تا چەند دروستە وێنەى خێزانى لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبکرێتەوە لە کاتێکدا وێنەى کچ و خوشک و خێزانى تێدابێ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
تا چەند دروستە وێنەى خێزانى لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبکرێتەوە لە کاتێکدا وێنەى کچ و خوشک و خێزانى تێدابێ؟
پرسیار:

خەڵکانێک کاتێک دەچن بۆ سەفرە و سەیران وێنە دەگرن و پاشان لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوى دەکەنەوە لە کاتێکدا ئەو وێنانە وێنەى کچ و خوشک و خێزانى تێدایە ئایا ئەم کارە تا چەند دروستە؟ وە یان کەسێک تازە ژنى هێناوە وێنەى خۆى و خێزانى بڵاودەکاتەوە تاوەکو هاوڕێکانى پیرۆزبایی لێ بکەن !وە ئەگەر ئافرەتەکە حیجابی کردبێ دروستە؟ 

دانانی وێنەی ئافرەتان وبڵاو کردنەوەی لەفەیس بوک وتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان حەڕامە ، ئەمەش لەبەر چەند شتێک :

یەکەم : ئەو کارە پێچەوانەی سیتر و خۆداپۆشینە کەلەقورئان وسوننەتدا فەرمان بەکچان کراوە ، گەر خوای پەروەردگار دەربارەی باشترین وپاک ترین ئافرەتان کەخێزانەکانی پێغەمبەرە فەرموبێتی : (وَإِذَا سَأَلْتُمُوهُنَّ مَتَاعًا فَاسْأَلُوهُنَّ مِنْ وَرَاءِ حِجَابٍ ذَلِكُمْ أَطْهَرُ لِقُلُوبِكُمْ وَقُلُوبِهِنَّ) ،
واتە : کاتێ داوای شتێکتان لێیان کرد ئەوا لەپشتی پەردەوە داوایان لێ بکەن ئائەوا پاکترە بۆ دڵی ئێوە ودڵی ئەوان .

وەهەروەها فەرموویەتی : (يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ قُلْ لِأَزْوَاجِكَ وَبَنَاتِكَ وَنِسَاءِ الْمُؤْمِنِينَ يُدْنِينَ عَلَيْهِنَّ مِنْ جَلَابِيبِهِنَّ ذَلِكَ أَدْنَى أَنْ يُعْرَفْنَ فَلَا يُؤْذَيْنَ وَكَانَ اللَّهُ غَفُورًا رَحِيمًا) الأحزاب/59 ،
واتە : ئەی پێغەمبەر بەخێزانەکانت وئافرەتانی باوەڕداران بڵێ با بەحیجابەکەیان خۆیان داپۆشن ، ئائەوا کەمترین شتە بەهۆیەوە بناسرێن وئەزیەت نەدرێت وخودا لێبوردە وبەبەزەییە .

جا خوای پەروەردگار حیجابی واجب کردووە لەسەر خێزانکانی پێغەمبەر و باقی ئافرەتانی باوەڕداران بۆ پاک ڕاگرتنی دڵی ئافرەتانی باوەڕدار وبەرز کردنەوەی پلەیان وپاراستنیان لەفیتنە ، وپاراستنی داوێنیان وداوێنی پیاوانی باوەڕدار ، جا لێرەوە دەردەکەوێت کە دانانی وێنەی ئافرەت لەفیس بوک و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کەهەموو جۆرە کەسێکی باش وخراپ بیبینن پێچەوانەی شەرعی خوای پەروەردگارە .

دووەم : ئەو کارە کردنەوەی دەرگای فیتنەیە بۆ ئافرەتان وئەوانەش کەتەماشای دەکەن ، چەند جار بەسەرهاتی دڵ تەزێنمان بەو هۆیەوە گوێ لێ بووە ، زۆر ئافرەتی داوێن پاک کەوتۆتە داوی کەسانێکەوە کەلەخودا ناترسن کەسانێک بەوەعدی بێ بنەماو قسەی شیرین فریویان دان ، تاوەکو پێویستیەکەیان جێبەجێ کرد پاشان پشتیان تێ کردن ، ئافرەتیش هیچی بۆنەماوەتەوە تەنها غەم وخەفەت ودەردە سەری نەبێت ، و زۆر جار ئابڕوى چووە . پەنا بەخوا .

