زەواجی مسیار ، پێناسەکەی ، و حوکمەکەی لەگەڵ بۆچونى زانایان سەبارەت بەم زەواجە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
زەواجی مسیار ، پێناسەکەی ، و حوکمەکەی لەگەڵ بۆچونى زانایان سەبارەت بەم زەواجە
پرسیار:

زەواجى مسیار چیە؟ حوکمەکەى چۆنە؟ ئایا حەڵاڵە یان حەرام؟ زانایان چۆن باسی ئەم زەواجەیان کردوە؟ چ کاتێک و بۆ کێ حەرامە ، وە چ کاتێک و بۆ کێ دروستە و حەڵاڵە؟  وە ئایا ئەمەش وەکو نیکاحی موتعە کاتییە ؟

ــ زەواجی مسیار : بریتی یە لەوەی پیاوێک ئافرەتێک مارە دەکات بەشێوەیەک شەرعی وهەموو شەرت ومەرجەکانی تێدایه ، بەڵام ئافرەتەکە لەهەندێ مافی خۆی دەبورێت وەک : خانو ونەفەقە ، ومانەوە لەلای .

ئەو هۆکارانەی کەبوونەتە هۆی دروست بوونی ئەم جۆرە زەواجە زۆرن ، لەوانە :
1. زۆر بوونی قەیرەیی کچان بەهۆی ژن نەهێنانی گەنجان ئەوەش بەهۆی زۆری مارەیی ومەسڕەفی ژن هێنان ، یاخود بەهۆی زۆر بوونی تەڵاقەوە ، لەبەر ئەم هۆکارانە هەندێ لەئافرەتان ڕازی دەبن بەوەی ببنە خێزانی ودووەم وسێیەم وتەنازول دەکەن لەهەندێ لەمافەکانیان .

2. پێویستی مانەوەی ئافرەت لەماڵی کەس وکاری جا بەهۆی ئەوەوە بێت کەخۆی بەتەنها سەرپەرشتیاری کەس وکاریەتی ، یاخود توشی شەلەل بووە وکەس وکاری پێیان خۆش نی یە ئەو مەسئولیەتە بدەنە سەر مێردەکەیدا ، ویاخود منداڵی هەیە وناتوانێ بچێت بۆ ماڵی مێردەکەی و هاوشێوەی ئەم هۆکارانە .

3. حەز کردنی هەندێ لەپیاوان کەئافرەتان لەهەندێ لەمافەکانیان بوورن لەبەر پێویستی ئافرەتان خۆیان ، یاخود پیاوەکە پێویستی بەخێزانی تر ، وڕابواردنی موباح بێت ، بەبێ ئەوەی ئەو کارەی کاریگەری دروست کات لەسەر ماڵ ومنداڵی .

4. هەندێ جار پیاوان حەز ناکەن خێزانی یەکەمیان بزانێت ژنی تری هێناوە لەترسی ئەوەی توشی کێشەو مەشاکیل ببێت .
ئائەمانە گرنگترین هۆکارەکان بوو .

ــ حوکمی زەواجی مسیار :
زانایان جیاوازن لەبارەی حوکمی ئەم جۆرە زەواجەوە ، هەندێکیان پێیان وایە دروستە ، وهەندێکی تریان پێیان باش نی یە، وئێمە چەند تێبینیەک دەخەینە ڕوو :

یەکەم : هیچ یەکێک لەزانایان نەیان وتووە ئەم زەواجە باتڵە وسەحیح نی یە ، بەڵکو بۆیە ڕێگریان لێ کردووە لەبەر ئەو زیانانەی کەبەئافرەتەکە دەگات ، وهەندێ جار ڕەنگە پیاوێک لەگەڵ ئافرەتێکدا بەحەرامی ڕابوێرێت وئیدعای ئەوە بکات مارەی کردووە ، وهەروەها ئەو منداڵانەی کەلەو ئافرەتە دەبێت پەروەردەیەکی دروست پەروەردە نابن لەبەر دووری باوکیان لێیان .

