بۆچی لەهەندێ لە فەرموودەکاندا باسی ئافرەت بە خراپە کراوە ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
بۆچی لەهەندێ لە فەرموودەکاندا باسی ئافرەت بە خراپە کراوە ؟
پرسیار:

من وەکو ئافرەتێک ئەم فەرموودەیەم خوێندەوە :  ( إن الفساق هم أهل النار . قيل : يا رسول الله ومن الفساق ؟ قال : النساء . قال رجل : يا رسول الله أولسن أمهاتنا وأخواتنا وأزواجنا ؟ قال : بلى ولكنهن إذا أعطين لم يشكرن وإذا ابتلين لم يصبرن)
واتە : فاسقەکان ئەهلی دۆزەخن . گوتیان : ئەی پێغەمبەری خوا فاسقەکان کێن ؟
فەرمووی : ئافرەتانن . پیاوێک گوتی : ئەی پێغەمبەری خوا ئایا ئەوانە دایک وخوشک وخێزانی ئێمە نین ؟ 
فەرمووی : بەڵێ ، بەڵام کاتێ پێیان ببەخشیت سوپاس گوزار نین و کاتێ تاقی بکرێنەوە ئارام ناگرن .

جا من تێناگەم : بۆ فاسق بوون تایبەت کراوە بائافرەتانەوە ، وسیفەتی سوپاس نەکردن تایبەت کراوە بەوانەوە لەکاتێکدا لەپیاوانیشدا هەیە !.

پرسیاری دووەم  :
لەفەرموودەیەکی تردا هاتووە (ئافرەتان زۆربەی ئەهلی ئاگرن چونکە ناشکوری دەکەن وسوپاس گوزاری مێردەکانیان نین ) لەکاتێکدا ئەم ڕەوشتەش تایبەت نییە بە ئافرەتان بەتەنها ، و ئایا ئەو تاوانە لەو تاوانانە گەورەترن کەپیاوان دەیکەن وەک شەڕ وکوشتار وستەم ..هتد؟

یەکەم :
ئیمامی ( أحمد (15531) والحاكم (2773) والبيهقي لە "الشعب" (9346) دا ، لە ( عَبْد الرَّحْمَنِ بْن شِبْلٍ رضي الله عنه) گێڕاویانەتەوە ودەڵێت :  پێغەمبەری خوا صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمووی : ( إِنَّ الْفُسَّاقَ هُمْ أَهْلُ النَّارِ ) قِيلَ: يَا رَسُولَ اللهِ، وَمَنِ الْفُسَّاقُ؟ قَالَ: ( النِّسَاءُ ) قَالَ: رَجُلٌ يَا رَسُولَ اللهِ، أَوَلَسْنَ أُمَّهَاتِنَا، وَأَخَوَاتِنَا، وَأَزْوَاجَنَا؟ قَالَ: ( بَلَى، وَلَكِنَّهُنّ إِذَا أُعْطِينَ لَمْ يَشْكُرْنَ، وَإِذَا ابْتُلِينَ لَمْ يَصْبِرْنَ )
وصححه الألباني في "الصحيحة" (3058) .
واتە : فاسقەکان ئەهلی دۆزەخن . گوتیان : ئەی پێغەمبەری خوا فاسقەکان کێن ؟
فەرمووی : ئافرەتانن . پیاوێک گوتی : ئەی پێغەمبەری خوا ئایا ئەوانە دایک وخوشک وخێزانی ئێمە نین ؟ 
فەرمووی : بەڵێ ، بەڵام کاتێ پێیان ببەخشیت سوپاس گوزار نین وکاتێ تاقی بکرێنەوە ئارام ناگرن .

