کەڵەشاخ چی یە وچۆن دەکرێت ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
کەڵەشاخ چی یە وچۆن دەکرێت ؟
پرسیار:

پێناسى کەڵەشاخ چیە؟ فەزڵى چیە؟ وە سودەکانى چیە؟ وە کەڵەشاخ چۆن دەکرێ؟

کەڵەشاخ (الحجامة) لە ( الْحَجْم ) ـەوە وەرگیڕاوە کەبەمانای : ( الْمَصِّ ) واتە : مژین ودەر هێنانی دێت .
دەوترێت  : (حَجَمَ الصَّبِيُّ ثَدْيَ أُمِّهِ) واتە: منداڵ مەمکی دایکی دەمژێت ، جا (الْحَجَّامُ) ئەو کەسەیە کە خوێنە دەمژێ وڕای دەکێشێت ودەری دێنێت . ( لسان العرب ) 

وە (الْحِجَامَةُ) لەلای هەندێ لە زانایان تایبەت کراوە بەخوێن دەرکردن لە نێو شان بەئامێری خوێن دەرهێنەر ، بەڵام ( الزَّرْقَانِيُّ ) باسی لەوە کردووە کەڵەشاخ تایبەت نی یە بەنێو شانەوە بەڵکو هەموو لاشە دەگرێتەوە ، وە ( الْخَطَّابِي )یش هەمان بۆچوونی هەیە  .

بەکورتی کەڵەشاخ بریتی یە لەدەرهێنانی خوێن لەلاشە بەئامێرێکی گونجاو .

دواتر کەڵەشاخ بابەتێکی کۆنە وپێشووی تریش هەر هەبووە  .

فەزڵی کەڵەشاخ  :

ئیمامی البخاري لە صەحيحەکەیدا ( 5269 ) لەسەعدی کوڕی جوبەیرەوە و لەعبداللەی کوڕی عەباسەوە و لەپێغەمبەرەوە گێڕاویەتیەوە کەفەرموویەتی : " الشِّفَاءُ فِي ثَلاثَةٍ شَرْبَةِ عَسَلٍ وَشَرْطَةِ مِحْجَمٍ وَكَيَّةِ نَارٍ وَأَنْهَى أُمَّتِي عَنِ الْكَيِّ . "
واتە : شیفا لەسێ شت دایە :
خواردنه‌وه‌ی هه‌نگوین، که‌ڵه‌شاخ گرتن، داخ کردن، به‌ڵام من ئومه‌تم قه‌ده‌غه‌ ده‌که‌م له‌داخ کردن .

وە لەبوخاری (  5263 ) وفي مسلم ( 2952 ) دا هاتووە پرسیار کرا لە ئەنەسی کوڕی مالیک لەبارەی پارەی کەڵەشاخەوە ؟ گوتی: (ئەبو تەیبە کەڵەشاخى بۆ پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  کرد ، وپێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمانی کرد دوو ساع خواردنی پێ بدرێت  و پاشان فەرمووی :   " إِنَّ أَفْضَلَ مَا تَدَاوَيْتُمْ بِهِ الْحِجَامَةُ أَوْ هُوَ مِنْ أَمْثَلِ دَوَائِكُم
واتە : باشترین شت کەوەک چارەسەر بەکاری بێنن کەڵەشاخە ویەکێکە لەباشترین چارەسەرەکان .
 
وجابری کوڕی عبداللەی رضي الله عنهما دەڵێت : گوێم لەپێغەمبەری خودا بوو دەیفەرموو : " إن كَانَ فِي شَيْءٍ مِنْ أَدْوِيَتِكُمْ خَيْرٌ فَفِي شَرْطَةِ مِحْجَمٍ أَوْ شَرْبَةِ عَسَلٍ أَوْ لَذْعَةٍ بِنَارٍ وَمَا أُحِبُّ أَنْ أَكْتَوِيَ ." أخرجه البخاري (6583 ) ومسلم ( 2205 ).
واتە : گەر شتێک هەبێت لەباشترین چارەسەرەکانتان ئەوا دەرهێنانی خوێنە بەکەڵەشاخ ، یاخود قومێک لەهەنگوینە ، ویاخود داخکردنە بەئاگر بەڵام من داخ کردنم پێ خۆش نی یە :

سوودەکانی کەڵەشاخ :

1- باشە بۆ نەخۆشیەکانی سوڕی خوێن  .

2- چارە سەری زەختی خوێن دەکات ، وهەروەها چارەسەری ئیلتهابی عەزەڵاتی دڵیش دەکات .

3- سوود بەخشە بۆ نەخۆشی سنگ .

4- چارەسەرە بۆ سەر وچاو ئێشە  .

5- باشە بۆ ئازارەکانی مل وسگ ، وئازاری ڕوماتیزم .

6- چارەسەرە بۆ هەندێ لەنەخۆشیەکانی دڵ وجومگەکان .

وە لەلایەکی ترەوە کەڵەشاخ تایبەتمەندیەکی هەیە و لەچەند حاڵەتێکدا سوودی هەیە وئازار کەم دەکاتەوە بەبێ ئەوەی زیانی هەبێت.
وە بۆ زیاتر سوود تەماشای کتابی ( زاد المعاد لابن القيم 4 / 52 ) وكتابی ( الحجامة أحكامها وفوائدها ) إبراهيم الحازمي ) بکە .

چۆنیەتی کەڵەشاخ کردن :
بەکورتی سەرەتا گڵاسی کەڵەشاخەکەی لێ دەدرێت وپاشان بەموسێک کەپێشتر بەکار نەهێندرابێت بریندار دەکرێت ودواتر دوو بارە گڵاسەکەی لێ دەدرێتەوە تاوەکو پڕ دەبێت لەخوێن پاشان گڵاسەکە لێ دەکرێتەوە وبەکلێنیسێک پاک دەکرێتەوە .

وە پێش ئەوەی کۆتای پێ بێنین نابێت کەسێک هەستێت بەکەڵەشاخ مەگەر بەجوانی شارەزای بێت ، چونکە گەر کەسی نەزان ونەشارەزا پێی هەستێت چەندین زیانی لێ دەکەوێتەوە  . والله أعلم .

سەردان: ١٢,٤٠٣ بەش: پزیشکى