دووەم : هەندێ لەو زانایانەی کەبەدروستیان زانیووە و پاشان پەشیمان بوونەتەوە ، وەکو شێخ عبد العزيز بن باز و شێخ عبد العزيز آل الشيخ ، وەهەروەها شێخ محمد بن صالح العثیمین سەرەتا بە دروستى دەزانى بەڵام دواتر تەوەقوفی کرد لەنێوان دروستی ونادروستیدا ، بەڵام زانای پایەبەرز شێخ ئەلبانی یەکێکە لەگرنگترین ئەو زانایانەی کەئەم زەواجە بەدروست نازانێ .
سێیەم : ئەو زانایانەی کەبەدروستیان زانیووە نەیان بەستووە بەکاتێکی دیاری کراوەوە وەک موتعە ، واتە : نابێت ئەو زەواجە بۆ کاتێکی دیاری کراو بێت ، ونەیان وتووە بەبێ وەلی ئەمری ئافرەت دروستە ، چونکە زەواج کردن بەبێ وەلی ئەمری ئافرەت باتڵە ، وەهەروەها نەیان تووە ئەم عەقدە بەبێ شاهید و ئاشکران کردن دروستە ، بەڵکو پێویستە هەردووکیان هەبن .

ــ بۆچوونی زانایان دەربارەی ئەم جۆرە زەواجە :
1. پرسیار کراوە لە شيخ ابن باز رحمه الله :
لەبارەی زەواجی مسیارەوە ، ئەوەش ئەوەیە پیاو ژنی دووەم یاخود سێیەم یاخود چوارەم دێنێت ، وەئەو ژنە لەزروفێکدایە وا دەخوازێت لەلای ماڵی باوکی بمێنێتەوە ، جا مێردەکەی لەچەند کاتێکی جیاوازدا سەردانی دەکات لەو کاتانەی کە گونجاوە بۆ هەردوو لا ، جا حوکمی ئەم جۆرە زەواجە چی یه ؟ .
لەوڵامدا گوتویەتی :
هیچ تێدا نی یە ودروستە گەر هەموو شەڕت ومەرجەکانی عەقدی زەواجی شەرعی تێدا بێت ، کەبریتیە لە حازر بوونی وەلی ئەمری ژنەکە وبوونی دوو شاهیدی عەدل ، وەهەریەک لەژن ومێردەکە هیچ ڕێگریەک نەبێت لەزەواج کردنیان ، بەبەڵگەی گشتگیری ئەم فەرموودەیەیی پێغەمبەر : ( أحق ما أوفيتم من الشروط أن توفوا به ما استحللتم به الفروج ) ؛
واتە : لەپێش ترین شەرت کە پێویست بێ پابەند بن پێوەی ئەوەیە کەداوێنی ئافرەتێکتان بەهۆیەوە بۆ حەڵاڵ بووە .

وەلەبەر ئەم فەرموودەیە : ( المسلمون على شروطهم ) ، واتە : موسوڵمان دەبێ پابەند بن بەپەیمان وشەرتەکانیانەوە .

جا هەرکات ژن وپیاو ڕێک کەوتن لەسەر ئەوەی ئافرەتەکە لەلای ماڵی باوکی بمێنێتەوە ، یاخود ئەو پیاوە بەڕۆژ لای دەمێنێتەوە نەک شەو ، یاخود چەند ڕۆژێک یاخود چەند شەوێکی دیاری کراو لای دەمێنێتەوە :
ئەوا دروستە وهیچی تێدا نی یە بەمەرجێک زواجەکە ئیعلان بکەن ، ونەیشارنەوە " انتهى .
" فتاوى علماء البلد الحرام " ( ص 450 ، 451 ) ، و" جريدة الجزيرة " عدد ( 8768 ) الاثنين 18 جمادى الأولى 1417هـ .

بەڵام هەندێ لەقوتابیەکانی شێخ لێیان گڕاوەتەوە گوایە کۆتا قسەی ئەوە بووە فەتوای بەدروستی ئەم جۆرە زەواجە نەداوە ، بەڵام ئێمە هیج شتێکی نوسراومان لەبەر دەستدا نی یە تاوەکو پشتی پێ ببەستین .