جا مەبەست لەم فەرموودەیە ئەوە نی یە هەموو ئافرەتان بەخراپە باس بکات و پێی وابێت هەموویان بەو شێوەیەن ؛ چۆن بەو شێوەیەیە لەکاتێکدا خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ( إِنَّ الْمُسْلِمِينَ وَالْمُسْلِمَاتِ وَالْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ وَالْقَانِتِينَ وَالْقَانِتَاتِ وَالصَّادِقِينَ وَالصَّادِقَاتِ وَالصَّابِرِينَ وَالصَّابِرَاتِ وَالْخَاشِعِينَ وَالْخَاشِعَاتِ وَالْمُتَصَدِّقِينَ وَالْمُتَصَدِّقَاتِ وَالصَّائِمِينَ وَالصَّائِمَاتِ وَالْحَافِظِينَ فُرُوجَهُمْ وَالْحَافِظَاتِ وَالذَّاكِرِينَ اللَّهَ كَثِيرًا وَالذَّاكِرَاتِ أَعَدَّ اللَّهُ لَهُمْ مَغْفِرَةً وَأَجْرًا عَظِيمًا ) الأحزاب/35 ،
واته : به‌ڕاستی پیاوانی موسڵمان و ئافره‌تانی موسڵمان، (هه‌ر چه‌نده‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ بفه‌رمێت (الْمُسْلِمِينَ) ژن و پیاو ده‌گرێته‌وه‌) ، وه‌ پیاوانی باوه‌ڕدارو ئافره‌تانی باوه‌ڕدار ، وه‌ پیاوانی خواپه‌رست و گوێڕایه‌ڵ وه‌ ئافره‌تانی خواپه‌رست و گوێڕایه‌ڵ ، وه‌ پیاوانی ڕاستگۆ و ئافره‌تانی ڕاستگۆ ، وه‌ پیاوانی ئارامگرو ئافره‌تانی ئارامگر ،وه‌ پیاوانی خۆبه‌كه‌مزان و ئافره‌تانی خۆبه‌كه‌مزان، یان له‌ عیباده‌تدا ملكه‌چ بۆ خوای گه‌وره‌ ، وه‌ پیاوانی خێرخوازو ئافره‌تانی خێرخواز ، وه‌ پیاوانی ڕۆژووه‌وان و ئافره‌تانی ڕۆژووه‌وان ، وه‌ ئه‌و پیاوانه‌ی كه‌ داوێنی خۆیان له‌ حه‌رام ئه‌پارێزن، وه‌ ئه‌و ئافره‌تانه‌یشی كه‌ داوێنی خۆیان له‌ حه‌رام ئه‌پارێزن ، وه‌ ئه‌و پیاوانه‌ی كه‌ زۆر زیكرو یادی خوای گه‌وره‌ ئه‌كه‌ن، وه‌ ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه‌ زۆر زیكرو یادی خوای گه‌وره‌ ئه‌كه‌ن له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكیاندا، (پێغه‌مبه‌ری خوا - - ده‌فه‌رمێت: ئه‌گه‌ر پیاو شه‌و هه‌ستێت و خێزانه‌كه‌ى هه‌ستێنێت و دوو ركات نوێژ بكه‌ن ئه‌وا له‌و كه‌سانه‌ ناونوس ده‌كرێن كه‌ زۆر زیكرو یادى خواى گه‌وره‌یان كردووه‌) ، ئا ئه‌مانه‌ به‌ ژن و پیاوه‌وه‌ خوای گه‌وره‌ لێخۆشبوون و ئه‌جرو پاداشتێكی زۆر گه‌وره‌ی بۆ ئاماده‌كردوون.
وجگە لەم ئایەتە ئایەتی تر زۆرن ، وچەندین ئەسڵی شەرعی گەورەی تر هەیە کەدەیسەلمێنن مەبەست کۆی ئافرەتان نی یە .

نا بەڵکو مەبەست لەم فەرموودەیە وهاوشێوەکانی هەڕەشە وئاگادار کردنەوەیە لەو کارە ، و ڕوونکردنەوەی مەسیری خاوەنەکەیەتی لەڕۆژی دوایدا ، بەڵکو کەسی عاقڵ ئاگادار بێت وخۆی لێ بپارێزێت .

