کەسێک چۆن ئالودەی مادەی هۆشبەر دەبێت من ئاوا ئالودەی ئاوهێنانەوە بەدەست بووم تکایە یارمەتیم بدەن : ماڵپەڕی وەڵامەکان
کەسێک چۆن ئالودەی مادەی هۆشبەر دەبێت من ئاوا ئالودەی ئاوهێنانەوە بەدەست بووم تکایە یارمەتیم بدەن
پرسیار:

من گەنجێکم تەمەنم بیست ساڵە نوێژ دەکەم
کەسێک چۆن ئالودەی مادەی هۆشبەر دەبێت من ئاوا ئالودەی ئاوهێنانەوە بەدەست بووم تکایە یارمەتیم بدەن
زۆر هەوڵ ئەدەم کەوازی لێبێنم بەڵام ناتوانم وە بۆتە ڕێگریش لەبەردەم ئاواتەکانم
ئاواتم ئەوەیە فێری عیلمی شەرعی بم وەکتێبی شەرعیش زۆر دەخوێنمەوە بەڵام بەماوەیەکی کەم بیرم دەچێتەوە و مێشکم دەچێتەوە سەری
خودا پاداشتتان بداتەوە یارمەتیم بدەن چۆن وازی لێبێنم وتەرکی بکەم ئەم خوە شەیتانیە ؟

سەرەتا دەبێت بزانیت کە ئاو هێناوە بەدەست (دەس پەڕ) حەڕامە بەبەڵگەی قورئانی و حەدیس :
یەکەم : قـورئانی پیرۆز :
ابن كثير ـ رحمه الله تعالى ـ دەڵێ : ئیمامی الشافعي وئەو زانایانەی هاو ڕاین لەسەر حەڕامێتی ئاو هێناوە بەدەست ئەم ئایەتەیان کردووە بەبەڵگە :
( وَالَّذِينَ هُمْ لِفُرُوجِهِمْ حَافِظُونَ (5) إِلَّا عَلَىٰ أَزْوَاجِهِمْ أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُهُمْ فَإِنَّهُمْ غَيْرُ مَلُومِينَ (6) فَمَنِ ابْتَغَىٰ وَرَاءَ ذَٰلِكَ فَأُولَٰئِكَ هُمُ الْعَادُونَ)[ 4-6 سورة المؤمنون ] .
واتە : ئەوانەی كە عەورەتیان دەپارێزن ئیللا لە خێزانەكانیان و كەنیزەكەكانیان نەبێت ئەوانە لەمەدا هیچ لۆمەیەكیان لە سەر نى یە، هەر كەسێك بەدوای جگە لەمەدا بگەڕێت و عەورەتی تێدا بە كار بێنێت ئەوا ئەوانە سنوری خوایان شكاندووە و تەعەدا و ستەمیان كردووە. 
وە ئیمامی الشافعي لە (كتاب النكاح ) دەڵێت : هەروەک ڕونمان کردەوە لەباسی ئەوانەی داوێنیان دەپارێزن جگە لەخێزان و کەنیزەکیان نەبێ ...کە جگە لەوانە حەڕامە ، پاشان تەئکید دەکاتەوە و دەفەرموێت : ( فَمَنِ ابْتَغَىٰ وَرَاءَ ذَٰلِكَ فَأُولَٰئِكَ هُمُ الْعَادُونَ ) . 
واتە :هەرکەسێ لەغەیری ئەم دووانە بیەوێ ئارەزووی بەجێ بێنێ ئەوا ئەو کەسانە سنوریان بەزاندووە .