2. وەهەروەها پرسیار کراوە لە شيخ عبد العزيز آل الشيخ حفظه الله :
قسەیەکی زۆر دەکرێت لەبارەی دروستی ونادروستی زەواجی مسیارەوە ، بۆیە داوا لەبەڕێزتان دەکەین قسەیەکی یەکلا کەرەوەی تێدا بکەن لەگەڵ ڕوون کردنەوە شەڕت ومەرجەکانی گەر ئەم جۆرە زەواجە دروستە ؟ .
لەوڵامدا گوتویەتی :
شەڕتەکانی زەواج برتین لەوەی هەریەک لەژن ومێرد دیاری بکرێن وڕازی ببن و وەلی ئەمری ئافرەتەکە و دوو شاهید حازر بن ، جا کاتێ کەشەڕتەکان تەواو بوون وزەواجەکە ئیعلان کرا وهەریەک لەژن ومێردەکە هەوڵی شاردنەوەیان نەدا ، و وەلیمە بۆ شاییەکەی کرا ئەوا ئەو زەواجە سەحیحە جا ئەوکات هەرناوێکی لێ دەنێی کێشە نی یە " انتهى .
" جريدة الجزيرة " الجمعة 15 ربيع الثاني 1422 هـ ، العدد : 10508 .

3. وەهەروەها پرسیار کراوە لە شێخ الألباني لەبارەی زەواجی میسیارەوە ، ئەویش بەدروستی نەزانیوە لەبەر دوو هۆکار :
یەکەمیان : مەبەست لەزەواج ئارامی و سوکنایە ، هەروەک خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ( وَمِنْ آَيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُمْ مِنْ أَنْفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُمْ مَوَدَّةً وَرَحْمَةً إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآَيَاتٍ لِقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ ) الروم/21 ،
واتە یەکێک لەئایەت ونیشانەکانی خودا ئەوەیە لەخودی خۆتان خێزانی بۆ دروست کردوون بۆ ئەوەی ببێتە سوکناو مایەیی ئارامی بۆتان ، وخۆشەویستی وبەزەیی خستۆتە نێوانتانەوە ، بەڕاستی لەوەها کارێکدا ئایەت ونیشانە هەیە بۆ گەلێک کە تێ بفکرن .
دیاره کەئەم جۆرە زەواجە ئەم شتەی (سوکنا وئارامی) تێدا نایەتە دی .

دووەمیان : ڕەنگە ئەو پیاوە لەم ئافرەتە منداڵی ببێت ، وبەهۆی دووری لەم ئافرەتەوە ، وکەم هاتنی بۆلای کاریگەری خراپی هەبێت لەسەر منداڵەکانی لەڕووی پەروەردە وڕەوشتەوە .
بڕوانە: " أحكام التعدد في ضوء الكتاب والسنة " ( ص 28 ، 29 ) .

4. وە شيخ ابن عثيمين رحمه الله پێشتر پێی وابوو دروستە بەڵام دواتر ڕاوەستا وتەوەقوفی کردوە تیایدا ئەوەش بەهۆی ئەوەی ڕەنگه هەندێ کەس بەخراپ ئەم جۆرە زەواجە بەکار بێنن .
ــ وەلەکۆتاییدا :
گەر زەواجی مسیار هەموو شەڕت ومەرجەکانی زەواجی سەحیحی تێدا هاتە دی وەک (ئیجاب وقەبوڵ) واتە : هەریەک لەژن ومێردەکە وکەس وکاری ئافرەتەکە ڕازی بوون ودوو شاهید هەبوو وەئەو زەواجە ئاشکرا کرا :
ئەو کات عەقدێکی سەحیحە ودروستە ، وگونجاوە لەگەڵ حاڵ وزڕوفی هەندێ لەپیاوان وئافرەتاندا ، بەڵام هەندێ کەسی نەفس نزم ئەم جۆرە زەوانەی ئیستغلال کردووە ؛ هەر بۆیە پێویسته فەتواى دروستێتی بەگشتی نەدرێت ، وە بۆ هەموو کەسێک ئەم فەتوایە نەدرێت ، بەڵکو تەماشای حاڵی هەریەک لەژن ومێردەکە دەکرێت ، جا گەر حاڵ وزڕوفی هەردووکیان گونجاو بوو ئەوا فەتوای دروستی دەدرێت بەڵام گەر زڕوفیان بۆ ئەم جۆرە زەواجە نەدەگونجا ئەوا مەنع دەکرێت لێیان وڕێگەی پێنادرێت ، وڕێگە نادرێت تەنها لەبەر ڕابواردن ئەم عەقدە ڕوو بدات وباقی ئامانجەکانی تری زەواج پشتگوێ بخرێت ، وەهەروەها وەک ڕێگریەک لەبەردەم هەندێ لەئافرەتان کەدڵنیایی فاشل دەبن وبەو هۆیەوە لەنێو دەچن ، وەک ئەوەی چەند مانگێک دوور بێت لەخێزانی وبەتەنها خێزانی ژیان بباتە سەر وتەماشانی کەناڵی خراپ و ئینتەرنێت...هتد ، بکات ، ئایا چۆن دەگونجێ ئافرەتێکی زەعیف ئەم هەموو کاتەی بەتەنها بەسەر بەرێت ، حەتمەن ئەمە بەپێچەوانەی ئافرەتێکەوەیە کەلەگەڵ کەس وکاریدا دەژێت یاخود لەگەڵ منداڵەکانیدایه ، وئەوەندە دیندار وداوێن پاکە کەلەکاتی دووری مێردەکەیدا ئارام بگرێت وتووشی هەڵە نەبێت .