وەچەندین کەسانی فاجر وخراپ ئەو وێنانەیان کردوە بەگاڵتە جاڕی ودەستکاریان کردووە ، بەشێوەیەک دەبینی سەری ئافرەتێکی چاک لەسەر لاشەی ئافرەتانی سفور دانراوە ، جا لەو کاتەدا دەستی پەشیمانی دەگەزێت ودەڵێت چیم بەسەر خۆم و کەس وکارمدا هێنا ، جا لەو کاتەدا کەپەشیمانی هیچ سودێکی نی یە .

سێیەم : ئەوەی ئاماژەت پێداوە کەهەندێ لەئافرەتانی موحەجەبە پێیان وایە دانانی وێنە بەحیجابەوە دروستە ، گەر مەبەستیان ئەو حیجابە بێت کە تەنها لەچکێکە و دەم وچاوی بەدەرەوە بێت ، هەرچەند هەموو لاشەیان داپۆشیبێت ، ئەوا هەروەک ئاماژەمان پێ دا چەند زیانی تێدایە ، و ئافرەتان بەم کارەیان پێجەوانەی ئافرەتانی باوەڕدار دەکەن کە لەهەموو سەردەمەکاندا لەسەری بوون ، کەئەویش خۆ داپۆشینە .

وە الحافظ ابن حجر رحمه الله لە "فتح الباري" ( 9/ 424)دا ، دەڵێت :
" ولم تزل عادة النساء قديما وحديثا يسترن وجوههن عن الأجانب " انتهى .
واتە : بەردەوام لەهەموو سەردەمێکی کۆن وتازەدا ئافرەتان دەم وچاویان دادەپۆشی لەبەرانبەر پیاوانی نامەحڕەمدا .

پاشان هەموو خاوەن عەقڵێک دەزانێت کە هەموو جوانی ئافرەت لەدەم وچاویایەتی ، ودەم وچاو ئەو جێگەیەیە کەپیاوان هەوڵ دەدەن بیبینن ، وهەر بەدەم وچاو جوانی ئافرەت دەزانرێت ، بۆیە بڵاو کردنەوەی وێنە بەو شێوەیەیی باس کراوە کردنەوەی دەرگای فیتنەیە بۆ خۆی وکەسانی تریش ، وخۆ دانەپۆشین وبڵاو کردنەوەی وێنە لەلایەن ئافرەتەوە وای لێ دێت هەر کەسێ جا چاک بێت یاحود خراپ هەرکات ولەهەر جێگەیەک ویستی لێ بێت تەماشای بکات .

وە پێویستە پیاوان ڕێگە نەدەن بە کچ و خوشک وخێزانەکانیان کە وێنەى خێزانى بڵاوبکەنەوە بەتایبەت کاتێک دەچنە دەرەوە بۆ سەفرە و سەیران ، چونکە ئەو کارە تاوانە و خواى گەورەش فەرموویەتى : (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا قُوا أَنفُسَكُمْ وَأَهْلِيكُمْ نَارًا )
واتە : ئەى ئەو کەسانەى کە ئیمانتان هێناوە خۆتان و ماڵ و منداڵتان بپارێزن له‌ ئاگرێك كه‌ سووته‌مه‌نیه‌كه‌ی خه‌ڵكی و به‌رده‌، جا خۆتان و ماڵ و منداڵتان بپارێزن له‌و ئاگره‌ به‌وه‌ی په‌روه‌رده‌یه‌كی جوانیان بكه‌ن و فێره‌ دینیان بكه‌ن و فه‌رمانیان پێ بكه‌ن به‌ چاكه‌و ڕێگریان بكه‌ن له‌ خراپه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌چنه‌ ناو ئه‌و ئاگره‌وه‌ .

چوارەم : هیچ پیاوێک ڕازى نیە کە کەسێک بێت لە پێش چاوى دا سەیرى کچ و خوشک و خێزانى بکات بەڵام لە کاتى بڵاوکردنەوەى وێنەى خێزانى لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان هەموو کەسێک بەئاسانى دەتوانێ سەیرى وێنەى کچ و خوشک و خێزانى بکات کە ئەمەش جگە لەوەى کارێکى ناشەرعیە تاوانى ئەو کەسانەشیان دەکەوێتە سەر کە بە هۆى ئەمەوە توشی نەزەر هاتوون واتە چەند کەس سەیرى ئەو وێنانە بکات تۆش بەشدارى لە تاوانەکە بە بێ ئەوەى هیچ سودێکیشت دەست بکەوێ لە بڵاوکردنەوەى !