پاشان بەنیسبەت تایبەت کردنی ئافرەتان بەو سیفەتەوە :
لەبەر ئەوەیە ئەم جۆرە ڕەوشتانە زۆر جار لەئافرەتاندا ڕوو دەدەن ، ئەمە بەپێی جنس وڕەگەزی ئافرەتان ، واتە : ڕەگەزی ئافرەتان زۆر توشی ئەو ڕەوشته دەبن ، هەرچەند پیاوانیش هەمان ڕەوشتیان تێدا بێت بەڵام لەبەر ئەوەی لەپیاواندا کەمترە بۆیە تایبەت کراوە بەئافرەتانەوە وبێگومان گەر پیاوانیش ئەو سیفەتەیان تێدا بێت هەمان هەڕەشە وسزا دەیانگرێتەوە .

وە هاوشێوەی ئەمە : ئەم فەرموودەیەیی پێغەمبەره : ( إِنَّ التُّجَّارَ هُمُ الْفُجَّارُ ) قَالَ: رَجُلٌ يَا نَبِيَّ اللهِ أَلَمْ يُحِلَّ اللهُ الْبَيْعَ؟ قَالَ: ( إِنَّهُمْ يَقُولُونَ فَيَكْذِبُونَ، وَيَحْلِفُونَ وَيَأْثَمُونَ ) وقد رواه أحمد (15530) عَنْ عَبْدِ الرَّحْمَنِ بْنِ شِبْلٍ الْأَنْصَارِيِّ، وصححه الألباني في "الصحيحة" (366)
واتە : (بازرگانەکان فاجر وخراپەکارن) ، پیاوێک گوتی : ئەی پێغەمبەری خوا ئایا خودا کڕین و فرۆشتنی حەڵاڵ نەکردووە؟ 
فەرمووی : ( ئەوان قسە دەکەن و درۆ دەکەن ، و سوێند دەخۆن و تاوان بار دەبن ) .

جا بەهەمان شێوە ئەم فەرموودەیە هەموو بازرگانەکان ناگرێتەوە ؛ چۆن هەمووی دەگرێتەوە لەکاتێکدا باشترین هاوەڵانی پێغەمبەری خوا بازرگان بوون ؛ بۆیە مەبەست لێی ئاگادار کردنەوەیە لەو کارە ، وهەڕەشە کردنە لەبکەرەکانی ، و بۆیە باسی بازرگان کراوە چونکە درۆ و فێڵ زۆر جار لەبازرگاناندا ڕوو دەدات ، بەڵکو زۆر وشیار بن و لەکاتی کڕین و فرۆشتندا خۆیان لەو کارە بەدوور بگرن .

دواتر بێگومان هەر ئافرەتێک ئەو سیفەتەی تێدا نەبێت و سوپاس گوزار بێت و ئارام گر بێت لەبەرانبەر قەدەری خوادا ئەوا ئەو زەم و وەسفە شمولی ناکات ، بەڵکو لەو ئافرەتانەیە کە پێغەمبەر لەبارەیانەوە فەرموویەتی  : ( إِذَا صَلَّتْ الْمَرْأَةُ خَمْسَهَا وَصَامَتْ شَهْرَهَا وَحَفِظَتْ فَرْجَهَا وَأَطَاعَتْ زَوْجَهَا قِيلَ لَهَا ادْخُلِي الْجَنَّةَ مِنْ أَيِّ أَبْوَابِ الْجَنَّةِ شِئْتِ ) . رواه أحمد (1664) وصححه الألباني في "صحيح الجامع" (660) .
واتە : گەر ئافرەت پێنج نوێژە فەرزەکە ئەنجام بدات و ڕۆژوو بگرێت و داوێنی بپارێزێت و گوێڕایەڵی مێردەکەی بکات ئەوا پێی دەوترێت بچۆ بەهەشتەوە لەهەر دەرگایەکەوە کە دەتەوێ .