وە سەبارەت بەوەى ئایا ئەمەش وەکو نیکاحی موتعە کاتییە 
بەڕێز : مامۆستا خلیل أحمد لە وەڵامدا دەڵێت :
نەخێر ئەم زەواجە كاتیى نییە و مارەییش بۆ ئافرەتەكە دیارى كراوە جا حوكمى زانایان ئەوەیە هەندێ لەزانایان فەتواى ئەوەیان داوە كە مەرجەكانى هاوسەرگیرى شەرعى تێدایە تەنها ئەوەیە ئافرەتەكە (تەنازول لە مافى خۆى دەكات).
بەڵام كەسانى تریش ڕاى جیاوازیان هەیە دەڵێن بوونى ماڵ و خەرج (نفقة) ناگەڕێتەوە بۆ ویستى ئافرەتەكە بەڵكو تشریع كراوە لەسەر پیاوان و حیكمەتى تیادایە وە لەم شێوەیەدل (سالارى پیاو) لە ناو دەچێت وەك خواى گەورە دەفەرموێ: {الرِّجَالُ قَوَّامُونَ عَلَى النِّسَاء } لەمەشەوە چەندین كەم و كوڕى و نوقسانى وخراپە ڕوو ئەدات وەك:
1- دوورى مێردەكە لە چاودێرى و پەروەردەى ئەو ئافرەتەیە.
2- مەحروم بوونى ئەومنداڵانەى دەكەونەوە لە پەروەردەى باوك.
3- قورس بوونى خەرجى دان لەسەر ئافرەتەكە.
4- كرانەوەى دەرگاى بایەخ نەدان و بەسەر نەردنەوەى ژنەكە لە لایەن مێردەكەوە ئەمەش ئەگەرى ڕودانى كارى خراپى لێ دەكرێت.
5- ساردكردنەوەى خەڵك لە زەواجى ئیسلامى كارپێكراو بە هۆى هەڵگرتنى ماڵ دروست كردن و خەرج دانى ژنەكە كە ئەمەش لەم سەردەمەدا دژوارە و ئەمەشە هۆى ژن نەهێنان و قەیرە بوونى زۆرێك لە كچان.
بۆیە ئەمەیان بەكارێكى خراپ داناوە و ڕەخنەیان لێگرتووە تەنانەت لە كۆمەڵگەدا كەسانێكى كەم نەناسراو ئەو كارەیە دەكەن بە تایبەت ئەو خانەوادەو خێزانانەى لە ناو كۆمەڵگەدا پلەو پایە و ناوبانگیان هەیە و خاوەنى كەسایەتى خۆیانن ئەو كارە ناكەن جا وا چاكترە ئەم دەرگایە نەكرێتەوە و هاوسەرگیرى شەرعى زیان نەبینێت چونكە بەڕاستى ئەمە كاردەكاتە سەر هاوسەرگیرى ئیسلامى كارپێكراو.
خوایش زاناترە.

سەردان: ١٦,٥٣٥ بەش: ژنهێنان و شوکردن