ئەمە سەرەڕایی ئەوەى چەندین بەڵگەیە هەیە لەسەر حەرامى و نادروستێتى وێنە جگە لەو بار و حاڵانە نەبێت كە زانایان بە زەرورەتیان زانیوە ، جا سەبارەت بە بەڵگەى حەرامێتى :

بەڵگەى یەكەم: پێغەمبەری خوا صلی الله عليه وسلم دەفەرموێت: ((مَنْ صَوَّرَ صُورَةً فِى الدونيا كُلِّفَ يَوْمَ الْقِيَامَةِ أَنْ يَنْفُخَ فِيهَا الرُّوحَ، وَلَيْسَ بِنَافِخٍ)) (رواه البخاري ومسلم)، واتە: هەركەسێك لەم دونیا، هەرجۆرە وێنەیەك بگرێت یان بكێشێت، ئەوا خوای گەورە لەو دونیا داوای لێدەكات كە ڕۆح بكاتەوە بەبەر ئەو وێنەیەدا، ئەمیش ناتوانێت ئەو كارە بكات.
وە ـ هەروەها ـ پێغەمبەری خوا صلی الله عليه وسلم لەم بارەیەوە فەرمویەتی: ((إَنَّ الَّذِينَ يَصْنَعُونَ هذِهِ الصُّوَرَ يُعَذَّبُونَ يَوْمَ الْقِيَامَةِ يُقَالُ لَهُمْ أَحْيُوا مَا خَلَقْتُمْ)) (رواه البخاري ومسلم)، واتە: ئەو كەسانەی كە ئەو وێنانە دەكێشن یان دروستدەكەن، سزا دەدرێن لە ڕۆژی قیامەتدا، وە پێیان دەگوترێت، ئەو وێنانەی كە دروستتان كردون گیانیان بكەنەوە بەبەردا.
مەبەستیش لێرەدا هەموو جۆرەكانی وێنەیە سێبەر دار بێت یان بێ سێبەردار، فۆتۆگرافی يان هەر جۆرێكی تر !!!

بەڵگەى دووەم: لە هەردوو صەحیحەدا ـ (البخاري ومسلم) ـ هاتووە لە (ابنُ عبّاس) ـ ەوە، دەڵێت گوێم لە پێغەمبەر بوو صلی الله عليه وسلم دەیفەرمو: ((كُلُّ مُصَوَّرٍ في النار، يُجْعَلُ لَهُ بِكُلَّ صُورَةٍ صَوَّرَها نَفْسٌ يُعَذَّبُ بِها فيِ جَهَنَمَ))، واتە: لەو دونیا هەموو وێنەكێشێك لە ناو ئاگری دۆزەخ دایە، بە ئەندازەی ئەو وێنانەی كە دروستیان كردووە، نەفسێكی بۆ دروست دەكرێت لە ناو ئاگری دۆزەخدا كە سزای بدات.
ئاشكراشە وشەی (كُل) بەهێزترین شێوازە بۆ گشتی كردنەوەی واتا، بۆیە هەموو (مصور) وێنەگرێك دەگرێتەوە ـ وێنەگری فۆتۆگرافی بێت یان هەر شتێكی تر ـ لادانی ئەو واتایەش لە گشتێتی پێویستی بە بەڵگەی شەرعی هەیە، و هیچ بەڵگەیەكیش لەو بارەیەوە نەهاتووە.

وە ئەوەش بزانە كەوا هیچ جیاوازیەك نى یە لە نێوان وێنەكێشان بە دەست و وێنە گرتن بە كامیرای فۆتۆ یان بە فیدیو یان بە مۆبایل چونكە هەموویان پێیان دەوترێت وێنە (صورة) بەڵام لە ڕێگاكانی دروست كردنیان یان دەرخستنیان جیاوازی هەیە، ئەم جیاوازیەش حوكمی وێنە گرتن ناگۆڕێت لە حەرامەوە بۆ حەڵاڵێتی وەك هەندێك دەیڵێن ! بڕوانە كتێبی (آداب الزفاف)ی شێخی ئەلبانی ڕەحمەتی خوای لێبێت لاپەڕه: ‌ 97 ـ 107

سەردان: ٤,١٥٥ بەش: تاوانه‌كان