ئایا کەسانى مولحید لە ڕۆژى دواییدا بە هەتا هەتایی لە ئاگرى دۆزەخدان؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا کەسانى مولحید لە ڕۆژى دواییدا بە هەتا هەتایی لە ئاگرى دۆزەخدان؟
پرسیار:

من لەبارەی ئیسلامەوە شت دەخوێنم وەک بەشێک لە مەنهەجی خوێندنم وپرسیار ئەکەم لەبارەی مەوقیفی ئیسلام لەبەرانبەر مولحیدان ، ئایا موسوڵمانان باوەڕیان وایە سەرەنجامی مولحیدان بۆ ئاگری دۆزەخە ؟

گرنگیدان بەلێکۆڵینەوە لەبارەی ئیسلام کارێکى گەورەیە وجێی دەس خۆشیە ، پێویستە لەسەر ئینسان بەدوای حەقدا بگەڕێت لەهەر شوێنێک بێت ، دوای بکەوێت هەرچەند پێچەوانەی باو باپیران ودینی وڵاتەکەی و کۆمەڵگاکەی بێت ؛ چونکە ڕزگار کردنی نەفسی خۆی لەڕۆژی دواییدا لەپێشی هەموو شتێکەوەیە .

بێگومان یەکێک لەو شتە گرنگانەی بۆ ئەو کەسەی بیەوێ لێکۆڵینەوە لەبارەی ئیسلامەوە بکات ئەوەیە بگەڕێتەوە بۆ سەرچاوە ئەسڵیەکانی ئیسلام بۆ ناسینی حەقیقەتی ئەم دینە ، وەک واتای ماناکانی قورئان وفەرموودەکانی پێغەمبەر ودەبێ ئەو واتایانە واتایەکی ڕاست و دروست وسەلامەت بێت .

بەڵام لێکۆڵینەوە لەبارەی ئیسلامەوە بەگەڕانەوە بۆ سەرچاوەی غەیری موسوڵمانان یاخود ئەو کەسانەی حەقیقەتی دین نازانن و مومارەسەیان نەکردووە ئا ئەوا پێچەوانەی مەنهەجی بەحسی زانستی یە و گەڕانێکی دروست نی یە بۆ گەیشتن بەحەقیقەت .

جا دەگەڕێینەوە بۆ پرسیارەکەی بەڕێزت ئەویش باوەڕی موسوڵمانانە لەبارەی غەیری موسوڵمانەوە و کەخودا پەرستی ناکەن ؟ ئایا سەرنجامیان بۆ ئاگری دۆزەخە لەڕۆژی دواییدا ؟

وەڵاممان بۆ ئەوە بەڕوونی ئەوەیە :
خوای پەروەردگار خەڵکی دروست کردووە ونیعمەتی بەسەرا ڕژاندوون بەهەموو جۆرەکانی نیعمەت وپێغەمبەری بۆ ناردوون وکتێبی بۆ دابەزاندوون وهەواڵی پێ داون هەر کەسێک خودا بەتەنها بپەرستێت وعیبادەتی بکات وهیچ هاوەڵی بۆ بڕیار نەدات ئەوا دەچێتە بەهەشتەوە ، وبەهەمان شێوە هەرکەسێک ئینکاری خودا بکات یاخود هاوبەشی بۆ بڕیار بدات وجگە لەخودا کەسی تر بپەرستێت یاخود عیبادەت بۆ پەرستراوی تر بکات یاخود باوەڕی وابێت خودا منداڵی هەیە وخێزانی هەیە یاخود مەلائیکە بەکچی خودا بزانێت ویاخود دوای غەیری شەریعەت وبەرنامەی ئەو بکەوێت کە دایبەزاندووە بۆ ئەوەی حوکمی پێ بکرێت بەحەق ، و یاخود واز لەدین بێنێت وپشتی لێ بکات ئائەو کەسە سەرەنجام و مەسیڕی لەڕۆژی دواییدا ئاگری دۆزەخە بەهەتا هەتایی تیایدا دەمێنێتەوە ، وبێگومان ئەمەش کرۆکى دادپەروەریی خواى گەورەیە ؛ چونکە ئەو کەسە ستەمی لە نەفسی خۆى کردوە لە ئاست پەروەردگارى کەدروستی کردووە ولەنەبوونەوە هێناویەتی بوون ونیعمەتی بەسەردا داباراندووە .

جا عیبادەتی مرۆڤ بۆ خودا وگوێڕایەڵی بۆ فەرمانەکانی ودوور کەوتنەوە لەقەدەغە کراوەکانی کارێکی گرنگە بەڵکو حەقیقەتی پردی پەیوەندی نێوان خالق ومەخلوقە هەروەک خوای پەروەردگار فەرموویەتی : (وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ (56)) الذاریات
واتە : مرۆڤ وجنۆکەم بۆ هیچ شتێک دروست نەکردووە جگە لەپەرستن نەبێت .

وەپێغەمبەران بەیەک شت دەنێردران بۆ گەلەکانیان ئەویش ئەوە بوو (اعْبُدُوا اللَّهَ مَا لَكُم مِّنْ إِلَٰهٍ غَيْرُهُ).
واتە : بەتەنها خودا بپەرستن ئێوە هیچ پەرستراوێکتان بەحەق نی یە جگە لە خودا .

جا لێرەدا دەتوانرێت ئەو کەم وکورتییە گەورەیە بزانرێت کە لەکەسێکدا هەیە کە :
باوەڕی وابێت خودا تاک وتەنهایە وهاوبەشی نی یە پاشان نەیپەرستێت وفەرمانەکانی بەجێ نەهێنێت بەڵکو بێفەرمانی بکات وشوێن دین وشەرعەکەی و وەحیەکەی و پێغەمبەرەکەی کەخودا بۆ ئەو و هاوشێوەکانی ناردووە نەکەوێت .
ئایا ئەو کەسە شیاوی ئەوەیە بچێتە بەهەشتەوە یاخود دۆزەخ ؟!

جا ئەو کەسەی دەڵێت : من باوەڕم وایە خودایەکی تاک وتەنها هەیە کە ئەم دونیایەیی دروست کردووە بەڵام من لەوێدا دەوەستم ونوێژ ناکەم وڕۆژو ناگرم وحەج ناکەم وزەکاتی ماڵم نادەم هەروەک فەرمانی پێکراوە ، و هیچ واجبێکی بەجێ ناهێنم وشوێن ئارەزووم دەکەوم وبەدڵی خۆم شت دەکەم جا خودا حەڕامی کردبێت یاخود حەڵاڵ ئایا ئەم کەسە دەگونجێ لەڕۆژی دواییدا ڕزگاری ببێت ؟

بەتەئکید خودا پێغەمبەرانی بۆ هەموو گەلێک ناردووە بۆ ئەوەی بەتەنها خودا بپەرستن ودوور کەونەوە لەتاغوت ، وکۆتا ئومەت ئەم ئومەتی ئیسلامەیە وکۆتا پێغەمبەر موحەمەدە کەخودا ناردوویەتی بۆ هەموو بەشرەیەت و بۆ هەموو جیهان وبەشەریعەتی ئیسلام هەموو شەرعەکانی پێشووی هەڵوەشاندەوە ، ودینی ئیسلامی کردە تەواو ترین وباشترین دین وە واجبی کردووە لەسەر هەموو کەسێک بێتە ناو ئەو دینەوە وهەواڵی پێداوین بەوەی (وَمَن يَبْتَغِ غَيْرَ الْإِسْلَامِ دِينًا فَلَن يُقْبَلَ مِنْهُ وَهُوَ فِي الْآخِرَةِ مِنَ الْخَاسِرِينَ (85)) آل عمران
واتە : هەرکەسێک جگە لەدینی ئیسلام هەر دین و ئاینێکی تر هەڵبژێرێت ئەوا لێی قەبوڵ ناکرێت وەلەڕۆژی دواییدا لەخەسارەو مەندانە .

هەربۆیە لێرەوە سەرەنجامی ئەو کەسەمان بۆ دەردەکەوێت کە دەڵێت :
من باوەڕ وایە خودایەک هەیە کەتاک وتەنهایە بەڵام من نامەوێت ببمە موسوڵمان وناچمە ناو کۆتا دینەوە وشوێنی کۆتا پێغەمبەر ناکەوم .

لەکۆتاییدا هیوادارم بابەتەکە ڕوون بوبێتەوە بۆت ، و أسأل الله تعالى أن يهدينا جميعا إلى الحقّ ويرزقنا اتباعه إنه نعم المولى ونعم النصير .

سەردان: ٣,٦٧٥ بەش: باوەڕبون بە خوا