دووەم :
وەبەنیسبەت ئەو فەرموودەیەیی تر : کە ئیمامی ( البخاري (304) من حديث أبي سعيد ، ومسلم (79)لە ابن عمرەوە ولەپێغەبەری خواوە صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ گێڕاویانەتەوە کەفەرموویەتی : ( يَا مَعْشَرَ النِّسَاءِ، تَصَدَّقْنَ وَأَكْثِرْنَ الِاسْتِغْفَارَ، فَإِنِّي رَأَيْتُكُنَّ أَكْثَرَ أَهْلِ النَّارِ ) فَقَالَتِ امْرَأَةٌ مِنْهُنَّ : وَمَا لَنَا يَا رَسُولَ اللهِ أَكْثَرُ أَهْلِ النَّارِ؟ قَالَ: ( تُكْثِرْنَ اللَّعْنَ، وَتَكْفُرْنَ الْعَشِيرَ) . واللفظ لمسلم .
واتە : (ئەی گرۆی ئافرتان خێر وسەدەقە بکەن وزۆر داوای لێ خۆش بوون بکەن ، من بینیم زۆربەتان ئەهلی دۆزەخن )ئافرتێک گوتی : بۆ ئێمە زۆربەی ئەهلی ئاگرین ئەی پێغەمبەری خوا صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم ؟
فەرمووی : ( لەعنەت زۆر دەکەن ، و ناشکورن و سوپاس گوزاری مێردەکانیان نین ) .

 بدر الدين العيني رحمه الله دەڵێت  :
 الْمُهلب دەڵێت : " إِنَّمَا تسْتَحقّ النِّسَاء النَّار : لكفرهن العشير. واتە : ئافرەتان بۆیە موستەحەقی دۆزەخن : لەبەر ناشوکریانە .

سێیەم :
دواتر بەنیسبەت ئەوەی ئەو خوشکە ئاماژەی پێداوە کەپیاوان زۆر جار دەبنە هۆکاری هەڵگیرساندنی جەنگ وکوشتن وستەم . . هتد ؟
لەوەڵامدا دەوترێت :
بێگوومان ئەو پیاوانەی ئەو کارە دەکەن موستەحەقی سزان ، و لەچەندین بەڵگەی شەرعی دا کوشتن وستەم حەڕام کراوە وهەڕەشە لەبکەرەکەیان کراوە  .
بەڵام ئەوە چی پەیوەندی بەوەوە هەیە کەلەبارەی ئافرەتانەوە هاتووە ؟
چ کەسێک گوتویەتی : ئەوەی ئافرەتان دەیکەن قورسترە لەو ستەم و کوشتن و جەریمانەی کەپیاوان ئەنجامی دەدەن ؟

وە کێ گوتوویەتی  : ئەو جۆرە پیاوانە سزایان لەلای خودا سوک ترە لەسزای ئەو ئافرەتانەی کەناشکورن ؟ 

وە کێ گوتوویەتی : ئەم فەرموودەیە هەموو دینی تێدایە ، و هەموو ڕێگریە شەرعیەکانی تێدایە ؟
بەڵام ئەوەی دیارە ، والله أعلم : ئەوەی ئەم کارانە دەکەن لەپیاوان ، کەمترن لەڕێژەی ئەو ئافرەتانەی کەئەو سیفاتانەیان تێدایە کەئاماژەمان پێدا ، بۆیە - والله أعلم - ئافرەتان زیاتر دەچنە دۆزەخەوە ، بەبەراورد بەپیاوان لەئەنجامی ئەو کارانەی کەدەیکەن ، هەرچەند ئەو تاوانانە ، واتە : کوشتن وستەم گەورە ترن وسزاکەیان قورس ترە ، بەڵام لێرەدا قسەکە لەسەر  : "زۆرینەیە" ،نەک  : " توندی وقورسی" .

بەهەرحاڵ : ئەو فەرموودانەی کەهەڕەشەیان تێدا هاتووە ، بابەتی غەیبین ، وهیچ مەجالی عەقڵی تێدا نی یە ، ودەبێ تەسلیمی دەقەکان بین وچۆن هاتبێت ئاوها باس دەکرێت .

والله تعالى أعلم .

سەردان: ٢,٧٦٩ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان