقوا کۆبکەرەوە چون تۆ نازانی . . گەر شەو داهات ئایا دەژی تا سبەی !
زۆر کەسی لەش ساغ مرد بێ ئەوەی ناساغ بن . . و زۆر کەسی نەخۆش زۆر ژیان . . و چەندین گەنج ئێوارەی بەرسەدا دێت و ئەمینە لەخۆی . . کەچی کفنەکەیان بۆ دوراوە بێ ئەوەی بزانن .

بۆیە برای موسوڵمان پەلە بکە لەئەنجام دانی کاری خێردا ودوور کەوەرەوە لەدواخستنی کاری چاکە .

وصلى الله على نبيه محمد وعلى آله وصحبه وسلم.

سەردان: ٣٣,٢٦٩ بەش: تەزکیەى نەفس