دووەم : بەڵگەی سوننەت : 
ئەو فەرموودەیەیی عبد اللَّهِ بن مسعود ـ رضي الله عنه ـ گێڕاویەتیەوە و دەڵێت : ( كُنَّا مَعَ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّه عَلَيْهِ وَسَلَّمَ شَبَابًا لا نَجِدُ شَيْئًا فَقَالَ لَنَا رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهم عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَا مَعْشَرَ الشَّبَابِ مَنِ اسْتَطَاعَ الْبَاءةَ ( تكاليف الزواج والقدرة عليه ) فَلْيَتَزَوَّجْ فَإِنَّهُ أَغَضُّ لِلْبَصَرِ وَأَحْصَنُ لِلْفَرْجِ وَمَنْ لَمْ يَسْتَطِعْ فَعَلَيْهِ بِالصَّوْمِ فَإِنَّهُ لَهُ وِجَاءٌ ( حماية من الوقوع في الحرام ) رواه البخاري فتح رقم 5066 .
واتە : ئێمە چەند گەنجێک بووین لەگەڵ پێغەمبەرداـ صَلَّى اللَّه عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ـ هیچان نەبوو ، پێغەمبەر ـ صَلَّى اللَّه عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ـ پێمانی فەرموو : ئەی کۆمەڵی گەنجان هەر کەسێک لەئێوە توانای زەواج کردنی هەیە(توانای مادی و جەستە) با ژن بێنێت ، چونکە هۆکارێکە بۆ پاراستی چاو و داوێن ، وە هەرکەسێک توانای دارایی نەبوو بابەڕۆژو بێت ؛ چونکە ڕۆژو ئارەزوی کەم دەکاتەوه .
جا ئەگەر (دامركاندنەوەی شەهوەت بە دەست) دروست بوایە ئەوا پێغەمبەری خوا () رێنمایی گەنجانی بۆ دەكرد، بەڵام دەبینین رێنمایی گەنجانی كردووە بۆ ڕۆژو گرتن بۆ ئەوەی زەوق و شەهوەتیان كەم بێتەوە و لاواز بێت ،
 تێبینى : حوکمى ئەم کارە قێزەونە بۆ کوڕ و کچ هەمان شتە و حەرامە و دروست نیە .

چارەسەر چیە ؟
بەنیسبەت چارەسەری ئەو کەسانەی کەئالودە بوون پێوەی ، چەند ڕێگایەک و هەنگاوێک دەس نیشان دەکەین بۆ ڕزگار بوون لێـی :
یەکەم : پێویستە پاڵنەری واز هێنان لەم کارە خودا بێت و لەبەر فەرمانی خودا بێت ولەترسی ئەو بێت .
دووەم : ژن هێنان کەدەبێتە هۆی ڕزگار بوونی یەکجاری لەم کارە و پێغەمبەریش ـ  ـ گەنجانی هانداوە بۆ زەواج کردن .
سێیەم :خۆ دوور گرتن لەبیر کردنەوە و وەسوەسە لەبارەی جیماع و خۆ مەشغوڵ کردن بەکارێکەوە کەسودی دونیا و دوا ڕۆژی تێدا بێت .
چوارەم : پاراستنی چاو ؛ چونکە سەیر کردن ئافرەتان و کەسانی نامەحڕەم و وێنەی نەشیاو سەرەنج ڕاکێش وا لەمرۆڤ دەکات زیاتر ئالوودە بێت بەم کارەیەوە، خواى گەورەش دەفەرموێ : (قُل لِّلْمُؤْمِنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ ) الآية ، واتە: بە پیاوانی باوەڕدار بڵێ‌: چاو دابخەن لە ئاست تەماشاكردنی ژنانی نامەحرەم
وە پێغەمبەر ـ  ـ فەرموویەتی : ( لا تُتْبع النظرة النظرة )" رواه الترمذي 2777 وحسّنه في صحيح الجامع 7953 .
واتە : یەك لە دوای یەك تەماشا مەكە .
خۆ گەر ڕوانینی یەکەم جار لەناکاو بوو ، ئەوا تاوانی لەسەر نی یە بەڵام گەر دوو بارە تەماشای کردەوە ئەوا تاوانی لەسەرەو حەڕامە ، وە هەروەها پێویستە دوور بکەونەوە لەو جێگایانەی کە ئارەزوی دەجوڵێنن . 
پێنجەم : خۆ خەریک کردن بە عیبادەتە جۆراو و جۆرەکانەوە ، بەشێوەیەک فەڕاغی نەبێت بۆ ئەنجامدانى تاوان ، و هەمیشە شەرم لە خواى گەورە بکات و هەست بە چاودێرى خواى گەورە بکات لەسەرى و بزانێت کە خواى گەورە دەیبینێت و ئاگاى لێیەتى . 
شەشەم: زیانە تەندروستیەکانی لەبەرچاو بگیرێت لەوانە:
أ ـ ئەوانەی كە زۆر ئەم كارە ئەنجامدەدەن لە كاتی ژن هێناندا دوچاری ئەوە دەبنەوە كە ئاویان نەیەتەوە بە جووت بوون چونكە ئەو بە شێوازێكی تر ڕاهاتووە.
ب ـ هەندێك لەو كەسانە زەكەریان هەڵناسێت بۆ جووت بوون لەگەڵ ژنەكەیدا.
ج ـ یان ئاویان زوو دێتە دەرەوە، بەمەش ناتوانێت مافـی خۆی و هاوسەرەكەی بە تەواوی بدات.
د ـ ئەم كارە هۆكارێكە بۆ توشبوون بە نەخۆشی فەقەرات.
هـ - وە هەروەها زەعیف بوونی چاو ومێشک و ماسولکەکان و ئازاری پشت وجگە لەم زیانانەش کەدکتۆرەکان باسیان لێوە کردووە ، و هەروەها زیانە دەرونیەکان وەک قەلەق و دوو دڵی وبێتاقەتی ، وە لەهەمووى گەورەتر لەدەستدانی نوێژ بەهۆی ئەوەی توانای خۆ شوشتنی نی یە بەتایبەت لەوەرزی زستاندا ، وهەروەها شکاندنی ڕۆژوو .
حەوتەم : ڕەواندنەوەی ئەو بۆچوونە هەڵانەی لای هەندێ لەلاوان دروستبووە کەگوایە ئەم کارە دروستە بەبیانوی ئەوەی بەپەنا بردنە بەر ئەم کارە خۆیان بپارێزن لە زینا و نێر بازی ، لە کاتێکدا ئەو گەنجە لە کارى زینا و نێربازی و فاحیشە دوورە ، کەچی بە بیانوى ئەوەى نەوەک توشى زینا ببێ ئەم کارە ئەنجام دەدات .
هەشتەم : خۆ بەهێز کردن لەبەرانبەر ئارەزووەکاندا و خۆنەدانە دەست هەوا و شەیتان ، و دوور کەوتنەوە لەمانەوە بەتەنها ، ولەفەرموودەدا هاتووە پێغەمبەر ـ  ـ ڕێگری کردووە لەمانەوە لەجێگایەکدا بەتەنها " . رواه الإمام أحمد وهو في صحيح الجامع 6919 .
نۆیەم :دەست گرتن بەو چارەسەرەوە کەپێغەمبەر ـ  ـ دەس نیشانی کردووە کەئەویش بەڕۆژو بوونە ؛ چونکە ڕۆژو ئارەزوو کەم دەکاتەوە ، وە دوور کەوتنەوە لەهەندێ چارەسەری نەگونجاو و غەریب وەک سوێند خواردن یاخود نەزر کردن کەجارێکی تر نەگەڕێتەوە سەر ئەو کارە ، وە هەروەها وەرنەگرتنی هەندێ دەرمان کە ئارەزوو دادەمرکێنن ؛ چونکە زیانی تەندروستی بەمرۆڤ دەگەیەنن .
دەیەم : جێبەجێکردنی ئادابە شەرعیەکان لەکاتی خەودا وەک زیکر ، و نوستن لەسەر لای ڕاست و بەدەست نوێژەوە ، و دوور کەوتن لەخەوتن لەسەر دەم ، چونکە پێغەمبەر ـ ـ ڕێگری کردووە لەنوستن لەسەردەم .
یانزەیەم : ئارام گرتن و خۆ پاک ڕاگرتن ؛ چونکە بەدڵنیاییەوە واجبە لەسەرمان ئارام بگرین لەبەرانبەر شتە حەرام کراوەکاندا هەر چەند حەزمانیش لێی بێت ، وە دەبێ باش بزانین کەخۆ پاک ڕاگرتن لەکۆتایدا دەبێتە تەبیعەتمان ، پێغەمبەر ـ ـ  ـ فەرموویەتی : ( مَنْ يَسْتَعْفِفْ يُعِفَّهُ اللَّهُ وَمَنْ يَسْتَغْنِ يُغْنِهِ اللَّهُ وَمَنْ يَتَصَبَّرْ يُصَبِّرْهُ اللَّهُ وَمَا أُعْطِيَ أَحَدٌ عَطَاءً خَيْرًا وَأَوْسَعَ مِنَ الصَّبْرِ ). " رواه البخاري فتح رقم 1469 .
واتە :هەر کەسێک هەوڵی خۆ بەپاک ڕاگرتن بدات خوداش یارمەتی دەدات و بەپاک ڕای دەگرێت ، وە هەر کەسێک هەوڵی ئارم گرتن بدات خواش ئارامی پێدەبخشێت ، وە هیچ شتێک باشتر نەبەخشراوە بەمرۆڤ لەئارام گرتن .
دوانزەیەم : گەر کەسێ تووشی ئەم تاوانە بوو با پەلە بکات لەتەوبە کردن و گەڕانەوە بۆ لای خودا و داوای لێخۆش بوون بکات ، و لەڕەحمی خودا نا ئومێد نەبێت ؛ چونکە نائومێد بوون لەڕەحمی خودا یەکێکە تاوانە گەورەکان .
سیانزەیەم : دەبێت هاوڕێی چاك و لە خوا ترس هەڵبژێرن بۆ هاوەڵێتی خۆیان بۆ ئەوەی هاندەریان بن بۆ كاری چاکه و دوور كەوتنەوە لە خراپە.
چواردەیەم : زۆر نەمانەوە لە کاتى خۆشۆردن لە حەمام ، چونکە ئەو کەسانەى کە ئەم کارە قێزەونە دەکەن ئەگەر زۆر لە حەمام بمێننەوە ئەوا نەفس و شەیتان هانی دەدەن بۆ ئەنجامدانى .
پانزەیەم : پەنا بردنە بەر خودا و پاڕانەوە لێی و داوای یارمەتی کردن لێی باشترین چارەسەرە ؛ چونکە خودا وەڵامی ئەو کەسانە دەداتەوە کەلێی دەپاڕێنەوە  .

