حوکمى نوێژى سوننەت لەو کاتانەى کە قەدەغە کراوە نوێژى تیا بکرێ: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمى نوێژى سوننەت لەو کاتانەى کە قەدەغە کراوە نوێژى تیا بکرێ
پرسیار:

گەر لەکاتە قەدەغە کراوەکاندا چوومە مزگەوتەوە ئایا  ( تحية المسجد) بکەم ؟ 
ئەو کاتانە کامەیە کە قەدەغە کراوە نوێژى سوننەتى تیا بکرێ؟
وە ئایا لە دواى نوێژ عەسرەوە نوێژى سوننەت دەکرێ؟
چ نوێژێکى سوننەت لە کاتە قەدەغە کراوەکاندا دەکرێت و ئاساییە؟

ئەگەر کەسێک لەو کاتەدا چووە مزگەوتەوە کە نەهى کرابێت لە نوێژکردن دەربارەی ئەوە خیلاف وڕاجیایی هەیە لەنێو زانایان ، بەڵام ڕای پەسەند ئەوەیە کە دوو ڕکعاتی ( تحية المسجد) ئەنجام دەدات ، ئەگەرچی لەوکاتانەش بێت کە نەهی هاتووە نوێژی تێدا ئەنجام بدرێ ، لەبەر ئەو بەڵگانەی کەهاتوون لەفەرموودە صەحیحەکاندا ، هەروەکو بوخاری وموسلیم دەگێڕنەوە کە پێغەمبەری خودا () فەرموویەتی : ( إذا دخل أحدكم المسجد فلا يجلس حتى يصلي ركعتين ) . واتە : ئەگەر کەسێک لەئێوە چووە نێو مزگەوت با دانەنیشێت تاوەکو دوو ڕکعات نوێژ دەخوێنێت .
ئەمیش هاوشێوەی نوێژی تەواف کردن و نوێژی مانگگیران وخۆرگیرانە ، ئەویش ڕای پەسەد ئەوەیە کە لەهەموو کاتێکدا ئەنجام دەدرێت ، هەروەکو پێغەمبەری خودا () فەرموویەتی : ( يا بني عبد مناف لا تمنعوا أحداً طاف بهذا البيت وصلى أي ساعة شاء من ليل أو نهار ) . أخرجه الإمام أحمد وأصحاب السنن بإسنادٍ صحيح
واتە : ئەی نەوەکانی عەبدو مەناف هیچ شتێک ڕێگریتان لێنەکات لەوەی ئەگەر هاتوو کەسێک لەئێوە هاتە نێو ئەم ماڵە (مزگەوتی حەرام) با نوێژ بکات ئەگەر لەهەر کاتێکی شەودا بێت یاخود ڕۆژ .

ئه‌و كاتانه‌ى قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ نوێژیان تێدا بكرێت :
1- دواى نوێژى به‌یانى هه‌تا خۆر ده‌ركه‌وتن نه‌هی هاتوه‌ له‌ نوێژ كردن.
2- له‌ خۆر ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ هه‌تا به‌رز بوونه‌وه‌ى ئه‌وه‌نده‌ى ڕمێك.
3- وه‌كاتێ خۆر گه‌یشته‌ ناوه‌ڕاستى ئاسمان هه‌تا هەندێ لار ئه‌بێته‌وه‌ بۆلاى ڕۆژئاوا.
4- وه‌ دواى نوێژى عه‌سر هه‌تا خۆر ئاوا ئه‌بێت.
5- وە لە کاتى بەرەو ئاوا بوونى خۆر تا بەتەواوى ئاوا دەبێ .

وە ئایا لە دواى نوێژ عەسرەوە نوێژى سوننەت دەکرێ؟
نوێژى سوننەت لە دواى نوێژ عەسر فەرموودە هەیە لەسەرى کە پێغەمبەرى خوا کردویەتى بەڵام زانایان دەفەرمون ئەوە تایبەت بە پێغەمبەرى خواوە ، وە شێخ ئەلبانى دەفەرمووێ دروستە بکرێ بەڵام کاتێک کە خۆر تینى ماوە و بەرز بەبەڵگەى : (نهى عن الصلاة بعد العصر إلا والشمس مرتفعة) بڕوانە السلسلة الصحيحة له نوسینى شێخى ئەلبانى
ئەم حەدیسە ئەوە دەگەیەنێ نەهى كراوە لە نوێژ لە دواى عەسر ئەو كاتە نەبێ كە خۆر بەرزە و تینى ماوە .

چ نوێژێکى سوننەت لە کاتە قەدەغە کراوەکاندا دەکرێت و ئاساییە؟
ئەم نوێژانە لە کاتە قەدەغە کراوەکاندا دەکرێت :
1- نوێژى ( تحية المسجد)
2- دوو ڕکاتى دواى تەواف .
3- قەزا کردنەوەى نوێژ .
4- کاتێک دەچیتە وتارى هەینى و وتارخوێن وتار دەدات .
5- نوێژى جەنازە .
6- سوننەتى دەست نوێژ .

سەردان: ٤,٤٧٧ بەش: نوێژە سوننەتەکان