لە کۆتاییدا ئەوە بزان ئەو کارە خراپەی تۆ زۆر کەس ئەنجامیان داوە و خودا هیدایەتی داون بۆ تەوبە کردن لێی ، جا هۆکاری واز هێنانی ئەو کەسانە لەو کارە نەشیاوە زۆرە ، هەندێکیان وازیان لێی هێناوە لەترسی خودا ، ولەشەرم کردن لەخودا و فریشتە بەڕێزەکان ، ئەو باوەڕی وایە خودا دەیبینێت ، بۆیە وازی لێ دێنێت وەک شەرمێک لەخودا ، وەهەروەها دەزانێت خودا حەڕامی کردووە و لەترسی سزای خوا وازی لێدێنێت ، وەهەندێ لەوانە وازیان لێی هێناوە لەبەر زیانەکانی بۆ سەر دەرون ولاشە ، وە دەزانن کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ژیانی هاوسەرگیری ، وازی لێدێنێت لەترسی دەراویشتە خراپەکانی ، وەهەندێکی تر وازی لێدێنن لەبەر ئەوەی پێچەوانەی فیتڕەت وعەقڵیەتی سەلیمە کە خودا پێی بەخشیوە .

دوای هەموو ئەمانە داوات لێ دەکەین بیر لەدوو شت بکەیتەوە کەسێیەمی نی یە :
یەکەم : ئایا حاڵت چۆن دەبێ کە لەو کاتەدا باوکت یان دایکت یان مامۆستاکەت بیتبینن؟ ئایا لە پێش چاوى ئەوان دەتوانى ئەو کارە بکەى؟
بێ گومان نەخێر ناتوانی و شەرم دەکەى
دەى باش بزانە و دڵنیابە کە خواى گەورە دەتبینێت و ئاگای لێتە ! ئایا خواى گەورە شایستە تر نیە کە تۆ شەرمى لێ بکەى و ئەو کارە قێزەونە نەکەى؟

دووەم : باش بیربکەرەوە ئایا چ زەمانەتێک هەیە کە تۆ لەکاتى ئەنجامدانى ئەو تاوانە قێزەونە نامریت و ئەجەلت کۆتایی نایات؟ ئایا ڕازیت ئەوە عاقیبەتت بێت ؟!

ئوێدەوارین بیر لەو دوو شتە بکەیتەوە ، بۆ ئەوەی دواتر نامەمان بۆ بنێریت و وەعدی ئەوەت دابێت واز لەو کارە بێنیت و ڕێگای ڕۆشن کردنەوەی دڵت بگریتە بەر بەئیمان ویەقین ، ودوور کەویتە لەهەر کارێک کەببێتە هۆی ئەو کارە ، وەک سەیر کردنی شتی حەڕام ، وبەتەنها دانیشتن ، وخوێندنەوەی ئەو بەسەر هاتانەی کە ئارەزووت دەجوڵێنن ، وجگە لەوانەش .
داواکارین لە خواى گەورە یارمەتیت بدات و مۆفەقت بکات بۆ هەموو کارێکى خێر و زانستى شەرعیت پێ ببەخشێ و ببی بە فێرخوازێکى زانستى شەرعى کە سوودت هەبێ بۆ خۆت و موسڵمانان .

 

سەردان: ١٥,١٨١ بەش: خوى نهێنى (دەستپەڕ)